|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: مافی‌مرۆڤ ::. |
|
خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبێلـی ئه‌مساڵ به‌ره‌سمی ناسینی مه‌ترسی‌یه‌كی
گه‌وره له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی |
|
قادر وریا
كومیته‌ی نۆبێلـی ئاشتی له
به‌یاننامه‌یه‌كدا كه رۆژی 6 ی ئۆكتۆبر بڵاو بۆوه، رای‌گه‌یاند كه خه‌ڵاتی
ئاشتیی نۆبێلـی ئه‌مساڵ (2005) به هاوبه‌شی ده‌دا به محه‌ممه‌د ئه‌لبه‌رادعی،
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناوكی‌و، ئه‌م ئاژانسه به‌گشتی.
ئه‌م كومیته‌یه، به‌ڕێز ئه‌لبه‌رادعی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی ناوبراوی
به "پشتیوانێكی نه‌ترسی هه‌وڵ‌و تێكۆشان له باره‌ی به‌رته‌سككردنی چه‌كه
ناوكی‌یه‌كان" ناوبرد‌و گرینگیی هه‌وڵه‌كانی ئه‌م ئاژانسه‌ی به "له‌راده‌به‌ده‌ر‌و
بێ‌سنوور" دانا.(1)
به‌خشینی خه‌ڵاتێكی گرنگ‌و به‌ناوبانگی وه‌ك "نۆبێلـی ئاشتی" به ئاژانسێكی
نێونه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ت به وزه‌ی ناوكی‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی، ئه‌ویش له
شێسته‌مین ساڵه‌ی بۆمبارانی ئه‌تۆمیی شاره‌كانی هێرۆشیما‌و ناكازاكی‌دا،
نیشانه‌ی گرنگیدانی جیهانی ئه‌مڕۆ به‌و مه‌ترسییانه‌یه كه خراپ كه‌ڵكوه‌رگرتن
له وزه‌ی ناوكی، خولقێنه‌ریانه. هه‌ر ئه‌م كومیته‌ی به‌خشینی نۆبێلـی ئاشتی
پێشتریش له ساڵانی 1985و 1995، واته له چله‌مین‌و په‌نجایه‌مین ساڵه‌ی
كاره‌ساتی بۆمبارانی ئه‌تۆمیی دوو شاری هێرۆشیما‌و ناكازاكیی ژاپۆن دا،
خه‌لاتی خۆی پێشكه‌شی تێكۆشه‌رانی بواری به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ چه‌كه
ناوكی‌یه‌كان كردبوو.
به‌ڵام جیا له هاوكاتیی به‌خشرانی خه‌ڵاتی ئه‌مساڵـی نۆبێلـی ئاشتی له‌گه‌ڵ
60 ساڵه‌ی بۆمبارانی ئه‌تۆمیی ئه‌و دوو شاره له لایه‌ن ئه‌مریكاوه، رێزنانی
كومیته‌ی نۆبێل له محه‌ممه‌د ئه‌لبه‌رادعی‌و ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی
ئه‌تۆمی هاوكاتیشه له‌گه‌ڵ هه‌وڵـی چڕ‌و به‌رده‌وامی ئه‌و ئاژانسه بۆ تیشك
خستنه سه‌ر هه‌وڵه ئه‌تۆمی‌یه گوماناوی‌یه‌كانی چه‌ند وڵاتێك كه ئێران له
پێشه‌وه‌ی هه‌مووانه‌وه‌یه. ئه‌م خه‌ڵاته له‌كاتێكدا ده‌درێ به ئاژانسی
نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناوكی‌و محه‌ممه‌د ئه‌لبه‌رادعی، كه شووڕای حاكمانی
ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا به زۆربه‌ی ده‌نگ بڕیاری دا
په‌روه‌نده‌ی ئه‌تۆمیی ئێران بۆ باس‌و بڕیاردان بچێته ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
ئه‌لبه‌رادعی به‌دوای بیستنی ئه‌م هه‌واڵه خۆشه‌دا گوتی: "درانی ئه‌م
خه‌ڵاته ]به من‌و ئاژانس[ به مانای به‌ره‌سمی ناسینی مه‌ترسی‌یه‌كی
گه‌وره‌یه كه ئێمه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵـی به‌ره‌وڕووین. واته له‌راستی‌دا
]مه‌ترسیی[ هه‌زاران چه‌كی ناوكی، مه‌ترسیی په‌ره‌گرتنی ئه‌و چه‌كانه‌و
