|
ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده
له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م
وتاره‌دا باسی هاتنه‌گۆڕی چه‌مكی مافه‌كانی هاووڵاتبوون (حقوق شهروندی)مان له
نێو هێندێك كۆڕ‌و كۆمه‌ڵی فه‌رهه‌نگی‌و سیاسیی وڵاته‌كه‌مان دا كرد‌و به
تایبه‌تی تیشكمان خسته سه‌ر روانگه‌یه‌ك كه وێڕای ره‌خنه گرتن له شێوازی
خه‌باتی كورده‌كانی ئێران‌و هه‌ڵبه‌زینه‌وه له دروشمه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانمان,
تێكۆشان بۆ وه‌دیهێنانی مافی یه‌كسانی هاووڵاتبوون‌و تاقه‌ت كردنی یه‌كجاریی
كولتوور‌و هووییه‌تی میللی له ژووری ژیانی شه‌خسی‌و تاكه‌كه‌سیی
ئینسانه‌كان‌دا به ئالتێرناتیو بۆ ستراتیژی‌یه سیاسی‌یه‌كانمان ده‌زانێ. هه‌ر
له‌وێدا ئێمه وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانمان ـ هه‌ر نه‌بێ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ
میتۆده‌كانی خه‌بات‌و تێكۆشانی بزووتنه‌وه‌ی كورد له ئێران‌دا ـ دایه‌وه.
ئێستا له درێژه‌ی ئه‌و باسه‌دا دێینه سه‌ر ئالتێرناتیوی پێشنیاركراو واته
به‌رزكردنه‌وه‌ی مه‌قووله‌ی هاووڵاتبوون وه‌ك ته‌نیا بناغه‌و پێوانه‌ی
به‌شداریی خه‌ڵك له به‌ڕێوه‌بردنی كار‌وباری سیاسیی وڵات‌دا. به‌ڵام هه‌وڵ
ده‌ده‌ین ته‌نیا به شێوه‌یه‌كی تیئۆری سه‌یری مه‌سه‌له‌كه بكه‌ین‌و له
روانگه‌ی رۆژئاواوه (واته ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی چه‌مكی هاووڵاتبوونی لـێ
به‌قه‌رز وه‌رگیراوه) له بناغه فیكری‌و گۆڕانكاری‌یه نه‌زه‌ری‌و
عه‌مه‌لی‌یه‌كانی ئه‌و چه‌مكه ورد بینه‌وه. كه‌وابوو ئێمه لێره‌دا خۆمان
به‌وه‌وه خه‌ریك ناكه‌ین كه داخوا كورد له ئێران بۆچی داوای خودموختاری یا
فیدرالیزم ده‌كا‌و بۆ ده‌یه‌وێ كه‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بكاته پێناسه‌ی
به‌شداربوونی له دێموكراسی‌دا. هه‌روه‌ك له كۆتایی به‌شی یه‌كه‌م‌دا نووسیمان
هه‌ر ئه‌وه كه گه‌لێك شتێكی ده‌وێ كافی‌یه بۆوه‌ی خواسته‌كه‌ی به مه‌شرووع
له قه‌ڵه‌م بده‌ین. هه‌ر بۆیه مه‌سه‌له‌ی ئه‌سڵی ده‌بێ بریتی بێ له‌وه كه
به چ شێوه‌یه‌ك ده‌كرێ ویستی ئه‌و گه‌له له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی گه‌لانی دراوسێی
هاوئاهه‌نگ بكرێ. به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "ستراتیژی حقووقی"یش له نێو
سه‌ردێڕی باسه‌كه‌مان‌دا هه‌ر به‌مه پاساو ده‌ده‌ین: گه‌لی ئێمه ته‌نیا
به‌وه‌نده قه‌ناعه‌ت ناكا بڵێ ده‌خوازم چاره‌نووسی سیاسیی خۆم به‌ده‌سته‌وه
بگرم‌و گه‌ره‌كمه خواسته سیاسی‌یه‌كانم وه‌دی بێنم, به‌ڵكوو هه‌روه‌ها ژێرخانی
نه‌زه‌ری و چوارچێوه‌ی نیهادی‌و حقووقیی داواكاری‌یه سیاسی‌یه‌كانیشی
داده‌ڕێژێ. له‌و نێوه‌ش‌دا مه‌سه‌له‌ی چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له
ئاستی قه‌واره‌ی سه‌راسه‌ری‌و ناوچه‌یی‌دا‌و پێوه‌ندی‌یه‌كانی نێوان پێكهاته
نیهادی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی وڵات بایه‌خێكی سه‌ره‌كیی هه‌یه چونكه ئامانجی
هاوئاهه‌نگ كردنی حه‌ز‌و ویسته جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و گه‌ل‌و پێكهاتانه ده‌خاته
گره‌وی خۆیه‌وه. ]بڕوانه فه‌سڵه‌كانی 2, (12) 3و 6ی به‌رنامه‌ی حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران[بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره كه ئایا چه‌مكی
هاووڵاتبوون‌و مافه‌كانی هاووڵاتبوون به‌ته‌نیا ده‌توانن كێشه‌ی پێكه‌وه ژیانی
گه‌لانی پێكهێنه‌ری وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ن؟ پێویسته ته‌نیا
به‌و چه‌مكه‌وه نه‌نووسێین‌و به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاوتر له‌و پارادیگمه
فیكرییانه بڕوانین كه به‌ده‌وری وی‌دا ده‌خولێنه‌وه‌و سیاسه‌تی
ناوه‌ندگه‌رێتی (اقتدار مركز)ی زۆر له ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆیان
له‌سه‌ر دارێژراوه. ده‌وڵه‌تانی له‌م بابه‌ته له‌هه‌ر شوێنێكی جیهان كه
هه‌ڵكه‌وتبن و به هه‌ر رێباز‌و ئیدئۆلۆژی‌یه‌كه‌وه كه حكوومه‌ت بكه‌ن, بۆ
بردنه‌پێشی سیاسه‌تی ناوه‌ندگه‌رێتی به شێوه‌ی ره‌سمی‌و ناڕه‌سمی پشت به
تیئۆری سازی‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستن كه له كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا له
ئورووپای رۆژئاوا سه‌ری هه‌ڵ داوه. خاڵی هاوبه‌شی ئه‌و تیئۆری سازی‌یه
رۆژئاوایی‌یه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی بۆ قه‌بزه‌كردنی
ده‌سه‌ڵات له ناوه‌ندڕا‌و له فه‌رمانڕه‌وایی‌دا هێشتنه‌وه‌ی تاقه یه‌ك
نه‌ته‌وه ئه‌و تیئۆری‌یانه‌یان كه‌م‌و زۆر كۆپی كردوه, ئه‌وه بووه كه چ به
ناوی به‌رابه‌ری, چ به ناوی مه‌زهه‌بی هاوبه‌شی هه‌مووان یا "هه‌موومان
براین" ـ هه‌وڵ دراوه هوویه‌تێكی سیاسیی فه‌راگیر‌و توێنه‌ره‌وه‌ی هووییه‌ته
نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی دیكه پێك بێت‌و له حاڵێك‌دا فه‌رهه‌نگی زۆرایه‌تی ته‌نیا
نوێنگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی حاكم بووه, هه‌وڵ دراوه كه "ئامانجی یه‌كه‌تی"و
"به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پیلانه‌كانی بێگانه"و ته‌نانه‌ت "هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ
هاوئایین‌و هاوزمانه‌كانی گه‌لی حاكم له ده‌ره‌وه" بكرێته ئامراز بۆ وه‌ی
ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ناسیۆنالیزمێَكی گه‌وره‌تر‌و ئاقڵتر (!!) له هی
كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌و ناوچه‌كانی وڵات پێشنیار بكا‌و ناسیۆنالیزمی سیاسی (كه
له‌راستی‌دا ناسیۆنالیزمی گه‌لی حاكمه) به‌سه‌ر ناسیۆنالیزمه
نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان‌دا زاڵ بێ. راستی‌یه‌كی زۆر گرنگیش لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه
چه‌مكی هاووڵاتبوون‌و یه‌كسانیی هاونیشتمانان (سه‌ره‌ڕای پیرۆزی‌و ره‌وابوونی
نێوه‌رۆكه‌كه‌ی له جێ‌دا) زۆربه‌ی كات ـ به تایبه‌تی له ناوچه‌ی ئێمه‌دا ـ
وه‌ك دارده‌ستێكی زۆر له‌بار بۆ سیاسه‌تێكی ئه‌وتۆی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی
به‌كار هاتوه. ئه‌وه‌ش له حاڵێك دایه كه هه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له‌به‌ر
سروشتی نادیموكراتیكیان ته‌نانه‌ت مافه‌كانی هاووڵاتبوونی هاونیشتمانانی به
كولتوور سه‌ر به گه‌لی حاكمیشیان بێ‌وچان پێ‌شێل كردوه.
ده‌توانین كاكڵی چه‌مكی مافه‌كانی هاووڵاتبوون زۆر به ساده‌و ساكاری له‌وه‌دا
كورت بكه‌ینه‌وه كه بۆ دارشتنی ماف‌و ئه‌ركه سیاسی‌و مه‌ده‌نی‌یه‌كان
تاكه‌كه‌س ده‌كرێته "یه‌كه‌ی بناغه‌یی" (واحد اساسی), به تایبه‌تی له
پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌خشی مرۆڤ له ژیانی سیاسی‌و گشتی‌دا, ئه‌و ده‌ور‌وبه‌ر‌و
كۆمه‌ڵه كولتووری‌یه تایبه‌تی‌یه له نه‌زه‌ر ناگیرێ كه ده‌كرێ ئه‌و مرۆڤه
ئه‌ندامی بێ. روانینێكی ئه‌وتۆ له چۆنیه‌تیی به‌شداریی خه‌ڵك له ده‌سه‌ڵاتی
فه‌رمانڕه‌وادا‌و پێوه‌ندی‌یه‌كانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌شتێكی زۆر
كۆن له مێژووی مرۆڤایه‌تی‌دا له قه‌ڵه‌م نادرێ‌و هه‌روه‌ك گوترا ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ئاخری سه‌ده‌ی هه‌ژده له ئورووپا واته سه‌رده‌می جێگیربوونی ئێتاناسیۆن
(ده‌وڵه‌تی میلله‌تی). پێش ئه‌و سه‌رده‌مه تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌شی سه‌رجه‌م
كۆمه‌ڵگا سیاسی‌یه‌كان له رۆژگاری ئه‌ره‌ستووڕا بگره هه‌تا كۆتایی سه‌ده‌كانی
نێوه‌ڕاست چ له ئورووپا‌و چ ته‌نانه‌ت له قارره‌كانی دیكه ئه‌وه بووه كه
پێوانه‌ی داڕشتنی پێوه‌ندی‌یه سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌كان نه‌ك تاكه‌كه‌س
به‌ڵكوو تاقم‌و گرووپ‌و كۆمه‌ڵگه جۆربه‌جۆره‌كان بوون‌و هه‌میشه وه‌ك ئه‌ندامێكی
ئه‌و یه‌كه به كۆمه‌ڵانه سه‌یری تاكه‌كه‌س كراوه. تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌كی
دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا سیاسی‌یه‌كانی رابردوو له‌وه‌دا ده‌بینرێ كه كولتووری
نه‌ته‌وه‌یی‌یان تێ‌دا نه‌ده‌كرا به پێوانه‌ی داڕشتنی قه‌واره‌ی سیاسی, هه‌ر
بۆیه سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌یان‌و سه‌دان ده‌سه‌ڵاتی به‌ربڵاوی فه‌رمانڕه‌وایی
كه‌متر وا بوو كولتووری گه‌لێكی فه‌رمانڕه‌وا له سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م
سه‌رزه‌مینی ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌دا نه‌هادینه بكرێ. له ئاكام‌دا دیالێكتیكی
پێكه‌وه ژیانی "گه‌لان" فڕی به‌و ململانێ دوو قۆڵی‌یه‌وه نه‌بوو كه ئه‌مڕۆ
له زۆر شوێن له نێوان "زۆرایه‌تی"و "كه‌مایه‌تی"دا هه‌یه. سه‌ره‌نجام سروشتی
قه‌واره‌ی كۆمه‌ڵگا سیاسی‌یه‌كانی پێش مێژووی نوێ بریتی بوو له‌وه كه یه‌كه
سیاسی‌یه‌كان زۆرتر به‌رهه‌می فاكته‌ره سیاسی‌و ئابووری‌یه‌كان بوون, هووییه‌تی
میللی‌و قه‌ومی پێوانه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك له به‌ڕێوه‌بردنی كار‌وباری
سیاسی‌دا نه‌بوو‌و فه‌رمانڕه‌وایی‌یه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه كه به‌ربڵاو‌و فره
قه‌ومی بوون كه‌متر سیاسه‌تی ناوه‌ندگه‌رێتی‌یان تێ‌دا پیاده ده‌كرا‌و یه‌كه
سیاسی‌یه ناوچه‌یی‌یه‌كان "خودموختار" بوون. هه‌ڵبه‌ت ئێمه نابێ لێره‌دا
كوێرانه په‌سنی كۆمه‌ڵگا سیاسی‌یه‌كانی پێش رۆژگاری مۆدێرن بده‌ین, چونكه به
شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێ بڵێین ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه به نابه‌رابه‌ریی سیاسی‌و
ناعه‌داڵه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ناوبانگ بوون. بیرۆكه‌ی نه‌هێشتنی
نابه‌رابه‌ری‌یه‌كان‌و وه‌دیهێنانی یه‌كسانی له نێوان مرۆڤه‌كان‌دا (یا هه‌ر
نه‌بێ له نێوان هاونیشتمانان‌دا) راست به‌رهه‌می ئه‌و تیئوری سازی‌یه‌یه كه
دوو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تانی نوێ ئه‌نجام درا.
