|
ده‌زگایه بناسێنێ. داستانی
به‌ربه‌ره‌كانێی ئه‌و رۆڵه خه‌باتگێڕ‌و دێموكراته له‌گه‌ڵ مه‌رگ‌و له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌و
ئه‌شكه‌نجه‌ی بازجووه‌كان‌و كاربه‌ده‌ستانی ده‌زگای سه‌ركوت‌و جاسووسی‌دا, له
مێژه زار به‌زار له نێو خه‌ڵكی كوردستان‌دا بڵاو بۆته‌وه. كاك محه‌ممه‌د
شاروێرانی كۆتایی‌یه‌كانی زستانی ساڵی رابردوو, له ده‌رفه‌تێك كه‌ڵكی وه‌رگرت‌و
به بنه‌ماڵه‌وه خۆی گه‌یانده‌وه نێو تێكۆشه‌رانی حیزبی دێموكرات. ئه‌م
وتووێژه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه, به‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ربه‌رزانه‌ی ئه‌و
هاوڕێیه‌مان بۆ نێو هاوسه‌نگه‌رانی‌دا, له‌گه‌ڵی ئه‌نجام دراوه.
پ: هاوڕێی به‌ڕێز كاك محه‌ممه‌د!
پێشه‌كی پێمان خۆشه سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی ده‌سگیركرانی خۆت بۆمان بدوێی؟
و: ئیزن بده‌ن پێشه‌كی جوانترین سڵاو بنێرم بۆ بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی شه‌هیدان,
كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكرات, ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی حیزبه خۆشه‌ویسته‌كه‌مان‌و
زیندانییانی سیاسی‌و به‌گشتی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان.
ئێمه تیمێكی ته‌شكیلاتیی كۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد له ساڵی 1375 بۆ مه‌ئموورییه‌تی
حیزبی چووینه ناوچه‌ی شاروێران, دوای ماوه‌ی نزیك به دوو مانگ مانه‌وه له‌و
ناوچه‌یه‌دا رۆژی 14/5/1375 مه‌ئموورییه‌تێك بۆ ئێمه هاته پێش. من به ته‌نیا ئه‌و
مه‌ئموورییه‌ته‌م وه‌ئه‌ستۆ گرت, هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه سه‌عات 12ی نیوه‌ڕۆی ئه‌و
رۆژه رووم له ئاوایی "قه‌ره‌خان" كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی بۆم دیاری
كرابوو بچمه ئه‌وێ, ماوه‌ی بیست ده‌قیقه به‌سه‌ر چوو, ویستم له‌و ماڵه‌ی كه
لێی بووم بڕۆم, به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌مهه‌ویست له‌گه‌ڵیان بچمه ئه‌و جێگایه
له ماڵ نه‌بوون, كاتێك هه‌ستام, به‌داخه‌وه دیتم چه‌ند نه‌فه‌ر له پاسدارانی
كۆماری ئیسلامی ده‌وری ئه‌و ماڵه‌یان گرتوه. منیش خۆم ئاماده كرد بۆ ئه‌وه‌ی
بتوانم تازه كه ده‌وری ماڵه‌كه‌یان گرتوه ئیمكانی نه‌جاتبوون نیه, گوتم وا
چاكه لانیكه‌م ده‌ست بكه‌مه‌وه. بۆ ئه‌نجامی ئه‌و كاره خۆم ئاماده كرد, به‌ڵام
به داخه‌وه ئه‌و چه‌كه‌ی كه پێم بوو به چه‌ند هۆ كه پێویست ناكا لێره‌دا باسی
بكه‌م, ده‌ری نه‌كرد, دوای ئه‌وه‌ی زانیم ده‌مانچه‌كه‌م ده‌ری ناكا, هاتمه حه‌ساری
ئه‌و ماڵه‌و ویستم به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك خۆم رزگار كه‌م, به داخه‌وه ئه‌وانه‌ی له
حه‌سار راوه‌ستابوون ته‌قه‌یان لـێ‌كردم‌و به برینداری وه‌عه‌رزی كه‌وتم. هه‌ر
كه وه‌عه‌رزی كه‌وتم بێهۆش بووم, زۆر پیس لاقم بریندار ببوو, كاتێك هاتنه سه‌رم
ده‌یانویست ئاخرین گولله‌م لـێ بده‌ن. ره‌فیقی ئه‌و پاسداره‌ی ته‌قه‌ی لـێ‌كردم
پێی گوت ئاخرین گولله‌ی لـێ‌ده‌م؟ ئه‌ویش گوتی نا, ئه‌وه "محه‌ممه‌د شاروێرانی"یه
كارمان پێیه‌تی, ئه‌وه كادری حیزبی‌یه, ئیقراری لـێ وه‌رده‌گرین‌و دواتر
ئێعدامی ده‌كه‌ین. كاتێك وه‌هۆش هاتمه‌وه وتیان هه‌سته با وه‌ڕێ كه‌وین, ئه‌منیش
وتم ناتوانم. بن پیلیان گرتم. له‌وێ زانیم وه‌زعم زۆر خراپه, لاقم زۆر پیس
بریندار بوو. بۆخۆیان به راكێش راكێش‌كردن بردمیان ده ماشێنه‌كه‌یان هاویشتم. ئه‌وان
]كه وه‌سه‌ریه‌ك كه‌وتنه‌وه[ بوون به پێنج نه‌فه‌ر, یانی پێنج نه‌فه‌ر هاتبوونه
ئه‌و ماڵه. ئه‌و ماڵه‌ی كه ئه‌من تێی‌دا بووم به ته‌نیا هه‌ڵ‌كه‌وتبوو, نه‌مزانی
ته‌نیا ئه‌و پێنج نه‌فه‌ره‌ن, ئه‌من ئیحساسم كرد كه جه‌ماعه‌تێكی یه‌كجار زۆر
هاتوون بۆ ئه‌و كاره. له رێگادا سواری ماشێنی دیكه‌یان كردم. باخه‌ڵیان گه‌ڕام
سێ هه‌زار تمه‌نی تێ‌دا بوو ده‌گه‌ڵ سه‌عاته‌كه‌م, هه‌ر له‌وێ ئه‌ویان ده‌رهێنا‌و
دایان به‌و كه‌سه‌ی كه ره‌گباره‌كه‌ی هاویشتبوو‌و برینداری كردبووم. له رێگادا
بێسیمیان بۆ سوپا كرد له مه‌هاباد, هێزێكی یه‌كجار زۆر هات, چۆن ئه‌وان ده‌یانزانی
من هه‌ر به ته‌نێ نیم جه‌ماعه‌تی دیكه‌شم له‌گه‌ڵه, له رێگای ئه‌و شنووده‌ی
كه بۆخۆیان دایان‌نابوو, ئه‌و بێسیمانه‌ی ئێمه هه‌مووی كۆنترۆڵ كرابوو, بێ ئه‌وه‌ی
ئێمه بزانین. به‌هه‌رحاڵ, هاتن منیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد بۆ شوێنێك نه‌مده‌زانی
بنكه‌ی سوپای پاسداران بوو یا پادگان. بردیانم بۆ ئه‌وێ له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵی
دایان‌نام, هه‌ر قسه‌یان لـێ ده‌پرسیم, منیش وه‌زعێكی یه‌كجار زۆر خراپم هه‌بوو,
خوێنڕێژی‌یه‌كی زۆر كردبوو, له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵی‌یه‌كه دایان‌نابووم, به‌لای ئه‌و
لاقه‌م‌دا كه بریندار ببوو, وه‌عه‌رزی كه‌وتبووم‌و بێهۆش بووم, كاتێك وه‌هۆش
هاتمه‌وه به پێ له سه‌ریان ده‌دام, ده‌یانگوت هه‌سته جێگای ئه‌و كادرانه‌ی
دیكه یا ئه‌و ره‌فێقانه‌ی دیكه‌ت ده‌بێ پێمان نیشان ده‌ی, منیش هه‌ر پێم گوتن
كه‌سم له‌گه‌ڵ نه‌بووه, به‌ڵام ئه‌وه بۆ ئه‌وان قابلی قه‌بووڵ نه‌بوو, چونكه
ئه‌وان ده‌یانزانی, هه‌موو شتێكیان ده‌زانی كه ده‌چم بۆ كوێ, ده‌مهه‌وێ بچمه
لای چ كه‌سانێك یا شه‌وێ چ كه‌سانێكم له‌گه‌ڵ بووه. نێوی هه‌موو ئه‌و كادرانه‌یان
ده‌هێنا كه له‌گه‌ڵ من بوون یا ده‌مهه‌ویست بچم بۆ لایان. به‌هه‌ر حاڵ, خۆم
راگرت, به خۆشی‌یه‌وه ئه‌و ویست‌و داخوازی‌یه‌ی كه ئه‌وان ده‌یانویست پێی نه‌گه‌یشتن.
پاشان بردیانم بۆ بیمارستان‌و ده‌ستیان له پشته‌وه‌ڕا به‌ستم, به‌و حاڵه‌ش لاقم هه‌ر
خوێنی لـێ ده‌هات‌و بێهۆش بووم, بردیانم له‌سه‌ر ته‌ختی بیمارستان رایان‌كێشام.
هێزێكی یه‌كجار زۆر هات ده‌وری بیمارستانیان دا, ئه‌وانه‌ی به‌رپرسی بیمارستان
بوون, دوكتوره‌كان به‌وه زۆر ناڕه‌حه‌ت بوون كه ئه‌و هه‌موو هێزه‌یان هێناوه بۆ
ده‌وری بیمارستان. هه‌ر كه له‌سه‌ر ته‌ختی بیمارستان رایان‌كێشام كه چاره‌سه‌رم
كه‌ن, به‌ڵام كه له پشته‌وه ده‌ستیان به‌ستبووم, نه‌یانكرده‌وه. ئه‌و دوكتورانه‌ش
هاتنه بن سه‌رم گوتیان كاكه گیان ئه‌وه ده‌ستت ناكه‌نه‌وه, كه‌وایه به‌و شێوه‌یه
بمری زۆر باشتره.
دوكتوره‌كه, به‌و پاسدارانه‌ی كه له‌لای سه‌رم یا له‌لای لاقم راوه‌ستابوون,
گوتی ده‌بێ ده‌ستی بكه‌نه‌وه ده‌نا به‌و شێوه‌یه چاره‌سه‌ر ناكرێ, ئه‌وه
لاقی ورد بووه. ئه‌وانیش وتیان نا ئه‌وه بۆ ئه‌وه نابێ ده‌ستی بكه‌یه‌وه,
ئه‌وانیش وتیان ئێمه به‌و شێوه‌یه ناتوانین چاره‌سه‌ری بكه‌ین, بیبه‌ن, لای
به‌رن. هه‌ر ئه‌و رۆژه منیان لابرد, بردمیانه دیوێكی دیكه دووباره هێنایانم بۆ
سوپای پاسداران. زۆریان قسه له‌گه‌ڵ كردم, زۆریان قه‌ول‌و قه‌رار پێ‌دام كه
ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ ئه‌من جێگای ئه‌و كادرانه‌ی دیكه كه له‌سه‌ر یه‌ك ده‌بوونه
هه‌شت نه‌فه‌ر له كادره‌كانی ئێمه به كاك عومه‌ر باڵه‌كی‌یه‌وه كه ئه‌ندامی
كومیته‌ی ناوه‌ندی بوو, باسی كاك عومه‌ریان ده‌كرد هه‌میشه, زۆر له‌وی داغدار
بوون. باسی ئه‌ویان ده‌كرد‌و ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر جێگای كاك عومه‌ر باڵه‌كی یا
هاوڕێكانی‌تر به ئێمه نیشان بده‌ی قه‌ولت پێ ده‌ده‌ین ئێستا نامه ده‌نووسین‌و
حه‌تمه‌ن ئێمه ته‌خفیف بۆ تۆ قاییل ده‌بین‌و له‌و مه‌رگه‌ی یا له حوكمه‌ی كه
تۆ هه‌ته ئیرفاقت بۆ قایل ده‌بین.
پ: كاك محه‌ممه‌د! زیاتر سه‌باره‌ت به شێوه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌كردن یا به‌گشتی بڵێم
ره‌فتاری ئه‌و مه‌ئموورانه‌ی رێژیم له سه‌ره‌تای گرتنت‌دا یا له رۆژه‌كانی
یه‌كه‌م‌دا بۆمان بدوێ؟
و: ئه‌وه‌ی راستی بێ له منیان نه‌دا, به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌خت بریندار
ببووم, ئه‌وه بۆ من ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر گه‌وره بوو له‌باری روحی‌و
ره‌وانی‌یه‌وه فشارێكی یه‌كجار زۆریان بۆ من هێنا. كاتێك له بیمارستان
دوكتوره‌كان موعاله‌جه‌یان نه‌كردم هێنایانمه‌وه‌و فشارێكی زۆریان بۆ هێنام,
گوتیان حه‌تمه‌ن ده‌بێ جێگا‌و رێگای هاوڕێكانت نیشانمان بده‌ی. منیش بۆ ئه‌وه‌ی
له كۆڵم بنه‌وه, گوتم ئه‌من شه‌و له‌وان جیا بوومه‌ته‌وه, له حاڵێك‌دا
ده‌یانزانی واش نه‌بووه, به‌ڵام قه‌ولم پێ‌دان‌و گوتم بمبه‌ن بۆ ئه‌و جێگایه
ئه‌وه له شاخن, له شاخه ڕه‌ش. شاخه ره‌ش هه‌یه له شاروێران, گوتم له‌وێ
به‌جێم هێشتوون, شه‌وێ له سه‌دا سه‌د له‌وێنه. هه‌ر بۆوه‌ی له كۆڵم ببنه‌وه,
چونكه وه‌زعێكی یه‌كجار خراپم هه‌بوو. گوتی باشه ساز ده‌بین, ده‌بێ به
بیسیمه‌كه‌ت ئه‌تۆش قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ی. به‌ڵام كاتێك زانیم ئه‌وه هه‌ر فشارم
بۆ دێنن, گوتم باشه. له رێگادا بیسیمه‌كه‌یان وه من دا. ئه‌من ده‌ستم له
بیسیمه‌كه دا‌و كاناڵه‌كانم تێكه‌ڵ كردن. بیست ماشێن ده‌بوون, هه‌ر به‌و
وه‌زعه‌ی كه هه‌مبوو بێهۆش ده‌بووم‌و وه‌هۆش ده‌هاتمه‌وه. به لۆكه لێویان ته‌ڕ
ده‌كردم‌و ئاویان له زاری ده‌كردم. هێندێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ من
دانیشتبوون ـ له پاسداره‌كان ـ ده‌یانگوت ئاوی ده‌نێ با نه‌مرێ باشتره. جا
نازانم نییه‌تی باشیان بوو یا خراپ. به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ نه‌مردم, به‌و وه‌زعه
خراپه‌ی كه هه‌مبوو, بردیانین, چووین بۆ شاخ. له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌م رۆژێك
پێشتر قه‌رارمان دانابوو سه‌عات حه‌وتی ئێوارێ ئێمه بێینه سه‌ر خه‌ت, بچم
ئه‌وان بگرمه‌وه, ده‌مزانی هه‌ر دێن, نه‌شیانزانیبوو كه من ئه‌و وه‌زعه‌م
به‌سه‌ر هاتوه. به‌ڵام ده‌سته‌كه‌ی دیكه نا, ئه‌وانه‌ی كه له كنیان‌ڕا هاتم.
چووین بۆ سه‌ر شاخ. له‌وێ دڵنیا بووم, زۆر له باری رۆحی‌یه‌وه ]رازی بووم[
له‌وه‌ی كه خۆم راگرتوه تا سه‌عات حه‌وت كه تاریك داهات, له‌وه‌ی كه
توانیومه جێگای هاوڕێیانی خۆشه‌ویستم به دژی گه‌لی‌یه‌كان نه‌ڵێم. سه‌عات
حه‌وت ئه‌و هاوڕێیانه هاتنه سه‌ر خه‌ت، به‌ڵام بیسیمه‌كه‌ی ئه‌وان (هی
ئیتلاعاتی‌یه‌كان) كه شنوودی پێ ده‌ڵێن, هه‌ر وه‌ری ده‌گرت, یانی قسه‌كانی
ئه‌وانی وه‌رده‌گرت‌و به‌ڕێی نه‌ده‌كرد. گوێم لـێ‌بوو ئه‌وانی دیكه له
ناوچه‌ی شاروێران ئه‌و جێگایه‌ی كه من لێیان جیا بوومه‌وه ته‌قریبه‌ن
كیلۆمیترێك دوور ده‌بوو له‌و جێگایه‌ی كه من لێی بریندار بووم له
"قه‌ره‌خانی", ئه‌وان له‌وبه‌ری چۆمی بوون, له‌وێ جوابیان دانه‌وه گوتیان
وه‌ڵڵا شاروێرانی شه‌هید بووه. ئه‌وان وایان زانیبوو شه‌هید بووم, كاتێك
ئه‌وه‌یان گوێ لـێ‌بوو, ئه‌و پاسدارانه له‌وێ زۆریان ئه‌زییه‌ت كردم, گوتیان
تازه شه‌و داهاتوه, تۆ له خۆڕا ئه‌و درۆیه‌ت له‌گه‌ڵ ئێمه كردوه, ئێمه‌ت
هێناوه بۆ ئێره, ئێستا ئه‌وانه له كوێن جواب ده‌ده‌نه‌وه. له كوێ قسه
له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌كه‌ن, ئه‌منیش گوتم نازانم ئه‌وه ره‌نگه لێره بوونه, حه‌تمه‌ن
كاتێك زانیویانه ئه‌من بریندار بووم, جێگه‌كه‌یان گۆڕیوه. به‌هه‌ر حاڵ, شه‌و
داهات, به خۆشی‌یه‌وه منیش له‌باری رۆحی‌یه‌وه هه‌رچه‌ند له سه‌ختترین
شه‌رایه‌ت‌دا بووم, به‌ڵام له‌و باره‌وه خۆشحاڵ بووم له‌وه‌ی كه توانیومه خۆم
رابگرم‌و هاوڕێیانی خۆشه‌ویستم نه‌كه‌ونه داوی دوژمنان. كاتێك زانییان هیچیان
ده‌ست نه‌كه‌وتوه, منیان هێناوه بۆ سوپای پاسداران. هه‌ر ئه‌و شه‌وه كه
هێنایانمه‌وه بۆ سوپا, ده‌وریان دام, له دیوێك‌دا رایان‌گرتبووم, وه‌زعێكی زۆر
خراپم هه‌بوو, خوێنی لاقم هه‌ر ده‌هات, ته‌نانه‌ت ئه‌ویشیان ئیشك نه‌كردبوو,
بێ‌ئه‌وه‌ی حه‌بێكم ده‌نێ یا ده‌رزی‌یه‌كم لـێ‌ده‌ن. به‌هه‌ر حاڵ, ده‌ردێكی
یه‌كجار زۆرم هه‌بوو, رایان‌كێشابووم. پاشان فه‌رمانده‌ی سوپا له‌وه كه هیچیان
وه‌ده‌ست نه‌كه‌وتبوو ]زۆر تووڕه بوو[. ده‌یگوت ئه‌وه ئێمه یه‌كساڵه له فكری
ئه‌وه داین كه ئێوه له دا‌و خه‌ین, به‌ڵام ئه‌تۆ ئه‌وانه‌ت هه‌موو نه‌جات دان.
ئێستا هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌وان یان ئه‌و حوكمه‌ی ئه‌وان هه‌یانبوو,
هه‌مووی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی تۆ, ئه‌تۆ ئه‌وانت نه‌جات داوه. دوو سێ‌یه‌ك له‌وێ
بوون كه پێشتر ده‌مناسین. ناومبیستبوون. هێندێكی دیكه‌شی لـێ‌بوون, هه‌ستان به‌و
وه‌زعه‌ی كه هه‌مبوو, بڕێكیان ئه‌زییه‌ت كردم, به‌ڵام یه‌كیان له‌وێ وه‌جواب هات
گوتی ئه‌زییه‌تی مه‌كه‌ن, بۆخۆی ئه‌زییه‌ت دراوه, له‌وه زیاتر چی
لـێ‌ده‌كه‌ن؟ خۆبه‌خۆ به یه‌كتریان ده‌گوت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش باین, جێگای یه‌كترمان
نه‌ده‌گوت, خۆ ئه‌وه حه‌قی خۆیه‌تی, چونكه ئه‌و كادری حیزبی‌یه‌و هاوڕێی
خۆی بووین ئه‌وه گه‌وره‌ترین ئیفتیخاری كردوه بۆ خۆی. ئه‌وه بۆخۆیان ئه‌و
قسه‌یان ده‌كرد خۆبه‌خۆ.
به‌ڵام له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌شكه‌نجه‌دا, گه‌وره‌ترین ئه‌شكه‌نجه بۆ من
ئه‌وه بوو كه ئه‌و چه‌كه‌ی كه پێم بوو ده‌ری نه‌كرد كه بتوانم دیفاعێك له
خۆم بكه‌م. باوه‌ڕ كه ئینسان وه‌كوو ئه‌وه‌یه كه له ئاسمانه‌وه به‌ر بێته‌وه,
یه‌كده‌فعه ده‌كه‌ویه ده‌ستی ئه‌و جینایه‌تكارانه, دووهه‌میش ئه‌وه كه ئه‌من
زۆر به سه‌ختی بریندار بووم, ئه‌وان حه‌تتا نه‌یان‌ده‌هێشت ئێستراحه‌تیش بكه‌م.
پ: كاك محه‌ممه‌د! هه‌ر له‌و شوێنه‌ی كه رایان‌گرتبووی, هه‌ر له‌وێ راگیرای بۆ
ماوه‌یه‌كی دوور‌ودرێژ یا رایانگواستی بۆ جێ‌یه‌كی دیكه؟
و: نه‌خێر, ئه‌من وا بزانم هه‌تا سه‌عاتی دوازده‌و نیوی نیوه‌رۆیه بوو هه‌ر
له‌وێ له سوپا یان پادگان بووم. دیاره باش نازانم كوێ بوو, چونكه راكشابووم,
نه‌مزانی كوێ بوو, به‌ڵام دوای سه‌عات دوازده‌ونیو وه‌ڕێ‌كه‌وتین‌و سێ
ماشینیان له‌گه‌ڵ ناردم, چووین بۆ ورمێ, بیمارستانی عارفان هه‌یه كه
بیمارستانێكی سوپایی یا ده‌وڵه‌تی‌یه, له‌وێش ئه‌و رۆژه‌ی كه چووین دوكتور له
ماڵ نه‌بوو. ئێواره هه‌تا سه‌عات یه‌كی شه‌و,و وابزانم زه‌نگیان لـێ‌دابوو كه
بێ نه‌خۆشێكمان هه‌یه. سه‌عات یه‌ك‌و نیو بوو ئه‌و دوكتوره هات‌و منداڵێكی 10
ساڵانه‌شی له‌گه‌ڵ بوو, له‌سه‌ر ته‌ختی كه راكشابووم سێ چوار نه‌فه‌ریشم
له‌گه‌ڵ بوو له‌و دیوه, هێندێكیان كوردیشیان ده‌زانی, یه‌ك دوویه‌كیان له
جاشه‌كان بوون له‌وێیان دانابوون بۆ وه‌ی كه ئه‌گه‌ر قه‌راره شتێك بێ, ئه‌وه
حاڵی ده‌بێ لێیان یا ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیهه‌وێ بێ بۆ لام. له‌وێ دوكتور وه‌ژوور
كه‌وت, گوتی ئه‌وه چیه؟ ئه‌وانیش گوتیان ئه‌وه كادرێكی حیزبی‌یه گرتوومانه.
ئه‌و دوكتوره به‌وپه‌ڕی نائینسانی‌یه‌وه له جواب‌دا گوتی: كه‌سافه‌تێكی ئه‌وا
بۆ نایكوژن, ئه‌من وام زانیوه یه‌كێك له برایانی سوپای ئێمه‌یه بریندار بووه,
بۆیه به‌و شه‌وه هاتووم, ده‌نا ئه‌من بۆ ئینسانی ئه‌وا چۆن دیم؟ چۆن ئێوه
مزاحێمی من بوونه؟ ئه‌میش له جواب‌دا گوتی ئاخر ئه‌تۆ دوكتوری, له‌باری
ئینسانی‌یه‌وه ده‌بێ ئه‌تۆ ئنسانییه‌تی خۆت نیشان بده‌ی. بۆ تۆ چ فه‌رق ده‌كا
نه‌خۆش یا بریندار هه‌ر ئینسانێك بێ. ئه‌ویش گوتی ئێستاش هه‌ر زمانت سالم نیه
كه‌سافه‌ت ئه‌وه به من جێبه‌جێ ناكرێ. ئه‌وان پێیان وابوو ئێمه كه كوردین یا
ئه‌وه‌ی كه پێشمه‌رگه‌ی حیزبین هه‌ر ده‌بێ بمرین. له باتی چاره‌سه‌ری, ئه‌و
قسانه‌ی به من گوت, به جێگای ئه‌وه كه دڵخۆشیم بداته‌وه‌و بڵێ چ نیه
چاره‌سه‌ری لاقت ده‌كه‌م, به‌ڵام به‌وپه‌ڕی نائینسانی‌یه‌وه ئه‌و
بێ‌حورمه‌تی‌یه‌ی پێ‌كردم.
پ: كاك محه‌ممه‌د! ئه‌و دوكتوره وادیاره به‌جێی ئه‌وه كه ئه‌ركی خۆی به‌جێ
بێنێ وه‌كوو دوكتورێك، به‌داخه‌وه بێ‌حورمه‌تیشی پێ‌كردووی. ئایا هیچ
هه‌وڵێكیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی برینه‌كه‌تدا له‌و بیمارستانه له‌لایه‌ن ئه‌و
دوكتوره یان دوكتورێكی دیكه‌وه؟
و: نه‌خێر كاتێك ئه‌و دوكتوره ئه‌و قسانه‌ی پێ گوتم به‌داخه‌وه بۆ به‌یانی
نه‌ك چاره‌سه‌ری نه‌كردم به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت خوێنی لاقیشی قه‌تع نه‌كردم كه
خوێنڕێژی‌یه‌كی یه‌كجار زۆرم كردبوو. بۆ به‌یانی منیان برد بۆ پادگانێك به
هه‌موو ده‌رد‌و ئازارێك كه هه‌مبوو به‌و هه‌موو فشاره روحی‌و ره‌وانی‌یه‌ی كه
له‌سه‌ر من بوو، ماوه‌ی چل رۆژ له پادگانێكی، كه پادگانی "الحمدی" پێ‌ده‌ڵێن
له قه‌راخ ده‌ریای ورمێ‌یه، پادگانی سوپا له‌وێ له دیوێكی رایان‌گرتبووم
وه‌زعێكی یه‌كجار خراپم هه‌بوو، زۆر هاوڕێی دیكه‌ش دیتبوویانم، زۆر خه‌ڵك له
زیندانییانی دیكه‌ش دیتوویانم چ وه‌زعێكم هه‌بووه به چ وه‌زعێك كه‌وتبوومه
ده‌ست كورد كوژان، ئینسان هه‌ر ده‌بێ ئه‌وه بڵێ كورد كوژان، چونكه فه‌رقێكی
یه‌كجار زۆر له نێوان كورد‌و غه‌یره زمانه‌كانی دیكه داده‌نێن، ماوه‌ی چل
رۆژان من له‌و پادگانه بووم بێ ئه‌وه‌ی هیچ چاره‌سه‌رم بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی
ده‌رزی‌یه‌كم لـێ‌بده‌ن. له ماوه‌ی ئه‌و چل رۆژه‌ی‌دا هه‌مووی له ژێر بازجوویی
دابووم‌و هه‌موو ئه‌وه‌ڵی قسه‌كه‌یان ئه‌وه بوو كه ئه‌تۆ ئێمه‌ت فریودا. ئه‌و
هه‌موو زه‌حمه‌ته‌مان كێشاوه ئه‌و چه‌ند كادره‌ت له ده‌ست ئێمه داوه كه ئێمه
ده‌مانتوانی ئه‌وان بگرین یان بیانكوژین، زۆر ناڕه‌حه‌ت بوون له‌وه‌ی كه به‌و
مه‌به‌سته‌ی خۆیان نه‌گه‌یشتبوون. دوای ئه‌و چل رۆژه، رۆژێك هێنایانمه
ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ یه‌كشه‌و له‌وێش رایانگرتم به‌ڵام له‌وێش زۆر
ئه‌زیه‌تیان دام به تایبه‌ت ئه‌و كورده خۆفرۆشانه‌ی له‌وێ بوون زۆریان ئه‌زیه‌ت
كردم. كاتێك هێنایانمه ئیتلاعات له‌وێ ماتۆرێكی گه‌وره‌یان هه‌ڵ‌كردبوو چونكه
له ماوه‌ی ئه‌و چل رۆژه‌دا به هیچ ئاكامێك نه‌گه‌یشتبون وایانده‌زانی ئیداره‌ی
ئیتلاعاته حه‌تمه‌ن ده‌توانن به مه‌به‌ستی خۆیان بگه‌ن، له‌وێ ماتۆرێكی
یه‌كجار زۆر گه‌وره، نازانم چ بوو، به‌رق بوو چی بوو، هه‌ڵیان كردبوو دروست ئه‌و
ماشێنه‌ی كه منی تێ‌دا بووم به‌و وه‌زعه‌ی كه هه‌مبوو ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی كه
له‌به‌رم رۆیشتبوو، خوێنم له به‌ده‌ندا نه‌مابوو، باوه‌ڕكه زۆر كه‌س كه ده‌یدیتم
بێزی هه‌ڵ‌ده‌ستا بۆخۆشم بێزم له خۆم ده‌كرد. له ماوه‌ی چل رۆژدا نه‌توانی
سه‌رت بشۆی یا حه‌مامێك بكه‌ی.
پ: كاك محه‌ممه‌د! ئاماژه‌ت به‌وه كرد كه جه‌نابت به‌و حاڵه‌وه چل تا چل‌و پێنج
شه‌و له پادگان ماویه‌ته‌وه له جیاتی ئه‌وه‌ی له بیمارستانێك له شوێنێك له
ژێر نه‌زه‌ری دوكتۆرێك دابی! جا پێمان خۆشه بزانین له‌و ماوه‌یه‌دا له چ
حاڵه‌تێكی جیسمی‌و روحی‌دا بووی؟
و: به‌ڵێ له‌و جێگایه‌ی ئه‌منی لـێ‌بووم سێ چوار نه‌فه‌ریان بۆ دانابووم وه‌كوو
نیگابان، هه‌موو جارێ ئه‌و بازجوویانه‌ش كه ده‌هاتن بۆ ئه‌وه‌ی فشارم بۆ بێنن یا
بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه زیاتر ناره‌حه‌تم كه‌ن هه‌موو جارێ ئیشاره‌یان به‌وه ده‌كرد
كه ]شه‌هید كاك[ "هه‌مزه بێهنام" ئه‌ویش جه‌نازه‌كه‌ی له‌وێ بوو، هه‌موو جارێ
ده‌یانگوت ئه‌وه‌تا جه‌نازه‌ی هه‌مزه بێهنامیش ئه‌وه لێره‌یه. یا یادگاری ئه‌و
هاوڕێیانه‌ی حیزبی كه ئێعدام كراون وه‌ك مه‌لا ئه‌حمه‌د‌و چه‌ند كه‌سێكی دیكه
هه‌موو له‌وێ ناوه‌كانیان نووسرابوو. هه‌موو جارێ ئیشاره‌یان به‌وانه ده‌كرد كه
ئه‌تۆش رۆژێك دادێ به‌و شێوه‌یه یادگاری خۆت ده‌بێ بنووسی‌و ئێعدام ده‌كرێی.
هه‌موو ئه‌و فشاره روحی‌و ره‌وانی‌یه بۆ ئه‌وه بوو كه به مه‌به‌ستی خۆیان
بگه‌ن. به‌داخه‌وه كاتێك ئه‌منیان بردبوو بۆ ورمێ جمهووریی ئیسلامی له
ناوچه‌ی شاروێران‌و مه‌هاباد هه‌ر دێ‌یه‌ی سێ چوار نه‌فه‌ری لـێ‌گرتبوون، بۆ
ئه‌وه‌ی هه‌م له‌تمه له حیزبه‌كه‌مان بدا‌و هه‌م له شه‌خسی خۆم. چه‌ند
نه‌فه‌رێكی گرتبوو به‌ڵام به بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك چونكه ئه‌وان ئێعترافیان
له‌سه‌ر نه‌كرابوو، كاتێك دوای ئه‌و چل رۆژه‌ی كه هاتمه‌وه به‌خۆشی‌یه‌وه
هه‌موو ئازاد كران، هێندێكیان ده‌هێنانه‌وه‌و ده‌هاتنه لاشم له‌لای بازجووه‌كان
بێ‌ترس پێم ده‌گوتن ئه‌وانه‌تان له هیچ‌و خۆڕایی گرتوه كاتێك ئه‌و قسانه‌یان
ده‌بیست فه‌وره‌ن ئه‌وانه‌یان ئازاد ده‌كرد ئێستا ئه‌و دۆستانه هه‌موو شایه‌دی
ئه‌و قه‌زیه‌ن.
پ: كاك محه‌ممه‌د! چۆن بوو ئه‌و دوكتورانه بڕیاریان دا كه لاقت ببڕنه‌وه؟
و: به‌ڵێ به هۆی ئه‌وه له سه‌ره‌تاوه چاره‌سه‌ریان نه‌كرد دوای ئه‌وه‌ی كه
هێنایانمه ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ شه‌وێك له‌وێ بووم دوای ئه‌و چل رۆژه‌ی،
ئه‌و شه‌وه له‌وێ مامه‌وه بۆ به‌یانیش ئه‌وانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌هاباد
هاتن‌و منیان هێنایه‌وه بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌هاباد. له‌وێ پێیان گوتم،
ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ ئێمه ئه‌تۆ موعالیجه بكه‌ین به بنه‌ماڵه‌كه‌ت بڵێ كه
بێنه‌وه ـ چونكه بنه‌كاڵه‌كه‌م ئه‌و كات له نێو حیزبی دیموكراتدا بوون ـ
ئه‌منیش نامه‌یه‌كم بۆ نووسین‌و له‌و نامه‌یه‌دا پێم گوتبوون ئه‌من به‌و
وه‌زعه‌كه‌وتوومه‌ته ده‌ست جمهووریی ئیسلامی ئه‌تۆش مه‌یلی خۆته، بۆخۆت ب |