|
ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده
له به‌شی دووهه‌می باسه‌كه‌مان‌دا
هه‌وڵمان دا پێشینه فیكری‌یه‌كانی چه‌مكی هاووڵاتبوون ده‌ستنیشان بكه‌ین‌و سه‌رچاوه
تیئۆری‌یه‌كانی ئه‌و چه‌مكه‌مان گه‌ڕانده‌وه ئه‌ندیشه‌ی لیبراڵیی فه‌ردگه‌را له
كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی ئورووپا. ئه‌نجامی مه‌به‌سته‌كانی به‌شی دوومان ئه‌وه
بوو كه ئامانجی به‌رابه‌ریی هاونیشتمانان هاوكات له‌گه‌ڵ مه‌قووله‌ی "ئێتاناسیۆن"و
سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت به چه‌شنێك به‌كار براون كه ده‌رفه‌تی خۆده‌رخستن و گه‌شه‌كردن
له مه‌یدانی سیاسی‌و حكوومه‌تی‌دا له كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان ببڕێ. ئێستا ده‌بێ
بزانین ئه‌و كۆمه‌ڵه ئه‌سڵه چ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا هاتووه؟
پێش هه‌موو شتێك ده‌بێ له خۆمان بپرسین داخوا ئه‌و تیئۆری سازی‌یه له كرده‌وه‌دا
چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی هه‌بووه. ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه كه ئێمه لێره‌دا
باسی ده‌كه‌ین, سه‌یری سیستمه سیاسی‌یه‌كانی جیهان به‌تایبه‌تی له رۆژئاوا
بكه‌ین, ده‌توانین ئیشاره به سێ ده‌سته له ده‌وڵه‌تان بكه‌ین: ده‌سته‌ی یه‌كه‌م
له فه‌رانسه‌و سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی جیهان پێك هاتوه كه حازرنین
پێكهاته‌ی فره‌گه‌لیی وڵات به‌ڕه‌سمی‌و بنچینه‌یی ره‌نگدانه‌وه‌ی له قه‌واره‌ی
سیاسی‌و نیهادیی ده‌وڵه‌ت‌دا هه‌بێ. له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا به‌شێوه‌ی كه‌م‌و زۆر
گوتراو سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن (تواندنه‌وه‌ی هووییه‌ته قه‌ومی‌یه‌كان) ده‌برێته
پێش, كۆمه‌ڵگای دێموكراتیك وه‌ك كۆمه‌ڵێك پێناسه ده‌كرێ كه له‌ودا به‌ناوی
مافی یه‌كسانی هه‌موو هاونیشتمانان جیاوازی‌یه قه‌ومی‌و كولتووری‌یه‌كان له مه‌یدانی
گشتی‌و سیاسی‌دا پشت گوێ ده‌خرێن‌و نیهاده دوڵه‌تی‌یه‌كانی نوێنه‌ری خه‌ڵك به‌رپرسیاری
ده‌ربڕین‌و بردنه‌پێشی ویستی گشتیین به‌بێ سه‌رنجدان به جیاوازی‌و ره‌نگاوڕه‌نگی‌یه‌كانی
پێكهاته‌ی وڵات. له ده‌سته‌ی دووهه‌م‌دا به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌ته لیبراڵه
رۆژئاوایی‌یه ئینگلیسی زمانه‌كان زه‌ق ده‌بنه‌وه‌و سیاسه‌تی خۆگونجاندنی قه‌ومی‌و
كولتووری‌یان تێ‌دا ده‌چێته پێش. خاڵی هاوبه‌شی ده‌سته‌ی دووهه‌م له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی
یه‌كه‌م له‌وه‌دایه كه لێره‌ش‌دا بناغه‌ی پلۆرالیزمی سیاسی زۆرتر هاونیشتمانه‌و
بۆ پێكهاتنی هووییه‌تێكی سیاسی هه‌وڵ ده‌درێ كه هه‌موو دانیشتووانی وڵات
بگرێته خۆی. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تانی پێشوو, لێره‌دا حكوومه‌ت بۆ
تواندنه‌وه‌ی كولتووره قه‌ومی‌یه‌كان‌و نه‌هێشتنی جیاوازی‌یه میللی‌یه‌كان تاو
نادا, به‌ڵكوو به سازدانی هێندێك مێكانیزمی نیهادی تێ‌ده‌كۆشێ جیاوازی‌یه قه‌ومی‌یه‌كان
كه‌متر كاردانه‌وه‌یان له‌سه‌ر شه‌تره‌نجی سیاسیی وڵات هه‌بێ.
سیستمی سێهه‌م ئه‌و سیستمه‌یه كه نووسه‌ری ئه‌م وتاره‌و شۆڕشگێڕانی كورد له
ئێران بۆ وڵاتی خۆیانی به‌ئاوات ده‌خوازن. ئه‌ویش سیستمی دابه‌شكردنی
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و حكوومه‌تی له‌سه‌ر بناغه‌ی كه‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی‌یه.
له‌و سیستمه‌دا هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌بینرێن كه ساختاری نیهادیی وڵات
ئاكامی فره‌گه‌لی بوونیه‌تی‌و له نێو ئه‌وان‌دا بلژیك‌و سویس‌و كانادا نموونه
هه‌ره به‌رچاو‌و سه‌ركه‌وتووه‌كانن. فیدرالیزم مۆركی سه‌ره‌كیی ده‌وڵه‌تانی
ده‌سته‌ی سێهه‌مه, به‌ڵام هه‌ق وایه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش لێره‌دا جێ بكه‌ینه‌وه
كه ئه‌گه‌رچی هه‌موو قه‌واره‌ی وڵاته‌كانیان فیدراڵیزه نه‌كراوه, به‌ڵام
بوونی گه‌ل یا نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز له گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌ی حاكم به‌ڕه‌سمی
ناسراوه‌و له‌سه‌ر خاك‌و ناوچه‌ی خۆی‌دا ئیختیاری ته‌واوی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی
دراوه‌تێ (نموونه: ئیسپانیا, ئیتالیا, فینله‌ند). له سیستمی دابه‌شكردنی
ده‌سه‌ڵات (Power sharing)دا به‌تایبه‌تی له وڵاتانی دێموكراتیك‌دا مافه‌كانی
هاونیشتمانان به پێكهاته‌یه‌كی گرنگی پلۆرالیزم له قه‌ڵه‌م ده‌درێ, به‌ڵام
باوه‌ڕ به‌وه كه له‌و شوێنانه‌ی هووییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێزه ته‌نیا
دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌ڕه‌سمی ناسینی كه‌سایه‌تیی
به‌كۆمه‌ڵی گه‌لانی وڵات ده‌توانێ پێكه‌وه مانه‌وه‌ی دڵخوازانه‌ی وان
ده‌سته‌به‌ر بكا‌و هه‌روه‌ها باوه‌ڕ به‌وه كه دانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به
ناوچه‌كان ده‌توانێ فاكتۆرێكی كاریگه‌ر له پرۆسه‌ی دێموكراتیزاسیۆنی
نێۆخۆیی‌و له جێگیربوونی كه‌شێكی سالم‌و دۆستانه‌ی ناوچه‌یی‌و دامه‌زراندنی
پێوه‌ندی‌و هاوكاریی گه‌لان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان دا بێ, ده‌وڵه‌تانی
فره‌نه‌ته‌وه دێنێته سه‌ر دابه‌زاندنی ئه‌و سیستمه.
له‌ڕاستی‌دا بوونی ویستی خودموختاری‌و فیدالیزم له وڵاتانی دێموكراتیكی
ئورووپایی‌دا باشترین به‌ڵگه بۆ ئه‌و راستی‌یه‌یه كه كێشه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی
گه‌لان ته‌نیا له رێگای یه‌كسانكردنی مافه‌كانی هاونیشتمانانه‌وه چاره‌سه‌ر
ناكرێ. شك له‌وه‌دا نیه كه دێموكراسی‌و كراوه‌یی كه‌شی سیاسی له ئاڵۆزیی
نه‌ته‌وه‌یی كه‌م ده‌كاته‌وه‌و ته‌نانه‌ت له هێندێك وڵاتی ئورووپایی‌دا
هه‌ڵ‌كه‌وتوه كه‌مایه‌تی‌یه‌ك دوای تێپه‌ڕینی رۆژگارێكی درێژ له خۆگونجاندن
له‌گه‌ڵ لیبرالیزمی دێموكراتیك به‌وه‌به‌رچاوگرتنی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری‌و
پیشه‌سازی ته‌نیا هۆگریی فه‌رهه‌نگیی به هووییه‌ته قه‌ومی‌یه‌كه‌یه‌وه
راگرتوه‌و ده‌ستی له داخوازی سیاسی هه‌ڵ‌گرتوه. (بۆ نموونه: له برۆتاینی
فه‌رانسه, حیزبه میللی‌یه‌كان ته‌نانه‌ت لانی‌كه‌می ئه‌و ده‌نگانه كه بۆ
كورسی وه‌رگرتن له شوورا ناوچه‌یی‌یه‌كان‌دا پێویسته وه‌ده‌ست ناهێنن.) به‌ڵام
ئایا هه‌موو گه‌لێك حازره وه‌ك فولكلۆر سه‌یری هووییه‌ته میللی‌یه‌كه‌ی بكرێ‌و
له حاڵێك‌دا هه‌قی هه‌یه داوای مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی بكا, به
توانه‌وه له فه‌رهه‌نگی به‌ناو زۆرایه‌تی‌دا رازی ده‌بێ؟
مه‌نفی‌بوونی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره نه‌ك هه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی سروشتێكی
نیهادیی نه‌رم‌و "انعطاف پـذیر"یان هه‌یه, به‌ڵكوو یه‌عقووبی (ژاكۆبین)ترین
ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ به‌تایبه‌تی له ئورووپای هێناوه‌ته‌وه سه‌ر
ئه‌وه كه ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌سمییش فره‌نه‌ته‌وه‌یی‌بوون نیهادینه نه‌كه‌ن, هه‌ر
نه‌بێ میتۆدێكی پراگماتیك بگرنه به‌ر‌و هه‌نگاو به هه‌نگاو حازر به به‌خشینی
قه‌واره‌یه‌كی ناوچه‌یی سه‌ربه‌ست به‌و گه‌ل‌و كه‌مه نه‌ته‌وانه بن كه خواستی
سیاسی‌یان هه‌یه. (نموونه: كورسی فه‌رانسه‌و سه‌رجه‌م ئه‌و دوورگانه‌ی له
كاتی ره‌وتی (رزگاری له ئیستعمار)دا به مانه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته
ئورووپایی‌یه‌كان رازی بوون.) شتێك كه هه‌ر له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا جێگای سه‌رنجه
ئه‌وه‌یه كه پاش رووخانی دیواری بێرلین زۆر له ده‌وڵه‌تانی ئورووپای
رۆژهه‌ڵات به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڕانێك به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسییان‌دا هاتبێ, به
مه‌به‌ستی خۆدێموكراتیزه‌كردن قانوونه ئه‌ساسی‌یه‌كانیان سه‌رله‌نوێ
نووسینه‌وه‌و یه‌كێك له‌و ده‌سكاری‌یه به‌رچاوانه كه تێ‌یان دا كردن بریتی‌بوو
له به‌ڕه‌سمی ناسینی پێكهاته‌ی فره‌گه‌لیی وڵاته‌كه‌كانیان. راسته ئه‌و
ده‌وڵه‌تانه‌ش وه‌ك هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تازه به سه‌ربه‌خۆیی گه‌یشتوو, عه‌وداڵی
هه‌ڵچنینی هووییه‌تێكی سیاسی یه‌كگرتووی خه‌ڵكه‌كه‌یان بوون, به‌ڵام
به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ر ده‌رفه‌تیان دا ئێتاناسیۆن به جۆرێكی دیكه
ته‌فسیر بكرێته‌وه. ئه‌و ته‌فسیره بریتی‌یه له وه‌لانانی ته‌قه‌ددوسی
فه‌رهه‌نگیی گه‌لی حاكم‌و پشتیوانی له‌وه كه به‌رگێكی فره‌نه‌ته‌وه‌یی
له‌به‌ر ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بكرێ‌و یه‌كێتی له ره‌نگاوڕه‌نگی‌دا ببینرێ.
هه‌ر له درێژه‌ی ئاڵوگۆڕه عه‌مه‌لی‌یه‌كانی دیكه‌ی هاووڵاتبوون‌دا شایانی
ئاماژه‌یه كه پارێزگاریی نێونه‌ته‌وه‌یی له مافی كه‌مایه‌تی‌یه‌كان كه وه‌ك
گوتمان هه‌تا سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی ئاخیری سه‌ده‌ی بیست, یه‌خسیری چه‌مكی
هاووڵاتبوون‌و ئامانجی به‌رابه‌ری‌و جیاوازی دانه‌نان بوو, پاش هه‌ڵگیرسانی
ئاگری شه‌ڕی قه‌ومی له گۆشه‌و كه‌ناری جیهان ئاڵوگۆڕی زۆری به‌سه‌ردا هات.
شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕه حقووقی‌یه له ده‌ره‌تانی ئه‌م وتاره‌دا نیه.
به‌ڵام زۆر به كورتی ده‌توانین بڵێین كه له پازده ساڵی رابردوودا‌و له
شێوه‌و چوارچێوی جۆراوجۆردا ره‌وت‌و روانگه‌یه‌كی حقووقی رۆژ به‌رۆژ
سه‌ركه‌وتنی زیاتری وه‌ده‌ست هێناوه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه مه‌سه‌له‌ی
مافه‌كانی "كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان" چی‌دیكه له گۆشه‌ی ژیانی فه‌رهه‌نگیی
تاكه‌كه‌سه‌كان نه‌په‌ستێورێ‌و بۆ به‌ڕه‌سمی ناسینی مافه سیاسی‌و نیهادی‌یه
به كۆمه‌ڵه‌كانیان له ئاستی ده‌وڵه‌تی‌و حكوومه‌تی‌دا خه‌بات بكرێ. هه‌ر ئێستا
گه‌ڵاڵه‌ی چه‌ندین كۆنوانسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه له باس‌و
راوێژ دان. رێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانیش له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ر كاتێك له‌گه‌ڵ
قه‌یرانی پێوه‌ندی‌یه‌كانی ده‌وڵه‌تێك‌و كه‌مه نه‌ته‌وه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان
كردوه, چی‌دیكه هه‌موو شتێكیان حه‌واڵه‌ی "هاووڵاتبوون" نه‌كردوه‌و زۆر
به‌ڕاشكاوی بۆ قبووڵاندنی ئه‌و رێگاچاره نیهادی‌یانه‌ی له ده‌سته‌ی سێهه‌می
قاتبه‌ندی‌یه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا باسمان كردن, تێ‌كۆشاون. (له‌نێو ده‌یان نموونه‌ی
له‌و بابه‌ته‌دا به‌قامك دانان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له
قێبرس, ناگۆرنۆ قه‌ره‌باغ‌و بۆسنی هێرزه‌گووین قه‌ناعه‌ت ده‌كه‌ین.)
سه‌رئه‌نجام دیارده‌یه‌كی نوێ له مامه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ
مه‌سه‌له‌ی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كان‌دا ئه‌وه‌یه كه مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی
گه‌لان نه‌ك هه‌ر وه‌ك له‌مپه‌ر‌و كۆسپ له‌سه‌ر وه‌دیهێنانی مافه سیاسی ـ
میللی‌یه‌كانی ئه‌و "كه‌مه نه‌ته‌وانه" چاو لـێ ناكرێ, به‌ڵكوو هه‌وڵ ده‌درێ
مافی چاره‌نووس وه‌ك بناغه‌یه‌كی حقووقی مافی "كه‌مایه‌تی"یه‌كان بۆ
خۆبه‌ڕێوه‌بردنی سیاسی به‌كار ببرێ. مادام لایه‌نی نێوخۆیی مافی چاره‌نووس
یانی بوونی حكوومه‌تێك كه نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌م هاونیشتمانان
ده‌بێ, ژیانی سیاسیی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كان نابێ له هاووڵاتبوون‌دا خولاسه
بكرێته‌وه‌و قه‌واره‌ی نیهادیی وڵات‌و ناوچه ده‌بێ ئاوێنه‌ی هووییه‌ته
كولتووری‌و قه‌ومی‌یه تایبه‌تی‌یه‌كانیش بێ.
ئێستا هه‌ق وایه هه‌ڵوێسته‌یه‌كی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه فكری‌یه
رۆژئاوایی‌یانه بكه‌ین كه ئه‌مڕۆ چه‌مكی هاووڵاتبوونیان كردۆته نیشانه‌ی
خۆیان. به‌ناوبانگترینی ئه‌و ره‌وتانه له‌سه‌رده‌می ئێستادا "كۆمۆنۆتاریسم" یا
جه‌مع‌گه‌رایی‌یه, (واته پێچه‌وانه‌ی ئه‌ندیویدوالیسم‌و فه‌ردگه‌رایی" كه
هێندێك تیئۆریسیه‌نی وه‌ك "ویل كیمیلكا"و "چارلز تایلۆر" نوێنه‌رایه‌تیی
ده‌كه‌ن. كاكڵی ئه‌و ره‌وته بریتی‌یه له ره‌خنه‌گرتن له لیبرالیزمی
فه‌ردگه‌را‌و هه‌وڵ‌دان بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی دێموكراسی‌یه رۆژئاوایی‌یه‌كان
له‌گه‌ڵ ویست‌و داخوازه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی كه‌مایه‌تی‌یه‌كان. له روانگه‌ی ئه‌م
ره‌وته‌وه مه‌سه‌له‌ی به‌شداركردنی عادڵانه‌ی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كان له
به‌ڕێوه‌بردنی كار‌وباری سیاسیی وڵات‌و ناوچه‌كان‌دا یه‌كێك له گرنگترین
كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌كانه, چونكه ئاشتیی مه‌ده‌نی ده‌خاته گره‌وی
خۆیه‌وه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دان كه میكانیسمه سوننه‌تی‌یه‌كانی دێموكراسیی
زۆرایه‌تی بۆ ئه‌و وڵاتانه موناسب نین كه له‌وان‌دا چه‌ندین گه‌ل‌و نه‌ته‌وه
به زمان‌و فه‌رهه‌نگی جیاوازه‌وه ده‌ژین, به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خودی ئه‌و
گه‌ل‌و نه‌ته‌وانه هه‌ر كامیان له ده‌روونی خۆی‌دا له‌باری سیاسی‌یه‌وه
به‌شێوه‌یه‌كی بنچینه‌یی دابه‌ش دابه‌ش نه‌بووبێ (بۆ نموونه له كوردستانی
خۆمان خه‌ڵكه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه به‌ره‌وڕووی یه‌كتر نابنه‌وه, بڵێن داخوا
فڵانه حیزبی سه‌راسه‌ری به‌سه‌ر فڵانه حیزبی سه‌راسه‌ریی دیكه‌دا ته‌رجیح
ده‌دن, به‌ڵكوو بۆ هه‌موویان پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه گرنگه كه حكوومه‌تی
ناوه‌ندی چۆن له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد ده‌جووڵێته‌وه.)
هه‌روه‌ك پێشتر باسمان كرد به‌پێی لیبرالیزمی دێموكراتیكی فه‌ردگه‌را بناغه‌ی
ئه‌سڵیی به‌شداریی خه‌ڵك له ژیانی سیاسی‌دا هاووڵاتبوونه. دیاره ده‌بێ پێ
له‌سه‌ر ئه‌وه دابگرینه‌وه كه ئه‌و پره‌نسیپه له مه‌یدانی كرده‌وه‌دا
به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر خۆی له كزی داوه. له ئاستی نه‌زه‌رییش دا ده‌بێ بزانین
كه شاخه‌ی ئینگلیسی زمانی ئه‌ندێشه‌ی لیبرال مه‌شرووعبوونی قازانج‌و
به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌كانی گرووپ‌و تاقم‌و كۆمه‌ڵگه كولتووری‌یه جۆربه‌جۆره‌كان
به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێ, به‌ڵام هه‌روه‌ك گوتمان له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئه‌وان ده‌بێ
له رێگای مافه سیاسی‌یه‌كانی ئه‌ندامانیانه‌وه هه‌وڵ بده‌ن ته‌وژم بخه‌نه
سه‌ر ناوه‌نده بڕیارده‌ره‌كان.
به‌م جۆره ده‌بینین كه لیبرالیزمی فه‌ردگه‌را درزێكی تێ‌كه‌وتوه كه بۆخۆی
سه‌ركه‌وتنێكی تیئۆریك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه كه هاووڵاتبوون له مه‌یدانی
سیاسی‌دا به كافی نه‌زانن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كۆمۆنۆتاریسته‌كان هه‌ر به‌وه‌نده
قه‌ناعه‌ت ناكه‌ن‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن قه‌لبی مێكانیسمه نیهادی‌یه‌كانی لیبرالیزمی
فه‌ردگه‌را كه بریتی‌یه له سیستمی هه‌ڵبژاردن بهه‌نگێون. ئه‌وان له‌وه
ره‌زامه‌ندن كه ده‌بینن ته‌نانه‌ت له دێمۆكراسی‌یه لیبراله فه‌ردگه‌راكانیش دا
زۆر مێكانیزم هه‌ن كه بۆ ئه‌وه دیاری كراون كه به‌رژه‌وه‌ندیی
كه‌مایه‌تی‌یه‌كانیان پێ بپارێزرێ, به‌ڵام به بناغه‌كانی ئه‌و سیستمه كه له
ئه‌سڵی "یه‌ك كه‌س, یه‌ك ده‌نگ"دا خولاسه ده‌كرێته‌وه رازی نین. به پێی ئه‌و
ئه‌سڵه پێكهاته‌ی نیهاده دێمۆكراتیكه‌كانی وه‌ك پارلمان عادڵانه‌یه ئه‌گه‌ر
ڕێوشوێنی هه‌ڵبژاردن عادڵانه بووبێ. عه‌داڵه‌تی ڕێوشوێنی هه‌ڵبژاردنیش
له‌وه‌دا بینراوه كه تاكه‌كه‌سه‌كان هه‌موویان ده‌رفه‌تی وه‌ك یه‌كیان پێ
بدرێ‌و بایه‌خی ده‌نگدانی فه‌رده‌كان به قه‌ده‌ر یه‌ك بێ. به پێی ئه‌و
روانگه فه‌ردگه‌رایه كه "جۆن رۆلس" تیئوریزه‌ی كردوه له غه‌یری ئه‌وه‌دا
سه‌ربه‌ستیی تاكه‌كه‌سی‌و یه‌كسانیی هاونیشتمانان‌و مافی مرۆڤ پێشێل ده‌بێ. بۆ
به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی ئیددیعایه‌كی له‌م بابه‌ته كۆمۆنۆتاریسته‌كان كۆمه‌ڵه
بیروبۆچوونێكی زۆر به‌جێ ده‌خه‌نه ڕوو كه ده‌كرێ وێڕای زیاد كردنی هێندێك
بیروبۆچوونی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا پوخت بكرێنه‌وه:
1ـ پێداگرتن له‌سه‌ر دوولایه‌نه بوونی ژیان‌و نه‌خشی مرۆڤه‌كان‌و ئه‌وه‌كه
بواری تاكه‌كه‌سی (كه گویا هووییه‌ت‌و كولتوور یه‌كێك له پێكهاته‌كانیه‌تی)
نابێ به هیچ جۆر پێ بنێته نێو بواری گشتی‌و سیاسی له بناغه‌دا بیرێكی
چه‌وته. چوونكه پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه‌كه نیوه‌ڕۆكی هه‌ركام له‌و دوو بواره
چیه به پێی زه‌مان‌و سه‌رده‌م جیاوازه. بۆ نموونه مه‌زهه‌ب (كه ئه‌مڕۆ
به‌هۆی دابه‌زینی سێكۆلاریسم‌و لائیسیته له ئورووپا كه‌وتۆته چوارچێوه‌ی
ژیانی شه‌خسی‌و تاكه‌كه‌سی‌یه‌وه) له سه‌ده‌كانی نێوه‌راست‌دا به
پێكهاته‌یه‌كی زۆر گرنگی پێناسه كردنی بواری گشتی‌و سیاسی له قه‌ڵه‌م
ده‌درا‌و ته‌نانه‌ت وه‌ك یه‌كێك له پێوانه‌كانی به‌شداریی سیاسی به‌كار ده‌برا
(ئه‌م قسه‌یه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زۆر له پێكهاته‌كانی دیكه‌ی بواری
تاكه‌كه‌سی وه‌ك پله‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و وه‌زعییه‌تی جینسی‌و. . .دا ڕاسته).
پاشان له هه‌مان سه‌رده‌می مێژووییش دا هه‌موو سیستمه سیاسی‌یه‌كان وه‌ك یه‌ك
سه‌یری نه‌خشی ده‌وڵه‌ت‌و له ئاكام‌دا نێوه‌رۆكی بواری گشتی ناكه‌ن. بۆ
نموونه له سه‌ده‌ی بیسته‌م‌دا ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ك لیبرالیزم پێی وابوو كه
نه‌خشی ده‌وڵه‌ت ته‌نیا هاوئاهه‌نگ كردنی قازانجه تایبه‌تی‌یه‌كانی
مرۆڤه‌كانه‌و ده‌وڵه‌ت ده‌بێ كه‌مترین ده‌ستێوه‌ردان له ژیانی تاكه‌كه‌سی‌دا
بكا (جۆن لۆك), له‌لایه‌كی دیكه‌وه له سیستمی كومۆنیستی‌دا هیچ سنوورێك له
نێوان دوڵه‌ت‌و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌دا نه‌بوو‌و مافی مرۆڤ نه‌ده‌كرایه ئامرازی
به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی مه‌یدانی سیاسی‌و ده‌وڵه‌تی. دیاره ئێمه لێره‌دا به
هیچ جۆر ستایش له تۆتالیتاریسم ناكه‌ین, به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه ماركسیستی‌یه كه
هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی قازانجی گشتی بخاته گره‌وی خۆیه‌وه ده‌بێ له‌بواری
گشتی‌دا بكه‌وێته به‌ر باس‌و ڕاوێژ‌و له ئاستی سیاسی‌و ده‌وڵه‌تی‌دا به
ره‌سمی بناسرێ, بۆچوونێكی زۆر ڕاست‌و ڕه‌وایه. مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ییش یه‌كێك
له‌و مه‌سه‌لانه‌یه‌و زۆر بێ‌جێ ده‌بێ بڵێین كه هووییه‌ته قه‌ومی‌یه‌كان نابێ
له مه‌یدانی گشتی‌و ده‌وڵه‌تی‌دا خۆ بنوێنن. له ڕابردوودا هه‌میشه
پێكهاته‌كانی بواری تاكه‌كه‌سی بۆ پێناسه كردنی نێوه‌رۆكی بواری گشتی به
كار بردراون. ئه‌مڕۆش ئه‌گه‌ر بۆ نموونه سه‌یری بابه‌ته‌كانی "حقوق سیاسی" له
ڕۆژئاوا بكه‌ین, ده‌بینین مافه‌كانی مرۆڤ (= بواری تاكه‌كه‌سی) به‌شێكی گرنگی
ئه‌و دیسیپلینه كه له ئه‌سڵ دا بۆ موتاڵای ده‌وڵه‌ت (= بواری گشتی) دانراوه
پێك دێنن. له هه‌مووشی گرینگتر ئه‌وه‌یه كه نێوه‌رۆكی بواری گشتی‌و بواری
تاكه‌كه‌سی ده‌بێ پشت‌و ڕووی یه‌ك میداڵ بن كه پێی ده‌ڵێن ئازادیی مرۆڤ
(هابێرماس). ئه‌ندامانی "كه‌مه نه‌ته‌وه"كانیش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه له
هه‌ر دوو بواردا ویست‌و داخوازیان هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت ویست‌و داخوازه
تاكه‌كه‌سی‌یه‌كانیان له ویست‌و داخوازه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانیش ئه‌سڵه‌ن جیا
ناكرێنه‌وه (شكی تێ‌دا نیه ئه‌گه‌ر هووییه‌تی كورد له ئاستی ده‌وڵه‌تی‌و
نیهادی‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌با, تاكه‌كه‌سه كورده‌كان به تاوانی به‌كارهێنانی
زمانی زگماكی‌یان نه‌ده‌كه‌وتنه زیندان).
2ـ هه‌ڵه‌یه‌كی بناغه‌یی دیكه‌ی سیستمه فه‌ردگه‌رایه‌كان به‌كه‌م گرتنی
بایه‌خ‌و بارستایی هووییه‌ت, مێژوو و زه‌ین‌و حافیزه‌ی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكه.
هه‌روه‌ك گوترا لیبرالیزم به ناوی وه‌دیهێنانی یه‌كسانی مه‌وجوودێكی بێ‌گیان‌و
بێ‌پێناسه‌ی به ناوی "تاكه‌كه‌س" ساز كرد. ئه‌وه كه ده‌وروبه‌ری كولتووریی
مرۆڤ شوێنه‌وار له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسیی وی داده‌نێ‌و ئه‌وه‌كه
كه‌سایه‌تیی ئینسان ته‌نیا له چوارچێوه‌ی به كۆمه‌ڵ‌دا گه‌شه ده‌كا
ڕاستی‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره كه زۆر سه‌رچاوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییش وه‌ك
ڕاگه‌یه‌ندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ ئیشاره‌یان پێ‌كردوه. هه‌ربۆیه هیواداربوون
به‌وه‌كه ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندوو حازر بن له‌كاتی به‌شداری‌یان له
پرۆسه‌ی سیاسیی وڵات‌دا هووییه‌تی قه‌ومیی خۆیان له‌بیر خۆیان به‌رنه‌وه هه‌ر
به قه‌ده‌ر چوونه ڕاوه‌ماسی له سه‌حرای ئه‌فریقا واقیع بینانه‌یه!
3ـ لیبرالیزمی فه‌ردگه‌را ئامانجی به‌رابه‌ریی مرۆڤه‌كان ده‌كاته بیانوو و
پاساوده‌ری هه‌موو حه‌زو نیازه‌كانی خۆی, هه‌ر به‌و پێیه‌ش به‌و ئاكامه ده‌گا
كه ئیدئالی یه‌كسانیی مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌وه ده‌خوازێ كه تاكه‌كه‌سه‌كان
هه‌موویان به‌بێ وه‌به‌رچاو گرتنی جیاوازی‌یه قه‌ومی‌یه‌كانیان وه‌ك یه‌ك له
ژیانی سیاسی‌دا به‌شدار بن. له ئه‌نجام دا هه‌موو هاونیشتمانان ده‌بێ پێكه‌وه
بۆ یه‌ك نیهادی نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگ بده‌ن جا ئاكامی ده‌ه‌نگدانه‌كه هه‌رچی
بێ. له ڕاستی‌دا ئیستدلالێكی له‌م چه‌شنه مارێكه كه كلكی خۆی ده‌خوا.
چونكه له وه‌ڵام‌دا ده‌توانین بڵێین كه هه‌ر ئه‌و ئامانجی هه‌ڵناواردن (عدم
تبعیض)ی قه‌ومی‌یه ئه‌وه ده‌خوازێ كه ئه‌و یه‌كسانی‌و به‌رابه‌ری‌یه كه
باسی ده‌كرێ ته‌نیا له‌نێوان تاكه‌كه‌سه‌كان‌دا نه‌بێ, به‌ڵكوو له‌نێوان گه‌ل‌و
نه‌ته‌وه‌كانیش‌دا وه‌به‌ر چاو بگیرێ. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نیا له روانگه‌ی
تاكه‌كه‌سیشه‌وه سه‌یری مه‌سه‌له‌كه بكه‌ین زۆر به ئاسانی ده‌توانین بپرسین
كه ئایا هه‌موو تاكه‌كه‌سه‌كان وه‌ك یه‌ك مافی ئه‌وه‌یان نیه كه به‌قه‌د یه‌ك
ڕێز‌و بایه‌خ بۆ كولتووره قه‌ومی‌یه‌كه‌یان دابنرێ؟ له‌وه‌ش زیاتر مادام
تاكه‌كه‌سه‌كانی نێو كۆمه‌ڵ له‌به‌ر جیاوازیی ته‌عه‌لووقی قه‌ومی‌و
هه‌لومه‌رجی ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌یان, به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌كانیان هه‌ر له
بناغه‌وه جیاواز‌و دژ به یه‌كه, ئه‌و به ناو عه‌داڵاته له ڕێوشوێنی
هه‌ڵبژاردن‌دا شتێكی دوور له عه‌داڵه‌تی راسته‌قینه‌یه. پاشان فێعلی بوونی
نیهاده دێمۆكراتیكه‌كان ئه‌وه ده‌خ |