|
06-10-1386
قادر ئه‌لیاسی
ئێواره‌ی دووشه‌ممه، 17/12/2007 له به‌رنامه‌یه‌کی Kurdistan tvدا به ناوی گه‌شتی
هونه‌ر، چاوپێکه‌وتنێکی ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگه‌م له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست و
به‌ڕێزی گه‌له‌که‌مان، کاکه نه‌جمه‌ی غوڵامی بینی.
کاتێک به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌وتۆ به به‌شداری هونه‌رمه‌ندێکی خاوه‌ن ئه‌زموونی وه‌ک
کاک نه‌جمه ده‌بینم، به حه‌ز و تاسه‌وه چاوی لێده‌که‌م و به هه‌سته‌وه گوێچکه‌ی
بۆ راده‌گرم.
ئه‌و ئێواره‌یه هاوکات بوو له
گه‌ڵ به‌رنامه‌ی تایبه‌تی تیشک تی ڤی له مه‌ڕ 26 ی سه‌رماوه‌ز، رۆژی پێشمه‌رگه‌ی
کوردستان. له به‌ینی هونه‌ری گۆرانی و رۆژی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌دا، نه‌مده‌زانی
کامیان هه‌ڵبژێرم. ئاخره‌که‌ی به‌رنامه‌که‌ی کاک نه‌جمه‌م دانا بۆ رۆژی دواتر که
دووپات ده‌کرایه‌وه. رۆژی سێشه‌ممه، له سه‌ره‌تاوه گوێچکه‌ی دڵم بۆ ئه‌و به‌رنامه‌یه
واڵا کرد و زۆر به دیقه‌ته‌وه گوێم دایه.
وه‌ک وتم: من بایه‌خێکی تایبه‌ت ده‌ده‌م به‌و به‌رنامانه‌ی کاک نه‌جمه و هونه‌رمه‌ندانی
خاوه‌ن ئه‌زموونیتر. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که من کاک نه‌جمه‌م له چه‌ند باره‌وه
خۆش ئه‌وێ، 1. هونه‌رمه‌ندێکی ناسراوه و شوێنه ده‌ستی دیاره. 2. له قسه‌کردندا
هه‌ڵناچێ و به ئه‌مانه‌ته‌وه ده‌په‌یڤێ. 3. له نزیکه‌وه به خزمه‌تی گه‌یشتووم
و رێزی لێگرتووم. که‌وابوو هه‌م وه‌ک کوردێک له به‌ر هونه‌ره به‌رزه‌که‌ی، خۆم به
قه‌رزاری ده‌زانم و هه‌م وه‌ک که‌سێکی فێرخوازی هونه‌ر، له سه‌رمه وه‌ڵامی چاکه
به چاکه بده‌مه‌وه.
خوێنه‌ری ئازیز!
به‌ر له‌وه‌ی بچمه سه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه، به پێویستی ده‌زانم ئه‌وه‌ش
به‌م پێشه‌کییه زیاد بکه‌م و بڵێم: گه‌وره‌یی کاک نه‌جمه، وای لێکردم پێش
باسکردنی سه‌رنجه‌کانم له سه‌ر ئه‌و چاوپێکه‌وتنه، به خوێنه‌ر بڵێم: ئه‌گه‌ر من
سه‌رنجێکی ره‌خنه‌گرانه له مه‌ڕ هونه‌رمه‌ندێکی گه‌وره‌ی وه‌ک به‌ڕێز غوڵامی
ده‌رده‌بڕم، خۆشم ئه‌وێ، رێزی لێده‌گرم و له راستای ئه‌و رێبازه‌ش‌دا ده‌په‌یڤم
که کاک نه‌جمه ساڵانێکی دوور و درێژه خزمه‌تی ده‌کا.
مه‌به‌ست له نووسینی ئه‌م وتاره!
چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، کاتێک گۆرانیی "ئه‌رێ وه‌ی، که‌نی وه‌ی" به ده‌نگی
هونه‌رمه‌ند غوڵامی بڵاو بۆوه، له هه‌ندێ جێگاوه بیستبووم که کاک نه‌جمه
فه‌رموویه‌تی: ئاواز‌ی ئه‌و گۆرانییه هیی خۆیه‌تی! چوون پێشتر نه به ده‌نگ، نه
به ره‌نگ و نه به نووسراوه له خۆیم نه‌بیستبوو، به پێویستم نه‌زانی له سه‌ر
وتیان و بیستمان رای خۆم ده‌رببڕم. ئه‌ویش نه‌خوازه‌ڵڵا له سه‌ر قسه‌ی کاک نه‌جمه
که وه‌ک وتم، زۆر به هه‌گه‌ر و ئه‌مانه‌ته‌وه ده‌په‌یڤێ!
به‌ڵام له دوای ئه‌وه‌ی له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ‌کرد،
گوێم لێ بوو که به‌ڕێز غوڵامی فه‌رمووی: ئاواز‌ی گۆرانی "ئه‌رێ وه‌ی، که‌نی وه‌ی"
هیی خۆیه‌تی و هه‌ڵبه‌سته‌که‌شی فۆلکلۆره، به پێویستم زانی له گه‌ڵ هه‌موو
رێزێکم بۆ برای گه‌وره‌م، ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه بده‌م و هه‌ر له گه‌ڵ ئه‌م
روونکردنه‌وه‌یه‌شدا، هه‌ندێ ورده‌سه‌رنجی دیکه له مه‌ڕ هونه‌ری به‌رزی کاک
نه‌جمه ده‌رببڕم:
له سه‌ر گۆرانیی "ئه‌رێ وه‌ی" پێویسته 35 ساڵێک بگه‌ڕێمه دواوه و ئه‌و کاته
بخه‌مه به‌رچاو و دیدی خوێنه‌ر که من ئه‌و گۆرانییه‌م تێدا بیستووه.
له زۆر چاوپێکه‌وتن دا که پرسیاری بنه‌ماڵه‌م لێکراوه، وتوومه: باوکم ده‌نگی
خۆش بووه و بۆ گه‌ڕی ره‌شبه‌ڵه‌کی کورده‌واری چڕیووه. زۆر گۆرانی فۆلکلۆری
ناوچه‌ی زه‌هاوم وه‌ک کونه‌وه‌کۆڵ، سواره‌که‌ی زه‌هاو، گه‌ردن زه‌رد و لامل زه‌رد و
...هتد له‌و بیستووه. به شاهیدی بنه‌ماڵه‌که‌م، یه‌کێک له‌و گۆرانییانه‌ش که له
باوکم بیستبووم و ده‌مه‌ویست، تۆماری بکه‌م، گۆرانی "ئه‌رێ وه‌ی" بوو. کاتێک بیستم
کاک نه‌جمه تۆماری کردووه، له دڵی خۆمدا وتم: خۆ من ویستم بیخوێنم، ئه‌وه ئه‌و
چۆن له منی چڕکرد؟ دوای ئه‌وه‌ی گوێم دایه، جگه سه‌رنجێکی چووکه له مه‌ڕ
سه‌ربه‌یته‌که‌ی نه‌بێ، وتم: قسه‌ی خۆمان بێ، چاکی وتووه و ده‌ستی خۆش بێ. ئه‌گه‌ر
من بموتایه، ره‌نگه به‌و وه‌ستاییه‌ی کاک نه‌جمه له ئاو ده‌رناتایه. تازه
فۆلکلۆر مڵکی تایبه‌تی که‌س نیه و میراتی نه‌ته‌وه‌یه‌که. له‌وه‌ش زیاتر وه‌ک
ده‌ڵێن: هه‌نگ هیی ته‌وشێ(ته‌شوێ) تیژه. ته‌وشێی کاک نه‌جمه‌ش له من تیژتر بووه
و زووتر وه‌خۆ که‌وتووه. ده‌ستی خۆش و ده‌نگی نه‌ڕزێ.
