|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: مافی‌مرۆڤ ::. |
|
پرنسیـپی ده‌ستـێوه‌ردانـی مـرۆیـی له روانگه‌ی یاسای
نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌وه |
|
ئاراس یارانی
وه‌ك گه‌لێك هزری سیاسیی
ئه‌مڕۆ (ئازادی، دێموكراسی، سوسیالیزم، لیبراڵیزم، په‌رله‌مان، پارتی) چه‌مكی
مافی مرۆڤیش بیركردنه‌وه‌یه‌كی رۆژئاوایی‌یه‌و‌و له شه‌ڕی دژی سه‌ره‌ڕۆیی
ئایینی‌و سیاسی‌دا به درێژایی سه‌دان ساڵ په‌یدا بووه‌و جێی خۆی كردۆته‌وه.
مێژوو‌و به‌سه‌رهاتی به‌یاننامه‌و ته‌واوبوونی شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م‌و شكانی
تیئۆریی ناسیوناڵ سوسیالیزمی (نازی) له ئاڵمان دوای كوژرانی پتر له 60
میلیۆن كه‌س‌و وێرانی‌و خاپووربوونی زۆربه‌ی وڵاتانی ئورووپایی له یه‌كتر
جیاواز نین‌و وڵاتانی ئه‌و سه‌رده‌مه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه كرده‌وه‌یه‌كی
وا دڕندانه‌و دژی مرۆڤ‌و وێرانكردن له جیهاندا روو نه‌دا‌و مرۆڤ له‌وه زیاتر
نه‌كه‌وێته به‌ر په‌لامار‌و مافه ره‌واكانی پێشێل نه‌كرێن، هه‌وڵی رێكه‌وتنێكی
جیهانی درا‌و بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تان بیره‌كانیان یه‌ك بخه‌ن‌و بۆ
دامه‌زراندنی جیهانێكی نوێ له‌سه‌ر بناغه‌ی ئازادی‌و رێزگرتنی مافی مرۆڤ‌و
یه‌كسانیی نێوان ده‌وڵه‌تان‌و گه‌لانی گه‌وره‌و بچووك خه‌باتێكی بێ‌وچان ده‌ست
پێ بكه‌ن. به‌ڵام له راستی‌دا پاش شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م له ساڵی 1945دا،
جیهان هه‌ر چه‌ند به رواڵه‌ت شه‌ڕێكی دیكه‌ی جیهانیی وای به خۆیه‌وه
نه‌بینی كه له باری ژێئۆپۆلۆتیك‌و ئیستراتیژیكی‌یه‌وه ببێته هۆی ئاڵۆزی‌و
كه‌ند‌و كۆسپێكی گه‌وره بۆ گشت كۆڕ‌و كۆمه‌ڵ‌و گه‌لانی سه‌رزه‌وی، به‌ڵام له
كرده‌وه‌دا پاش ئه‌وه‌ی كه ئاڵمان شكست‌و رووخانی به خۆیه‌وه بینی‌و دابه‌ش
كرا‌و دوو جه‌مسه‌ری رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵات پێك هاتن، له جیهانی سێهه‌مدا خه‌بات‌و
به‌ربه‌ره‌كانیی رزگاریخوازانه ده‌ستی پێ كرد، ئیتر زۆر له‌و ماف‌و ئازادییانه
كه دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م به‌ناوی به‌یاننامه‌ی جیهانیی
مافی مرۆڤ له جیهاندا وه‌كوو یاسایه‌كی ماف پارێز‌و رێزگری حورمه‌تی ئینسانی
ناسێندرابوون، پێشێل كران‌و جارێكی دیكه هه‌وڵێكی نوێی جیهانی بۆ
بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه ده‌ستی پێ كرد‌و سه‌رله‌نوێ زۆر له‌و مادده‌و
پرنسیپانه‌ی كه پێشتر په‌سند كرابوون، ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردا هات‌و نووسرانه‌وه.
لێره‌دا نامه‌وێ باس له چۆنیه‌تیی دامه‌زراندنی رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان‌و بیۆگرافیی ئه‌و رێكخراوه بكه‌م، به‌ڵكوو ده‌مه‌وێ دوو پرنسیپ
له پرنسیپه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان واته پرنسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دان‌و
پرنسیپی ده‌ستێوه‌ردان له په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كاندا بخه‌مه به‌ر
باس. له پێشدا ئاماژه‌یه‌كی كورت ده‌كه‌ین به چه‌مكی كلاسیكی ده‌ستێوه‌رنه‌دان
له یاسای نێوده‌وڵه‌تی‌دا. ئه‌گه‌رچی چه‌مكی ده‌ستێوه‌رنه‌دان چه‌ندین
پێناسه‌ی جیاجیای بۆ كراوه‌و یاساناسه‌كان له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌ك رێك نه‌كه‌وتوون،
به‌ڵام باشترین پێناسه بۆ ئه‌م چه‌مكه ئه‌مه‌یه كه ده‌ڵێ: :مافی ده‌وڵه‌ت‌و
كه‌سانی نێوده‌وڵه‌تیی دیكه بۆ پیاده‌كردنی ئه‌و پرنسیپانه كه یاسای گشتیی
نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌ی پێ‌داون به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له كاتی هه‌ر
ده‌ستێوه‌ردانێكی ده‌ره‌كی‌دا، له‌كاتی پیاده‌كردندا پابه‌ند ده‌بێ به‌و
پرنسپیانه‌و به پێشێلكردنی پرنسیپه نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌كانی دیكه"(1). پرنسیپی
ده‌ستێوه‌رنه‌دان یه‌كێكه له‌و پرنسیپانه‌یه كه له چه‌ند خاڵ‌و مادده‌یه‌كی
په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا به شێوه‌ی راسته‌وخۆ‌و ناڕاسته‌وخۆ
ئاماژه‌ی پێ دراوه. ئه‌گه‌ر چاوێك به مادده‌و بڕگه‌كانی په‌یماننامه‌ی
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا بخشێنین، ده‌بینین كه ده‌ستێوه‌ردانی به هه‌موو
شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ‌و ناڕاسته‌وخۆ قه‌ده‌غه كردوه‌و به كارێكی ناڕه‌وای
داناوه وه‌ك بنه‌مایه‌كی گشتی له پێوه‌ندیی كه‌سایه‌تی‌یه
نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌كاندا. هه‌رچه‌ند بواردنی ئه‌سڵی ئه‌و بنه‌مایه له چه‌ند
حاڵه‌تێكی جیاجیادا كراوه، به‌ڵام "پرنسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دان له كار‌وباری
نێوخۆی ده‌وڵه‌تاندا پشتی به هه‌ر دوو بڕگه‌ی (4و 7)ی ماده‌ی 2ی
په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌ستوه."(2) زۆربه‌ی یاساناسه‌كان‌و
حكوومه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تان پشتیان به‌و 2 بڕگه‌یه به‌ستوه له‌مه‌ڕ پابه‌ندبوون
به پرنسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دان‌و سه‌یركردنی وه‌ك ده‌قێكی كلاسیكیی پیرۆز.
ئه‌گه‌ر سه‌یری مادده‌ی 2ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ین‌و
به وردی شیی بكه‌ینه‌وه، ده‌بینین كه داڕشتنی ئه‌و مادده‌یه به شێوه‌یه‌كی
كورت‌و گشتی هاتوه‌و لێڵی‌و ته‌مومژی تێ‌دایه. بڕگه‌ی 7ی مادده‌ی 2 به
شێوه‌یه‌كی روون تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌كانی ده‌وڵه‌تانی دیاری نه‌كردوه. سه‌باره‌ت
به‌وه‌ی كه رێگه به رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی نه‌دا ده‌ستێ تێدا وه‌ربدا.
ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ره‌خساندنی بوارێكی زۆر بۆ خوڵقاندنی بیر‌وبۆچوونی جیاواز
سه‌باره‌ت به پابه‌ندبوون‌و رێگه‌پێدانی ئه‌م پرنسیپه. پسپۆڕانی یاسا‌و
زانایانی سیاسه‌ت پێیان وایه كه ده‌ستێوه‌رنه‌دان له یاسای نێوده‌وڵه‌تی‌دا
به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌ره‌ڕۆیی ده‌وڵه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه پرنسیپی
ده‌ستێوه‌رنه‌دان به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ پشت به‌و بیركردنه‌وه‌یه ده‌به‌ستێ‌و
پاساوی یاسایی‌و لۆژیكی له‌وه وه‌رده‌گرێ. "په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان" له چه‌ند ماده‌و بڕگه‌یه‌كدا ئه‌م جۆره ده‌ستێوه‌ردانانه‌ی
قه‌ده‌غه كردوه:
1ـ قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ستێوه‌ردانی رێكخراو له كار‌وباری نێوخۆی ده‌وڵه‌تاندا،
ماده‌ی (2)، بڕگه‌ی (7)
2ـ قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له كار‌وباری ده‌وڵه‌تانی دیكه‌دا،
ماده‌ی (2)، بڕگه‌كانی (3و 4)
3ـ قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له كار‌وباری رێكخراودا، مادده‌ی
(100)، بڕگه‌كانی (1و 2)
4ـ قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له كار‌وباری هه‌رێمی
نێوده‌وڵه‌تاندا، مادده‌كانی (74و 76)(3)
پرنسیپی ده‌ستێوه‌ردان: له ژێر كاریگه‌ری‌و هه‌ژموونی سیستمی نوێی جیهانی‌و
گلۆبالیزمدا، ده‌وڵه‌ت به‌شێكی زۆر له چه‌مكه كلاسیكه‌كانی له ده‌س دا
به‌تایبه‌تی ئه‌سڵی سه‌روه‌ریی زاتی‌و ئه‌وه‌ی له سه‌ری بنیات ده‌نرێ وه‌ك
پرنسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دان كه به یه‌كێك له رواڵه‌ته‌كانی سه‌ره‌ڕۆیی ده‌وڵه‌ت
داده‌نرێ، واته هه‌ردوو پرنسپیی سه‌روه‌ری‌و ده‌ستێوه‌رنه‌دان به‌شێوه‌ی
چه‌مكی گشتی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای ئێستا‌و سه‌رده‌می نوێ‌دا ناگونجێن. ئه‌م
پاشه‌كشه‌یه چه‌ند شێوازێكی به‌خۆوه بینیوه‌و هه‌ندێكیان پێوه‌ندییان به
پرنسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دانه‌وه هه‌یه كه وه‌ك پرنسیپێكی گشتی نه‌ماوه،
به‌ڵكوو هه‌ڵاواردنی زیاتر بووه. پاش ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی كه كۆمه‌ڵگای
نێوده‌وڵه‌تی پێ گه‌یشتوه‌و مرۆڤایه‌تی ئێستا له سه‌رده‌می عه‌قڵییه‌تی
ئینفۆرماتیك‌و زانیاری‌و تێكنۆلۆژی‌و ئازادیی ئابووری‌دا به‌سه‌ر ده‌با، وا
ده‌خوازێ كه كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی زیاتر لێك نزیك ببێته‌وه‌و
پێوه‌ندی‌یه‌كانی چڕتر بێ‌و هه‌رچی زیاتر په‌یوه‌ستی یه‌كتر بێ، به‌م پێیه
نه‌ته‌وه‌كان ده‌ركیان به‌وه كرد كه به شێوازێكی جیا له سنووری ده‌وڵه‌ت
خۆیان رێك بخه‌ن، هه‌ر بۆیه بیریان له گۆڕێنی چه‌مكی گشتیی سه‌ره‌ڕۆیی
ده‌وڵه‌ت كرده‌وه تا ویست‌و ئامانجه‌كانیان به‌دی بهێنن. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی
بیسته‌مه‌وه هه‌وڵی زۆركردنی پانتایی خۆرێكخستن‌و كاركردن درا بۆ یه‌كخستنی
گه‌لان له شێوازێكی دیكه‌ی جیاواز له شێوازی ده‌وڵه‌تدا. له ئه‌نجامی
ئه‌وه‌دا چه‌ندین رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی‌و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی دامه‌زران بۆ
رێكخستنی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌شێوازێكی نوێی كاریگه‌ر بۆ گه‌یشتن به
ئامانجه‌كانی مرۆڤایه‌تی. به‌ڵام هه‌ردوو چه‌مكی ده‌ستێوه‌ردان‌و سه‌روه‌ریی
ده‌وڵه‌ت به مانای گشتی، كۆسپی به‌رده‌م وه‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ون‌و ئامانجانه
بوون، بۆیه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌نگاوی نا بۆ كه‌مڕه‌نگكردنه‌وه‌ی رۆڵی
ده‌وڵه‌ت‌و پابه‌ندكردنی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت‌و ده‌ستێوه‌رنه‌دان بۆ رێكخستن‌و
چاره‌سه‌ركردنی زۆر مه‌سه‌له كه ده‌وڵه‌تان پێشتر بۆ كار‌وباری نێوخۆیی ناویان
ده‌برد‌و له چوارچێوه‌ی سنووری ده‌وڵه‌تاندا چاره‌سه‌ریی بۆ ده‌دۆزرایه‌وه.
هه‌روه‌ها جگه له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌كان، ئاژانسه‌كانی تایبه‌تمه‌ند بۆ
چاره‌سه‌ریی كێشه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كتیڤتر رۆڵیان
نواند. له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی‌دا زۆر رێكخراو‌و هێزی جیا له رێكخراوی
حكوومه‌تی هاتنه ئاراوه‌و له كایه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كاندا رۆڵی به‌رچاویان
بینی، وه‌كوو رێكخراوی ناحكوومی‌و NGOكان‌و كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان كه وه‌ك
هێزێكی كاریگه‌ر له پێوه‌ندی‌یه نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌كاندا بوونی خۆیان مسۆگه‌ر كرد
كه بووه هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی رۆڵی ده‌وڵه‌ت‌و حكوومه‌ته‌كان له بواره
جیاجیاكانی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌نانه‌ت سیاسیش‌دا.
هه‌موو ئه‌م فاكته‌رانه پێكه‌وه بوونه هۆی په‌راوێزكردنی چه‌مكه كلاسیكه‌كان
له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی‌دا به‌تایبه‌ت چه‌مكه‌كانی پێوه‌ندیدار به پرنسیپی
سه‌روه‌ری‌و دواتریش پاشه‌كشه‌ی پرنسپیی ده‌ستێوه‌رنه‌دان. ئاڵوگۆڕی پرنسیپی
ده‌ستێوه‌رنه‌دان چه‌ند شێوازێكی به خۆوه بینی كه هه‌ندێكیان پێوه‌ندییان به
خودی پرنسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دانه‌وه هه‌بوو، وه‌ك پرنسپیی گشتی نه‌مایه‌وه،
به‌ڵكوو هه‌ڵاواردنه‌كان هێنده زیادیان كرد كه پرنسیپه‌كه‌یان پێچه‌وانه
كرده‌وه‌و له ده‌ستێوه‌رنه‌دانه‌وه كردی به ده‌ستێوه‌ردان. هه‌ندێكی‌تر
پێوه‌ندیی به پێشكه‌وتنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌وه هه‌بوو كه زۆر بوار‌و
مه‌سه‌له‌ی رێك ده‌خست كه پێشتر بۆ كار‌وباری نێوخۆیی ده‌وڵه‌تان دانرابوون،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ شێوه گۆڕبوونی سیستمه كلاسیكه‌كان ئه‌و پره‌نسیپانه‌ش
ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردا هات‌و سه‌ر له نوێ له به‌رژه‌وه‌ندیی یاسای
نێوده‌وڵه‌تی‌و رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی‌دا نووسرانه‌وه. رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر ئامانجه‌كانی له دیباچه (پێشه‌كی)و
نێوه‌رۆكی به‌یاننامه‌كه‌دا دیاری كردوه، ئه‌و ئامانجانه هه‌موو بواره‌كانی
چالاكی‌یه سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری‌و مرۆیی له كۆمه‌ڵگای
نێوده‌وڵه‌تی‌دا ده‌گرێته‌وه كه بریتین له: "1ـ پاراستنی ئاشتی‌و ئاسایشی
نێوده‌وڵه‌تی، 2ـ گه‌شه‌پێدانی پێوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان گه‌لان، 3ـ
به‌دیهێنانی هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی له كار‌وباری ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌دا،
4ـ پاراستن‌و رێزگرتنی مافه‌كانی مرۆڤ."(4) كووفی ئه‌نان، سكرتێری گشتیی
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیسانی ساڵی 2000 له وتارێكدا له‌به‌رده‌م
لێژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه
"مافی مرۆڤ سنوور ناناسێ‌و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی مافی خۆیه‌تی‌و به
ئه‌ركی خۆی ده‌زانێ له پێناو به‌رگری له قوربانی‌یه‌كاندا، پرنسیپی
ده‌ستێوه‌ردان بگرێته به‌ر. پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ پێوه‌ندیدار نیه به
كار‌وباری نێوخۆی ده‌وڵه‌تان، به‌ڵكوو یاسای نێوده‌وڵه‌تی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه
ده‌كا كه هه‌ركاتێ ئه‌و مافانه پێشێل بكرێن، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ماف‌و
ئه‌ركی خۆیه‌تی له رێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانه‌وه به هانای قوربانی‌یه‌كانی
پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه بچێ."(5) هه‌روه‌ها سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان له رێوڕه‌سمی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئاشتیی نوبێل له ساڵی 2001دا
گوتی: "چیدی نابێ سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت ببێته چه‌ترێك بۆ پێشێلكردنی
مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌ركی ئێمه له‌مڕۆوه سه‌ختتر ده‌بێ له گه‌ڕان به‌دوای
ئاشتی له جیهاندا، نابێ چیتر سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت رێگر بێ له به‌دیهێنانی
ئامانجه‌كانمان."(6)
ده‌ره‌نجامی ئه‌و باس‌و لێكۆڵینه‌وانه كه له په‌یماننامه
نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كاندا له‌مه‌ڕ هه‌ردوو پرنسیپه‌كه هاتوون، ئاماژه‌یه به‌وه
كه هاوسه‌نگیی نێوان چه‌مكی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی‌و پرنسیپی ده‌ستێوه‌رنه‌دان
پشت به پرنسیپی گرینگی‌و لاسه‌نگیی ماف ده‌به‌ستێ. ئه‌گه‌رچی یاسای گشتیی
نێوده‌وڵه‌تی دان به مافی ده‌وڵه‌تدا ده‌نێ له‌وه‌ی كه ده‌س له كار‌وباری
نێوخۆی وه‌رنه‌درێ، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا دان به مافه‌كانی مرۆڤ‌و
پاراستنیاندا ده‌نێ به‌تایبه‌تی مافه‌كانی ژیان‌و ئه‌و مافانه‌ی لێی جیا
ده‌بێته‌وه. له روانگه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌وه پاراستنی مافه‌كانی
مرۆڤ له مافی ده‌وڵه‌ت گرینگتره. ده‌وڵه‌ت كه ئه‌ركی بنچینه‌یی پاراستنی
مافه‌كانی مرۆڤه، ئه‌گه‌ر خۆی ئه‌و مافانه پێشێل بكا، ئه‌و پرنسیپ‌و مادده
یاساییانه‌ی كه ئاماژه به مافی ده‌ستێوه‌رنه‌دان له كار‌وباری نێوخۆیی‌دا
ده‌كه‌ن، له ده‌س ده‌دا، چون ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه
به‌زاندنی مافی ده‌ستێوه‌رنه‌دانی ده‌وڵه‌ته، مافێكی گرینگتر ده‌پارێزێ كه
مافه‌كانی مرۆڤه.
ژێده‌ر:
1ـ به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ (به‌ڵگه‌نامه‌و رێكخراوه
نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان)، ن: دلێری، عه‌لی
2ـ هه‌مان سه‌رچاوه
3ـ هه‌مان سه‌رچاوه
4ـ جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ، ن: كه‌نداڵ نزان
5ـ پرنسیپی ده‌ستێوه‌ردان له په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا، ن،
خه‌لیل عه‌بدوڵڵا
6ـ هه‌مان سه‌رچاوه |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |