|
20-12-1385
وه‌رگێرانی: سه‌لاح فاروقی
ڕوانگه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت له‌مه‌ڕ ڕاگه‌یه‌نه‌كان:
قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت ڕه‌وتێكی
فكرییه كه له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له نیۆماركسیسته‌كانی ئاڵمان بنیات نراوه.
بنیاتنه‌رانی ئه‌م قوتابخانه‌یه له تیۆریی ماركسیستی‌و به تایبه‌ت "جه‌بر"
ئاژۆیی ئابووری ئه‌م بیردۆزه ڕه‌خنه‌یان گرتووه. "بنیاتی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی"
كه بوه هۆی دروست بوونی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ساڵی
1923ی زایینی له ئاڵمان دامه‌زرا. هه‌رچه‌ند كه زۆربه‌ی ئه‌ندامانی، به‌ر له‌وه‌ش
خه‌ریكی شڕۆڤه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی تیۆریی ماركسیستی بوون، به‌ڵام زۆربه‌ی
تیوریسیه‌نه‌كانی ئه‌م قوتابخانه‌یه، پاش به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی نازییه‌كان له
ئاڵمان له دوورخراوه‌ییدا ده‌ژیان، به چه‌شنێك كه زۆربه‌یان بۆ وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مریكا كۆچیان كرد‌و له‌وێ له بنیاتێكی سه‌ر به زانكۆی كۆڵۆمبیا درێژه‌یان
به كار‌و چالاكیان دا، به‌ڵام پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیی، چه‌ند كه‌سێك له‌م
كه‌سایه‌تیانه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت گه‌ڕانه‌وه بۆ ئاڵمان‌و ئه‌وانی دیش هه‌ر
له وڵاتی ئه‌مریكا مانه‌وه.
له سه‌رده‌می دوای شه‌ڕ، قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت بووه نێوه‌ندی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی
تیۆریی كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سه‌رنجی كۆمه‌ڵی زانستیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بۆ لای خۆی
ڕ‌اكێشا. یه‌كه‌م ئه‌ندامانی ئه‌م قوتابخانه‌یه وه‌كوو: "ئادۆرنۆ، هۆركهایمر‌و
ماركۆزه" نۆرمێكی نوێیان له بیردۆزه‌ی ماركسیستی له ژێر ناوی "بیردۆزه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه"
داڕشت، به‌ڵام گرینگ‌ترین چالاكییه‌كان له به‌ستێنی ڕه‌خنه‌گرانه‌دا، له لایه‌ن
وه‌چه‌ی دووهه‌می فرانكفۆرتییه‌كانه‌وه ئه‌نجام درا. هه‌رچه‌ند كاریگه‌ری ئه‌م
تیۆرییه له سه‌ر كۆمه‌ڵناسی ئه‌مریكا روو له زیاد بوونه، به‌ڵام به گشتی
مێتۆدێكی ئورووپایی‌یه. بیردۆزه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، جۆره
بیردۆزه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه له نووسینه سه‌ره‌تایی‌یه‌كانی "هۆركهایمێر"
(له ده‌یه‌ی 1930)، تا نوێترین به‌رهه‌مه‌كانی "یورگن هابرماس"، هه‌میشه پێوه‌ندییه‌كی
دوو لایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ ماركسیزمی رۆژئاوایی هه‌بوه.
بیردۆزه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه، سه‌ره‌تای كاره‌كه‌ی بۆ ره‌خنه گرتن له تیۆریی
ماركسیستی ته‌رخان كرد‌و به تێڕوانینێكی دوودڵانه به‌رانبه‌ر به جه‌برئاژۆیی
ئابووریی "ماركس"، بایه‌خدان به لایه‌نه نائابوورییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی،
به تایبه‌ت له بواری كولتوری به پێویست ده‌زانێ، به‌ڵام زۆربه‌ی چالاكییه‌كانی
ئه‌م قوتابخانه‌یه، پێوه‌ندیی به ڕه‌خنه گرتن له بارودۆخی هه‌نووكه‌یی سیستمی
كاپیتالیستی‌و هه‌روه‌ها مۆدێڕنیزمی رۆژئاوایی بوه. ئه‌م قوتابخانه‌یه له‌و
باوه‌ڕه‌دایه كه له سه‌رده‌می ئێستادا نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارێتی له بواری
ئابورییه‌وه بۆ لایه‌نی فه‌رهه‌نگی گوێزراوه‌ته‌وه‌و چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر
پرسی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌نجام داوه. هه‌روه‌ها له سه‌ر سه‌ركوتی تاكه كه‌س له
كۆمه‌ڵگای ئێستادا‌و ئامرازه سه‌ركوتكه‌ره نوێیه‌كان، وه‌كو ڕاگه‌یه‌نه گشتییه‌كان
پێداگری ده‌كات. به واتایه‌كی دیكه ئه‌وان باس له سه‌ر ڕه‌وتی پێ‌گرتن‌و
هاتنه ئارای ئیدئۆلۆژی سه‌رمایه‌داری‌و ڕه‌وایی پێدانی له رێگه‌ی ئامرازه
جۆراوجۆره‌كانی، پروپاگه‌نده ده‌كا.
لێكدانه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌نه‌كان له روانگه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرته‌وه:
له شڕۆڤه‌ی ڕاگه‌یه‌نه گشتییه مودێرنه‌كان، سێ بیردۆزه كه له ماركسیزمه‌وه
وه‌رگیراون، به‌دی ده‌كرێ‌و بریتین له: "بیردۆزه‌ی ئابووری ڕامیاری، بیردۆزه‌ی
هێژمونیی (ده‌سه‌ڵات)و بیردۆزه‌ی ره‌خنه‌گرانه". بیردۆزه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه هه‌ر
وه‌ك بیردۆزه‌ی هێژمونی لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر سه‌رخان ده‌كا، واته كاره‌كه‌ی
خوێندنه‌وه‌ی كولتوور‌و تێكنۆلۆژی به تایبه‌ت تێكنۆلۆژی ڕاگه‌یه‌نه‌كانه‌و به
پێچه‌وانه‌ی بیردۆزه‌ی ئابووریی ڕامیارییه كه ژێرخان واته لایه‌نی ئابووری
ده‌خاته به‌ر باس‌و لێكۆڵینه‌وه. بیرمه‌ندانی قوتابخانه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی
فرانكفۆرت به تایبه‌ت "ئادۆرنۆ، هۆركهایمیر‌و ماركۆزه" كاریگه‌رییه‌كی زۆریان هه‌بوه
له سه‌ر ئه‌و تیوریسیه‌نانه‌ی كه له روانگه‌یه‌كی كولتورخوازانه‌وه، له
شڕۆڤه‌ی ڕاگه‌یه‌نه‌كان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن. ئه‌م بیردۆزه چونكه له سه‌ر راگه‌یه‌نه
گشتییه‌كان وه‌كوو میكانیزمێكی به‌هێز بۆ چاوه‌دێری كردنی گۆڕانكارییه‌كان
پێداگری ده‌كا، به‌و پێیه توانیویه‌تی كاریگه‌ری له سه‌ر كۆمه‌ڵگای جه‌ماوه‌ری‌و
هێژمونی ببێ‌و نۆرمێكی تایبه‌تیان پێ‌بدا.
خاڵێكی هاوبه‌ش كه له هه‌موو بیردۆزه ماركسیستییه‌كاندا به‌دی ده‌كرێ ئه‌وه‌یه
كه: ئه‌م ره‌هه‌ندانه، راگه‌یه‌نه‌كان به كه‌ره‌سه‌یه‌ك ده‌زانن كه له پاوانی
چینی سه‌رمایه‌داردایه‌و بۆ كۆنترۆڵ‌و چاوه‌دێری كردن، به‌كاری دێنن. چینی
باڵاده‌ست هه‌روه‌ك به سه‌ر ئامراز‌و به‌رهه‌مه مادییه‌كاندا زاڵه، توانیویه‌تی
به‌رهه‌مه نامادی‌و هزرییه‌كانیش بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه‌و به چاودێری
كردنی چینی ده‌سه‌ڵاتدار به سه‌ر هه‌موو ئه‌ندێشه‌كاندا، بیرۆكه‌كانی ئه‌م چینه
ده‌بێته بیرۆكه‌ی زاڵ له‌م چاخه‌دا. به‌ڵام جگه له‌م ڕوانگه هاوبه‌شانه، بابه‌تێك
كه سه‌رنجی تێوریسیه‌نه‌كانی فرانكفۆرتی بۆ لای خۆی ڕ‌اكێشا، به‌دی نه‌هاتنی
پێشبینییه‌كانی ماركس له‌مه‌ڕ شۆڕش‌و هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و
ڕامیارییه‌كان بوو.
مێژوونووسان به‌ڵگه‌ی زۆریان له‌مه‌ڕ ده‌سته‌مۆ كردنی چینی كرێكار‌و شكستی
پێشبینییه‌كانی "ماركس" هێناوه‌ته‌وه، بۆ وێنه حه‌قده‌ستی باشتر، ڕێبه‌ری
كردنی لاوازی حیزب، ئاڵوگۆڕ له ده‌وڵه‌ته لیبراڵه‌كان، ناسیونالیزم، گلوبالیزم‌و
بازرگانی بوونی كۆمه‌ڵگاكان، له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه‌ن كه سه‌ركه‌وتنی
سیستمی سه‌رمایه‌داریی ئاسان كردۆته‌وه. هه‌ربۆیه بیرمه‌ندانی فرانكفۆرتی بۆ
لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م تێكشكانه ئاماژه‌یان به توانایی سه‌رخانه‌كان به تایبه‌ت
ڕاگه‌یه‌نه گشتییه‌كان كردوه كه له گۆڕینی ڕه‌وتی سروشتی مێژوو و چه‌واشه
كردنی شۆرشه سوسیالیستییه‌كان، ده‌ورێكی گرینگ‌یان گێڕاوه. چونكه ئیدئۆلۆژی
چینی ده‌سه‌ڵاتدار توانی له رێگه‌ی هه‌ندێك گۆڕانكاری به تایبه‌ت ڕاكێشانی
چینی كرێكار، بارودۆخی ئابووری بگۆڕێ، به‌و پێیه‌ش سه‌رجه‌م سیستمی به‌رهه‌م
هێنان، خزمه‌تگوزاری‌و هزری مرۆڤه‌كانیش له لایه‌ن سیستمی كاپیتالیستییه‌وه به‌ڕێوه
ده‌چن. هه‌ر له‌م بواره‌دا ده‌توانین بڵێین كه ته‌نانه‌ت كولتوری ناڕه‌زایه‌تی
ده‌ڕبرین‌و هونه‌ره‌كانیش ده‌بنه به‌شێك له‌م سیستمه‌و بۆ قازانج وه‌رگرتن به
شێوه‌ی كاڵا ده‌چنه بازاڕه‌وه.
بیرمه‌ندانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، به تێڕوانینێكی ڕاگه‌یه‌نه ته‌وه‌ره‌وه
كه له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تیی پێكه‌وه گرێ دراون، ڕاگه‌یه‌نه‌كان
به ئامرازێكی به‌هێز ده‌زانن كه چالاكیی سه‌ره‌كییان ڕاگرتنی كه‌ش‌و هه‌وای
هه‌نووكه‌یی، پروپاگه‌نده بۆ ئیدئۆلۆژی چینی ده‌سه‌ڵاتدار‌و پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی
چالاكییه كرێكارییه‌كانه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سیستمی ڕاگه‌یاندن به ده‌ست كۆمه‌ڵه
كه‌سێكی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه كه نێوه‌ڕۆكی به‌رهه‌م هێنان‌و بڵاو كردنه‌وه‌كانیان
له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی چینی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌گونجێ‌و گوێگره‌كانیشی كه زیاتر
له چینی بنده‌ستن، ناچار به وه‌رگرتنی جۆرێكی تایبه‌ت له زانیاری‌و ئه‌ندێشه‌ن.
هه‌روه‌ها چینی ده‌سه‌ڵاتدار ڕاگه‌یه‌نه‌كانی وه‌كو كۆمپانیایه‌كی بازرگانی له
پاوانی خۆی گرتووه‌و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه گوێگر له ده‌ستڕاگه‌یشتن
به سه‌رچاوه‌ی زانیاریی ئه‌لترناتیڤ بێ‌به‌ش بێ. له لایه‌كی دیكه‌وه ڕاگه‌یه‌نه‌كانی
چینی ده‌سه‌ڵاتدار به هه‌ڵبژاردنی زانیاری‌و دانانی فیلتێر به مه‌به‌ستی
پێش‌گرتن له ده‌نگه‌كانی دی جگه له خۆیان، به به‌رده‌وامی خه‌ریكی ڕه‌وایی
پێدان به سیستمی زاڵ‌و ده‌سه‌ڵاتدارن.
تیۆریسیه‌نه‌كانی فرانكفۆرت له به‌شێك له تیورییه‌كانیاندا، ڕه‌خنه‌یان له‌و
دۆزه‌ی كه پێێ ده‌ڵێن " پیشه‌سازی كولتوری" گرتووه، واته ستراكتۆری عه‌قڵانی‌و
بۆرۆكراتیكانه وه‌كو كاناڵه ته‌له‌فزیونییه‌كان كه جڵه‌وی كولتوری نوێیان له
ده‌ستدایه، پیشه‌سازی كولتوری كه فه‌رهه‌نگی جه‌ماوه‌ریی پێ ده‌ڵێن، به‌رهه‌م
دێنێ. فه‌رهه‌نگێك كه تیۆریسیه‌نه‌كانی ئه‌م قوتابخانه‌یه مه‌ترسییان له دوو
شتی هه‌یه: یه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی كه پێیان وایه له سه‌ر بناغه‌یه‌كی ڕواڵه‌تی‌و
درۆ دامه‌زراوه. قوتابخانه‌ی ره‌خنه‌گرانه له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه ئه‌م
كولتوره كۆمه‌ڵێك هزر‌و بیری له پێش دا دیاریكراوی خه‌ڵك په‌سه‌نده كه له
لایه‌ن ڕاگه‌یه‌نه‌كانه‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه. دووهه‌م، ئه‌وان واته فرانكفۆرتییه‌كان
له‌مه‌ڕ كاریگه‌ری سه‌ركوتكه‌رانه‌ی ئه‌م كولتوره له سه‌ر خه‌ڵك پێداگری ده‌كه‌ن.
په‌یڕه‌وانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، كولتوری جه‌ماوه‌ر به ستراكتۆری مه‌زنی
به‌رهه‌م هێنان‌و جگه له‌ویش به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیداری ده‌زانن‌و پێیان
وایه رێگه‌ی ده‌رباز بوون له‌م هه‌ڕه‌شه‌یه ده‌ست ڕاگه‌یشتن به به‌رهه‌مه
ڕه‌سه‌نه هونه‌رییه‌كانه. له به‌شێكی دیكه له تیورییه‌كانی قوتابخانه‌ی
ناوبراو ڕه‌خنه له عه‌قڵانییه‌تی ڕواڵه‌تی گیراوه، عه‌قڵانییه‌تێك كه
مه‌به‌ستی كه‌ڵك وه‌رگرتن له كاریگه‌رترین كه‌ره‌سه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی به‌و
ئامانجانه بگا كه بۆ ده‌سه‌ڵاتداران گرینگه. بیرمه‌ندانی قوتابخانه‌ی
ڕه‌خنه‌گرانه، نازیسم به‌تایبه‌ت ئوردووگای كوشتاره به‌كۆمه‌ڵه‌كانی نازییه‌كان
به نمونه‌یه‌ك له عه‌قڵانییه‌تی ڕواڵه‌تی ده‌زانن. هه‌روه‌ها كه‌ڵك وه‌رگرتن
له تێكنۆلۆژییه نوێیه‌كان به تایبه‌ت ڕاگه‌یه‌نه‌كان كه ده‌بێتـه هۆی گه‌یشتن
به مه‌به‌سته ده‌سه‌ڵات خوازانه‌كان وه‌كوو نمونه‌یه‌كی دیكه له
عه‌قڵانییه‌تی ڕواڵه‌تی باس ده‌كه‌ن.
ئادۆرنۆ و هۆركهایمێر
" ئادۆرنۆ و هۆركهایمێر" به‌و ئاكامه گه‌یشتوون كه سیستمی كاپیتالیستی، هه‌موو
ئه‌و شتانه واته بنه‌ماڵه، كاتی بێكاری‌و ژیانی تاكه‌كه‌س كه سه‌رمایه‌داری
سه‌ره‌تایی وازی لێ هێنابوون، ده‌ستی به‌سه‌ر داگرتووه‌و پیشه‌یی كردووه.
سه‌رمایه‌داری به دوای په‌یدا كردنی بازاری نوێیه‌و بۆ په‌ره‌پێدانی بازار،
هه‌وڵ ده‌دا بچێته نێو تایبه‌تی‌ترین ڕه‌هه‌نده‌كانه‌وه. سه‌رمایه‌داری له
قۆناغی سه‌ره‌تایی‌دا له رێگه‌ی كانگه‌كۆڵینه‌كان‌و به‌رهه‌می كارخانه‌كان،
قازانجی خۆی به ده‌ست ده‌هێنا، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستادا به واز هێنان له
شێوه‌كانی پێوه‌ندیی كۆن، ڕووی له پێوه‌ندییه ئێلێكترۆنییه‌كان‌و شمكه
به‌كارهێنراوه‌كانی سه‌ر به‌م پیشه مۆدێڕنه كردوه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه
هه‌نووكه ژماره‌یه‌كی زۆر شه‌مه‌نده‌فه‌ر، تڕۆمبێڵ‌و فرۆكه دروست ده‌كرێ،
به‌ڵام تێكنیكۆلۆژیی پێوه‌ندی‌و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه سه‌ر به‌م تێكنیكه‌ن،
سه‌رمایه‌داری‌و سه‌رچاوه‌ی قازانجه‌كه‌ی پێك دێنێ.
ئادۆرنۆ
"ئادۆرنۆ" له به‌ستێنی ڕاگه‌یه‌نه‌كان باس له سنووردار بوونی تێكنۆلۆژی به
تایبه‌ت تێكنۆلۆژی ڕاگه‌یه‌نه‌كان ده‌كا‌و ده‌ڵی: ئه‌گه‌ر راگه‌یه‌نه نوێیه‌كان
ته‌نیا لایه‌نێكی ئه‌رێنییان هه‌بێ، ئه‌وه توانایی‌یان بۆ پێك هێنانی یه‌كیه‌تی
له كۆمه‌ڵگادایه كه به خێرایی به‌ره‌و چه‌ند ده‌سته‌یی‌و لێك بڵاو بوون
ده‌چێ، به‌ڵام تێڕوانینی ڕاگه‌یه‌نه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌رانبه‌ر به
یه‌كیه‌تی‌و هاوده‌نگ بوون، زۆر دووپات كراوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌مان كاتیش‌دا
نه‌رێنییه‌و بێ بنه‌ما بوونی خۆی به‌ئاشكرا ده‌رده‌خا. ناوبراو به‌و شێوه‌یه
روانگه‌كانی خۆی ده‌سه‌لمێنێ كه مه‌به‌ستی زۆربه‌ی پرۆگرامه
ته‌له‌فزیونیه‌كانی ئێستا به‌رهه‌م هێنانه، واته ئه‌م پڕۆگرامه بیر ته‌سكانه
به ڕه‌ش بینییه‌كی ڕۆشنبیرانه‌وه دروستكراون‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه به
ڕۆاڵه‌ت دژی ملهۆرییه، به‌ڵام بیر‌و باوه‌ڕی ملهۆرانه‌ی به‌رهه‌م
هێنه‌ره‌كانی، نێوه‌رۆكی ئه‌م به‌رنامانه پێك دێنێ.
هۆركهایمێر
"هۆركهایمێر" به له به‌رچاو گرتنی پێوه‌ندیی نێوان كولتوور‌و ئیدئۆلۆژی، به‌و
شێوه‌یه ده‌دوێ كه تێكنۆلۆژی به تایبه‌ت تێكنۆلۆژیی رادیویی، خۆیان له‌مه‌ڕ
په‌سه‌ند كردنی خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن‌و له به‌ر ئه‌وه‌ی رادیو هۆكارێكه بۆ
پێوه‌ندیی یه‌ك لایه‌نه كه ده‌ره‌تانی وه‌ڵام دانه‌وه پێی به‌رته‌سكه، بۆیه
ئامۆژگارییه‌كانی حاڵه‌تی ده‌ستوور‌و فه‌رمان به خۆیه‌وه ده‌گرێ‌و به‌رهه‌م
هێنه‌ره‌كانی ئه‌م به‌رنامه رادیوییانه كه خۆیان به مزگێنی هێنه‌ری
سه‌ربه‌ستی بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌زانن، له بنه‌ڕه‌تدا ده‌بنه كه‌سانێك كه ته‌نیا
ده‌ستوور‌و فه‌رمان ده‌ده‌ن.
"ئادۆرنۆو‌و هۆركهایمێر" لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه ئه‌نجام ده‌ده‌ن كه
له ته‌له‌فوونه‌وه به‌ره‌و رادیو نراوه. له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه له
پێوه‌ندیی ته‌له‌فونی‌دا لایه‌نه‌كان سه‌ربه‌ستن‌و مافی دیالۆگیان هه‌یه‌و
بابه‌تی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه خۆیان هه‌ڵی‌ده‌بژێرن، به‌ڵام له رادیودا، هه‌موو
به‌كارهێنه‌ره‌كانی ئه‌م كه‌ره‌سه‌یه وه‌كو گوێگر گریمان ده‌كرێن‌و به
پێچه‌وانه‌ی ته‌له‌فون هه‌موو به‌شداربوان له رادیودا، بارودۆخێكی هاوشێوه به
سه‌ریاندا زاڵه‌و گوێگره‌كان گوێگری به‌رنامه‌یه‌كن كه له رادیۆوه بڵاو
ده‌بێته‌وه. ڕاگه‌یه‌نه ئێلێكترۆنییه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌نگ‌و
په‌یامی ملهۆڕانه‌ی خۆیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن زۆربه‌ی
هه‌ره زۆری جه‌ماوه‌ره‌وه ببیسترێ. "تاك بێژی" رادیۆ كه‌ره‌سه‌یه‌كی
جاودویی‌یه كه مرۆڤه ئازاد‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كاته بوونه‌وه‌رێكی
بێ‌ده‌سه‌ڵات.
هێربێرت ماركۆزه
" هێربێرت ماركۆزه"، ڕه‌خنه‌گرێكه كه زۆربه‌ی ره‌خنه‌كانی كۆمه‌ڵگای
پێشكه‌وتووی پیشه‌یی رۆژئاوا‌و تێكنۆلۆژییه نوێیه‌كان له خۆ ده‌گرێ. ناوبراو
له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه تێكنۆلۆژییه مۆدێرنه‌كان به تایبه‌ت تێكنۆلۆژی
ڕاگه‌یه‌ن‌و پێوه‌ندییه‌كان، تاكه‌كان به شێوه‌یه‌كی كارا ده‌سته‌مۆ ده‌كه‌ن‌و
بوار بۆ توتالیتاریزم ده‌ڕه‌خسێنن. به واتایه‌كی دی سیستمی ڕاگه‌یه‌نه‌كان‌و
سیستمه‌كانی دیكه‌ی به‌رهه‌م هێنانی به‌رفراوان خه‌ریكی فرۆشتن‌و سه‌پاندنی
جۆرێك سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تین كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ركوتكه‌ر‌و ده‌سه‌ڵات
خوازه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا شتێكی ئه‌رێنی‌و دڵخوازیشه. ڕۆڵی سه‌ره‌كی
ڕاگه‌یه‌نه‌كان له سیستمی كاپیتالیستی دا، هاندان‌و هه‌روه‌ها دابین كردنی یه‌ك
لایه‌نه‌ی پێداویسته ناڕاست‌و ده‌ستكرده‌كانه. نموونه‌ی زه‌ق‌و ئاشكرای ئه‌م
پرسه، پڕوپاگه‌نده‌ی به‌ربڵاو له رێگه‌ی ته‌له‌فزیونه بۆ كۆمه‌ڵایه‌تی كردن،
بێ‌ده‌نگ كردن‌و ملكه‌چ كردنیان به‌رانبه‌ر به مێتۆده‌كانی سیستمی
ده‌سه‌ڵاتداره.
"ماركۆزه" ئه‌م شێوه بیركردنه‌وه‌یه كه ده‌ڵێ تێكنۆلۆژی له جیهانی نوێ‌دا
بێ‌لایه‌نه، نه‌ته‌نیا په‌سه‌ند ناكا، به‌ڵكوو پێی وایه ئه‌وانه ئامرازێكن كه
ده‌ست به سه‌ر خه‌ڵك داده‌گرن‌و به‌ره‌و كۆیله‌یه‌تیان ده‌با. له لایه‌كی
دیكه‌وه، ئه‌م تێكنۆلۆژییانه له خزمه‌ت سه‌ركوتی تاك بوون دان‌و سنووری
ئازادی ده‌روونی چالاكانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌زێنێ. "ماركۆزه" پێی وایه كه
ئاكامی ئه‌م كارانه‌ش ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگا ده‌بێته كۆمه‌ڵگایه‌كی تاك
ڕه‌هه‌ندی، واته كۆمه‌ڵگایه‌ك كه تاكه‌كان تێیدا توانایی بیركردنه‌وه‌ی
ڕه‌خنه‌گرانه‌یان له‌مه‌ڕ كۆمه‌ڵگاكه‌یان له ده‌ست داوه.
"ماركۆزه" پێی وانیه كه تێكنۆلۆژی، خۆی له خۆی‌دا مه‌ترسیدار بێ، به‌ڵكوو
باوه‌ڕی وایه كه ئه‌و جۆره‌ی كه له كۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا كه‌ڵكی
لێوه‌رده‌گیرێ، مه‌ترسیدار‌و دژی مرۆڤایه‌تییه. هه‌روه‌ها ناوبراو پێی وایه
كه ته‌نیا به شۆرشێك ده‌توانرێ پێوه‌ندیی ترسناكی نێوان تێكنۆلۆژی‌و سیستمی
كاپیتالیستی بپچڕێ‌و تێكنۆلۆژی بۆ مه‌به‌ستی مرۆڤ دوستانه به كار ببرێ.
له‌وه‌ده‌چێت كه "ماركۆزه" ئه‌م شێوه بیركردنه‌وه‌ی له "ماركس" وه‌رگرتبێ كه
ده‌ڵێ، تێكنۆلۆژی خۆی له خۆی‌دا كێشه ناخۆڵقێنێ‌و ده‌توانرێ بۆ دروستكردنی
كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كسان‌و باشتر كه‌ڵكی لێوه‌رگیرێ. به گشتی ڕه‌خنه‌كانی
ماركۆزه به‌رانبه‌ر به ڕاگه‌یه‌نه‌كان، زیاتر له‌و پرسه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ
كه ڕاگه‌یه‌نه گشتییه‌كان نۆرمێكی نوێ له به‌ڕێوه‌بردن‌و چاوه‌دێری گشتین‌و
ئه‌وه ڕاگه‌یه‌نه‌كانن كه پێویستییه ئایدیاڵه‌كان، بیركردنه‌وه‌ی تاك
ڕه‌هه‌ندی‌و هه‌روه‌ها ئه‌و كرده‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ دووباره ره‌نێوهێنانی
سه‌رمایه‌داری‌دا ده‌گونجێن، دابین ده‌كه‌ن.
یورگن هابرماس
"یورگن هابرماس" له لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌دا له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تیی پێ‌گرتنی ڕه‌هه‌ندی
گشتی بورژوا، بایه‌خێكی زۆر به بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و چاپه‌مه‌نییانه ده‌دا كه
جاروبار ده‌رده‌چن. بڵاڤۆكه ره‌خنه‌گرانه‌كان‌و حه‌وتوونامه ئه‌خلاقییه‌كان كه
له سه‌ده‌ی 17و 18ی زایینی، له ئورووپا بڵاو ده‌كرانه‌وه، بوارێكی نوێیان بۆ
دیالۆگه گشتییه‌كان پێك هێنا‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م جۆره بڵاڤۆكانه له
بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی‌و كولتووری كاریان ده‌كرد، به‌ڵام پیشه‌ی سه‌ره‌كییان
ئه‌و پرسانه بوون كه بایه‌خی كۆمه‌ڵایه‌تی _ ڕامیارییان هه‌بوو. ناوبراو
ئاماژه به‌وه ده‌كا كه باس‌و تۆژینه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌كانی ئه‌و
چاپه‌مه‌نییانه كه جاروبار ده‌رده‌چن، دووقات كاریگه‌ری له سه‌ر نۆرمی بنیاتی
حكومه‌ته مۆدێرنه‌كان داناوه‌و بۆته هۆی گۆڕانكاری له نۆرمی بنیاتی ئه‌و
حكومه‌تانه‌ش. هه‌روه‌ها له قۆناغه‌كانی دواتردا به هۆی هاتنه ئارای
ڕاگه‌یه‌نه نوێیه ئێلێكترۆنییه‌كان، پرسی پێوه‌ندییه‌كان دووباره بۆته هێزێكی
باڵاده‌ست.
"هابرماس" هێزی رزگاری ده‌ری "په‌نگراو(بالقوه)"ی ڕاگه‌یه‌نه‌كان له‌وه‌دا
ده‌بینێ كه ئه‌م ڕاگه‌یه‌نانه ده‌توانن ئاستی وشیاری به‌رانبه‌ره‌كانیان
]گوێگر ـ بیسه‌ر[ به‌رز بكه‌نه‌وه. به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌وه، ڕه‌خنه له
ڕاگه‌یه‌نه‌كان ده‌گرێ‌و ده‌ڵێ كه بوار بۆ خۆ ده‌رخستنی باوه‌ڕه دروست‌و
متمانه پێكراوه‌كان نایه‌ڵنه‌وه. "هابرماس" به پێی تیۆرییه‌كانی "ئادۆرنۆ‌و
هركهایمێر" به‌و شێوه‌یه بیر‌و باوه‌ڕی خۆی ده‌سه‌لمێنێ كه گوێگر وه‌كو دیلێك
وایه كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌م هێنه‌ری پرۆگرامی ڕاگه‌یه‌نه‌كانه، به
چه‌شنێك كه به بوردومان كردنی به‌رده‌وامی به‌رانبه‌ر به ]گوێگر ـ بیسه‌ر[
هۆی كۆمه‌ڵێك بیرۆكه‌ی له پێشدا دیاری‌كراو، ته‌نانه‌ت ساتێكیش واز له گوێگر
ناهێنن، به‌م شێوه‌یه به‌كارهێنه‌رانی ڕاگه‌یه‌نه‌كان زۆربه‌ی كاته‌كان بیسه‌ر‌و
بینه‌ری به‌رنامه‌ی دووپات كراوه‌ن. له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه، ڕاگه‌یه‌نه‌كان به
دڵنیایی‌یه‌وه تریبونێكی ئایدیال بۆ نۆرم دان به بارودۆخێكی ده‌ڕبرینی ئایدیال
نین‌و وه‌ك به‌شێك له ڕه‌هه‌ندی گشتی دێمۆكرات نایه‌نه ئه‌ژمار. به‌ڵام به‌و
پێیه‌ی كه مرۆڤه‌كان ڕۆڵی ئه‌كته‌رێكی به‌رپرسیار ده‌گێڕن، بۆیه ده‌كارن له
به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی راگه‌یه‌نه‌كاندا خۆراگری بكه‌ن.
ئه‌و ره‌خنانه‌ی كه له قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت گیراون.
چه‌ندین ڕه‌خنه ئاراسته‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت‌و بیردۆزه‌ی ره‌خنه‌گرانه
كراوه:
بیردۆزه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ی فرانكفۆرت جگه له نه‌رێنی ئاژۆیی، هه‌ڵوێستێكی
دژه مێژووییشی هه‌یه. بۆ وێنه كاتێك بیردۆزه‌ی ره‌خنه‌گرانه باس له نازیسم
له ده‌یه‌ی 1930و شۆڕشه خوێندكارییه‌كان له ده‌یه‌ی 1960 ده‌كا، به بێ
سه‌رنجدان له بواری مێژوویی یان لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر ئه‌م رووداوانه ده‌كا.
هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌گرانی فرانكفۆرت پێیان وایه كه ئه‌م قوتابخانه‌یه كۆمه‌ڵێك
خاڵی بێ وڵام هێشتۆته‌وه، بۆ وێنه: ئه‌وه‌ی كه چۆن ده‌توانرێ ده‌سه‌ڵاتی
ڕاگه‌یه‌نه‌كان پووچه‌ڵ بكرێته‌وه‌و له هه‌مان كاتیش‌دا له به‌رانبه‌ری‌دا
خۆڕاگری بكرێ؟
هه‌ڵوێستی ئه‌م قوتابخانه‌یه له‌مه‌ڕ ئه‌و ڕاگه‌یه‌نانه‌ی كه نه له ده‌ست
ده‌وڵه‌ت دایه‌و نه له ده‌ست چینی سه‌رم |