|
رۆژی 14ی ئۆكتۆبری ئه‌مساڵ,
سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران, له‌به‌ره‌به‌ری حه‌وته‌مین
ساڵی ته‌حویلدرانه‌وه‌ی 6 تێكۆشه‌ری حیزب به كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌لایه‌ن
تاقمی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌یه‌وه, نامه‌یه‌كی بۆ كوفی عه‌نان سكرتێری گشتیی
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نارد. هاوڕێی تێكۆشه‌ر عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده
بۆ كوفی عه‌نانی روون‌كردبۆوه كه رێژیمی ئێران له ماوه‌ی ئه‌و 7 ساڵه‌دا له
دان‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌رچه‌شنه زانیاری‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌و پۆله له
ئازادیخوازانی گه‌لی كورد خۆی بواردوه. له نامه‌كه‌دا هاتبوو: سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی
ئه‌و ماوه دوور‌و درێژه له فرۆشرانی 6 تێكۆشه‌ری حیزبی دێموكرات به كۆماری
ئیسلامی, هێشتا بۆ بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكار‌و هاوبیرانیان روون نیه كه ئه‌وان
زیندوون یا ئێعدام كراون, ئه‌گه‌ر زیندوون له كام زیندان‌دان‌و له چ هه‌لومه‌رجێك‌دا
ده‌ژین‌و بۆچی رێگا نادرێ هیچ كه‌سێك بیان‌بینێ؛ ئه‌گه‌ر گیانیان لـێ ئه‌ستێندراوه,
چۆن‌و له كوێ موحاكه‌مه كراون‌و له كوێ به‌خاك سپێردراون؟ هه‌ربۆیه داوا له
به‌ڕێز كوفی عه‌نان كرابوو كه نفووز‌و توانای خۆی‌و رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان
بۆ روونكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و 6 ئه‌ندامه‌ی حیزبی دێموكرات به‌كار بێنێ.
به‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تی‌یه
سیاسی‌یه‌كان‌و پارلمانتێران له ئۆسترالیا, ئینگلستان, سوئێد, چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌و
ناوه‌ند‌و رێكخراوی سیاسی‌و مرۆڤدۆستی كورد‌و نزیك به هه‌زار كه‌س له
دڵسۆزان‌و خه‌مخۆرانی حیزبی دێموكرات‌و بزووتنه‌وه‌ی میللی ـ دێموكراتیكی
گه‌له‌كه‌مان له كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات, به شێوه‌ی جۆراوجۆر پشتیوانیی
خۆیان له‌و داوایه‌ی سكرتێری گشتیی حیزب راگه‌یاندوه.
وه‌ك زۆر جاری دیكه كه تێكۆشه‌ران‌و ئازادیخوازانی ئێران, هاواری زۆرلێكراویی
خۆیان, هاوبیران‌و هاونیشتمانانیان به گوێی سكرتێری گشتی‌و رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان گه‌یاندوه‌و چاوه‌ڕوان بوون هه‌نگاوی جیددی به‌مه‌به‌ستی
دادخوازیی ئه‌وان بنرێ, به‌ڵام به ئاكامی دڵخواز نه‌گه‌یشتوون, به‌داخه‌وه
داوای یارمه‌تیی سكرتێری گشتیی حیزبی ئێمه‌ش له به‌ڕێز كوفی عه‌نان,
بێ‌وه‌ڵام ماوه‌ته‌وه. به‌هێند نه‌گیرانی هاواری دادخوازیی خه‌ڵكی ئێران‌و
هه‌ڵ‌نه‌گیرانی هه‌نگاوی كاریگه‌ر له‌لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كانه‌وه له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ داوا‌و چاوه‌ڕوانیی ئێرانی‌یه‌كان له‌و
رێكخراوه‌یه‌دا, بووه به هۆی ئه‌وه كه كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ڕوو
هه‌ڵماڵاوی‌و بێ‌شه‌رمی‌یه‌كی زیاتره‌وه درێژه به پێشێلكردنی ماف‌و
ئازادی‌یه‌كانی خه‌ڵكی ئێران‌و سه‌ركوت‌و له‌نێوبردنی ناڕازییان‌و خه‌باتگێڕان
بدا.
له ماوه‌ی 2 مانگ‌دا كه له نووسینی نامه‌ی سكرتێری گشتیی حیزب بۆ كوفی
عه‌نان راده‌برێ, زنجیره‌یه‌ك تاوان‌و جینایه‌تی دیكه له دژی خه‌ڵكی
كوردستان‌و ئازادیخوازانی گه‌لی كورد به‌ڕێوه‌چوون كه هێندێكیان ئه‌مانه‌ن:
1ـ له 16ی ئۆكتۆبری 2003 (24ی ره‌زبه‌ری 1382)دا 3 لاوی كورد به‌ناوه‌كانی
1ـ ئه‌حمه‌د زوودی كوڕی محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن, 2ـ مه‌نسوور مه‌عرووفی كوڕی مام
ئاغا, 3ـ ئازاد سه‌عیدی كوڕی محه‌ممه‌د له ئاوایی نه‌ڵاس(له ناوچه‌ی
سه‌رده‌شت) له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانی رێژیمه‌وه درانه به‌ر ده‌سڕێژ‌و
كوژران.
2ـ له 27ی ئۆكتۆبر (5ی خه‌زه‌ڵوه‌ر)دا زه‌حمه‌تكێشێك به‌ناوی هه‌مزه‌ی مام
ئاغا, خه‌ڵكی گوندی بنوخه‌لیفی سه‌رده‌شت كه‌وته به‌ر ده‌سڕێژی هێزه
چه‌كداره‌كانی كۆماری ئیسلامی‌و كوژرا.
3ـ له 2ی دیسامبر (11ی سه‌رماوه‌ز)دا دوو لاوی دیكه‌ی سه‌رده‌شت به‌ناوه‌كانی
ئه‌حمه‌د ئه‌شك‌شیرین‌و عه‌لی كوڕی ره‌سووڵ له‌لایه‌ن پۆلیس‌و هێزی ئینتیزامیی
كۆماری ئیسلامی‌یه‌وه گیانیان لـێ ئه‌ستێندرا.
4ـ رۆژی 4ی دیسامبر (13ی سه‌رماوه‌ز) جه‌لیل زێوه‌یی, خه‌ڵكی ناوچه‌ی
سه‌رده‌شت‌و ئه‌ندامی حیزبی دێموكرات كه 9 ساڵ بوو له زیندانه‌كانی كۆماری
ئیسلامی‌دا ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌چێشت‌و به ئێعدام مه‌حكووم كرابوو, ئێعدام
كرا.
5ـ رۆژی شه‌ممه 6ی دیسامبر (15ی سه‌رماوه‌ز) رامین شه‌ریفی, خه‌ڵكی سه‌قز‌و
ئه‌ندامی حیزبی دێموكرات كه ماوه‌ی 7 مانگ له‌وه‌پێش گیرابوو‌و به ئێعدام
مه‌حكووم كرابوو, ئێعدام كرا.
پێویسته بگوترێ ناوی ئه‌و دوو ئێعدام‌كراوه, پێشتر له‌گه‌ڵ ناوی كۆمه‌ڵێك
زیندانیی سیاسیی دیكه كه به مه‌رگ مه‌حكووم كراون, به ئاگاداریی كۆڕ‌و
كۆمه‌ل‌و ناوه‌نده‌كانی داكۆكی له مافی مرۆڤ گه‌یشتبوو‌و, داوا كرابوو هه‌موو
هه‌وڵی خۆیان به‌كار بێنن تا له مه‌ترسیی ئێعدام نه‌جاتیان ببێ. به‌ڵام وه‌ك
ده‌بینین به‌داخه‌وه هه‌وڵه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه مرۆڤدۆستانه‌كان به‌و ڕاده‌یه
نه‌بوون كه كۆماری ئیسلامی له جێبه‌جێكردنی سزای دیاریكراو بۆ ئه‌وان,
بگێڕێته‌وه.
ئه‌گه‌ر له شارێكی بچووك‌و ناوچه‌یه‌كی به‌رته‌سكی وه‌ك سه‌رده‌شت له‌ماوه‌ی
كه‌متر له 2 مانگ‌دا 6 لاوی بێ‌تاوان‌و زه‌حمه‌تكێشی كورد, له‌لایه‌ن هێزه
به‌ناو ئینتیزامی‌یه‌كانه‌وه ده‌كوژرێن, له سه‌رانسه‌ری كوردستانی ئێران,
هه‌موو ساڵێك به ده‌یان جار له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌و رێژیمه‌وه
كه‌مین بۆ كاسبكاران داده‌نرێته‌وه, ته‌قه‌یان لـێ ده‌كرێ‌و ژماره‌یه‌كی زۆر
له‌وه زیاتر ده‌كوژرێن‌و بریندار ده‌كرێن.
به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و جینایه‌ت‌و تاوانانه له كوردستان, هاوكات له‌گه‌ڵ كوشتاری
خه‌ڵكی شاری " سه‌راوان" له‌لایه‌ن هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی‌و
شانبه‌شانی هێرشی حیزبوڵڵایی‌یه‌كان بۆسه‌ر كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌و میتینگی
خوێندكاری‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌خنه له پێشێلكرانی ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی مرۆڤ
له كۆماری ئیسلامی‌دا ده‌گرن, شتێكی به‌ڕێكه‌وت نین.
هێشتنه‌وه‌ی پارێزه‌رانی قوربانی‌یه‌كانی قه‌تڵه زنجیره‌یی‌یه‌كان له
زیندان‌دا‌و پێشگیری له به‌رێوه‌چوونی رێوڕه‌سمی یادكردنه‌وه‌ی
قوربانی‌یه‌كان, تێكدانی كۆبوونه‌وه له خانمی شیرینی عیبادی, وه‌رگری
خه‌ڵاتی نوبێلی 2003, ئێعدامی گیراوه سیاسی‌یه‌كانی كوردستان‌و ئاوه‌ڵاكردنی
ده‌ستی هێزه چه‌كداره‌كان له رشتنی خوێنی خه‌ڵك له به‌ره‌به‌ری 10ی دیسامبر
(رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ)دا, په‌یامێكی زۆر روونی بۆ دنیا تێ‌دایه. ئه‌و
په‌یامه ئه‌وه‌یه كه كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر پێشێلكردنی ماف‌و ئازادی‌یه
ئینسانی‌یه‌كان به‌رده‌وام ده‌مێنێته‌وه. هۆی ئه‌و به‌رده‌وامی‌یه‌شی له‌وه‌وه
سه‌رچاوه ده‌گرێ كه داوای ئێرانی‌یه‌كان‌و هاواری زۆرلێكراویی ئه‌وان
له‌لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان‌و كۆمه‌ڵگای جیهانی‌یه‌وه,
گرنگی‌و بایه‌خی پێویستی پێ نه‌دراوه. ئه‌گه‌ر رێبه‌ران‌و نوێنه‌رانی ئه‌و
رێژیمه سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو سته‌م‌و جینایه‌ته‌ی دژی هاونیشتمانان
كردوویانه‌و ده‌یكه‌ن, له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا‌و به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كده‌نگ
ریسوا‌و مه‌حكووم بكرێن؛ ئه‌گه‌ر داوای ده‌یان حیزب, رێكخراو, ناوه‌ند, كۆمه‌ڵه‌و
دامه‌زراوه‌ی سیاسی, فه‌رهه‌نگی‌و مرۆڤدۆستی ئێرانی‌و به میلیۆن هاونیشتمانی
پشتیوانی ئه‌وان, گوێی لـێ بگیرێ‌و رێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی به
ئه‌نجامده‌ری تاوان‌و جینایه‌ت دژی مرۆڤایه‌تی بناسرێن؛ ئه‌گه‌ر فشارێكی
نێونه‌ته‌وه‌یی به‌هێز بۆسه‌ر ئه‌و رێژیمه هه‌بێ؛ بێگومان ناتوانێ ئاوا
به‌ڕاشكاوی‌و رووهه‌ڵماڵاوی درێژه به پێشێلكردنی مافی مرۆڤ‌و سه‌ركوت‌و
تاوان‌و جینایه‌ت بدا.
له10ی دیسامبر, رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ‌و په‌نجا‌و پێنجه‌مین ساڵڕۆژی
ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ‌دا, سه‌رنجی مرۆڤایه‌تیی
دێموكرات‌و پێشكه‌وتنخواز به‌گشتی‌و رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان‌و
كۆمه‌ڵه‌و ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی داكۆكی له ماف‌و ئازادی‌یه
ئینسانی‌یه‌كان به‌تایبه‌تی بۆ لای ره‌فتار‌و سیاسه‌ته دژی ئینسانی‌یه‌كانی
كۆماری ئیسلامی له ئێران‌و كوردستان راده‌كێشین‌و راده‌گه‌یه‌نین: ئه‌گه‌ر
هه‌نگاوی به‌په‌له‌و كاریگه‌ر بۆ به‌ربه‌ستكردنی وه‌حشیگه‌ریی‌و
جینایه‌تخوڵقێنیی كۆماری ئیسلامی نه‌نرێ, ئێعدامی ئازادیخوازان, كوشتاری
خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتوو‌و پێشێلكردنی جار له‌گه‌ڵ جار زیاتری ماف‌و ئازادی‌یه
ئینسانی‌یه‌كان پتر په‌ره ده‌ستێنێ.
له‌و ده‌رفه‌ته‌دا جارێكی دیكه سه‌ره‌خۆشی‌و هاوده‌ردیی خۆمان به بنه‌ماڵه‌و
كه‌سوكاری تازه‌ترین قوربانی‌یه‌كانی جینایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی له
كوردستان‌و به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێران راده‌گه‌یه‌نین‌و هه‌وڵی بێ‌ئاكامی ئه‌و
رێژیمه بۆ تێك‌شكاندنی ئیراده‌ی خه‌باتگێڕانه‌ی ئێرانی‌یه‌كان بۆ كۆتایی‌هێنان
به دیكتاتۆری‌و زۆرداری, به‌توندی مه‌حكووم ده‌كه‌ین.
هه‌ر له‌و كاته‌دا داواكارین تازه‌ترین جینایه‌ت‌و تاوانه‌كانی كۆماری ئیسلامی
له‌لایه‌ك‌و هاوكاتبوونی ئه‌و رووداوانه له‌گه‌ل 55 ساڵه‌ی ده‌رچوونی
به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ‌و درانی خه‌ڵاتی نوبێلی ئاشتیی ئه‌مساڵ به
خانمی شیرینی عیبادی, ببێته هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان به‌گشتی, چاو به
هه‌ڵوێستی خۆیان به‌رامبه‌ر به كۆماری ئیسلامی‌دا بخشێننه‌وه‌و له به‌رامبه‌ر
ئه‌و هه‌موو ده‌ستدرێژی‌یه ئاشكرایه‌دا كه له‌لایه‌ن ئه‌و رێژیمه‌وه ده‌كرێته
سه‌ر ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی ئێرانی‌یه‌كان, بڕیارێكی به‌رپرسانه‌و ئازایانه
بده‌ن.
ده‌فته‌ری سیاسیی
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
10ی دیسامبری 2003 (19ی سه‌رماوه‌زی 1382). |