مه‌ترسیی ئه‌وه كه زانستی ئه‌تۆمی بكه‌وێته ده‌ست تیرۆریسته‌كان". ناوبراو
پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرته‌وه كه "ئه‌م خه‌ڵاته، ئه‌و‌و ئاژانسی
نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی له‌سه‌ر رێگایه‌ك كه گرتوویانه‌ته به‌ر،
شێلگیرتر ده‌كا‌و تێكۆشانی ئاژانس بۆ به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ قه‌یرانه
ناوكی‌یه‌كانی ئێران‌و كۆریای شیمالی به‌هێزتر ده‌كا".(2)
بۆ ئه‌وه‌ی بڕێك وردتر بچینه نێو ئه‌و مه‌ترسییانه كه بوونی چه‌كه
ئه‌تۆمی‌یه‌كان‌و په‌ره‌گرتنی ئه‌و چه‌كانه‌و ده‌ستڕاگه‌یشتنی تیرۆریستان به
زانستی ناوكی ده‌توانن بیانخولقێنن، به‌جێ‌یه له‌پێش دا ئاماژه به دوو
لایه‌نه بوونی مه‌ترسی‌یه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌و چه‌كانه یا دامه‌زراوه‌كانی
به‌رهه‌مهێنانی وزه‌و چه‌كی ئه‌تۆمی بكه‌ین. مه‌ترسیی یه‌كه‌م ته‌نانه‌ت
ئه‌وكاته‌ش كه مه‌به‌ست‌و ئامانج له هه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی ناوكی
ئاشتیخوازانه‌یه، ئیمكانی پێكهاتنی هه‌یه. ئه‌م مه‌ترسی‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
جۆری تێكنۆلۆژیی وزه‌ی ئه‌تۆمی‌و جۆری راگرتن‌و پاراستنی دامه‌زراوه‌كان‌و،
ئه‌و رێوشوێن‌و كارقایمیانه‌ی بۆ پێشگیری له رووداوی نه‌خوازراو به‌كار
ده‌هێنرێن. وه‌ك نموونه له‌و باره‌وه ده‌توانین ئاماژه به ته‌قینه‌وه‌ی
دامه‌زراوی ناوكیی چێرنوبیل له نیوه‌شه‌وی 26ی ئاوریلی 1986دا بكه‌ین. ئه‌م
ته‌قینه‌وه‌یه كه له ئاكامی له‌كاركه‌وتن یا خراپبوونی ریئاكتۆرێكی ئه‌و
دامه‌زراوه ئه‌تۆمی‌یه‌دا رووی دا، گه‌وره‌ترین رووداوی ناوكیی سه‌ده‌ی
بیسته‌می لـێ‌كه‌وته‌وه. ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ئاكامی ئه‌و
ته‌قینه‌وه‌یه‌دا كوژران 2500 كه‌س بوون، به‌ڵام ئه‌مه هه‌مووی كاره‌ساته‌كه
نه‌بوو. دووكه‌ڵ‌و هه‌وری پێكهاتوو له‌و ته‌قینه‌وه‌یه، له باشووری رۆژئاواوه
تا فینلاند، سوئێد‌و نۆروێژ‌و، له رۆژئاواشه‌وه تا ئاڵمان، فه‌ڕانسه‌و بێلژیك
رۆیشت. زیاتر له 155 هه‌زار كیلومیتری چوارگۆشه له زه‌وی‌وزاری ئۆكراین،
بلارووس‌و رووسیه، كه 52 هه‌زار كیلومیتری چوارگۆشه، زه‌ویی كشتوكاڵـی بوون،
تێكه‌ڵاوی مه‌واددی رادیۆئه‌كتیڤ بوون. به‌پێی راپۆرتی رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان لانی‌كه‌م 9 میلیۆن كه‌س له دانیشتووانی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌تی
پێشوو كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریی شوێنه‌واره خراپه‌كانی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه كه
زیاتر له 3 میلیۆنیان، منداڵ بوون. بارینی رادیۆئه‌كتیڤ, 46 هه‌زار كیلومیتری
چوارگۆشه له زه‌وی‌یه‌كانی بلارووس واته چوار یه‌كی رووبه‌ری ئه‌و وڵاته‌و
سه‌دی 20ی زه‌وی‌یه كشتوكاڵـی‌یه‌كانی‌و سه‌دی 23ی لێڕه‌واره‌كانی پیس كرد.