تایبه‌تمه‌ندیی سیستمه سیاسی‌یه‌كانی پێش ئه‌و وه‌خته له ئورووپا ئه‌وه بوو
كه له‌لایه‌ك ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له نێوخۆدا پرش‌و بڵاو بوو‌و له ئاستی
ده‌ره‌وه‌ش‌دا زۆر جار ده‌كه‌وته ژێر ركێفی ده‌سه‌ڵاتی كلیسا‌و ئیمپراتوری‌یه
بێگانه‌كان, له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كۆمه‌ڵ له چه‌ندین به‌ره‌و فیرقه‌ی
نه‌هادینه‌كراو پێك هاتبوو‌و راده‌ی ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی خه‌ڵك به‌و چینه‌وه
به‌سترابۆوه كه ئه‌ندامی بوون‌و به‌م جۆره نابه‌رابه‌ری‌یه‌كی زۆر له نێوان
ئینسانه‌كان‌دا وه‌به‌رچاو ده‌كه‌وت. ئه‌وه جیا له‌وه كه سیستمی پاشایه‌تی‌و
سه‌ره‌رۆیی بۆخۆی له‌جێ‌دا له‌مپه‌رێك بوو له به‌رامبه‌ر به‌رابه‌ری‌و
كراوه‌یی به‌تایبه‌تی له بواری سیاسی‌و حكوومه‌تی‌دا.
شۆرشی فه‌رانسه ده‌رفه‌تی ئه‌وه به ئه‌ندیشه‌ی لیبراڵ ده‌دا كه بناغه
تازه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن دارێژێ. ئه‌و ره‌وته كه له‌گه‌ڵ
خاوه‌ن بیرانی "لوومیێر" (رووناكایی) ده‌ستی پێ‌كردبوو, بۆ خوێندنه‌وه‌و
داڕشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا پشتی به هێزی مه‌نتیق ده‌به‌ست‌و جیهان بین بوو واته
تێ‌ده‌كۆشا به یه‌ك چاو سه‌یری سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی بكا. ئامانجی
كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و ره‌وته نه‌هێشتنی نابه‌رابه‌ری‌و یه‌كسان كردنی ماف‌و
ئه‌ركه‌كانی هاونیشتمانان‌و مرۆڤه‌كان بوو. ئامانجه سیاسی‌یه‌كه‌شی بریتی بوو
له بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی پته‌و و به‌هێز‌و وه‌سه‌ریه‌ك خراو كه ده‌سته‌به‌ری
ته‌بایی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات بێ. ئامرازی ئه‌سڵیی ئه‌م تیئۆری سازی‌یه
لیبراڵه بریتی بوو له چه‌مكی هاووڵاتبوون به مه‌به‌ستی جیاكردنه‌وه‌ی
تاكه‌كه‌س له كولتوور‌و ده‌وروبه‌ره تایبه‌تی‌یه‌كه‌ی‌و پشت گوێ خستنی ئه‌و
كۆمه‌ڵه تایبه‌تی‌یه فه‌رهه‌نگی‌و قه‌ومی‌یه كه تاكه‌كه‌س ئه‌ندامیه‌تی.
ئاكامی روانینێكی ئه‌وتۆ له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی‌دا بریتی بوو له تێك شكاندنی
به‌ده‌نه‌و فیرقه نه‌هادینه‌كان‌و نه‌مانی ئیمتیازاتی هێندێك چین‌و توێژ‌و
جێگیركردنی یه‌كسانیی مافه‌كان له سه‌ر بناغه‌ی "ئه‌ندیویدوالیسم" واته
فه‌ردگه‌رایی.
له بواری سیاسی‌دا ئه‌م تیئۆری سازی‌یه توانی بناغه نه‌زه‌ری‌یه‌كانی
قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی واحید‌و "هرمی" دابڕێژێ كه یه‌كه بناغه‌یی‌یه‌كه‌ی
تاكه‌كه‌س بێ نه‌ك گرووپ‌و هیچ نیهادێكی واسیته له نێوان ده‌وڵه‌ت‌و
تاكه‌كه‌س‌دا نه‌هێڵێ. ئه‌وه بوو "ئێتاناسیۆن"یش لایه‌نی حكوومه‌تیی
به‌خۆیه‌وه گرت‌و له‌گه‌ڵ ژاكۆبینیسم (ناوه‌ندگه‌رێتی) بوونه هاوپه‌یمان‌و
ته‌نانه‌ت په‌نایان برده‌وه به‌ر تیئۆریی سه‌روه‌ری (ده‌سه‌ڵاتی بێ‌سنووری
ده‌وڵه‌ت) كه له سه‌ده‌ی شازده‌دا له‌لایه‌ن "ژان بۆده‌ن"و له سه‌رده‌می
سه‌ره‌ڕۆیی پاشایه‌تی‌دا گه‌ڵاڵه كرابوو. به‌رهه‌می پێوه‌ندی سه‌رجه‌م ئه‌و
ئه‌سڵانه ئه‌وه ده‌بێ كه بۆ نموونه له مادده‌ی سێهه‌می "راگه‌یه‌ندراوی
مافی مرۆڤ‌و مافه‌كانی هاووڵاتبوون"ی شۆرشی فه‌رانسه‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نرێ:
"سه‌رچاوه‌ی هه‌موو سه‌روه‌ری‌یه‌ك ناسیۆن (میلله‌ت)ه. هیچ كه‌س, هیچ نیهاد‌و هیچ
به‌ده‌نه‌یه‌ك مافی حوكمڕانیی نیه مه‌گه‌ر ئه‌وه كه میلله‌ت مه‌ئمووری
كردبێ" به‌م جۆره ئه‌گه‌رچی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له پاشاوه بۆ میلله‌ت به
هه‌نگاوێكی دیموكراتیك له‌سه‌رجه‌م مێژووی مرۆڤایه‌تی‌دا له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ,
به‌ڵام سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت هه‌ر به قووه‌تی جارانی‌و بگره زۆر زیاتریش قوت
ده‌كرێته‌وه‌و هه‌موو تیئۆریسیه‌نه‌كانی ئه‌و كات‌و دواتری ده‌وڵه‌ت (رووسۆ,
یه‌لینێك, مالبێرگ, . . . هتد) پێ له‌سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی‌و سه‌روه‌ریی
ده‌وڵه‌تێك داده‌گرن كه پێگه كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌كه‌ی له باری كولتووری‌و
قه‌ومی‌یه‌وه هاوره‌نگ‌و یه‌كده‌ست كرابێ. چه‌مكی ناسیۆن وه‌ك له‌بارترین
ئامرازی وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه زه‌ق ده‌كرێته‌وه‌و ئه‌گه‌رچی هه‌ر له‌و
سه‌رده‌مه‌دا زۆر تیئۆریسیه‌نی دیكه له سه‌ر بایه‌خی یه‌كسانیی زمان‌و
كولتووره نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان پێ‌داده‌گرن (هێردێر, رێنێر), به‌ڵام له مه‌یدانی
كرده‌وه‌دا ئه‌وه فاكته‌ره سیاسی‌یه‌كانن كه‌بڕیار ده‌ده‌ن چ گه‌لێك ده‌بێته
خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی‌و قه‌واره‌ی سیاسیی وڵات‌و ده‌زگای حكوومه‌تی,
په‌یڕه‌وی فه‌رهه‌نگی كام گه‌ل‌و نه‌ته‌وه ده‌بێ. ئه‌وه‌ش له حاڵێك‌دا كه
بێجگه له هێندێك مه‌وریدی وه‌ك پێكهاتنی ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمان‌و ئیتالیا‌و ئه‌و
ده‌وڵه‌تانه‌ی چۆنیه‌تیی شكڵ گرتنی قه‌واره‌كه‌یان هۆكاری میژوویی هه‌یه
نه‌ك بناغه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (سویس, ئه‌مریكا) ـ مێژووی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به
تایبه‌تی له سه‌ده‌ی نۆزده‌و نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیستی ئورووپا پێمان
ده‌ڵێ كه چه‌مكی ئێتاناسیۆنی فه‌رهه‌نگی (واته داڕشتنی قه‌واره‌ی سیاسیی
وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه له سه‌ر بناغه‌ی هووییه‌تی قه‌ومیی تاقه یه‌ك
نه‌ته‌وه) نه‌ك هه‌ر ناعادڵانه به‌ڵكوو زۆر خه‌یاڵ په‌روه‌رانه‌ش به‌كار هاتوه.
سووژه‌ی ئێمه لێره‌دا نه تیئۆریی ناسیۆنالیزمه نه مێژووی مه‌سه‌له‌ی
میللی. هه‌ربۆیه بۆ ئه‌وه‌ی له باسه‌كه‌مان دوور نه‌كه‌وینه‌وه با بزانین
چه‌مكی مافه‌كانی هاووڵاتبوون له دنیای رۆژئاوادا چه‌نده ره‌نگدانه‌وه‌ی له
ئاستی حكوومه‌تی‌دا بووه‌و چ ئاڵوگۆڕێكی نه‌زه‌ریی به‌سه‌ردا هاتوه. له
بواری فیكری‌دا با پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه‌مان له بیر بێ كه ئه‌و ئیده‌یه كه
چوارچێوه‌و پێوانه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك له حكوومه‌ت‌دا تاكه‌كه‌س بێ‌و به‌س,
ئامانج‌و ئاكامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه پێناسه قه‌ومی‌و زمانی‌و ره‌گه‌زی‌و
ئایینی‌یه‌كانی كه‌سایه‌تیی ئینسانه‌كان ده‌بێ له چوارچێوه‌ی ژیانی شه‌خسی‌و
تاكه‌كه‌سیی وان ده‌رنه‌چن‌و نه‌یه‌نه نێو مه‌یدانی سیاسی‌و ده‌وڵه‌تی‌یه‌وه.
دابه‌شكردنی ماف‌و ئه‌ركه حقووقی‌یه‌كانی مرۆڤه‌كان به‌سه‌ر دووبواری ژیانی
تاكه‌كه‌سی‌و شه‌خسی له‌لایه‌ك‌و ژیانی سیاسی‌و گشتی له‌لایه‌كی دیكه‌وه
ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می كۆن له یوونان‌و رۆم, به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا
پێوانه‌ی ئه‌سڵیی به‌شداریی خه‌ڵك له‌به‌ڕێوه‌بردنی كار‌وباری سیاسی‌دا پله‌ی
كۆمه‌ڵایه‌تیی وان بوو نه‌ك "قومیت"یان. مه‌سه‌له‌ی دوو لایه‌نه بوونی نه‌خشی
مرۆڤه‌كان له مێژووی نوێی بیروبۆچوونی سیاسی‌دا كاتێك تیئۆریزه ده‌بێ كه
"تۆماس هۆبس" نه‌زه‌ریه‌ی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی دێنێته گۆڕێ. ئه‌و دروست
بوونی كۆمه‌ڵگا سیاسی‌یه‌كان ئاوا لێك ده‌داته‌وه كه مرۆڤ بۆ وه‌ی له
وه‌زعییه‌تی نائه‌من‌و مه‌ترسیداری ژیان له سروشت‌دا بێته ده‌ر, ژیان له نێو
كۆمه‌ڵی هه‌ڵ‌بژاردوه‌و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی حاكم‌و سه‌ره‌ڕۆ بیخاته ژێر
چه‌تری خۆیه‌وه حازر بوه ده‌ست له ئازادی‌یه سروشتی‌یه‌كه‌ی پێشووی
هه‌ڵ‌گرێ. به‌ڵام ئه‌و خۆ ملكه‌چ كردنه‌ی مرۆڤ ته‌نیا پێوه‌ندیی به ژیانی
گشتی‌یه‌وه هه‌بوو,و مرۆڤ هێندێك ئازادیی بۆخۆی راگرتوه كه بریتی‌یه له
سه‌ربه‌ستیی تاكه‌كه‌سی كه بۆ ئه‌وه به‌كار دێ كه ئه‌گه‌ر هات‌و ده‌سه‌ڵاتی
حاكم به‌و جۆره‌ی پێویسته پارێزگاریی لێ نه‌كرد‌و رێزی لێ‌نه‌گرت, بتوانێ
لێی هه‌ڵ‌گه‌ڕێته‌وه‌و بی‌ڕووخێنێ. له سه‌ر‌وبه‌ندی شۆرشی فه‌ڕانسه‌دا
ئه‌ندێشه‌ی لیبراڵ ئه‌و تیئۆری‌یه بۆ خۆی ده‌قۆزێته‌وه‌و ئه‌و بیره درێژه
پێ‌ده‌دا كه مرۆڤ له دوو بواردا ده‌چێته پێش: بوارێكیان بریتی‌یه له ژیانی
شه‌خسی‌و ناچالاك‌و له‌وێدا به مرۆڤ ده‌ڵێن تاكه‌كه‌س, بواره‌كه‌ی دیكه‌ش
بوارێكی چالاكه كه پێوه‌ندیی به ژیانی سیاسی‌و گشتیی مرۆڤه‌وه هه‌یه‌و
لێره‌دا به مرۆڤ ده‌ڵێن "هاووڵات". هه‌ر له‌و كاته‌دا له لایه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵات له پاشاوه بۆ میلله‌ت گوێزراوه‌ته‌وه, سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی (حاكمیت مگلق دولت) له بواری گشتی‌دا كه بناغه‌كه‌ی هاووڵاتبوونه
خولاسه ده‌كرێته‌وه. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ر ئه‌و هاووڵاتبوونه وه‌ك
كۆڵه‌كه‌یه‌كی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێك به‌كار دێ كه خۆی وه‌ك ئاوێنه‌ی
كولتووری گه‌لی حاكم پێناسه ده‌كا (ئێتاناسیۆن). ئاكامی ئه‌و كیمیاگه‌ری‌یه
سیاسی‌و نه‌زه‌ری‌یه ئه‌وه ده‌بێ كه له مه‌یدانی گشتی‌و له بواری
ده‌وڵه‌تی‌دا جێگایه‌ك بۆ كه‌سایه‌تیی قه‌ومیی كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان نامێنێته‌وه.
ئه‌م شێوه روانینه دواتر به شێوه‌یه‌كی دنیاگیر زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی میللی
ده‌ی‌خه‌نه سه‌ر حیسابی خۆیان‌و له سیستمه سیاسی‌یه نێوخۆیی‌یه‌كانیان‌دا دای
ده‌به‌زێنن. له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا پاش ئه‌وه‌ی به درێژایی سه‌ده‌ی
بیسته‌م زۆر له گه‌لان له مافی دانانی چاره‌نووسی خۆیان بێ‌به‌ش ده‌كرێن,
سیستمی پارێزگاریی نێونه‌ته‌وه‌یی كه‌مایه‌تَی‌یه‌كان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و
بناغه‌یه داده‌مه‌زرێ, واته له لایه‌ك ئه‌و ماف‌و ئازادی‌یانه‌ی بۆ
كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان له نه‌زه‌ر ده‌گیرێن زۆرتر فه‌رهه‌نگی‌و تاكه‌كه‌سی ده‌بن‌و
له به ره‌سمی ناسینی هووییه‌تی‌و كه‌سایه‌تیی به كۆمه‌ڵی وان‌و پێدانی
مافی سیاسی ـ نیهادی خۆده‌بوێردرێ ـ له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌رك‌و
ئیجباراتێكی زۆر روون‌و به نێوه‌رۆك ناخرێته سه‌رشانی ده‌وڵه‌تان‌و وا نیشان
ده‌درێ كه "هویت"و "قومیت" پێوه‌ندی‌یان به ژیانی تاكه‌كه‌سی‌یه‌وه هه‌یه‌و
ده‌وڵه‌ت هه‌قی به‌سه‌ریانه‌وه نیه.
له به‌شی سێهه‌م‌و كۆتایی باسه‌كه‌مان‌دا ده‌بینین كه چلۆن روانینێكی ئه‌وتۆ
له كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ئاستی نێوخۆیی‌و نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا گۆڕانی
به‌سه‌ردا هاتوه‌و ئه‌و تیئۆری‌یانه شی ده‌كه‌ینه‌وه كه لیبرالیزمی
فه‌ردگه‌را‌و چه‌مكی هاووڵاتبوونیان وه‌به‌ر ره‌خنه داوه. |