|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: مافی‌مرۆڤ ::. |
|
به‌ڵگه‌نامه‌ی لێك تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی له‌باره‌ی
ماف‌و ئازادی‌یه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌كانی مرۆڤه‌وه |
|
ئاماده‌كردنی: قادر وریا
"به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی
مرۆڤ 50 ساڵه كه چرای هۆمیدی بۆ جیهان داگیرساندوه‌و، پیاوان‌و ژنانی بوێر هه‌ن
كه داكۆكی له مافی مرۆڤ له هه‌ر وڵاتێكدا ده‌كه‌ن. داكۆكیكه‌رانی مافی مرۆڤ
له رێزی پێشه‌وه‌ی پارێزگاری‌دان‌و چرای سه‌وزی مافی مرۆڤیان له تاریكترین
سووچه‌كانی سته‌م‌و ئه‌شكه‌نجه‌دا به داگیرساوی هێشتۆته‌وه... تا ئێستا زۆر له
داكۆكیكه‌رانی مافی مرۆڤ به كه‌می ناسراون‌و زۆر له‌وان سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی
ئه‌ركه چاره‌نووسسازه‌كانیان هه‌روا ده‌كه‌ونه به‌ر هێرش‌و ئازار. ته‌نیا ئه‌م
جۆره كه‌سه بوێرانه به‌رپرسی داكۆكی له مافی مرۆڤ نین. به‌ڵكوو ئه‌مه ئه‌ركی
هه‌موو ئێمه‌یه. ئێمه هه‌موومان ده‌بێ داكۆكی له مافی مرۆڤ بكه‌ین‌و باشترین
ده‌سپێكیش بۆ داكۆكی له مافی مرۆڤ، به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌سانێكه كه به‌ربه‌ره‌كانێی
مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن." (كوفی عه‌ننان، سكرتێری گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان)(1)
واتای مافی مرۆڤ‌و هه‌وڵدان به مه‌به‌ستی پشتیوانیی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌و
مافانه، چه‌ند سه‌د ساڵ بوو به هۆی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی،
سیاسی‌و فه‌لسه‌فی‌یه‌كان‌و، هه‌روه‌ها وه‌ك بۆچوونی وڵاته جۆراوجۆره‌كان
هاتبووه گۆڕێ، به‌ڵام له‌به‌ر هۆی جۆراوجۆر، بۆ وێنه ناكۆكیی نێوان
به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تان، ساڵانێكی زۆر له سنووری كۆمه‌ڵێك به‌یاننامه‌ی
ساكاردا مابۆوه. هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین كه سیسته‌می نوێی نێونه‌ته‌وه‌یی
مافی مرۆڤ له راستی‌دا پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی پێك هاتوه. له كۆتایی
شه‌ڕی جیهانی‌دا، كۆنفرانسی سانفرانسیسكۆ له ژوئه‌نی 1945 بۆ باس له‌باره‌ی
پێكهێنانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه چوو. له كۆتایی ئه‌م
كۆنفرانسه‌دا، به‌ڵگه‌نامه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان،
واته مه‌نشووری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان مۆر كرا. له مه‌نشووری نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كاندا هێندێك رێوشوێن بۆ ره‌چاوكردنی مافی مرۆڤ گونجێندران كه دیاره
ئه‌م رێوشوێن‌و میكانیزمانه، له چاوه‌ڕوانی‌یه‌كان‌و روانگه‌كانی سه‌رده‌می
شه‌ڕ، دوور بوون. له پێشه‌كیی مه‌نشووردا، له‌سه‌ر بڕوای نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان به مافه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌كانی مرۆڤ‌و بایه‌خی كه‌سایه‌تیی مرۆیی،
یه‌كسانیی مافه‌كانی ژن‌و پیاو... پێ داگیراوه. له به‌ندی 3ی مادده‌ی 1ی
مه‌نشووریشدا، گه‌یشتن به هاوكاریی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و
كێشه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یانه‌ی لایه‌نی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتووری‌و
مرۆڤدۆستانه‌یان هه‌یه‌و، هه‌روه‌ها بره‌وپێدان‌و هاندانی رێزگرتن له مافه‌كانی
مرۆڤ‌و ئازادی‌یه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌كان بۆ هه‌مووان به بێ هیچ چه‌شنه جیاوازی‌یه‌ك،
به یه‌كێك له ئامانجه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ناوبراون.