له‌و سۆنگه‌یه‌دا و له راستای فۆلکلۆربوونی ئه‌و ئاوازه، خراپ نیه ئاماژه‌یه‌ک
به هه‌ڵکه‌وته‌ی جوغرافیایی ناوچه‌ی زه‌هاو و سنه بکه‌م. ئه‌م دوو ده‌ڤه‌ره له
زۆر باره‌وه له گه‌ڵ یه‌ک تێکه‌ڵاون. هونه‌ری گۆرانیی ئه‌م دوو میلکانه،
هه‌گبه‌یه‌کی پڕه و ئاخێنراوه له زاراوه کوردییه‌کانی هه‌ورامی، جافی، کرماشانی
و ئه‌رده‌ڵانی. تێکه‌ڵاوی ئه‌م دوو شوێنه، وه‌ک موکریان و ناوچه‌ی ره‌واندز و
هه‌ولێر و بانه و سلێمانی وایه. چۆن کاتێک باسی جۆره‌کانی حه‌یران ده‌کرێ و
ناوچه‌ی هه‌ولێر به سه‌ر ده‌کرێته‌وه، باسه‌که ناته‌واوه ئه‌گه‌ر سووکه
ئاوڕێکیش له موکریان و ئازیزه و پاییزه و ورده حه‌یران و قه‌تاری ئه‌و
ده‌ڤه‌ره نه‌درێته‌وه، ئاواش ناوچه‌کانی کرماشان و سنه پێکه‌وه پێوه‌ندییه‌کی
نزیکی زاراوه، گۆرانی و...یان هه‌یه و پێکه‌وه ته‌واوکه‌ری یه‌کترن.
به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌م که ده‌ڵێم: ناوچه‌ی کرماشان و سنه له
زۆرباره‌وه له یه‌ک نزیکن(جگه له کوردبوونی هه‌ر دوو شوێنه‌که)، گۆرانیی
گه‌ڕیانه که جۆره گۆرانییه‌کی تایبه‌تی ناوچه‌ی سنه و کرماشانه. ئه‌گه‌ر
زه‌وقی هونه‌ریی من له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی کاک نه‌جمه نزیک نه‌بێ، ناتوانم گۆرانی
به‌وبچیم بچڕم.
هه‌ر بۆ زانیاریی خوێنه‌ران، سه‌ره‌تای هه‌شتاکان که هونه‌رمه‌ندی ناسراو کاک ناسر
ره‌زازی چووه سلێمانی و گۆرانیی هه‌رزاڵیی خوێند که ریتمه‌که‌ی گه‌ڕیانه،
هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و شاره هونه‌رپه‌روه‌ره(سلێمانی)، نه‌یان بیستبوو. ناچار ریتمی
نیوه واڵس و نیوه جورجینه‌یان بۆ دانا. به‌ڵام ئه‌و شێوه ریتمه له کرماشان و
سنه له مێژه باوه و به دوو ده‌سماڵه یان چۆپی به‌ناوبانگه. چوونکه دوای
گۆرانیی گه‌ڕیان، گه‌ڕی ره‌شبه‌ڵه‌ک به گۆرانییه‌کی گشت که ریتمی ده‌هۆڵی یان 2
له سه‌ر 4 ی پێده‌ڵێن، گه‌رم ده‌بێ. ئه‌مه‌شم بۆ ئه‌وه باس نه‌کرد که وه‌بیری
کاک نه‌جمه بێنمه‌وه، به‌ڵکوو بۆ زانیاریی خوێنه‌ر بوو.
له سه‌ره‌وه وتم: گۆرانیی ئه‌رێ وه‌ی فۆلکلۆره، چوونکه کاتێک منداڵ بووم،
ئێواران باوکم که له کاری رۆژانه ده‌گه‌ڕایه‌وه، دوای نانی ئێواره و
حه‌سانه‌وه(به‌تایبه‌ت هاوینان)، ده‌ستی ده‌کرد به گۆرانیی چڕین. بۆ خۆم که هه‌م
هۆگری گۆرانی و هه‌م خه‌ریکی خۆتاقی کردنه‌وه له‌و بواره‌دا بووم، هه‌وڵم ده‌دا
ئه‌و به‌ندانه له به‌ر بکه‌م که باوکم ده‌یوتنه‌وه. به تایبه‌ت که منداڵ بووم
و هێشتا نه‌چووبوومه قوتابخانه، زۆر جار له وتنه‌وه و بێژه‌کردنی وشه و
هه‌ڵبه‌سته‌کاندا هه‌ڵه‌م ده‌کرد. دوای ئه‌وه‌ی باوکم ته‌واو ده‌بوو، داوای
لێده‌کردم منیش بیڵێمه‌وه. به‌م شێوه‌یه، هه‌ڵه‌کانی بۆ راست ده‌کردمه‌وه. جا
له گۆرانیی ئه‌رێ وه‌ی دا، ده‌یکوت:
ئه‌رێ وه‌ی ده‌بڵێ ده‌ی، نازداره‌ی چاوجوان ساده‌ی
تاوێ وه‌ره باوه‌شم به کوێری چاوی گوله‌که‌ی
له هه‌ندێ جاریشدا ده‌یوت:
ئه‌رێ وه‌ی که‌نی ده‌ی، نازداره‌ی چاوجوان ئۆخه‌ی
قۆڵت بۆم بکه به سه‌رین، به کوێری چاوی کابرای
وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ، گۆرانییه‌که فۆلکلۆره، هه‌ڵبه‌سته‌که‌شی هه‌روه‌ها فۆلکلۆره
و له رازی خۆشه‌ویستیی نێوان پیاو و ژنێک ده‌دوێ که پیاوه‌که، سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه‌ی ژنه دڵخوازه‌که‌ی مێردی هه‌یه، وازی لێ ناهێنێ و داوای لێده‌کا، مێرده
گول و نه‌خوازراوه‌که‌ی به جێ بێڵێ و شه‌وانه بچێته ژوانی ئه‌و.
کاک نه‌جمه ده‌ڵێ:
ئه‌رێ وه‌ی، که‌نی وه‌ی، نازداره‌که‌ی خۆم و خۆی
ئه‌رێ دیته چه‌ی لێم کرد، گیانه جووته لیمۆکه‌ی
جگه له‌م روون کردنه‌وه‌یه، من ساڵی2001 به نیازی دیداری باوکم و دایکم که وه‌ک
په‌نابه‌ر له باشووری ئۆسترالیا گیرسابوونه‌وه، چوومه شاری ئاده‌لاید. رۆژێک
داوام له باوکم کرد: به یادی رابردوو و دوای 9 ساڵ دووری له یه‌کتر(ئه‌وان له
عێراق بوون و ئێمه‌ش له نۆروێژ)، هه‌ندێ له‌و گۆرانییانه‌م بۆ بڵێته‌وه تا به
کامێرای ڤیدئۆ تۆماری بکه‌م. باوکم سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌نگی که‌وت بوو، دڵی
نه‌شکاندم و له گه‌ڵ چڕینی گۆرانیی ئه‌رێ وه‌ی، زۆربه‌ی ئه‌و گۆرانییانه‌ی بۆ
وتمه‌وه که به منداڵی له‌وم بیست بوو. منیش تۆمارم کرد و ئێستا وه‌ک یادگارێکی
پیرۆز رامگرتوون.
به پێی ئه‌م وتانه‌م، ده‌ڵێم: ئه‌و گۆرانییه فۆلکلۆره، به‌ڵام وه‌ک چۆن به‌رزی
به‌رزی فۆلکلۆر بوو و کاک ناسر له هه‌ورامان وه‌ریگرت و به هه‌ر چوارپارچه‌ی
کوردستانی ناساند، ئه‌م گۆرانییه‌ش له گه‌ڵ ئه‌و راستییه‌دا که ئاماژه‌م پێ‌کرد،
کاڵایه‌که و به باڵای ده‌نگی کاک نه‌جمه‌دا بڕاوه و له رێگای ده‌نگی ئه‌وه‌وه
کوردستانی ته‌نییه‌وه.
سووکه سه‌رنجێکی دیکه‌شم لا دروست بوو که له دوو توێی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی
Kurdistan tv دا به‌رگوێم که‌وت. ئه‌و خاتوونه که وێژه‌ری چاوپێکه‌وتنه‌که بوو،
ده‌پرسێ: هونه‌رمه‌ند نه‌جمه‌ی غوڵامی ئه‌م هه‌موو تواناییه‌ی چۆن له
لاکۆبۆته‌وه؟ له گۆرانیی ئارامه‌وه بگره تا مقام و به‌سته‌ی گشتی وه‌ک ئه‌رێ
وه‌ی وه‌ستایانه ده‌ی‌ڵێته‌وه؟ کاک نه‌جمه‌ش له وه‌ڵامدا سروودیشی پێ زیاد ده‌کا
و وانیشان ده‌دا که هه‌ر ئه‌و له‌و بواره‌دا تاقه سوارچاکی مه‌یدان بووه. دیسان
به هه‌موو حوجب و حه‌یا و شه‌رمێکه‌وه که به‌رامبه‌ر به کاک نه‌جمه هه‌مه و
حه‌زناکه‌م بچووکترین گه‌رد له سه‌ر دڵی بنیشێ، ده‌بێژم: هونه‌رمه‌ندانی دیکه‌ش
هه‌ن که له مقامه‌وه بگره تا به‌سته‌ی ئارام و خێرا، به هه‌موو شێوازێک گۆرانی
و سروودیشیان چڕیووه. بۆ ئه‌وه‌ی له سنووری ره‌خنه‌ی هونه‌ری ده‌رنه‌چێ، ناوی
که‌سی دیکه ناهێنم و قه‌زاوه‌ته‌که‌ی ده‌سپێرم به خودی مامۆستا نه‌جمه. من چ
ئه‌و کاته‌ی به‌رهه‌می ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان، برای ئارپی جی له شانم بیستبوو،
چ ئه‌و زه‌مانه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ره‌واندز و هه‌تا ئێستای کاک نه‌جمه‌م بیستووه و
ده‌بیستم، گه‌زگه‌ز باڵاده‌که‌م و ئافه‌رینی بۆ ده‌نێرم. سووکه سه‌رنج
وشیارکردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌نده و ئه‌م سه‌رنجه‌ش دیسان له گه‌وره‌یی مامۆستا
غوڵامی که‌م ناکاته‌وه.
ئه‌گه‌ر زۆر لاقم رانه‌کێشابێ و رێگام بدرێ دواسه‌رنجم له دوو خاڵی کۆتاییدا
راده‌گه‌یه‌نم:
خاڵی یه‌که‌م: له سه‌رجه‌م بواره‌کانی گۆرانیی چڕینی کاک نه‌جمه‌دا، هه‌م وه‌ک
گوێگر و هه‌م وه‌ک به‌هره‌مه‌ندێک چێژم وه‌رگرتووه، ته‌نیا له چڕینی مقام نه‌بێ.
من و کاک نه‌جمه و هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانین، حه‌سه‌ن زیره‌ک مقامی
نه‌خوێندووه، به‌ڵام که‌س نیه ئه‌و نه‌مره به یه‌کێک له لووتکه
هونه‌رییه‌کانی گۆرانیی کوردی نه‌زانێ. بۆیه له گه‌ڵ نرخاندنی سه‌دباره‌ی کاک
نه‌جمه وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی دیاری گۆڕه‌پانی هونه‌ری گۆرانیی کوردی، ئاره‌زووم
ده‌کرد مقامی نه‌وتایه، چوونکه وه‌ک بواره‌کانی دیکه سه‌رکه‌وتوو نیه. بۆ وێنه
له CDی پیری موغاندا هه‌ڵبه‌ستێکی مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانی به مقام چڕیووه،
لانیکه‌م خۆش نایه‌ته به‌ر گوێی منی قوتابیی کاک نه‌جمه. به‌ڕێزی ده‌زانێ، مقام
پێکدێ له سه‌ره‌تا، ناوه‌ڕاست، ئه‌وج(لووتکه) و پاشان کۆتایی. ئه‌گه‌ر مقام
ئه‌م بڕگانه‌ی تێدانه‌بێ، ده‌کرێ ناوی غه‌زه‌لی له سه‌ردابنرێ. بۆ وێنه غه‌زه‌لی
(نووری روخسارت وه‌ده‌رخه) ی سه‌یدکامیلی ئیمامی که زیره‌ک خوێندوویه‌تی، هه‌م
غه‌زه‌له و هه‌م چڕینه‌که‌شی وه‌ک غه‌زه‌ل پێشکه‌ش کراوه.
خاڵی دووهه‌م و کۆتایی، له مه‌ڕ دوایین کلیپی گۆرانیی "له کوێوه"ی کاک
نه‌جمه‌یه. من قسه‌م له سه‌ر که‌سانێکی تازه پیاکه‌وتووی ده‌نگ نه‌شاز نیه که
ده‌نگیان به ده‌زگا ترانسپوونێره ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆ کاک نه‌جمه‌ی خاوه‌ن
ئه‌زموون به شیاوی نازانم و له جێی خۆیدا نایبینم، ده‌ست بۆ ئاوا کارێک ببا. ئه‌و
مادام ده‌نگێکی ره‌سه‌ن و شێوازێکی دیاری بۆ گۆرانیی چڕین و هه‌ست ده‌ربڕینی
تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، ئیتر چ حه‌وجێی به سازکردنی ده‌نگ له رێگای
ده‌زگاوه‌یه؟
ئه‌نجام:
پوخته‌ی باسه‌که ئه‌مه‌یه: 1. ئاواز‌ی گۆرانیی ئه‌رێ وه‌ی فۆلکلۆره. 2. مامۆستا
له زۆربه‌ی بواره‌کانی هونه‌ری گۆرانی چڕیندا وه‌ستایه، به‌ڵام له مقام خوێندندا
(وه‌ک شاره‌زایه)، وه‌ستا نیه. 3. کاک نه‌جمه مادام سه‌رێکه له نێو سه‌راندا،
پێویست ناکا له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ندێ پرسیاردا وابنوێنێ که خودای نه‌خواسته
خۆهه‌ڵکێشانی پێوه دیاربێ.4. ده‌نگی ره‌سه‌ن پێویستی به مشت و ماڵ له رێگای
ده‌زگاوه نیه.
ماوه‌ته‌وه بڵێم: من مرۆڤێکی قسه له رووم. خۆشه‌ویستیم به‌رامبه‌ر به هونه‌ری
گه‌له‌که‌م، هانم ده‌دا هه‌موو خۆشه‌ویستێک بدوێنم. ئه‌وه‌نده ره‌خنه‌م لا
پیرۆزه، ئه‌وه‌نده په‌سنبێژی بێ جێم لا سووک و چرووکه. کاک نه‌جمه، یه‌کێک له‌و
که‌سانه‌یه که تا ئێستا له خانه‌ی هه‌ڵوێست و هونه‌ری ره‌سه‌ن و گه‌لیی
نه‌ته‌وه‌که‌یدا دیار و به‌رچاوه. ئه‌مه له لایه‌ن منه‌وه با زۆر چووکه‌ش بم،
وابزانم مه‌داڵی هه‌رمانه بۆ ئه‌و ئازیزه. چوونکه نه من مه‌داحم و نه ئه‌ویش
داوای لێکردووم مه‌دحی بکه‌م و نه پێویستیشی به مه‌دحی منه.
جارێکی‌تر سه‌رکه‌وتن بۆ کاک نه‌جمه‌ی غوڵامیی هونه‌رمه‌ند و سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه
ده‌خوازم که هونه‌ری ره‌سه‌نی کوردیی ده‌ینداریانه.
ئۆسلۆ
18/12/2007 |