|
خۆشك‌و برایانی خۆشه‌ویست!
وه‌ك ئاگادارن، 62 ساڵ پێش له
ئێستا له رۆژی 2ی رێبه‌ندانی ساڵی 1324ی هه‌تاویدا، پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د،
رێبه‌ری حیزبی دێموكراتی كوردستان، كۆماری كوردستانی راگه‌یاند‌و له‌و كاته‌وه
تا ئێستا گه‌لی كورد هه‌موو ساڵێك یادی ئه‌م رۆژه مێژووییه جێژن ده‌گرێ، له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی ئه‌م یاده وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی رۆژێكی پیرۆز‌و رووداوێكی گرینگی
مێژووییه، كه له‌ودا گه‌لی كورد بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی نوێی خۆیدا توانی
حكوومه‌تی مودێڕن‌و نه‌ته‌وه‌یی خۆی له به‌شێك له نیشتمانی ئازیزماندا دامه‌زرێنێ‌و
به یه‌كێك له ئاواته له‌مێژینه‌كانی بگات.
دامه‌زرانی كۆماری كوردستان له ئاكامی هاتنه ئارای هه‌لومه‌رجێكی جیهانی
بوو كه له‌ودا به هۆی هێرشی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، ئێران داگیر كرا‌و
دیكتاتۆریی ره‌زاخانی رووخا‌و خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لانی ئێران به‌م
هۆیه‌وه بووژایه‌وه، له ئاكامی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌دا بوو كه رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان
له ژێر تیشكی لێكدانه‌وه‌یه‌كی ژیرانه‌و ورد، به رێبه‌رایه‌تی حیزبی
دێموكرات، له رۆژی 2ی رێبه‌ندانی1324ی هه‌تاویدا له لایه‌ن پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د،
رێبه‌ری حیزبی دێموكرات، كۆماری كوردستان راگه‌یه‌ندرا.
كۆماری كوردستان له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆیدا زۆر كار‌و كرده‌وه‌ی گرنگی
ئه‌نجام داون، كه زۆر حكوومه‌ت به چه‌ندین ساڵ نه‌یانتوانیوه به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن.
له‌وانه پێكهێنانی سوپای میللی بۆ پاراستنی هێمنایه‌تیی ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی
كۆمار، خوێندن‌و نووسین به زمانی كوردی، له چاپدانی كتێب‌وگۆڤاری جۆراوجۆر،
گرنگی دان به لقه‌كانی هونه‌ری كوردی، دامه‌زرانی یه‌كیه‌تییه‌كانی ژنان‌و
لاوان، پێكهێنانی به‌ره‌ی هاوبه‌ش له نێوان حیزبه چه‌پ‌و دێموكراته‌كانی ئێران،
هاوپه‌یمانه‌تیی كورد‌و ئازه‌ری، دامه‌زراندنی بازرگانی له‌گه‌ڵ یه‌كیه‌تیی
سۆڤیه‌ت، بوونی ئازادیی بیر‌وڕا كه له ماوه‌ی 11 مانگ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی
كۆماردا، ته‌نیا یه‌ك كه‌س ئێعدام كرا كه ئه‌ویش هۆی سیاسیی نه‌بوو، گرنگتر له
هه‌موو ئه‌مانه هه‌ستكردنی گه‌له‌كه‌مان به‌وه بوو كه چاره‌نووسی خۆی له ده‌ستی
خۆیدایه‌و كاروباری ناوچه‌كه‌ی بۆ خۆی، به‌ڕێوه ده‌با‌و ئیتر ژاندارم‌و پۆلیسی
ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی حوكمی به سه‌ردا ناكا.
د. قاسملووی نه‌مر له باره‌ی كۆماری كوردستانه‌وه گوتوویه‌تی: گرنگی حكوومه‌ته‌كان
له مێژوودا به ته‌مه‌ن‌و ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان نیه، به‌ڵكوو به‌و كار‌و كرده‌وانه‌یه
كه له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یاندا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، كه له‌م باره‌یه‌وه
كۆماری كوردستان ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی مێژووی خه‌باتی گه‌لی كورده.
كه باس له كۆماری كوردستان دێته ئاراواوه ناكرێ‌و ئینساف نیه باس له به‌رگریی
ئازایانه‌ی بارزانییه‌كان به سه‌ۆكایه‌تیی بارزانی نه‌مر‌و هه‌روه‌ها چوار ئه‌فسه‌ره
جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی كۆماری كوردستان مسته‌فا خۆشناو، عه‌بدولكه‌ریم خه‌یروڵڵا، محه‌ممه‌د
مه‌حموود‌و عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز نه‌كه‌ین كه بۆ په‌روه‌رده‌و رێك‌وپێك كردنی هێزه‌كانی
كۆمار گه‌لێك زه‌حمه‌تیان كێشا. یادی هه‌موو ئه‌و قاره‌مانانه كه له پێناوی
پاراستنی كۆماردا هه‌وڵیان داوه‌و شه‌هید بوون رێز ده‌گرین‌و سڵاو بۆ گیانی پاكیان
ده‌نێرین.
دوژمنی دژیگه‌لی‌و كۆنه‌په‌ره‌ست پاش 11 مانگ ده‌سه‌لاتداریی كۆمار، هێرشی هێنایه
سه‌ر كوردستان‌و كۆماری رووخاند. ئه‌و پێی وابوو كه به رووخانی كۆماری كوردستان‌و
له‌وه‌ش به‌ولاتر له سێداره‌دانی پێشه‌واو هاوڕێكانی، خه‌ڵك چاوترسێن ده‌كاو بیری
ئازادیخوازیی له نێو میلله‌ته‌كه‌ماندا ده‌كوژێ، به‌ڵام پاش رووخانی كۆماری
كوردستان نه‌ك بیری ئازادیخوازیی گه‌له‌كه‌مان هه‌ره‌سی نه‌هێنا، به‌ڵكوو زیاتر له
پێشوو بووژایه‌وه‌و ریشه‌ی داكوتا. ئه‌و وته‌یه‌ی قازی محه‌ممه‌د كه له كاتی له
سێداره‌دانیدا فه‌رمووی هاته دی‌و پاش رووخانی كۆماریش خه‌بات بۆ ئازادی كوردستان
تاوێك رانه‌وه‌ستاو رێبوارانی رێگای پێشه‌وا، قاسملووی رێبه‌رو د. شه‌ره‌فكه‌ندی‌و
هه‌زاران شه‌هیدی ئازا‌و به‌جه‌رگی دیكه رێگا‌و رێبازی نه‌ته‌وه‌یی‌و
دێموكراسیخوازییان گرته‌به‌رو به‌خۆشییه‌وه ئێستا له هه‌موو به‌شه‌كانی نیشتمانی
ئازیزماندا خه‌باتێكی ئازادیخوازانه به‌رده‌وامه‌و تا دێت ئه‌و خه‌باته به‌هێز‌و
به‌هێزتر ده‌بێ.
ئێستا له كاتێكدا یادی 2ی رێبه‌ندان ده‌كه‌ینه‌وه كه له به‌شێكی نیشتمانی
ئازیزماندا حكوومه‌تێكی دێموكراتیك‌و نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زراوه‌و ئه‌مه‌ش
ده‌سته‌كه‌وته به هه‌وڵ‌و تێكۆشانی ماندوویی نه‌ناسانه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان له
ئاكامی فیداكاریی ده‌یان هه‌زار شه‌هید‌و ماندوویی نه‌ناسی‌و ئاواره‌یی‌و
ده‌ربه‌ده‌ریی به میلیۆن مرۆڤـ هاته دی‌و ئێمه له حیزبی دێموكراتی كوردستانی
ئێران‌دا، پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ده‌ستكه‌وتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی
كورد‌و هه‌موو كوردێكی نیشتمانپه‌ره‌وه‌ر له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دنیایه‌دا
ده‌زانین‌و هه‌ر به‌و پێیه‌ش پارێزگاری له‌م ده‌ستكه‌وته به ئه‌ركی هه‌مووان
ده‌زانین.
به‌شدارانی به‌ڕێز!
له‌مێژ ساڵه دوژمنان‌و نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ی نكۆڵی له مافی
نه‌ته‌وایه‌تیمان بكه‌ن‌و له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا زه‌مینه‌ی سه‌ركوت‌و قه‌تڵوعامی
میلله‌ته‌كه‌مان خۆش بكه‌ن، رایانگه‌یاندووه كه ئه‌گه‌ر كورد‌و نه‌ته‌وه
ژێرده‌سته‌كانی دیكه به مافه‌كانیان بگه‌ن وڵات دابه‌ش‌و شه‌ڕی ئایینی‌و
نه‌ته‌وه‌یی له ناوچه‌كه‌دا ساز ده‌بێ. وه‌ڵامی ئێمه بۆ ره‌دكردنه‌وه‌ی ئه‌م
بۆچوونه دوور له راستییه ئاكامی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد له دوو ده‌وره‌دایه،
كه له هه‌ر دوو ده‌وره‌كه‌دا كورد فاكته‌ری ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیان بووه.
له سه‌رده‌می كۆماری كوردستاندا راست له‌و كاته‌دا كه له ئورووپای
پێشكه‌وتوودا نازییه‌كان جووله‌كه‌كانیان له كووره‌كانی مرۆڤ سووتاندندا
ده‌سووتاند‌و قه‌تڵوعامیان ده‌كردن‌و مه‌سه‌له‌ی هۆلۆكاست له ئارادا بوو، له
كۆماری كوردستاندا په‌یره‌وانی ئایینه‌كان له‌وپه‌ڕی ئاسووده‌یی‌دا ژیانیان
ده‌برده سه‌ر‌و رێز له رێوڕه‌سمه ئایی‌نییه‌كانیان ده‌گیرا‌و ته‌نانه‌ت
مه‌دره‌سه‌ی تایبه‌ت به خۆیانیان بۆ دایه‌ر كرابوو.
له سه‌رده‌می كۆماری كوردستاندا دوو نه‌ته‌وه‌ی هاوسنوور‌و له زۆر شوێندا
تێكه‌ڵاوی كورد‌و ئازه‌ری، كه دوو حكوومه‌تی نیشتمانی‌و دێموكراتی
ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه بوو، نه‌ك شه‌ڕ‌و كێشه له نێوانیاندا رووی نه‌دا،
به‌ڵكوو رێبه‌رانی هه‌ر دوو حكوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان رێگای زۆر
شارستانییانه‌یان گرته پێش‌و ته‌نانه‌ت بڕیاریان دا ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی
ناوه‌ندییه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له هه‌ر كام له‌و دوو حكومه‌ته له ئارادا بێ،
هه‌ر دوولا پێكه‌وه به‌ره‌نگاری ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه ببنه‌وه.
له سه‌رده‌می ئێستاشدا كه رێژیمه‌كانی ناوچه به ناردنی تیرۆریست‌و
ته‌قینه‌وه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانیان هه‌وڵی شێواندنی ئاسایش‌و ئارامیی
ناوچه‌و به گژی یه‌كدا كردنی ئایینه جیاوازه‌كان ده‌ده‌ن. ئه‌زموونی باشووری
كوردستان‌و رێبه‌رانی كورد فاكته‌رێكی به‌هێزی ئاشتی‌و برایه‌تی‌و پێكه‌وه
ژیانن‌و كوردستانیان خستۆته خزمه‌ت ئه‌و عه‌ره‌بانه كه له ناوچه‌كانی خۆیاندا
به هۆی ئایینی جیاواز ئه‌منییه‌تیان نیه‌و دێنه كوردستان‌و به باوه‌شی
ئاوه‌ڵا‌و به گه‌رمی پێشوازییان لـێ ده‌كرێ.
له هه‌موو ساڵانی رابردوودا كه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی دابه‌شكراو بۆ
به‌دیهێنانی مافه‌كانی خه‌باتی كردووه، سه‌ره‌تا هه‌وڵی چاره‌سه‌ری
ئاشتییانه‌و دێموكراتییانه‌ی له رۆژه‌ڤدا بووه، به‌ڵام ئه‌وه دوژمنان‌و
ده‌سه‌ڵاتدارانی زاڵ به سه‌ر كوردستاندا بوون، كه به قه‌ڵاچۆ كردن‌و كوشتن‌و
بڕین‌و كۆچاندنی تێكۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌ره‌تانی چاره‌سه‌ری
ئاشتییانه‌ی دۆزی كوردیان نه‌هێشتۆته‌وه‌و له ئاكامدا كورد بۆ دیفاع له مان‌و
مه‌وجوودیه‌تی خۆی ناچار به هه‌ڵگرتنی چه‌ك بووه‌و رووی له شاخ كردوه‌و
رۆڵه‌كانی بۆ به‌دیهێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانیان له هیچ فیداكارییه‌ك
درێغیان نه‌كردووه‌و بێ‌گومان له‌مه به دواش له‌و پێناوه‌دا درێغ ناكه‌ن.
به‌ڕێزان!
پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 2ی رێبه‌ندان‌و هاتنه‌سه‌ركاری رێژیمی كۆماری ئیسلامی، ئه‌م
میراتگه‌ره به‌حه‌قه‌ی رێژیمی پاشایه‌تی، گه‌لی كورد له كوردستانی ئێران نه‌ك به
مافه ره‌واو به‌حه‌قه‌كانی نه‌گه‌یشت، به‌ڵكوو رێژیمی تازه، به شێوازی
جۆراوجۆر‌و دڕندانه‌تر له پێشوو ده‌ستی به كوشتن‌و بڕین‌و زیندان‌و ئه‌شكه‌نجه‌و
قه‌ڵاچۆی ئازادیخوازانی ئێران به‌گشتی‌و تێكۆشه‌رانی كورد به تایبه‌تی كرد. به‌ڵام
به هه‌موو دڕنده‌یی‌یه‌كه‌وه كه رێژیم له خۆی نیشانی دا، لاوانی ئازا‌و به‌جه‌رگ
چاوترسێن نه‌بوون‌و ئێستا له سه‌رانسه‌ری ئێران‌و به‌تایبه‌تی كوردستان، خه‌بات
له شێوه‌ی جۆراوجۆر به‌رده‌وامه‌و تا دێت ئه‌م خه‌باته په‌ره‌گرتووتر ده‌بێ.
رێژیمی كۆماری ئیسلامی كه به زیندان‌و ئه‌شكه‌نجه‌و ئێعدامی لاوان نه‌یتوانیوه
به سه‌ر ئیراده‌یاندا زاڵ بێت، ده‌ستی داوه‌ته زۆر پیلانی نامرۆڤانه‌ی دیكه
وه‌ك گیرۆده‌كردنیان به مادده سڕكه‌ره‌كان له خرابترین نه‌وعی دا‌و به‌داخه‌وه
وا وێ‌ده‌چێت رێژیم ته‌نیا به ئالووده‌كردنی لاوانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات به‌و
مادده ماڵوێرانكه‌ره رازی نابێ‌و هه‌وڵی داوه‌و هه‌وڵ ده‌دا به ناردنی مه‌وادی
موخه‌ددیر بۆ كوردستانی عێراق، لاوانی ئه‌م ده‌وه‌ره‌ش ئالووده بكا‌و ئه‌مه
خه‌ته‌رێكه كه پێویسته به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان زۆر به توندی له‌گه‌ڵیدا
به‌ربه‌ره‌كانێ بكه‌ن.
به‌شدارانی به‌ڕێز!
ئاگادارن رێژیمی ئێران به هۆی داڵده‌دانی گرووپه تیرۆریستیه‌كان، به مه‌به‌ستی
شێواندنی باری ئارامیی وڵاتانی دراوسێ‌و ناوچه، كارشكێنی له ]سه‌ر رێگای[ ئاشتی
له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی‌و له ئاكامی
ئه‌م كرده‌وانه‌دا به هۆی مه‌ترسیداربوونی ئه‌م رێژیمه بۆ دنیا‌و به‌تایبه‌تی بۆ
ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، كه‌وتۆته ژێر گوشاری وڵاتانی غه‌ربی‌و به تایبه‌تی
ئه‌مریكاو رۆژ له رۆژ زیاتر خه‌ڵكی دنیا هه‌ست به مه‌ترسیداربوونی رێژیمی ئێران
ده‌كه‌ن، بۆیه له دژی ئه‌م رێژیمه‌ن‌و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری هاتنه‌ئارای
هاوپه‌یمانییه‌كی دیكه‌ی ناوچه‌یی دژی ئێران، دوور له چاوه‌ڕوانی نیه.
له‌م هه‌ل‌ومه‌رجه ناوچه‌یی‌و جیهانییه‌دا كه هه‌ركات ئه‌گه‌ری گۆڕانی لێ
ده‌كرێ، كورد ده‌بێ سیاسه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ل‌ومه‌رجه نوێیه رێك بخا‌و
بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی له‌پێش هه‌رده‌م، ئاماده بێ‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێش له
هه‌موو شتێك ده‌بێ ریزه‌كانی خۆی رێك بخا كه به‌داخه‌وه له ساڵی رابردوودا به
هۆی جیابوونه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران له‌م ئامانجه
دوورتر كه‌وتینه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێمه له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین ئه‌گه‌ر عه‌قڵ‌و
مه‌نتیق به سه‌ر عاتیفه‌دا زاڵ بێ، ده‌كرێ‌و ده‌بێ له خه‌ساری ئه‌و
جیابوونه‌وانه كه‌م بكه‌ینه‌وه‌و ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانیوه له ریزی یه‌ك حیزب‌دا
پێكه‌وه كار بكه‌ین، ده‌بێ بۆ قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له ژێر
چه‌ترێكی دیكه‌دا پێكه‌وه هاوكاریی بكه‌ین. ئیمه له‌و باره‌وه سیاسه‌تمان
روونه‌و راگه‌یندراوه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی،
پاش جیابوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك له هاوڕێیانی پێشوومان رامانگه‌یاند، ئێمه ئه‌وان به
دوژمنی خۆمان نازانین‌و ئه‌گه‌ر ناوێكی دیكه بێجگه له ناوی حیزبی دێموكراتی
كوردستان بۆ خۆیان هه‌ڵ‌بژێرن ته‌نانه‌ت ئاماده‌یشین یارمه‌تییان بده‌ین‌و له ژێر
چه‌ترێكی دیكه‌دا پێكه‌وه هاوكاری بكه‌ین.
به‌ڕێزان!
له 62هه‌مین بیره‌وه‌ریی راگه‌یاندنی كۆماری كوردستان له مه‌هاباددا، به
شانازییه‌وه ئاوڕ له خه‌باتی خوێناویی‌و پڕ له كه‌ند‌و له‌ند به‌ڵام
سه‌ربه‌رزانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌ده‌ینه‌وه‌و هه‌ر له‌و كاته‌شدا به چاوی پڕ له
هیواو ئیمان به سه‌ركه‌وتن ده‌ڕوانینه ئاسۆی خه‌بات‌و تێكۆشانی میلله‌ته‌كه‌مان
له پێناو گه‌یشتن به ئازادیی‌و رزگاریی نه‌ته‌وه‌ییدا.
ـ سڵاو له یادی 2ی رێبه‌ندان!
ئێوه‌ش هه‌ر بژین! |