به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی ئه‌و وڵاته، زیانه ئابووری‌یه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو
له‌و كاره‌ساته بۆ بلارووس له نێوان ساڵانی 2015 ـ 1986 زیاتر له 235
میلیارده. زیانه ئابووری‌یه‌كانی ئۆكراینیش هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا به 201
میلیارد دۆلار به‌راورد كراوه. 7/2 میلیۆن دانیشتووی رووسیه گیرۆده‌ی
شوێنه‌واره خراپه‌كانی ئه‌و رووداوه بوون. ئه‌وه‌نده رادیۆئه‌كتیڤه‌ی به هۆی
ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه چووه نێو ئه‌تمۆسفێر، 200 جار زیاتر له سه‌رجه‌می ئه‌و
بۆمبه ئه‌تۆمییانه بوو كه به‌سه‌ر شاره‌كانی ناكازاكی‌و هیرۆشیمادا
به‌ردرانه‌وه. دیاره گه‌شه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری نه‌خۆشی‌یه‌كانی وه‌ك شێرپه‌نجه،
گرفتی هه‌ناسه‌دان، گرفتی هه‌رسكردن‌و به‌تایبه‌تی نه‌خۆشی‌یه‌كانی تایبه‌ت به
منداڵان‌و ژنانی دووگیان، به‌شێكی دیكه له شوێنه‌وار‌و ئاكامه
درێژخایه‌نه‌كانی ئه‌و ته‌قینه‌وه ناوكی‌یه بوون. (3)
به‌مجۆره له هه‌ر شوێنێك تێكۆشانی ناوكی‌و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت به
به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆمی هه‌بێ، به‌ڵام تێكنۆلۆژیی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و
وزه‌یه ئاستێكی نزمی هه‌بێ‌و، تێكۆشانه‌كه‌و رێوشوێنه‌كانی دیكه‌ی
پێوه‌ندیدار به به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و وزه‌یه له‌گه‌ڵ ستاندارده‌كانی ئاژانسی
نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌گونجاو بن، ئه‌گه‌ری روودانی كاره‌ساتی له‌م چه‌شنه هه‌یه.
دووهه‌م مه‌ترسی، ئه‌گه‌ری كه‌ڵكوه‌رگرتنی خاوه‌ن چه‌كه‌كان له‌و چه‌كه
وێرانكه‌رانه‌یه. ئه‌وه‌نده چه‌كه‌ی له زه‌ڕادخانه ئه‌تۆمی‌یه‌كانی جیهاندا
هه‌ن، چه‌ندین جار له‌و راده‌یه زیاترن كه بۆ لێكهه‌ڵته‌كاندنی تۆپی زه‌وی
پێویستن. له ساڵانی 50ی سه‌ده‌ی رابردوودا ددان به‌وه دانرا كه به‌كارهێنانی
سه‌د چه‌كی ئه‌تۆمی دژی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به‌دبه‌ختی‌یه‌كی ئه‌وتۆی
لـێ‌ده‌كه‌وێته‌وه‌و، تان‌وپۆی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه وه‌ها
له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵ ده‌وه‌شێنێ كه كاره‌ساتێكی له‌توانابه‌ده‌ر ـ له‌نێوچوونی
شارستانه‌تی‌یه‌ك ـ ی به‌دوادا دێ.(4) ئێستا كه زیاتر له نیوسه‌ده به‌سه‌ر
ئه‌وكات دا رابردوه‌و، به‌داخه‌وه هه‌م تێكنۆلۆژیی به‌رهه‌مهێنان‌و هاویشتنی
ئه‌م جۆره چه‌كانه زۆر پێش كه‌وتوه‌و، هه‌م راده‌ی چه‌كه‌كان زۆر زیاتر بووه،
هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی ئه‌تۆمیی به‌رفراوان ده‌توانێ ته‌واوه‌تیی تۆپی زه‌وی
بخاته مه‌ترسی. له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا ده‌بێ ئه‌م راستی‌یه‌مان له‌بیر بێ كه
چه‌ند فاكته‌رێك مه‌سه‌له‌كه‌یان ئاڵۆزتر‌و، نیگه‌رانی له كاره‌ساتی ئه‌تۆمییان
زۆر زیاتر كردوه. په‌یوه‌ست نه‌بوونی ژماره‌یه‌ك له ده‌سه‌ڵاته
ئه‌تۆمی‌یه‌كانی جیهان به په‌یماننامه‌ی په‌ره‌پێ‌نه‌دانی چه‌كی ئه‌تۆمی له
لایه‌ك‌و، له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌وڵ‌و تێكۆشانی گوماناویی ئه‌و
ده‌وڵه‌تانه‌ی به ڕواڵه‌ت په‌یماننامه‌ی ناوبراویان مۆر كردوه، به‌ڵام
به‌كرده‌وه له جیاتی مه‌به‌ستی ئاشتیخوازانه، هه‌وڵـی وه‌ده‌ستهێنانی چه‌كی
ئه‌تۆمی ده‌ده‌ن، له‌و فاكته‌رانه‌ن. له‌م ساڵانه‌ی دوایی‌دا، ده‌وڵه‌تانی یاخی
له رێوشوێن‌و په‌سندكراوه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان‌و تاقمه تیرۆریسته‌كانیش به
توندی خه‌ریكی ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌و چه‌كه پڕمه‌ترسیانه‌ن. رووداوی 11ی
سێپتامبر‌و چه‌ند هه‌وڵێكی دیكه‌ی رێكخراوی "ئه‌لقاعیده" بۆ كه‌ڵكوه‌رگرتن له
چه‌كه كۆمه‌ڵكوژه‌كان، نیشانی دا هێزی ئه‌وتۆ هه‌ن كه به‌پێچه‌وانه‌ی
ده‌سه‌ڵاته ناسراوه‌كانی خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی, راست له‌به‌ر ئاگاداری له
توانا‌و راده‌ی وێرانكه‌ربوونی ئه‌م جۆره چه‌كانه، ئاماده‌ن دژی نه‌یارانی
خۆیان به‌كاریان بێنن.
به سه‌رنجدان به‌مجۆره مه‌ترسییانه‌یه كه ده‌توانین گرنگیی رۆڵـی ئاژانسی
نێونه‌ته‌ویی وزه‌ی ئه‌تۆمی‌و بایه‌خی هه‌وڵ‌و تێكۆشانی تێكۆشه‌رانی دژی
چه‌كی ناوكی تێ‌بگه‌ین. ئامانجی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی، به
وته‌ی محه‌ممه‌د ئه‌لبه‌رادعی، "دڵنیابوون له‌وه‌یه كه جیهانێكی بێ‌چه‌كی
ئه‌تۆمیمان هه‌بێ، جیهانێك كه تیرۆریسته‌كان ده‌ستیان به چه‌كی ئه‌تۆمی
رانه‌گا".(5) جیهانی ئێمه پێویستی به سیسته‌مێكی ئه‌منییه‌تیی ئه‌وتۆ هه‌یه
كه رێگه نه‌دا زانست‌و پێشكه‌وتنه زانستی‌یه‌كان بۆ به‌ره‌وژووربردنی ئاستی
كوشتن‌و وێرانی كه‌ڵكیان لـێ‌وه‌ربگیرێ. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كومیته‌ی نۆبێلی
ئاشتی‌و رێزنانی له ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناوكی، له خزمه‌ت ئه‌م
پێویستی‌یه دایه. بۆیه ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی ناوبراودا:
"ئاواته‌خوازین ئه‌م خه‌ڵاته یارمه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بدا تا
سیسته‌مێكی ئه‌منییه‌تیی نه‌ك دامه‌زراو له‌سه‌ر هۆكاره به‌رگێڕه‌وه‌كان،
به‌ڵكوو وه‌ڵامده‌ری پێویستی‌یه ئه‌منییه‌تی‌یه‌كانی هه‌موو خه‌ڵك، بێنێته
كایه‌وه".(6)
500 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 16ی زایینی‌دا، "فرانسوا رابله"،
قسه‌یه‌كی جوانی كردوه: "زانست، به‌بێ ویژدان ده‌بێته هۆی هیلاكیی رۆح".(7)
ئێستا كه ده‌وڵه‌تانی فراوانخواز‌و ده‌سته‌و تاقمی بێ‌ویژدان‌و بێگانه له‌گه‌ڵ
رۆحی سه‌رده‌م‌و، نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ دێموكراسی، مافی مرۆڤـ‌و وێكهه‌ڵكردن،
له‌زانست‌و تیكنیك‌و پێشكه‌وتنه‌كانیان بۆ به بارمته‌گرتنی جیهان‌و سه‌پاندنی
ویسته‌كانی خۆیان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، پێشوازی له‌م
هه‌نگاوه‌ی كومیته‌ی نۆبێلی ئاشتی ده‌كه‌ین‌و بۆ ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی
وزه‌ی ئه‌تۆمی‌و كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌ركه‌وتن له بنیاتنانی
جیهانێكی بێ‌چه‌كی ئه‌تۆمی‌دا به‌ئاوات ده‌خوازین.
سه‌رچاوه‌كان:
1) BBC.Persian.com، هه‌ینی 7ی ئۆكتۆبری 2005
2) هه‌مان سه‌رچاوه
3) "كامران امین ێ‌وه"، روزنامه‌ی "شرق"، بارینی بارانی مه‌رگ (به بۆنه‌ی
هه‌ڤده‌هه‌مین ساڵـی رووداوی دامه‌زراوی ناوكیی چێرنۆبیل)، سێ‌شه‌ممه، 18ی
بانه‌مه‌ڕی 1383
4) گۆڤاری مانگانه‌ی "پیام یونسك‌و"، به‌فرانباری 1368، ژماره 216، وتاری
"كایه‌ی ناوكی"، جان سی . پولاینی
5و6ـ BBC.Persian.com، هه‌ینی 7ی ئۆكتۆبری 2005
7ـ گۆڤاری مانگانه‌ی "پیام یونسك‌و"، به‌فرانباری 1368، ژماره 216، وتاری
"روانگه‌یه‌كی ئه‌خلاقیی نوێ"، فدریكۆ مایۆر زاراگوزا |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |