پێناسە،ئامانج وبنەمافكری یەكان

زایینی: ١٧-٠٣-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩٠/١٢/٢٧ - ١٧:٠٠ تاران
پێناسە،ئامانج وبنەمافكری یەكان
لە جیهانی ئەورۆكەدا،هزرو ئەندیشە لە پەنای كردەوە خوازیدا لەوخاڵە گرینگانەن كە بۆ سەركەوتنی بزووتنەوەكان بەگشتی وبزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی بەتایبەتی،گرینگی یان هەیە.بێ گەشە كردن لە باری هزرو ئەندیشەوەو هەر لەو راستایەشدا بێ كەسانێكی نیشتمانپەروەرو نەتەوەخوازی بە هێزوخاوەن دەسەڵات وسەرمایەی هزرو ئەندیشە،مەگەر بەدەگمەن ولەهەل ومەرجی كتوپڕدانەبێت،سەركەوتن لەناوخۆی وڵات لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی دا بۆ ئەو گەلانەی كەنەیاری زۆریان هەیەو دەوڵەت ودەسەڵات باڵپشتیان نییە،ئەستەم دێتەبەرچاو.


نەتەوەی كوردلەونەتەوانە بووە كەمترمەجالی بۆ رەخساوە،یان كەمتر گرنگی بەولایەنە لەخەبات داوە،هەر لەم راستایەداحیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەستاوە بە دامەزراندن ودانانی ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی ستراتیژیك بۆكاری هزروانی،تا وەكوو زانست،هزر وسەرمایەی كۆمەڵایەتی بە تایبەت ئەمەگناسی زانایان وپسپۆرانی بوارە جیاجیاكان،بكاتەپاڵپشتی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی كوردلەكوردستانی ئێران وبەپێی توانای خۆی لەوبوارەدا هەنگاو هەڵگرێ.


پێناسەوئامانج
ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران،بنكەیەكی دەبێت بۆخستنە بەرباس ولێكۆلینەوە وتوێژینەوە لە سەر خاڵە ستراتیژی یەكانی كۆمەڵگای كوردی وحیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وگرێدراوە بەوەی كە چ بابەتگەلێك بنەمایی وسەرەكی ترن بۆ ئاوەڕدانەوە وخستنە بەرباسیان یارمەتیدەر دەبێت بۆئەمرۆو داهاتووی كوردستانی ئێران وحیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وبەرژەوەندی نەتەوەیی بەگشتی.
وەكووئامانج ئەم ناوەندە تێدەكۆشێت بۆپێكهێنانی سەرچاوەی تێئۆریكی بەهێز بۆ كاری كردەیی وستراتیژیەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەئێستاداو دەسەڵاتی كوردی لە داهاتوودا بەتایبەت بۆ دانانی سیاسەتەگشتیی یەكان.


گرنگایەتی وپێویستیی:
ئەوەی كەئەمرۆ لەكوردستاندا دەیبینیین بەرهەمی ئەوبوارە هزری وپراكتیكانەیە كەمرۆڤی كورد لەئاكامی ئەزموونی خۆی وخەبات وتێكۆشانی دوورو درێژی خۆی بە دەستی هێناوە،لەراستیدا كۆمەڵگای كورد چ وەك هێزی مرۆڤی وچ وەك دەسەڵات كەمتر توانای ئەوەی بووە كە لەبوارە ستراتیژی یەكانداخوێندەوە بۆ پرسە سەرەكی یەكانی خۆی بكات.هەربۆیە چ وەك نەتەوەو چ وەك زۆربەی لایەن وهێزەسیاسی یەكانی تارادەیەكی زۆر لەژێركاریگەری ئایدولۆژیاجیهانی یەكاندا بووەو لەو دەروازەیەوە،خوێندنەوەی بۆراستییەكانی خۆی كردووە.ئەوەی راستی بێت جگە لە هەوڵی راستیخوازانە وزانستیانەی شەهیدی نەمر دوكتورقاسملوو بۆ خۆماڵی كردنی تێئۆری سوسیالیزم ورێكخستنی لەگەڵ واقێعەكانی كۆمەڵگای كوردستان ولەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندی یەكانی،هەوڵێكی ئەوتۆ جگە لە لاسایی كردنەوەی پەتی بۆ تێگونجان ودەقاەدەق كردنی ئەو تێئۆریانە لەگەڵ كۆمەڵگای كوردستان كە بۆكۆمەڵگاكانی ترو بە تایبەتمەندی جیاوازەوە دارێژراون،لە ئارادا نەبووە.

لەئەمڕۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی داو بەهۆی هاتنەكایەی پرۆسەی بەجیهانی بوون وسەردەمی پێوەندی یەكان وگەشەی راگەیەنەرەكان وبەتایبەت ئەوقەیرانانەی كە لەبوارە هزریەكاندا سەری هەڵداوە،ئەوە هاتووە كەئێمە لەدەروازەی خۆمانەوە،پرسەكانی خۆمان دەست نیشان وراڤە بكەین ولەو سۆنگەیەوە بابەتە سەرەكی یەكانی خۆمان پێناسە بكەین.

سەرەرای ئەوە،بە هۆی گەشەكردنی كۆمەڵگای كوردی لە بواری مەعریفی یەوەو سەرهەڵدانی وەچەیەكی تەیار بەچەكی زانست،حیزبی دێموكرات هەستی بەوپێویستیەكردووە كەئەم بەرەیە دەتوانێ یارمەتیدەرو پاڵپشتێكی كاریگەرو بەهێز بن بۆ ئالیكاری كردنی كۆمەڵگای كوردی وحیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەخوێندنەوەی پرسە سەرەكی وپێوەندیدارەكانیاندا.

لە لایەكی دیكەوە،كاری ئەم ناوەندە پێكهێنانی سەرچاوەوبنەمای فكری وهزریی نوێ وهەر لەوكاتەشدا كار كردن بۆگۆرینی بیری گشتیی خەڵك،بەتایبەت بیری نادێموكراتیك وچەواشەی هیندێك بەناو رووناكبیر وچالاكی ناوەندگەراوو هەوڵدان بۆ پێكهێنانی گوتارێكی زاڵ لە سەر بناخەی مرۆڤدۆستی وبایەخدانان بە مرۆڤومافەكانی،بەتایبەت مافی نەتەوەیی گەلانی زوڵم لێكراوە لە ئێراندا.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
ناوەندی لێكۆلینەوەی ستراتیژیك
17\7\1390