|
14-04-1386
ره‌شید حه‌یده‌ری - ستۆکهۆڵم
سه‌رچاوه‌کان: ماڵپه‌ڕه‌کانی
ویکیپێدیا، "پرس وجو"، سه‌رده‌شت‌و "خبرگزاری میراث فرهنگی"
وشه له هه‌ر زمانێک‌دا به‌سه‌ر سێ به‌ش‌دا دابه‌ش ده‌کرێت. ئه‌م سێ به‌شه بریتین
له وشه‌ی ره‌سه‌ن، وشه‌ی لاوه‌کی{*}و وشه‌ی نوێ. مه‌به‌ست له وشه‌ی ره‌سه‌ن ئه‌و
وشانه‌ن که له سه‌ره‌تای دروست‌بوونی هه‌ر زمانێکه‌وه هه‌بوون‌و پشتاوپشت له‌و
زمانه‌دا هاتوون تا گه‌ییشتوونه‌ته سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ. وشه‌ی نوێ، به‌پێچه‌وانه‌ی
وشه‌ی ره‌سه‌ن، له سه‌ره‌تای دروست‌بوونی زمانه‌وه نه‌بوون‌و له ئاکامی دۆزینه‌وه‌و
داهێنانی نوێ‌دا مرۆڤ دایانده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی داهێنان‌و دۆزینه‌وه‌کانی خۆی پێ
ناودێربکا. به‌م پێ‌یه، خوڵقانی وشه‌ی نوێ ئاکامی گه‌شه‌کردنی ژیانی مرۆڤه‌و له
راستی‌دا وه‌ڵامدانه‌وه‌یه به پێویستی‌یه‌ک که له ئاکامی ئه‌و پێشکه‌وتن‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی
ژیان‌دا دێته ئاراوه.
جۆری سێ‌یه‌می وشه، وشه‌ی
لاوه‌کی‌یه. له زمانی کوردی‌دا، وشه‌ی لاوه‌کی به وشه‌یه‌ک ده‌گوترێت که له
بنه‌ڕه‌ت‌دا له کانیاوی زمانێکی دیکه‌وه هه‌ڵقوڵیبێ‌و به‌هۆی جۆراوجۆره‌وه
هێنرابێته نێو زمانی کوردی‌و به تێپه‌ڕبوونی کات، خۆی له‌گه‌ڵ زمانه‌که‌مان‌دا
رێک‌خستبێت‌و به‌مجۆره بووبێته به‌شێک له زمانی ئێمه‌و نه‌کرێ به‌سانایی له وشه‌ی
ره‌سه‌نی کوردی جیا‌بکرێته‌وه. نموونه‌ی ئه‌م چه‌شنه وشانه له زمانی کوردی‌دا
زۆرن. بۆ وێنه وشه‌کانی "دونیا، قه‌رز، شاعیر، وه‌زاره‌ت، خزمه‌ت، مڵک، سیاسی، خه‌ڵک،
... هتد له‌و چه‌شنه وشانه‌ن که له زمانی عه‌ره‌بی‌یه‌وه هاتوونه‌ته نێو زمانی
کوردی‌و بوونه‌ته به‌شێک له زمانی ئێمه. بێجێ نیه گه‌ر بڵێین ئه‌م جۆره وشانه
ئێستا ئیتر خاوه‌نی ناسنامه‌ی کوردین‌و پێشم وانیه که‌س بتوانێ ئه‌و ناسنامه‌یه‌یان
لێ‌وه‌ربگرێته‌وه.
له دونیای ئه‌وڕۆدا زمانێک نیه که کاریگه‌ریی زمانه‌کانی دیکه به‌تایبه‌ت زمانی
نه‌ته‌وه‌کانی دراوسێی به‌سه‌ره‌وه نه‌بێ‌و له قۆناخێک له قۆناخه‌کانی ژیان‌دا
نه‌که‌وتبێته ژێر ته‌وژم‌و کاریگه‌ریی ئه‌و زمانانه‌وه. "کایسا هه‌کینه‌ن"،
پرۆفیسۆری زمانی فینله‌ندی له "زانکۆی ئۆبو"ی وڵاتی فینله‌ندو شاره‌زا له بواری "زانستی
ناسینی سه‌رچاوه‌ی وشه" ژماره‌ی ئه‌و وشانه‌ی له زمانی سوئیدی‌یه‌وه هاتوونه‌ته
نێو زمانی فینله‌ندی به ٤٠٠٠ (چوار هه‌زار) وشه ده‌خه‌مڵێنێ. به‌ڵام ئه‌م قه‌رزوه‌رگرتنه،
به‌قه‌رزدانیشی، هه‌رچه‌ند که‌میش بووبێ، به‌دواوه بووه. به‌گوێره‌ی قسه‌کانی
ناوبراو ده‌یان وشه‌ی فینله‌ندی چوونه‌ته نێو زمانی سوئیدی‌یه‌وه. هه‌ڵبه‌ت زمانی
سوئیدی له وه‌رگرتنی وشه‌دا به‌ته‌نیا ده‌ستی بۆلای فینله‌ندی درێژ نه‌کردووه. ئه‌م
زمانه، له سه‌رده‌می "هانسان" له قۆناخی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست‌دا ژماره‌یه‌کی
زۆر وشه‌ی له ئاڵمانی‌یه‌وه وه‌رگرتووه. هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی خاچپه‌رستان‌دا
گه‌لێک وشه‌ی له زمانی عه‌ره‌بی‌یه‌وه تێ‌هاتووه. بێجگه له‌وه، زمانی سوئیدی
زۆر وشه‌ی له لاتین‌و یونانی‌یه‌وه له خۆی‌دا جێ‌کردووه‌ته‌وه. له‌م ساڵانه‌ی
دواییش‌دا، وشه‌گه‌لێکی فره له زمانی ئینگلێزی‌یه‌وه له ده‌رماڵی سوئیدی‌یان
داوه‌و له‌و ماڵه ده‌ست‌و دڵ کراوه‌یه‌دا بارگه‌و بنه‌یان لێ‌خستووه‌و به‌بێ هه‌ست
به نامۆیی کردن، پاڵیان لێ‌داوه‌ته‌وه‌و چوونه‌ته دووتوێی فه‌رهه‌نگه‌کانی زمانی
سوئیدی‌یه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێک، هه‌رچه‌ند کورتیش بێ، له زمانی فارسیش بده‌ینه‌وه، ده‌بینین که
ئه‌م زمانه‌ش زیاتر که‌وتووه‌ته به‌ر ته‌وژمی زمانی بێگانه، به‌تایبه‌ت زمانی عه‌ره‌بی‌و
ئه‌م کاریگه‌ریی‌یه‌ی زۆر به‌زه‌قی پێوه دیاره.
به‌ڵام ئه‌و شوێندانه‌ری‌یه‌ی زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زمانی فارسی که‌ی‌و چۆن ده‌ستی
پێ‌کرد؟
به کورتی، ساڵی ٦٣٦ی زایینی، ئێران له‌لایه‌ن له‌شکری ئیسلامه‌وه هێرشی ده‌کرێته
سه‌رو پانزده ساڵ دواتر، واته له ساڵی ٦٥١دا له ئاکامی ئه‌و هێرشه‌دا بۆ هه‌میشه
کۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی ساسانی‌یه‌کان دێت. دوای رووخانی ساسانی‌یه‌کان، زمانی فارسی
که له‌لایه‌ن عه‌ره‌به سه‌رکه‌وتووه‌کانه‌وه وه‌ک ئامرازێکی بێ‌که‌ڵک سه‌یری‌ده‌کرێ،
وه‌لا ده‌نرێ‌و زمانی عه‌ره‌بی جێگای ده‌گرێته‌وه‌و ده‌بێته زمانی ئایین، زمانی
زانست‌و زمانی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری وڵات له ئێران‌دا. نووسه‌ران‌و زانایانی
ئێرانی، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان ته‌نیا به زمانی عه‌ره‌بی ده‌نووسن.
ئه‌م قۆناخه‌ی زاڵبوونی چڕوپڕی زمانی عه‌ره‌بی له ئێران‌دا، چوارسه‌د ساڵ ده‌خایه‌نێ.
به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی ئه‌و چوار سه‌ده‌یه، زمانی فارسی دیسانه‌وه سه‌رهه‌ڵ‌ده‌داته‌وه‌و
نووسه‌ران ئه‌و جار به هه‌ر دوو زمانی فارسی‌و عه‌ره‌بی به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌نووسن.
یه‌کێک له‌و کتێبه به‌ناوبانگانه‌ی که له‌و ده‌ورانه‌دا نووسراوه، کتێبی "قانوون"ه
که نووسه‌ری ناوداری ئێرانی "ابو علی سینا" نووسیویه‌تی‌و نووسه‌رو شاعیری به‌ناوبانگی
کورد "مامۆستا هه‌ژار" وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی.
ئه‌گه‌ر چی ده‌سپێکی مێژووی ئه‌م کاریگه‌ری‌یه‌ی زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زمانی
فارسی، هه‌ر وه‌ک گوترا، بۆ سه‌رده‌می هێرشی ئیسلام بۆ سه‌ر ئێران‌و به‌چۆکداهاتنی
ئێران له ئاکامی ئه‌م هێرشه‌داو زاڵبوونی فه‌رهه‌نگ‌و زمانی عه‌ره‌بی له رێگای
دابه‌زاندنی رێ‌و رچه ئیسلامی‌یه‌کانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌و حاڵه‌ش حاشای لێ‌ناکرێ
که ئه‌م کاریگه‌ری‌یه پاش هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی‌و بایه‌خی زۆر دان به
زمانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن ئه‌و رێژیمه‌وه، زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه. بۆ وێنه،
دوای هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی، ژماره‌ی وانه‌کانی ئینگلێزی، که زمانی به‌تایبه‌ت
ئابووری‌و پیشه‌سازیی ئه‌وڕۆی جیهانه، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و
بارهێنانی کۆماری ئیسلامی‌یه‌وه تا راده‌ی پتر له نیوه که‌م‌کرانه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ردا،
وتنه‌وه‌ی وانه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌و بۆشایی‌یه‌ی پڕکرده‌وه که له‌و که‌مکردنه‌وه‌یه‌دا
په‌یدا ببوو‌و به‌مجۆره ژماره‌ی وانه‌کانی عه‌ره‌بی لانیکه‌م دووقاتی وانه‌کانی
زمانی ئینگلێزی بوون. پسپۆڕانی بواری زمانه‌وانیی زمانی فارسی، حاشا له‌و راستی‌یه
ناکه‌ن که زمانه‌که‌یان له ژێر باری گرانی کاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بی‌دا پشتی چه‌میوه‌و
به سه‌رنج‌دان به‌و بایه‌خه‌یش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی تارانه‌وه به‌و زمانه
(عه‌ره‌بی) ده‌درێ، ناچێته مێشکه‌وه که ئه‌و کاریگه‌ری‌یه نه‌مێنێ یان لانیکه‌م
که‌م بکرێته‌وه. کۆمه‌ڵێک له‌و زانایانه، رێژه‌ی کاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بی به‌سه‌ر
زمانی فارسی‌یه‌وه به نزیکه‌ی ٥٠ (په‌نجا) له ١٠٠ (سه‌د) مه‌زنده‌ده‌که‌ن. به
واتایه‌کی تر، له هه‌ر ١٠٠ وشه‌ی فارسی، نزیکه‌ی ٥٠ وشه‌ی عه‌ره‌بی‌یه. پسپۆڕی
وایش هه‌ن که رێژه‌که بۆ له سه‌دا شه‌ست به‌رزده‌که‌نه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کاریگه‌ری‌یه‌مان خاستر بۆده‌رکه‌وێت، هێنانه‌وه‌ی ده‌قێکی کورتی
فارسی (بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکه‌که‌یمان لا مه‌به‌ست بێ) له‌جێی خۆی‌دا ده‌بێ. هه‌ر وه‌ک
ده‌بینن، له ژێر هه‌ر وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بی‌دا هێڵێک کێشراوه. با له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه
وشه عه‌ره‌بی‌یه‌کان له بڕگه‌که لابه‌رین. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ده‌بێته ده‌قێکی
فارسیی پاقژکراو له وشه‌ی بیانی (به‌ڵام له‌هه‌مان کات‌دا بێ‌واتاو بێ‌ناوه‌رۆک).
اصولاً حقوق بشر، طبق نظریة «مکاتب آزادیخواه»، لازمة طبیعت انسان است و
پیش از پیدایش دولت، وجود داشته و مافوق آن است، بدین جهت دولتها باید آن
را محترم بشمارند. در واقع این حقوق، خارج از حوزة اقتدار قانون‌گذار بشری
بوده و قانون‌گذار نمی‌تواند احدی را از آن محروم کند. صرف‌نظر از مبانی تحلیلی
و فلسفه حقوقی که حقوق طبیعی را بتواند توجیه کند، الزام به مراعات این
حقوق در نظامهای حقوقی داخلی هر کشور، پیوسته مورد کنترل مجامع جهانی
مدافع حقوق بشر قرار داشته است و هرکشوری لزوماً باید در چهارچوب نظام
حقوقی داخلی خود اجرای این حقوق را تضمین کند. مع‌الوصف همین حقوق و
آزادی‌های فردی در مواردی که موجودیت دولتها به خطر بیفتد نقض می‌شود و این
اعتقاد، حقوقی را تقویت می‌کند که: «محدودیت‌های آزادی‌های فردی در موردی که
موجودیت دولت در معرض تهدید قرار گرفته باشد، مشروع هستند.» و دمکراتیک‌ترین
دولتها هم این محدودیت‌ها را به رسمیت می‌شناسند..
حاشای‌لێ‌ناکرێ که ئه‌م کاریگه‌ری‌یه‌ی زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زمانی فارسی که‌م
تا زۆر شوێنی له‌سه‌ر زمانی کوردیش له‌و به‌شه له کوردستان‌دا داناوه. به‌ڵام
زمانی کوردی ته‌نیا له‌و به‌شه‌ی کوردستان‌دا 
نیه که وه‌به‌ر شاڵاوی وشه‌ی
عه‌ره‌بی که‌وتبێ. به‌ڵکو به‌داخه‌وه کوردی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش له‌م
دیارده‌یه به‌دوور نین‌و ئه‌وانیش تامی تاڵی ئه‌م ده‌رده‌یان چێشتووه. بۆیه
ده‌ڵێم ده‌رد، چوونکه له‌سه‌ر ویست‌و ئاره‌زووی کورد بۆ خۆی نه‌بووه به‌ڵکوو
به‌سه‌ری‌دا سه‌پاوه‌و زۆر جاریش به ئه‌نقه‌ست‌و به‌مه‌به‌ستی تواندنه‌وه‌ی کورد
ئه‌و کاره‌یان کردووه. ئه‌م وێنه‌یه‌ی لای چه‌پ شێوازی کاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بی
له‌سه‌ر زمانی کوردی به‌گشتی له سه‌رجه‌م به‌شه‌کانی کوردستان‌دا پیشان‌ده‌دات.
هه‌ر وه‌ک له وێنه‌که‌دا دیاره، شوێندانه‌ریی زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زمانی
کوردی، یان راسته‌وخۆیه،واته له هه‌ڵسوکه‌وت‌و پێوه‌ندیی نێوان کورد‌و عه‌ره‌ب
بۆخۆیان هاتووه‌ته ئاراوه یان به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆو له رێگای زمانی
نه‌ته‌وه‌کانی زاڵ به‌سه‌ر کورد، بێجگه له عه‌ره‌ب، هه‌وێنی گرتووه. ئاشکرایه،
له وڵاتێکی وه‌ک ئێران یان تورکیه‌دا، که زمانه‌کانیان له‌ژێر کاریگه‌ریی زمانێکی
بیانیی وه‌ک عه‌ره‌بی‌دا بن‌و قوتابیيان‌و خوێندکارانی کوردیش، له قوتابخانه‌و
زانستگاکان‌دا ناچاربن هه‌ر به‌و زمانانه‌ی ئه‌وان بخوێنن، ناتوانن له‌و
شوێندانه‌ری‌یه نه‌خوازراوه زۆره‌ملی‌یه خۆ بپارێزن.
ئه‌وه که رێژه‌ی کاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زمانی کوردی له سه‌دا
چه‌نده، تا ئه‌و جێگایه‌ی ئاگاداربم، هێشتا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌م باره‌یه‌وه
نه‌کراوه. به‌ڵام ئاشکرایه که رێژه‌ی ئه‌م کاریگه‌ریی‌یه له نووسراوه
کوردی‌یه‌کان‌دا زۆر له‌وه که‌متره که له ئاخاوتن‌و لێدوان‌و قسه‌ی رۆژانه‌ی
تاکی کورددا وه‌به‌رگوێ ده‌که‌وێ. هه‌ر چه‌ند هیندێک جار، کۆمه‌ڵێک بابه‌ت بڵاو
ده‌بنه‌وه که پڕن له وشه‌ی عه‌ره‌بی که ده‌کرا خاوه‌ن قسه له به‌کارهێنانیان
خۆی پاراستباو له جێی ئه‌وان، وشه‌ی ره‌سه‌نی کوردی به‌کارهێنابا. وه‌ک نموونه‌ی
ئه‌م جۆره ده‌قانه، ئاماژه به وتووێژێکی به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده ده‌که‌م
که له سه‌ر ئینته‌رنێت بڵاو کراوه‌ته‌وه. ده‌قی وتووێژی به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده
نزیک به ٢٠٠ وشه‌ی عه‌ره‌بی تێدایه که ده‌توانین بیانکه‌ین به دوو به‌شه‌وه.
به‌شێکیان ئه‌و وشانه‌ن که له نێو زمانی کوردی‌دا تواونه‌ته‌وه‌و هه‌ڵاواردنیان
له‌و زمانه نه‌ک هه‌ر ئاسان نیه به‌ڵکوو زۆریش نابه‌جێ‌یه. وه‌ک نموونه له‌م
پێوه‌ندی‌یه‌دا ده‌توانین وشه‌کانی "ده‌وڵه‌ت، حکوومه‌ت، سڵاو، شک، ... " ناو
ببه‌ین که ناوبراو له قسه‌کانی‌دا به‌کاری هێناون. به‌شێکی دیکه‌ی وشه
عه‌ره‌بی‌یه‌کان که مامۆستا به‌کاری‌هێناون‌و نامۆ دێنه به‌رچاوو بۆ هه‌ر
کامه‌یان ره‌نگه یه‌ک تا دوو وشه‌ی هاوواتا له زمانی کوردی‌دا هه‌بن، ئه‌مانه‌ی
خواره‌وه‌ن که زیاتر له‌و ده‌قه عه‌ره‌بی‌یه به‌ناو فارسی‌یه‌ی سه‌ره‌وه ده‌چێت
که بۆ نیشان‌دانی کاریگه‌ریی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زمانی فارسی به نموونه
هێنرایه‌وه. لێره‌دا بۆ خۆپاراستن له درێژبوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌که، ته‌نیا وشه‌کان
نیشان‌ده‌درێن:
ئه‌وه‌ڵه‌ن، ئه‌منییه‌ت، ئیختیلافی نه‌زه‌ر، ئه‌منی، ئیمتیاز، ئیعلان، ئیمتیازات،
ئیستقرار، ئینتیزارات، ئیزهار، ئیحتیمال، ئیدامه، ئیحتیاج، ئیحساس، ئینکار،
بالقوه، ته‌سلیم، ته‌حلیل، ته‌رتیب، ته‌فسیر، ته‌ئمین، ته‌ئکید، ته‌ئیید، ته‌ره‌ف،
تاریخ، جمهووری، جه‌نبه، جه‌له‌سه، حه‌ساسییه‌ت، حه‌راج، خه‌ته‌ر، خاریج، ره‌فع،
سه‌فاره‌ت، سه‌حیح، سه‌عی، شه‌رت، شیعار، عوزر، عه‌ین، عه‌ناسوور، غه‌یر،
غه‌نیمه‌ت، قه‌زاوه‌ت، قیمه‌ت، قه‌تعی خه‌ته‌رات، کافی، مه‌ربووت، مه‌نته‌قه،
مه‌نافیع، مه‌حدوودییه‌ت، مه‌حدوود، مه‌سائیل، مه‌سه‌له، مه‌رکه‌زی، موسبه‌ت،
مه‌زهه‌بی، مه‌نفی، موعجیزه، موهیم، مه‌نافیع، مه‌عقوول، موعامه‌له، مه‌نتیق،
موباله‌غه، مومکین، موشکلات، موشکیل، مه‌جبوور، موقابیل، مه‌سئوولین، موسالحه،
نه‌تیجه، نه‌وع، نه‌هایی، نه‌فع، واقع (واقیعبینانه)، وه‌زع، وه‌سایل ...
هه‌رکام له‌م وشه عه‌ره‌بی‌یانه‌ی سه‌ره‌وه، که ته‌نیا رێنووسه‌که‌یان
کوردی‌یه، له‌جێی وشه‌یه‌کی پشتگوێ‌خراوی کوردی دانراون. داخۆ جه‌نابی مامۆستا،
وه‌ک زمانزانێکی شاره‌زاو وه‌رگێڕێکی به‌توانا، له کاتی ده‌ربڕینی ئه‌و وشه
نامۆیانه‌دا، بۆخۆی به‌م راستی‌یه‌ی نه‌زانیبێ؟ ئه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌وانه‌ی که ده‌قی
ئه‌م قسانه‌ی بۆ به‌ڕێزیان له‌چاپ داوه چی؟ تۆ بێژی ته‌نانه‌ت ئه‌ویش هه‌ستی به‌و
وشه کوژی‌یه نه‌کردبێت که زۆر بێبه‌زه‌یی‌یانه له‌و ده‌قه‌دا به‌ڕێوه چووه؟
هه‌ر وه‌ک مامۆستا بۆ خۆشیان ده‌زانن، زمان یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی پێناسه‌ی
نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که. لێره‌دا پرسیارێکی دیکه که دێته پێش
ئه‌وه‌یه که داخوا ئه‌م شێوه هه‌ڵسوکه‌وته پڕ له که‌مته‌رخه‌می‌یه به‌رامبه‌ر
به وشه‌ی کوردی به‌واتای له‌رزۆک کردنی ئه‌و کۆڵه‌که سه‌ره‌کی‌یه‌ی پێناسه‌ی
نه‌ته‌وه‌ییمان وه‌ک کورد نیه؟ با وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیارانه‌و زۆر پرسیاری
دیکه له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا بۆ خوێنه‌ر به‌جێ‌بمێنێ.
ئه‌وڕۆکه زمان‌ناسان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که زمان دیارده‌یه‌کی چه‌ق‌به‌ستوو نیه‌و
له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگادا له هه‌موو بارێکه‌وه، ئه‌ویش گه‌شه ده‌کاو
پێش‌ده‌که‌وێ. له ره‌وتی ئه‌و به‌ره‌وپێش‌چوونه‌دا زانسته جیاجیاکان
په‌ره‌ده‌ستێنن، پیشه‌سازی گه‌شه‌ده‌کا، ئامێر‌و که‌رسته‌ی نوێ وه‌به‌رهه‌م دێن.
ئامێر‌و به‌رهه‌مه نوێ‌یه‌کان پێویستیان به ناودێرکردن ده‌بێ. به‌مجۆره له‌گه‌ڵ
هه‌ر داهێنان یان به‌رهه‌مهێنانێکی نوێ‌دا، وشه‌یه‌کی نوێ ده‌خوڵقێ. به‌ڵام
داهێنه‌ر تاک یان کۆمه‌ڵه مرۆڤێکه‌و سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیار. لێره‌دا
داهێنه‌ر به‌ر له هه‌موو شت بۆ ناونانی داهێنان یان به‌رهه‌مه‌کانی، ئاوڕ له
زمانه‌که‌ی خۆی یان ئه‌و زمانه‌ی که دایکی زمانه‌که‌یه‌تی ده‌داته‌وه. له
ئاکام‌دا به‌سه‌دان‌و بگره هه‌زاران وشه‌ی نوێ ده‌خوڵقێن که له فه‌رهه‌نگی وشه‌ی
زمانه‌کانی تر‌دا نین. لێره‌دایه که زمانه‌کانی دیکه بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و
بۆشایی‌یه، له‌نێو زمانه‌که‌ی خۆیان‌دا وشه‌ی نوێ داده‌تاشن، یان په‌نا ده‌به‌نه
به‌ر وه‌رگرتنی وشه‌ی بیانی به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای ئاره‌زوومه‌ندانه نه‌ک
زۆره‌ملێ.
شێوه‌کانی هه‌ڵسوکه‌وت‌کردن له‌گه‌ڵ وشه‌ی وه‌رگیراودا:
- به‌کارهێنانی وشه‌ی وه‌رگیراو وه‌ک خۆی (به‌بێ گۆڕان)
وه‌رگرتنی وشه‌ی بیانی ده‌کرێ راسته‌وخۆ بێ. وه‌رگرتنی راسته‌وخۆی وشه واتای
ئه‌وه‌یه که وشه‌که ده‌قاوده‌ق، به‌بێ ئه‌وه‌ی شێوازه‌که‌ی بگۆڕدرێت،
به‌کارده‌برێت. وه‌ک نموونه ده‌توانین وشه‌کانی (رادیۆ radio، کامپیوته‌رComputer،
بۆمبBomb، هیلی‌کۆپته‌رHelikopter، ... ) ناوبه‌رین که له ئاکامی پێشکه‌وتنی
زانست‌و ته‌کنۆلۆژیادا سه‌ریان‌هه‌ڵداوه. هه‌ڵبه‌ت نابێ له‌بیرمان بچێت که هیندێک
جیاوازی له بێژه‌کردنی ئه‌م وشانه له کوردی‌دا له‌به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی
رۆژئاوایی‌دا که سه‌رچاوه‌ی په‌یدابوونی ئه‌م وشانه‌ن هه‌ر ده‌بێت.
له‌م بواره‌دا، پسپۆڕانی زمان زۆر جار هه‌وڵ‌ده‌ده‌ن هاوواتا بۆ وشه‌ی بیانی
داتاشن. بۆ نموونه فارس تێکۆشاون وشه‌کانی (رایانه له باتیی computer، صدا و
سیما، له‌باتیی Television، ماهواره له‌باتیی satellite و هه‌تا دوایی، به‌کار
بێنن. یان له کوردی‌دا هه‌وڵ‌دراوه وشه‌کانی (تێنووس= کاغه‌ز، پێنووس=قه‌ڵه‌م،
...) داتاشرێن که نووسه‌ری ناوداری کورد، مامۆستا هه‌ژار له‌گه‌ڵ ئه‌م شێوه
وشه‌داتاشینه‌دا نییه‌و به کارێکی باشی نازانێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، هیندێک جار ئه‌م
وشه داتاشراوانه له کوردی‌دا جێیان‌گرتووه. وشه‌کانی فڕۆکه، فڕۆکه‌وان،
فڕۆکه‌خانه ... له‌و چه‌شنه وشانه‌ن.
- وه‌رگرتنی ناوه‌رۆکی وشه یان ده‌سته‌واژه‌ی زمانی بیانی
بێجگه له وه‌رگرتنی وشه‌ی تاک، گه‌لێک جاران ناوه‌رۆکی وشه یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ک
له زمانی بیانی‌یه‌وه وه‌رده‌گیردرێت‌و زۆر ناشاره‌زایانه ده‌قاوده‌ق
وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانی کوردی به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ رێزمان‌و چوارچێوه‌ی
زمانی کوردی‌دا بێته‌وه. چه‌ند نموونه‌یه‌ک له‌م باره‌یه‌وه:
عه‌ره‌ب ده‌ڵێن (قام بزیارة کوردستان). رۆژنامه‌وان یان نووسه‌ری کورد به‌جێی
ئه‌وه‌ی بڵێ (سه‌ردانی کوردستانی کرد، ده‌قاوده‌ق ده‌یکا به کوردی‌و ده‌ڵێ "هه‌ستا
به‌سه‌ردانی کوردستان".) یان (قام بقتله = له‌باتی ئه‌وه‌ی بڵێن: کوشتی، ده‌ڵێن:
هه‌ستا به کوشتنی)
ئاکام
زمان به‌گشتی هه‌م ده‌توانێ له‌سه‌ر زمانه‌کانی دیکه شوێن دابنێ، هه‌م له‌لایه‌ن
ئه‌وانه‌وه شوێنیشی له‌سه‌ر دابنرێت. واته ده‌توانێ هه‌م له زمانه‌کانی دیکه‌وه
وشه وه‌ربگرێ، هه‌م وشه‌شیان به‌قه‌رز بداتێ. ئه‌وه‌ی راده‌ی ئه‌و کاریگه‌ری‌یانه
دیاری ده‌کا، ئاستی پێشکه‌وتوویی یان دواکه‌وتوویی‌و به‌هێزبوون یان لاوازبوونی
زمانه‌که له‌لایه‌ک‌و راده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خاوه‌ن زمان له‌لایه‌کی
دیکه‌وه‌یه. بۆ وێنه، (عه‌ره‌ب)ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ده‌بێته خاوه‌نی
زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌هێز که زیاتر له‌سه‌ر زمانه‌کانی دیکه، بۆ نموونه
کوردی، شوێن داده‌نێ تا ئه‌وه‌ی شوێنی له‌سه‌ر دابنرێ. له حاڵێک‌دا کوردی، له‌به‌ر
بێبه‌ش‌بوونی کورد له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، له‌لایه‌ن زمانی به‌هێزی عه‌ره‌بی‌یه‌وه
کاری تێده‌کرێ‌و ده‌که‌وێته به‌ر شاڵاوی وشه‌ی ئه‌و زمانه.
ده‌رهێنانی زمانی کوردی له ژێر ئه‌و کاریگه‌ری‌یه‌و به‌هێزکردنی، له‌لایه‌ک به
دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌کی تایبه‌ت، پێکهاتوو له پسپۆڕانی بواری ئه‌م زمانه له
هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان‌دا به‌دی دێ، به‌و مه‌رجه‌ی یارمه‌تی‌و ده‌ستی به‌هێزی
ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کوردی له پشت بێ. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی
بدرێتێ که به فه‌رهه‌نگی وشه‌ی کوردی‌دا بچێته‌وه‌و له وشه‌ی نه‌پۆڕو ناباو
خاوێنی بکاته‌وه‌و هه‌روه‌ها بتوانێ بڕیار بدات که کام وشه‌ی لاوه‌کی‌و له‌سه‌ر چ
شێوه‌یه‌ک بهێنرێته نێو فه‌رهه‌نگی زمانی کوردی‌یه‌وه‌و رێگا نه‌دات هه‌ر که‌س
هه‌رچی پێ‌خۆش بوو به‌سه‌ر زمانی کوردی‌یه‌وه بیکا به ماڵ. بێجگه له‌وه،
وریایی‌و هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی کردنی نووسه‌ران، رۆژنامه‌وانان، کاناڵه
ته‌له‌ویزیۆنی‌یه‌کان‌و به‌گشتی هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێویسته که به‌شێوه‌یه‌ک له
شێوه‌کان له‌گه‌ڵ زمانی کوردی‌دا سه‌روکاریان هه‌یه‌و رۆڵی ئه‌وان له نه‌هێشتن،
که‌مکردنه‌وه یان لانیکه‌م پێش‌گرتن به کاریگه‌ریی زۆرتری زمانه‌کانی دیکه
له‌سه‌ر زمانی کوردی، ده‌توانێ شوێندانه‌ر بێ. هه‌ڵبه‌ت نابێ گرینگیی رۆڵی
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و بارهێنان لێره‌دا له‌بیر بکرێ، که رۆڵێکی بنه‌ڕه‌تیی له
بارهێنان‌و فێرکردنی نه‌وه‌ی نوێ‌دا ده‌گێڕێ.
زمانی کوردی کۆڵه‌که‌ی پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمانه. ده‌با به هه‌موومانه‌وه ئه‌م
کۆڵه‌که‌یه بپارێزین‌و له‌به‌رامبه‌ری‌دا که‌مته‌رخه‌م نه‌بین‌و له‌وه‌ی که
هه‌یه ده‌وڵه‌مه‌ندتری بکه‌ین.
{*} وشه‌ی لاوه‌کی زۆرجار وشه‌ی قه‌رزکراو، وشه‌ی بیانی‌و وشه‌ی وه‌رگیراو له
زمانه‌کانی دیکه‌شی پێده‌گوترێت
rashidhaidari@gmail.com
2007-07-03 |