به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ی لێك تێگه‌یشتنی ده‌وڵه‌تان
له باره‌ی ماف‌و ئازادی‌یه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌كانی مرۆڤ كه هه‌موو كات ده‌بێ
جێگای سه‌رنج بێ، بایه‌خی پێ ده‌درێ‌و كاری پێ ده‌كرێ. ئه‌م به‌یاننامه‌یه
له 10ی دیسامبری 1948دا به ده‌نگی "ئه‌رێ"ی 48 وڵات له 56 ده‌وڵه‌تی
ئه‌ندامی (ئه‌وكاتی) رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان په‌سند كرا. هیچ
ده‌نگێكی "دژ" نه‌بوو‌و، 8 ده‌نگی بێ‌لایه‌ن (ممتنع)یش هه‌بوون.(2)
ئاماده‌كردن‌و داڕشتنی به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، 8 قۆناغ‌و دوو ساڵی
ویست. له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌ریه‌ك له خاڵه‌كانی به‌یاننامه به‌هۆی نوێنه‌رانی
خاوه‌ن بیر‌وڕای جیاواز، له ئورووپای رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوا تا ده‌گاته
شارستانه‌تی‌یه ئاسیایی‌و ئه‌مریكایی‌یه‌كان، له سیسته‌مه حوقووقی‌یه‌كانی
ئه‌نگلۆساكسۆن‌و لاتینی‌یه‌وه بگره تا بیر‌وباوه‌ڕه ئایینی‌و
كه‌لتووری‌یه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، هه‌موویان كه‌وتنه به‌رباس‌و لێدوانی
گه‌رم‌و هه‌ژێنه‌ر.
له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی شوورای ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان كه له 16ی فێوریه‌ی 1946 له له‌نده‌ن به‌سترا، بڕیارنامه‌ی
دامه‌زراندنی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان په‌سند
كرا. ئه‌ركی ئه‌م كۆمیسیۆنه پێشكێش كردنی پێشنیار، راسپێری‌و راپۆرت له‌م
بوارانه‌ی خواره‌وه‌دا به كۆنسۆڵی ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی رێكخراوی
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بوو:
ئه‌لف) به‌ڵگه‌نامه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی تایبه‌ت به مافه‌كان
ب) به‌یاننامه یا په‌یماننامه جیهانی‌یه‌كان له‌باره‌ی ئازادی‌یه
مه‌ده‌نی‌یه‌كان، وه‌زعی ژنان، ئازادیی زانیاری‌و نموونه‌ی دیكه‌ی له‌م
چه‌شنه.
پ) پشتیوانی له كه‌مایه‌تی‌یه‌كان
ت) پێشگیری له جیاوازی‌دانان له‌سه‌ر بناغه‌ی جنسییه‌ت (ره‌گه‌ز)، زمان‌و ئایین
له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌ندامانی ناوكه‌ی سه‌ره‌كیی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ
هه‌ڵ‌بژێردران... له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ (لیك ساكسس ـ
نیۆیۆرك، 27ی ژانویه تا 10ی فێوریه‌ی 1947) ئه‌م كه‌سانه‌ی خواره‌وه وه‌ك
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ڵ‌بژێردراون:
1ـ له ئه‌مریكا، خاتوو ئێلنور رۆزوێڵت (هاوسه‌ری فرانكلین رۆزوێڵت، سه‌ركۆماری
كۆچكردووی ئه‌مریكا له سه‌رده‌می شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی‌دا) وه‌ك سه‌رۆكی
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر. ئاماده‌كردن، داڕشتن‌و په‌سندكردنی به‌یاننامه‌ی
جیهانیی مافی مرۆڤ له ژێر رێنوێنی‌و چاوه‌دێریی ئه‌م ژنه خاكه‌ڕا‌و رێزگر له
كه‌رامه‌تی مرۆیی، به‌ڕێوه چوو. ئیلنور رۆزوێڵت له روانگه‌ی زۆر له
خاوه‌نبیرانه‌وه وه‌ك به‌نفووزترین ژنی سه‌ده‌ی بیسته‌م ناسراوه.
2ـ له فه‌رانسه، به‌ڕێز رێنێ كاسێن وه‌ك جێگری سه‌رۆك. ناوبراو پروفیسۆری
مافه مه‌ده‌نی‌یه‌كان‌و پسپۆڕی مافه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان به‌تایبه‌تی پسپۆڕی
مافی مرۆڤ له زانستگه‌ی پاریس‌دا بوو. رێنێ كاسێن ژیانی خۆی بۆ داكۆكی له
مافی ژنان، پیاوان‌و منداڵان ته‌رخان كردبوو، به‌جۆرێك كه له ده‌یه‌ی 1920دا
پێیان ده‌گوت بابی هه‌تیوانی فه‌رانسه. ناوبراو ساڵی 1968 خه‌ڵاتی ئاشتیی
نۆبێلی سه‌باره‌ت به ئاماده‌كردنی گه‌ڵاڵه‌ی ته‌واوی به‌یاننامه‌ی جیهانیی
مافی مرۆڤ وه‌رگرت.
3ـ له لوبنان به‌ڕێز پرۆفیسۆر چارلز حه‌بیب مالك وه‌ك راپۆرتنووس. ناوبراو
دوكتورای فه‌لسه‌فه له زانستگه‌ی هاروارد بوو‌و، باوه‌ڕی به پێناسه‌ی مافی
مرۆڤ له روانگه‌ی مافه سروشتی‌یه‌كانه‌وه هه‌بوو. مالك هه‌ر له‌و كاته‌دا،
سه‌رۆكی شوورای ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان‌و،
له ساڵی 1948یش كه به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ له‌لایه‌ن كۆڕی
گشتی‌یه‌وه كه‌وته به‌رباس‌و لێكۆڵینه‌وه، سه‌رۆكی كومیته‌ی سێهه‌م
(كۆمه‌ڵایه‌تی، مرۆیی‌و كه‌لتووری) بوو. ناوبراو له كامڵبوون‌و په‌سندكرانی
به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤدا رۆڵێكی گرنگی هه‌بووه. ساڵی 1951یش بوو
به سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ‌و، پاشان بوو به سه‌رۆكی كۆڕی گشتیی
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
4ـ له چین، به‌ڕێز پرۆفیسۆر پینگ چونگ چانك، وه‌ك جێگری سه‌رۆك. ناوبراو كه له
زانستگه‌ی كولومبیا دوكتورای وه‌رگرتبوو، له ماوه‌ی ئاماده‌كردن‌و داڕشتنی
به‌یاننامه‌دا، ده‌نگی به‌هێزی وڵاتانی ئاسیایی بوو. ئه‌و، پێشی هه‌ر چه‌شنه
یه‌ك لایه‌نه روانینی ده‌گرت‌و، زۆر له گیر‌وگرفته‌كانی پێوه‌ندیدار به
بۆچوون‌و داڕشتنی به‌یاننامه‌كه‌ی له رێگای وتووێژ‌و ته‌نانه‌ت هێندێك جار به
گاڵته‌و گه‌پ چاره‌سه‌ر ده‌كرد.
5ـ به‌ڕێز پرۆفیسۆر جان پیتێر هامفێری، مامۆستای مافه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان له
زانستگه‌ی "مه‌ك گیل"ی كانادا‌و، سه‌رۆكی به‌شی مافی مرۆڤی ده‌بیرخانه‌ی
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌گه‌رچی ئه‌ندامی ره‌سمیی ده‌سته‌ی
به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمیسیۆن‌و كومیته‌ی ئاماده‌كردنی پێشنووس (گه‌ڵاڵه) نه‌بوو،
به‌ڵام ئاماده‌كه‌ری سه‌ره‌كیی به‌ڵگه‌نامه سه‌ره‌تایی‌یه 408
لاپه‌ڕه‌یی‌یه‌كه‌و ئاماده‌كه‌ری پێشنووسی به‌یاننامه بۆ كۆمیته‌ی
ئاماده‌كاری پێشنووس بوو. جان پیتێر هامفێری له ماوه‌ی باس‌و لێدوانه‌كاندا،
رۆڵی نێوبژیكارێكی به‌نرخی له نێوان فه‌لسه‌فه جۆراوجۆره‌كاندا گرته ئه‌ستۆ.
پاش دوو ساڵ هه‌وڵدانی بێوچان‌و 1233 ده‌نگ وه‌رگرتنی جیاجیا بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ك،
رسته‌یه‌ك، به‌ندێك‌و مادده‌یه‌ك، به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، له
كۆبوونه‌وه‌ی مێژوویی 10ی دیسامبری 1948ی كۆڕی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كاندا كه له پاریس پێك هات، ده‌نگی بۆ وه‌رگیرا. له سه‌ره‌تادا
نوێنه‌ری له‌هێستان (پۆلۆنیا) پێشنیاری كرد بۆ هه‌ركام له به‌نده‌كانی
پێشه‌كی‌و یه‌كه‌یه‌كه‌ی مادده‌كان به جیا ده‌نگ وه‌ربگیرێ‌و پاشان سه‌رجه‌می
به‌یاننامه‌كه بخرێته به‌ر ده‌نگدان كه ئه‌م پێشنیاره قه‌بووڵ كرا. 48 وڵات
كه ده‌نگی "ئه‌رێ"یان به‌م به‌یاننامه‌یه دا بریتی‌بوون له: ئه‌فغانستان،
ئارژانتین، ئۆسترالیا، بێلژیك، بۆلیوی، به‌رازیل، بێرمه، كانادا، شیلی، چین،
كولومبیا، كاستاریكا، كووبا، دانمارك، دومێنیكه‌ن، ئێكوادۆر، میسر، ئێلسالوادۆر،
حه‌به‌شه، فه‌رانسه، یونان، گواتمالا، هائیتی، ئیسله‌ند، هیندوستان، ئێران،
عێراق، لوبنان، لیبریا، لوكزامبورگ، مێكزیك، هوله‌ند، نیوزله‌ند، نیكاراگوا،
نۆروێژ، پاكستان، پاناما، پاراگۆئێ، پێروو، فیلیپین، تایله‌ند، سوئێد، سووریه،
توركیه، بریتانیا، وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئۆرۆگوئێ‌و وێنزوئیلا.
8 وڵاتیش كه بێ‌لایه‌نانه ده‌نگیان دا، بریتی بوون له: یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌تی،
بلاڕووس، چێكۆسڵۆواكی، له‌هێستان (پۆلۆنیا)، ئۆكراین، ئۆگوسڵاوی، ئه‌فریقای
باشوور‌و عه‌ره‌بستانی سه‌عوودی. 2 ئه‌ندامی كۆڕی گشتییش له كۆبوونه‌وه‌كه
نه‌بوون. هیچ وڵاتێكیش به دژی ئه‌م به‌یاننامه‌یه ده‌نگی نه‌دا.(3)
به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ له پێشه‌كی‌یه‌ك‌و 30 مادده پێك هاتوه. له
پێشه‌كی‌یه‌كه‌ی‌دا هاتوه كه كۆڕی گشتی، ئه‌م به‌یاننامه‌یه وه‌ك ئامانجێكی
هاوبه‌ش بۆ هه‌موو خه‌ڵكی جیهان‌و هه‌موو میلله‌تان راده‌گه‌یه‌نێ تا تێكڕای
تاكه‌كان‌و هه‌موو كۆڵه‌كه‌كانی كۆمه‌ڵ هه‌وڵ بده‌ن به رێوشوێن‌و هه‌نگاوی
به‌ره‌به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و نێونه‌ته‌وه‌یی، به‌ڕه‌سمی ناسین‌و به‌ڕێوه‌بردنی
ئه‌م ماف‌و ئازادییانه له نێو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ندامدا مسۆگه‌ر بكه‌ن.
مادده‌ی یه‌كه‌م، بناغه‌ی فه‌لسه‌فیی به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ
راده‌گه‌یه‌نێ كه له‌سه‌ر 2 گریمانه دامه‌زراوه:
یه‌كه‌م، مافی یه‌كسانی‌و ئازادیی مرۆڤ. دووهه‌م، به‌م هۆیه‌وه كه مرۆڤ
بوونه‌وه‌رێكی عه‌قڵانی‌و ئه‌خلاقی‌یه، هێندێك له ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی هه‌ن.
له مادده‌ی 2یشدا هه‌ر چه‌شنه جیاوازیدانێك له‌باره‌ی ره‌گه‌ز، ئایین، زمان‌و
جنسییه‌ته‌وه راگه‌یه‌ندراوه‌و، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی‌و نه‌بوونی
جیاوازی، دیسان پێ داگیراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها به پێی پۆلێنكردنی مادده‌ی 3،
مافه‌كانی مرۆڤ له 3 مافی بنه‌ڕه‌تی‌و لێك گرێدراوی مافی ژیان، مافی
هه‌بوونی ئازادی‌و ئاسایش پێك دێ.
مادده‌كانی 3 تا 21 بۆ مافه سیاسی‌و مه‌ده‌نی‌یه‌كان ته‌رخان كراون. له
مادده‌ی 22یشدا له‌سه‌ر ئه‌وه پێ داگیراوه كه هه‌ركه‌س كه مه‌رجه‌كانی
ئه‌ندامه‌تیی كۆمه‌ڵگایه‌ك (member of society)ی هه‌بێ، ده‌توانێ به‌شێك له‌و
مافه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كه‌لتووری‌یانه‌ی هه‌بێ. له مادده‌كانی دواتردا
ئاماژه به هێندێك له‌و مافانه ده‌كا. به‌ندی 2ی مادده‌ی 29 كه به یه‌كێك
له مادده زۆر گرنگه‌كانی به‌یاننامه داده‌نرێ ده‌ڵێ:
1ـ هه‌ركه‌س له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه گه‌شه‌ی ئازاد‌و به‌ته‌واوی
كه‌سیه‌تیی ئه‌و مسۆگه‌ر ده‌كا، ئه‌ركی له‌سه‌ر شانه.
2ـ هه‌ركه‌س له جێبه‌جێكردنی مافه‌كان‌و كه‌ڵكوه‌رگرتن له ئازادی‌یه‌كانی
خۆی‌دا، ته‌نیا گوێرایه‌ڵی ئه‌و سنوور‌و به‌ربه‌ستانه‌یه كه به‌هۆی قانوونه‌وه
واته ته‌نیا به مه‌به‌ستی دابینكردن‌و به‌ڕه‌سمی ناسین‌و ره‌چاوكردنی ماف‌و
ئازادی‌یه‌كانی كه‌سانی دیكه‌و، بۆ پارێزگاری له پێویستی‌یه ره‌وشتی‌یه
جوانه‌كان، نه‌زمی گشتی‌و رێبازی گشتی‌و، له هه‌لومه‌رجێكی دێموكراتیكی
كۆمه‌ڵگه‌دا، دیاری كراون.
نێوه‌رۆكی به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌سه‌لتر له
"په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مه‌ده‌نی‌و سیاسی‌یه‌كان" كه له 53
مادده‌و پێشه‌كی‌یه‌ك پێك هاتوه، گونجێندراوه. ئه‌م په‌یماننامه‌یه كه
دیسامبری 1966 له‌لایه‌ن كۆڕی گشتی‌یه‌وه په‌سند كرا‌و، له مارسی 1976یشه‌وه
ده‌ست كرا به به‌ڕێوه‌بردنی، ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام به‌رعۆده ده‌كا كه مافه
سه‌ره‌كی‌و گرنگه‌كانی پێشبینی‌كراو له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا، به‌هۆی
گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی قانوونی‌و به‌كرده‌وه له‌باره‌ی هه‌موو تاكه‌كانه‌وه
به‌ڕێوه‌به‌رن. هه‌ر له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا هێندێك میكانیزم بۆ جێبه‌جێكردنی
به‌كرده‌وه‌ی ئه‌م مافانه پێشبینی كراون. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئه‌م
په‌یماننامه‌یه مۆر‌و په‌سند ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر شانیانه بڕیار‌و رێوشوێنه‌كانی
گونجاو له‌م په‌یماننامه‌یه‌دا، بێننه ریزی قانوونه نێوخۆیی‌یه‌كانیان،
به‌ڕێوه‌یان به‌رن‌و راپۆرته‌كه‌ی بده‌نه‌وه به كومیته‌ی مافی مرۆڤ. دیاره
به‌و هۆیه‌وه كه به‌رعۆده بوون، به‌رپرسیاره‌تی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا
به‌دواوه‌یه، زۆر له ده‌وڵه‌تان له كاتی ئیمزا‌و په‌سندكردندا، له پێوه‌ندی
له‌گه‌ڵ هێندێك مادده‌دا، مه‌رج داده‌نێن. "په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه
ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كه‌لتووری‌یه‌كان" (په‌سندكراوی دیسامبری 1966) كه
له ژانویه‌ی 1976ه‌وه ده‌ست كرا به جێبه‌جێكردنی، له زۆر باره‌وه له
په‌یماننامه‌ی مافه مه‌ده‌نی‌و سیاسی‌یه‌كان ده‌چێ، به‌ڵام مافه ئابووری،
كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كه‌لتووری‌یه‌كانی ده‌ستنیشان كردوون‌و مافه مرۆیی‌یه‌كانی له‌م
بوارانه‌دا روون كردوونه‌وه.(4)
له ساڵی 1948ه‌وه كه به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ په‌سند كرا، سیسته‌می
ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی 7 وڵات له‌و 8 وڵاته‌ی ده‌نگی بێ‌لایه‌نیان به‌و
به‌یاننامه‌یه‌دا، به ته‌واوی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه. به‌ڵام به گوێره‌ی
لێكۆڵینه‌وه‌ی پرۆفیسۆر "هۆرێست هانوم" ده‌ستوور (قانوونی بنه‌ڕه‌تی)ی لانیكه‌م
26 وڵات به‌ڕاشكاوی باسی ئه‌وه‌یان كردوه كه به‌یاننامه‌ی جیهانی له
سه‌رووی خۆیان داده‌نێن. هێندێك له‌و وڵاتانه بریتین له: كامبۆج، گینه‌ی
ئێستوایی، حه‌به‌شه (ئێتیوپی)، هائیتی، كابول، نیكاراگوا، نیجیریه، پورتوگال،
رۆمانی، سێنێگال، تانزانیا، ئیسپانیا.
نێوه‌رۆك‌و مادده‌كانی به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ له زۆر
رێككه‌وتننامه‌ی ناوچه‌یی‌و نێوده‌وڵه‌تی‌دا گونجێندراون‌و وه‌ك پاڵپشتێك بۆ
زیاتر له دووسه‌د به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به مافی مرۆڤیان لـێ هاتوه. هه‌تا
ساڵی 1995، 23 دادگای فه‌رانسه، 6 دادگای ئوسترالیا، 7 دادگای هیندوستان، 9
دادگای هوله‌ند‌و 11 دادگای بریتانیا، 89 دادگای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان‌و 11
دادگای وڵاتانی دیكه به سه‌رنجدان به بڕیارنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ
بڕیاریان ده‌ركردوه. ئه‌مه نیشانده‌ری سه‌نگ‌و قورسایی ئه‌خلاقیی ئه‌م
به‌یاننامه‌یه له زۆر له وڵاتانی جیهان دایه. هه‌وڵی چه‌ندین رێكخراوی
ناده‌وڵه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی (وه‌ك لیبووردنی نێونه‌ته‌وه‌یی، چاوه‌دێری مافی
مرۆڤ‌و فیدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی‌كۆمه‌ڵگه‌كانی مافی مرۆڤ)، سه‌دان رێكخراوی
ناده‌وڵه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی‌و هه‌روه‌ها تێكۆشانی خۆبه‌خشانه‌ی هه‌زاران
رووناكبیری داكۆكیكه‌ری مافی مرۆڤ له وڵاتانی جیهاندا، هه‌مویان نیشانده‌ری
ئاگایی‌و ده‌روه‌ستبوونی ئه‌وان له جێبه‌جێكردنی نێوه‌رۆكی ئه‌م به‌یاننامه
جیهانی‌یه‌ی مافی مرۆڤ دایه.
به سه‌رنجدان به‌وه كه به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی
جیهانگیر‌و نه‌مره، رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆخۆی‌و به‌شێوه‌ی
ره‌سمی وه‌ری گێڕاوه‌ته سه‌ر زیاتر له 300 زمان تا هه‌موو مرۆڤه‌كان وه‌ك یه‌ك
لێی تێ بگه‌ن.
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، رۆژی 10ی دیسامبر واته ساڵڕۆژی
په‌سندكرانی به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ له‌لایه‌ن كۆڕی گشتی‌یه‌وه، وه‌ك
"رۆژی مافی مرۆڤ" ناودێر كردوه. هه‌ر له‌م رۆژه‌شدا، هه‌موو ساڵێ خه‌ڵاتی
ئاشتیی نۆبیل به براوه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته پێشكێش ده‌كرێ.(5)
په‌راوێز
ئه‌م وتاره وه‌رگێڕدراوی هه‌ڵبژارده‌یه‌كه له‌م بابه‌تانه‌ی خواره‌وه:
1ـ په‌یامی كوفی عه‌نان سكرتێری گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان
به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤه‌وه (10ی دیسامبری 2005) ماڵپه‌ڕی "ایران
امروز"
2ـ گۆڕانی تیۆری له واتای مافی مرۆڤدا‌و جێگه‌ی ئه‌م چه‌مكه له
پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كاندا، مه‌جید عه‌بباسی ئه‌شله‌قی، (گۆڤاری
اگلاعات سیاسی ـ اقتصادی، ژماره 202 ـ 201)
3ـ به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ چلۆن پێك هات؟ دوكتور ئه‌حمه‌دڕه‌زا
كه‌مره‌یی، 15ی سه‌رماوه‌زی 1383، ماڵپه‌ڕی "اخبار روز"
4ـ سه‌رچاوه‌ی ژماره 2
5ـ سه‌رچاوه‌ی ژماره 3 |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |