|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: مافی‌مرۆڤ ::. |
|
سه‌ربڕینی ئه‌خلاق‌و ئینسانه‌تی به ناوی ئایینه‌وه |
|
توانا
"جاری وایه مرۆڤ شتێك ده‌خوێنێته‌وه،
فیلمێك ده‌بینێ، رووداوێك ده‌بیسێ كه هه‌تا ماوه‌یه‌كی زۆر بیر‌و مێشكی به‌جێ
ناهێڵن. زۆر له‌وه پێش له رۆژنامه‌ی "كوردستان"دا بابه‌تێكم خوێنده‌وه كه تا
ئێستاش وه‌ك مۆته‌كه به‌ربۆته گیانم‌و، بیرم به‌هه‌ر لایه‌ك دا بڕوا، ئه‌م
رووداوه وه‌ك تابڵۆیه‌كی گه‌وره له‌به‌رده‌می دا قوت ده‌بێته‌وه‌و ناهێڵێ له‌بیری
بچێته‌وه . . . رووداو‌و كاره‌ساتێك كه له‌بیر‌و زه‌ینی مرۆڤ دا، شوێنه‌وارێكی
تاڵ وه‌ك یادگار به‌جێ‌دێڵێ تا له چه‌شنی مۆته‌كه‌یه‌كی دزێو به‌رده‌وام له
ده‌رگای هزری ئه‌و بدا. گرنگیش نیه كه كات‌و شوێنی رووداوه‌كه، كه‌ی‌و كوێ
بووه، چه‌نده‌ی لـێ‌دوور كه‌وتۆیه‌وه، یان چه‌ند ده‌یه‌ی به‌سه‌ردا تێ‌په‌ڕیوه.
ئه‌وه گرنگه كه رووداوی گۆرین یه‌ك ساتیش به‌جێت ناهێڵێ‌و چاو له چاوت ده‌بڕێ‌و،
ده‌ڵـێ من "سیرم" له زاركی كونه‌كه‌ت رواوم، جا تۆ مار ده‌بی یان نا، كه‌یفی
خۆته. ئه‌مه راست ئه‌و شته‌یه كه دوای خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی "كوردستان"
له من رووی داوه. هه‌روا بزانه كه‌س یا كه‌سانێك زانیویانه چ به‌سه‌رهاتێك
بگێڕنه‌وه، له كێ‌و كوێ ڕا ده‌ست پێ‌بكه‌ن تا به ناخی گیان دا بچێته خوار‌و،
رۆژگاری خوێنه‌رێكی وه‌ك من ره‌ش بكا. ئه‌وا ئێستا منیش ده‌مه‌وێ به‌وپه‌ڕی
دڵڕه‌قی‌یه‌وه بۆتان بگێڕمه‌وه. با ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌رچی پتر هه‌وڵم داوه له‌بیری
خۆمی به‌رمه‌وه، ئاكامه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ی بووه. . . ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ به‌ڵایه‌ك
كه ئه‌و بابه‌ته به‌سه‌ر منی هێناوه، به‌سه‌ر ئێوه‌ی‌دا نه‌هێنێ، باشتره ده‌ستتان
له خێری خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ریوایه‌ته بشۆن. من كارێكم بۆ ئاسووده‌یی خه‌یاڵی
خۆم كردوه، به‌ڵام نامه‌وێ خه‌یاڵی ئێوه په‌رێشان بكه‌م. ده‌مه‌ویست له ده‌ست
موسیبه‌تێك، كه ئه‌م بابه‌ته‌یه ئاسووده بم، به‌ڵام ئێوه هیچ ناچار نین خۆتانی
پێوه گرفتار بكه‌ن. ئه‌گه‌ر خوێندتانه‌وه‌و تووشی هه‌ر ئه‌و مۆته‌كه‌و ترس‌و وه‌حشه‌ت‌و
نه‌فره‌ته بوون كه من تووشی بووم، مه‌ڵێن پێی نه‌گوتین. ئه‌مه داستانی تاڵی
سووكایه‌تیكردن به خوشك‌و براكانمان له‌وبه‌ری ئوقیانووسه‌كانه".
ئه‌مه‌ی خوێندتانه‌وه، وه‌رگێڕدراوی "یاداشت هفته" یا سه‌روتاری حه‌وتوونامه‌ی
فارسی زمانی "شهروند"، چاپی كانادا بوو كه سه‌رنووسه‌ری ئه‌و حه‌وتوونامه‌یه،
له ژماره 347، هه‌ینی، 22ی ره‌شه‌ممه‌ی 1376ی "شهروند"دا، وه‌ك پێشه‌كی‌یه‌ك
بۆ بابه‌تێك له ژێر ناوی "سه‌ربازانی بێ‌ناوونیشانی ئیمامی زه‌مان"دا
نووسیبووی. ئه‌م بابه‌ته، رێپورتاژێك بوو كه نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه، به‌دوای
دیتنی فیلمی ڤیدیۆیی داننانی چه‌ند تاوانبارێك به تاوانه‌كانیان دا، ئاماده‌ی
كردبوو. تاوانباره‌كان كۆمه‌ڵێك مێرمنداڵ‌و لاوی تازه‌پێگه‌یشتووی كورد بوون كه
بۆ به‌دبه‌ختیی خۆیان‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یان‌و نه‌هامه‌تیی نه‌ته‌وه‌كه‌یان، له داوی
ده‌زگای جاسووسی‌و ئینسانكوژیی كۆماری ئیسلامی كه‌وتبوون. ئه‌و ده‌زگا به‌دناوه
(وه‌زاره‌تی ئیتلاعات) به مه‌به‌ستی تیرۆر، ده‌رمانداوكردنی به كۆمه‌ڵ‌و
زانیاری كۆكردنه‌وه، ئه‌م جۆره كه‌سانه‌ی ره‌وانه‌ی بنكه‌كانی حیزبی
دیموكراتی كوردستانی ئێران كردبوو. به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی ئه‌وان "ئه‌ركه پێ‌ئه‌سپێردراوه‌كانیان"
جێ‌به‌جێ بكه‌ن، له‌لایه‌ن كومیته‌ی ئه‌منییه‌تی حیزبی دیموكراته‌وه شناسایی
كرابوون. له ره‌وتی لێپرسینه‌وه‌دا، ئه‌و گومانلێكراو‌و تاوانبارانه، به‌رامبه‌ر
به دووربینی فیلم هه‌ڵگرتن، ددانیان به چۆنیه‌تیی تێوه‌گلان له هاوكاریی تۆڕ‌و
رایه‌ڵكه جاسووسی‌یه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا نابوو. ئه‌و ره‌فتارانه‌ش كه له‌لایه‌ن
كاربه‌ده‌ستان‌و مۆره به‌كرێگیراوه‌كانی ئه‌و ده‌زگایه له‌گه‌ڵیان كرابوو ـ تا
پتر له زه‌لكاوی خه‌یانه‌ت‌و جینایه‌ت رۆبچن‌و رێگای گه‌ڕانه‌وه‌و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یان
نه‌بێ ـ به‌وردی باسیان كردبوو.
لێره‌دا ناكرێ به‌سه‌رهاتی ئه‌و كۆمه‌ڵه تاوانباره، كه له راستی‌دا بۆخۆشیان
قوربانی بوون جارێكی دیكه بگێڕمه‌وه(1)، به‌ڵام بۆ كه‌سانێك كه ئه‌مڕۆژانه
ددانپێدانانه‌كانی "گرووپی تیرۆریستی شێخ زانا"یان له كاناڵی ته‌له‌فزیۆنیی
Ktv دیوه، تێگه‌یشتن له سه‌ربرده‌و چاره‌نووسی ئه‌و قوربانی‌و تاوانبارانه‌ی
من مه‌به‌ستمن، دژوار نیه. ئه‌وانیش، پاش ئه‌وه‌ی كاری سیكسییان له‌گه‌ڵ كرابوو‌و
فیلمیان له‌وحاڵه‌ته‌دا لـێ‌هه‌ڵگیرابوو، كرابوون به بارمته‌ی ئه‌و ڕاز‌و نهێنی‌یه
ئابڕووبه‌رانه‌یه‌و، پێیان گوترابوو ئه‌گه‌ر كرده‌وه‌ی جاسووسی‌و ئینسانكوژیمان
بۆ ئه‌نجام نه‌ده‌ن، فیلمه‌كانتان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌و خۆتان‌و بنه‌ماڵه‌كه‌تان
ریسوا ده‌كه‌ین. خاڵێكی وێكچووی دیكه له نێوان ئه‌م دوو سكانداڵه سێكسی ـ
تیرۆریستی‌یه ئه‌وه بوو كه هه‌ڵسووڕێنه‌رانی ده‌زگای تیرۆر‌و جاسووسیی كۆماری
ئیسلامی ـ وه‌ك "شێخ زانا"ی خاوه‌ن ته‌كیه‌و به‌رماڵ‌و به رواڵه‌ت ئه‌هلی
دیانه‌ت، چه‌په‌ڵترین‌و دژی ئینسانیترین نیاز‌و مه‌به‌سته‌كانی خۆیان له ژێر
ناوی ئیسلام‌و خواپه‌رستی‌و دینداری‌دا بردبووه پێش!
ئه‌م پێشه‌كی‌یه‌ی سه‌رنووسه‌ری حه‌وتوونامه‌ی "شهروند" بۆ بابه‌ته‌كه‌ی "كوردستان"،
ده‌توانێ قسه‌ی دڵ‌و هه‌ستی هه‌موو مرۆڤه به هه‌ست‌و خاوه‌ن ویژدانه‌كان به
دوای بینینی دانپێدانانه‌كانی "گرووپی تیرۆریستی شێخ زانا"دا بێ. به‌ڕاستی
ئه‌وه‌ی ئه‌م جه‌ماعه‌ته به ئیقراری خۆیان كردوویانه‌و، ئێمه ته‌نیا گۆشه‌یه‌كمان
بیستوه‌و دیتوه، شتێك نین هه‌روا به هاسانی به‌سه‌ریان دا تێ‌په‌ڕین. چونكه
ویژدانی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك‌و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌كیان بریندار كردوه. هیچ
قه‌سابێك‌و هیچ مریشك فرۆشێك به‌و هاسانی‌یه كه ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپه،
ئینسانی بێ‌تاوانیان سه‌ربڕیوه‌و له‌ت‌و په‌ت‌و قه‌ڵتوبڕیان كردوون، گیان له مه‌ڕ‌و
بزن‌و مریشك ناستێنن!
ئه‌م رۆژانه به بۆنه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی دانپێدانانه‌كانی گرووپی تیرۆریستیی
شێخ زانا"و گرووپی ئه‌نسار، ژماره‌یه‌ك میزگرد، وتووێژ‌و به‌دواداچوون له راگه‌یه‌نه‌كانی
كوردستان دا بڵاو بوونه‌وه. هێندێك به‌ڕێز، كار‌و كرده‌وه شه‌رماوی‌و بێزهه‌ستێنه‌كانی
ئه‌م گرووپه‌یان به درێژه‌ی "كه‌لتووری به‌عس" ناوبرد. له‌وه‌دا كه رێژیمی به‌عس
سه‌مبولی دڕنده‌یی‌و جینایه‌ت پیشه‌یی بوو و له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا هه‌موو
سنوورێكی به‌زاندبوو، هیچ گومانێك نیه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌خۆمان نه‌گۆڕین ئه‌نجامدانی
پڕشووره‌یی‌ترین‌و دڵته‌زێنترین تاوانه‌كان به ناوی پیرۆزی ئه‌ڵڵاوه‌و، به ره‌وا
زانینی هه‌ر جۆره وه‌حشیگه‌ری‌یه‌ك له ژێر په‌رده‌ی دین‌و ئیسلام‌و خوداپه‌رستی‌دا
كه‌لتوورێكه كه رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دایهێناوه. دیاره شكاندنی كه‌سایه‌تی‌و
ستاندنه‌وه‌ی هووییه‌ت له مرۆڤ و، كردنی به ئامرازێكی بێ‌ئیراده بۆ ئه‌نجامدانی
دزێوترین تاوانه‌كان، له زۆر داموده‌زگای جاسووسی‌و ئینسانكوژیی جیهان دا،
شتێكی باوه. به‌ڵام ته‌نیا له كه‌لتووری كۆماری ئیسلامی‌و ئه‌و ده‌سته‌وتاقمانه‌دا
كه دین‌و ئایین‌و ناوی ئه‌ڵڵایان كردوه به دوكانێك‌و كاسپیی پێوه ده‌كه‌ن، ئه‌نجامدانی
قیزه‌ونترین تاوانه‌كان وه‌ك ده‌ستدرێژیی به كۆمه‌ڵ بۆ سه‌ر مێرمنداڵێك،
ناچاركردنی خوشك‌و برا به ئه‌نجامدانی كاری جینسی له‌گه‌ڵ یه‌كتر، كوشتنی
ئینسانی بێ‌تاوان ته‌نیا بۆ ده‌ست لێڕاهاتن، سه‌ربڕینی مێرمنداڵێكی 16 ساڵه ـ
چونكه رێگای نه‌داوه رفێنه‌رانی، ده‌ستدرێژیی بكه‌نه‌سه‌رـ به شتێكی ره‌وا‌و
خوداپه‌سندانه ده‌زاندرێن!. ***
تاوان‌و جینایه‌ت‌و تیرۆر‌و وه‌حشیگه‌ری له ژێر هه‌ر ناوێك دا بێ، ئه‌ركی هه‌موو
مرۆڤێكی به‌ویژدان‌و خودان كه‌رامه‌ته، دژی بوه‌ستێ. به‌ڵام ئه‌و كه‌سایه‌تی‌و
رێكخراو‌و لایه‌نه ئیسلامییانه‌ی كه پێیان وایه ئه‌م جۆره كرده‌وه‌و ره‌فتاره
پڕمه‌ترسییانه، فڕیان به‌سه‌ر ئیسلامه‌وه نیه، له خه‌بات دژی ئه‌و جۆره له
تیرۆریزم‌و وه‌حشیگه‌ری‌یه‌دا، زۆرترین ئه‌ركیان ده‌كه‌وێته سه‌رشان. ئه‌مانه ئه‌گه‌ر
بۆ ئیعتبار‌و خۆشه‌ویستیی دینه‌كه‌یان به‌په‌رۆشن، ده‌بێ به‌ڕاشكاوی بڵێن ئیسلام
ئه‌وه‌نیه كه ئه‌م دڕنده‌و خوێنخۆره نه‌خۆشانه تێی گه‌یشتوون‌و ده‌بێ نه‌ترسانه
مه‌حكوومیان بكه‌ن. با چی دیكه هه‌ر جینایه‌تكارێك، دوكانێكی سیاسی به ناوی
دین نه‌كاته‌وه.
1) بابه‌تی ئاماژه پێكراو له ژماره 250ی "كوردستان"،
ره‌زبه‌ری 1376دا بڵاو بۆته‌وه |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |