|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: هزر ::. |
|
دێموكراسیی راسته‌قینه یان دێموكراسیی رواڵه‌تی |
|
ره‌زا فه‌تحوڵڵانژاد
یه‌كێك له‌و مه‌سه‌لانه كه
له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا، هه‌میشه له رێگه‌ی پروپاگانده‌و چه‌واشه‌كارییه‌وه
هه‌وڵی داپۆشین‌و وه‌په‌راوێزخستنی دراوه، مه‌سه‌له‌ی مافی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان
له‌م وڵاته‌دا بووه. له‌و پێوه‌ندییه‌دا له لایه‌ن شوڤێنیسته‌كانه‌وه بۆ
پاراستنی هێژمونیی زاڵ كه هه‌مان باڵاده‌ستیی نه‌ته‌وه‌ی فارس به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی
دیكه‌ی ئێرانه، شێوازگه‌لی‌جۆراوجۆر ره‌چاو كراون‌و تیۆریگه‌لێكی چه‌واشه‌كارانه
داتاشراون. تا دوێنێ هه‌وڵ ده‌درا، بیری مافخوازی له‌نێو نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كاندا
په‌ره نه‌ستێنێ‌و ئیمڕۆش كه به‌رپه‌چی وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌یان
پێ نادرێته‌وه، به‌وپه‌ڕی ناراستی‌و فێڵبازییه‌وه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن
كه با له پێشدا له ئێران ئازادی‌و دێموكراسی بچه‌سپێ، پاشان له‌ژێر تیشكی
ئازادی‌و له‌رێگای دیالۆگ‌و ئاڵوگۆری بیروڕاوه، كێشه‌ی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان
چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی لێره‌دا روونه، نیازێكی چه‌وت‌و چه‌واشه‌كارانه‌یه
كه له‌پشت ئه‌م شێوازه به‌ناو چاره‌سه‌ركردنه‌دا، حه‌شار دراوه. دێموكراسی،
سیستمێكه كه به‌بێ وه‌دیهاتنی هێندێ پێشمه‌رجی بنه‌ڕه‌تی، سه‌قامگیر نابێ‌و
پێك ناێی. لێره‌دا به شیكردنه‌وه‌ی چه‌ند پێشمه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تی و بناغه‌یی
كه هه‌ر سیستمێكی دێموكراتیك پێویستی پێیانه، ناراستی‌و به‌دنیازیی شۆڤینیسته‌كان
له بانگه‌شه‌كردنی ئه‌و جۆره دێموكراسییه‌دا له‌قاو ده‌ده‌ین.
كۆمه‌ڵگای یه‌كگرتوو
بنه‌ڕه‌تیترین پێشگریمانی دێموكراسی، هه‌بوونی كۆمه‌ڵ یان كۆمه‌ڵگایه‌كه كه
له‌ئه‌ندامانێك پێك هاتبێ‌و خاڵی هاوبه‌ش‌و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان،
ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمه‌ڵ یان كۆمه‌ڵگایه‌ی پێكه‌وه گرێ دابێ. سیستمی
دێموكراتیك له كۆمه‌ڵ یان كۆمه‌ڵگایه‌كدا سه‌قامگیر ده‌بێ كه خاڵه هاوبه‌ش‌و
به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی ئه‌ندامانی، له خاڵه جیاواز‌و قازانجه
پێكناكۆكه‌كانیان به‌هێزتر بن. له كۆمه‌ڵ یان كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه به‌شێك دژی
به‌شێكی دیكه بێ، یان ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی دوژمنی یه‌كتر بن، دێموكراسی
نایه‌ته‌دی. كارل كوهن، له كتێبی "دێموكراسی"دا ده‌ڵـێ: "گه‌شه‌و مانه‌وه‌ی
هه‌ر كۆمه‌ڵێكی دێموكراتیك به هێندێ مه‌سه‌له‌ی ئه‌بستراك به‌ستراوه‌ته‌وه ـ
وه‌ك رۆحی یه‌كگرتوویی‌و هه‌ستی ئه‌ندامانی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه
ئه‌ندامه‌تیی هاوبه‌شیان له هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك كه له‌وانه‌یه به‌پێی ئه‌وه
له‌نێوانیاندا كێشه بخوڵقێ، گرنگتره. تا چه‌ند ئه‌م رۆحی یه‌كگرتوویی‌یه
كاریگه‌رتر‌و گیراتر بێ، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌گه‌ری سه‌قامگیریی دێموكراسی له
ئارادایه‌و له‌وانه‌یه بكرێ به‌و هۆیه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر كاره‌ساتبارترین
كێشه نێوخۆیی‌یه‌كانیشدا خۆڕاگربێ"(1). به‌م پێیه، ناكرێ له كۆمه‌لگایه‌كدا
به چاوی دوژمنه‌وه سه‌یری یه‌كدی بكرێ‌و له‌هه‌مان كاتیش‌دا چاوه‌ڕوانی
جێگیربوونی سیستمی ێموكراتیك، بكرێ.
به‌درێژایی نزیك به سه‌ده‌یه‌ك له ئێران‌دا، به‌شی نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب،
كورد، به‌لووچ، ئازه‌ری‌و توركمه‌ن له‌و وڵاته‌دا له‌لایه‌ن رێژیمه‌كانه‌وه،
بێجگه له هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌یان، هه‌ڵاواردنی كولتووری، سیاسی‌و ئابووری،
سه‌ركوت‌و ده‌مكوتكردن‌و به‌چاوی دوژمنه‌وه سه‌یركردنیان چیدی نه‌بووه.
روونه كه تا وه‌ها سیاسه‌تێك له ئێران‌دا له ئارادا بێ، نه‌ته‌وه بێ‌مافه
ئێرانییه‌كان خۆیان به هاوبه‌رژه‌وه‌ندی‌و هاوچاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست
نازانن‌و له‌وانه‌شه گه‌ر شێلگێرانه ئاوڕ له داخوازی‌یه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانیان
نه‌درێته‌وه‌و ره‌وتی هه‌ڵاواردن هه‌روا درێژه‌ی هه‌بێ، ماڵی خۆیان به
ته‌واوی جیا بكه‌نه‌وه.
جاكه‌وابوو، پێش ئه‌وه‌ی بۆ سه‌قامگیركردن‌و به‌دیهێنانی دێموكراسی له ئێران‌دا
هه‌وڵ بدرێ، پێویسته میكانیزمێك ره‌چاو بكرێ كه چاره‌نووسی نه‌ته‌وه
پێكهێنه‌ره‌كانی ئێران، پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه‌و تێكڕا هه‌ست به ئه‌ندامبوون
له‌و پێكهاته‌دا بكه‌ن كه ئه‌مه‌ش ناكرێ مه‌گه‌ر به چاره سه‌ركردنی كێشه‌ی
نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان.
مافی كهمایهتییهكان
یه‌كێك له رێسا سه‌ره‌كییه‌كانی دێموكراسیی راسته‌قینه، پاراستنی مافی
كه‌مایه‌تییه‌كانه. دێموكراسییه‌ك كه گه‌رنتی پاراستنی مافی كه‌مینه‌كان
نه‌كات، به دێموكراسیی ژاكوبنی واته دیكتاتۆریی زۆرینه ناو ده‌برێ. له هه‌ر
كۆمه‌ڵگایه‌كی دێموكراتیكدا، دوو جۆر كه‌مینه له ئارادان، جۆری یه‌كه‌م، ئه‌و
كه‌مینانه‌ن كه ده‌توانن به كه‌ڵكوه‌رگرتن له ئامراز‌و ئازادییه
دێموكراتیكه‌كان، ببنه زۆرینه‌و جۆری دووهه‌م، كه‌مینه هه‌تاهه‌تایی‌یه‌كانن،
واته ئه‌و كه‌مینه‌گه‌له‌ی به پێی دابه‌شبوونی نه‌ته‌وه‌یی، ئیتنیكی،
نه‌ژادی، مه‌زهه‌بی‌و... ه‌كانه‌وه به كه‌مایه‌تی له قه‌ڵه‌م ده‌درێن. به‌م
پێیه، له دێموكراسی‌دا، ئه‌و كه‌مینه‌گه‌له‌ی ده‌توانن ببنه زۆرینه، بۆ
نمووونه رێبازه سیاسی‌یه تایبه‌تییه‌كان، ته‌نیا له ئازادییه گشتییه‌كان‌و
مافه گشتییه‌كان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، به‌ڵام بۆ كه‌مینه هه‌تاهه‌تایی‌یه‌كان
پێویسته رێوشوێنی پێویست ره‌چاو بكرێ، واته له كۆمه‌ڵگایه‌كی دێموكراتیكدا،
بیر‌و بۆچوونی جیاواز مافی جیاواز‌و تایبه‌تی وه‌رناگرێ، به‌ڵكوو ئه‌وه
كه‌مایه‌تییه هه‌تاهه‌تایی‌یه‌كانن كه ده‌ره‌تانی بوونه زۆرینه‌یان نیه‌و
پێویسته له‌مه‌ڕ پاراستنیان له هه‌ڵاواردن‌و بێبه‌شكردن‌و هه‌روه‌ها بۆ
مسۆگه‌ركردنی مافه‌كانیان، رێوشوێنی گونجاو‌و تایبه‌تیان بۆ له‌به‌رچاو بگیرێ.
" هێندێ رێوشوێنی یاساسه‌روه‌رانه، بۆ پێش‌گرتن له ژێرده‌سته‌بوونی
هه‌تاهه‌تایی كهمایهتییهكان، له ئارادان. ئامرازگه‌لێكی وه‌ك به‌شداركردنی
كهمایهتییهكان له پۆسته ده‌وڵه‌تییه‌كان به پێی رێژه‌ی حه‌شیمه‌تیان،
ره‌چاوكردنی مافی "ڤێتۆ" بۆیان سه‌باره‌ت به‌و یاساگه‌له‌ی هه‌ڕه‌شه له
به‌رژه‌وه‌ندییه ژیارییه‌كانیان ده‌كه‌ن‌و دانی خودموختاریی راسته‌قینه بۆ
چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشانه‌ی پێوه‌ندی به خۆیانه‌وه هه‌یه"(2).
كه‌وابوو، پاراستنی مافی كهمایهتییهكان، یه‌كێك له پێشمه‌رجه‌كانی
دێمۆكراسییه‌و، به‌و پێیه‌ش بۆ سه‌قامگیركردنی دێموكراسی له ئێران‌دا، ده‌بێ
پێشتر رێوشوێنی پێویست‌و گونجاو بۆ گه‌ره‌نتیكردنی مافی كه‌مینه‌كان‌و یه‌ك
له‌وان كه‌مایه‌تییه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان ره‌چاو بكرێ. به‌بێ دابینبوونی مافی
كه‌مایه‌تییه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان، دێمۆكراسی له ئێران‌دا نه سه‌رده‌كه‌وێ‌و نه
ده‌چه‌سپێ.
كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی
كۆمه‌ڵگای دێموكراتیك، یه‌كێك له بناغه سه‌ره‌كییه‌كانی سیستمی دێموكراتیكه.
له كۆمه‌ڵگایه‌كدا دێموكراسی وه‌گه‌ڕ ده‌كه‌وێ كه كۆمه‌ڵگای پلورال بتوانێ
له رێگه‌ی رێكخستنی به‌رژه‌وه‌ندی‌و داخوازی‌یه جۆراوجۆره‌كانه‌وه، چالاكی
بنوێنێ‌و گوشار بخاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات. كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌نگ‌و هێزی تاكه
هاوبۆچوونه‌كان ده‌رده‌خا‌و پشتیوانی راسته‌قینه‌ی ئازادییه سیاسی‌و
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه. كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌و حیزب، رێكخراو، سه‌ندیكا‌و N.G.O
ه ناده‌وڵه‌تییانه پێك دێ كه به نیسبه‌ت ده‌سه‌ڵات سه‌ربه‌خۆن‌و خاوه‌نی
ده‌نگی تۆكمه‌و رێكخراوی خۆیانن. كاتێك رێكخراوی مه‌ده‌نی، سه‌ربه‌خۆیی خۆی
ده‌پارێزێ‌و ناكه‌وێته ژێر ركێف‌و كارتێكه‌ریی ده‌سه‌ڵاته‌وه كه خاوه‌نی
پاڵپشتی به‌هێزی وه‌ك سیستمی بازاڕی ئازاد بێ. ئه‌و بازاڕه ئازاده‌ی كه
كارل پوپێر (1903 ـ 1994) به "خود به خودی"(3)و فرێدریش فون هایك به
"كاتالاكسی" (واته خۆڕسك) (4) ناوی لـێ‌ده‌به‌ن، بازاڕێكه كه خۆی له‌خۆی‌دا،
پشتیوانی له فره‌یی‌و ئازادیی هه‌ڵبژاردن ده‌كا‌و ده‌بێته به‌ربه‌ستێكی قایم
له به‌رامبه‌ر فره‌خوازی‌و ره‌هاخوازیی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا. دووكه‌س له
دارێژه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی دێموكراسیی مۆدێرن، جێرمی بێنتام (1748 ـ 1832)و
جیمزمیل (1773 ـ 1836) له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون كه: "به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه
خولییه‌كان، لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له پاشا، جوێكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی نێو
ده‌وڵه‌ت‌و هه‌روه‌ها بازاڕی ئازاد، لانی زۆری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی
هاووڵاتییان دابین ده‌كا. ده‌نگی ئازاد‌و بازاڕی ئازاد لێك جوێ ناكرێنه‌وه"(5).
"ئابووریی بازاڕ به دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ناوه‌ندگه‌ریه‌تی له بڕیاره
ئابوورییه‌كان‌و هه‌روه‌ها دابه‌شكردنی ده‌ره‌تانه‌كان، زانیارییه‌كان‌و
پێویستییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، سنووری بیاڤی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی
به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه. ئه‌م سیستمه‌ش به‌ر به‌وه ده‌گرێ كه خه‌ڵك بۆ
دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان یان سه‌رمایه‌دانان بۆ هه‌ر چالاكییه‌كی
سه‌ربه‌خۆی كولتووری یان سیاسی، چاویان له ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه بێ. له‌م
لایه‌نه‌وه، ده‌كرێ ئابووریی بازاڕ به پشتیوانێك بۆ دێموكراسی له‌قه‌ڵه‌م
بدرێ"(6).
وڵاتی ئێران نه وڵاتێكی پیشه‌سازییه‌و نه سه‌رمایه‌داری تێی‌دا گه‌شه‌ی
كردوه‌و ئابوورییه‌كی تاكبه‌رهه‌میی هه‌یه كه ئه‌مه‌ش چڕبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات
له ناوه‌ندی لـێ‌ده‌كه‌وێته‌وه‌و هێزێكی ئه‌وتۆ به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند
ده‌به‌خشێ كه سه‌رهه‌ڵدانی ئابووریی سه‌رمایه‌دارانه‌و كێبه‌ركێی سه‌رمایه‌ی
تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌تی دژوار ده‌كا. به‌م پێیه‌ش بازاڕێكی
ئازادی ئه‌وتۆ له كورتخایه‌ن له ئێران‌دا، نایه‌ته دی كه ببێته پاڵپشتی
كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و به‌هێزی بكا.
كه‌وابوو، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بێ‌هێزییه‌ی كه له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی ئێرانی
دواڕۆژ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، پێویسته، زیاتر بایه‌خ به دابه‌شبوونی ده‌سه‌ڵاتی
ناوه‌ند بدرێ. واته گه‌ر هاتنه‌دیی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی به‌هێز له‌ئێراندا
درێژخایه‌ن‌و دژواره، له به‌رامبه‌ری‌دا ده‌بێ له چه‌قبه‌ستنی هێز له ناوه‌ند
كه‌م بكرێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، بیجگه له‌وه‌ی كه ده‌بێ به شێوه‌ی
ستوونی ده‌سه‌ڵات دابه‌ش بكرێ، واته سێ هێزی به‌ڕێوه‌به‌ری، دادوه‌ری‌و
یاسادانان به‌ته‌واوی لێك جیابكرێنه‌وه، پێویسته‌و له‌وانه‌یه تاقه رێگه‌ی
گونجاویش بێ كه به شێوه‌ی ئاسۆییش ده‌سه‌ڵات دابه‌ش بكرێ، واته دابه‌شكردنی
ده‌سه‌ڵات له نێوان ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند‌و ده‌سه‌ڵاته ناوچه‌یی‌و
خۆجێیی‌یه‌كاندا.
جیمزمدیسۆن (1751 ـ 1836) كه یه‌كێك له دارێژه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی یاسای
بنه‌ڕه‌تیی ئه‌مریكایه، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه: "جۆرێك له "ده‌سه‌ڵاتی
خه‌ڵكی" به پێكهاته‌یه‌كی فیدراڵی و هێزه جوێبووه‌كانه‌وه، نه‌ته‌نیا
خراپترین ده‌ركه‌وته‌كانی رێبازگه‌خوازییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كا، به‌ڵكوو رێگه بۆ
به‌شداریی شێلگیرانه‌ی هاووڵاتییان‌و داكۆكی له قازانجه‌كانیان خۆش ده‌كا".(7)
هه‌روه‌ها له شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێ: "گه‌ر له ئاكامدا، هه‌م له ئاستی
نه‌ته‌وه‌یی‌و هه‌میش له ئاستی خۆجێیی‌دا هێزه یاسایی‌یه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری،
یاسادانان‌و دادوه‌ری له یه‌كدی جیابكرێنه‌وه، به راده‌یه‌كی جێی په‌سند،
ئازادی جێگیر ده‌بێ."(8).
كه‌وابوو، به‌پێی ئه‌و فاكتانه له‌سه‌ره‌وه تیشك خراوه‌ته سه‌ریان، بۆ
قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌هێز، ده‌بێ دێموكراسی له ئێران‌دا
فیدراڵ بێ‌و گه‌رواش نه‌بێ ئه‌وا دێموكراسی راسته‌قینه نایه‌ته‌دی.
ئاكام: له قاودانی مه‌به‌ستی ناپاك
هه‌رجۆره هه‌وڵێك بۆ جێگیركردنی دێموكراسی له ئێران‌دا، به‌بێ دابین‌كردنی
مافی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان به چه‌ند هۆی بنه‌ڕه‌تی بێ‌ئاكام ده‌مێنێته‌وه،
یه‌كه‌م: یه‌كگرتوویی‌و هه‌ستی ئه‌ندامه‌تیی هاوبه‌ش له نێو هاووڵاتییان پێك
نایێ، دووهه‌م: مافی ئه‌و كه‌مینه نه‌ته‌وایه‌تییانه‌ی كه ده‌كه‌ونه خانه‌ی
كه‌مایه‌تییه هه‌تاهه‌تایی‌یه‌كانه‌وه دابین ناكرێ‌و سێهه‌میش: ده‌سه‌ڵات له
ناوه‌نددا چڕده‌بێته‌وه‌و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به‌دی نایێ.
شوینیزمی زاڵ ده‌یهه‌وێ به بازدان به سه‌ر كێشه‌ی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان‌و
گرتنه ده‌ستی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی وڵات له ناوه‌نددا، هه‌مدیس خۆی به‌رهه‌م
بهێنێته‌وه‌و ته‌نانه‌ت به خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ‌دا، سه‌رله‌نوێ
خۆی نوژه‌ن بكاته‌وه‌و به‌مه‌ش باڵاده‌ستی‌و هێژمۆنیی زاڵی خۆی بپارێزێ‌و
به شێوازێكی دیكه چاوپۆشی له مافه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی نه‌ته‌وه
ژێرده‌سته‌كان بكا.
نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌و سیستمه دڵخوازه‌ی كه شوڤێنیزم له ئێران‌دا هه‌وڵی بۆ
ده‌دا، وڵاتی توركیه‌یه. له توركیه‌دا كه به ڕواڵه‌ت دێموكراتیكه، كه‌مالیزم
ئایدولۆژیای سوپای توركیه‌یه‌و له رێگای سوپا‌و له ژێر ناوی "پاراستنی
یه‌كیه‌تیی خاكی توركیه"وه هه‌ر جۆره ده‌نگێكی مافخوازی‌و یه‌ك له‌وان
ده‌نگی حه‌شیمه‌تێكی به‌رچاوی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد به گولله‌و سه‌ركوت
وه‌ڵام ده‌درێته‌وه.
كه‌وابوو مه‌به‌ستی نادیار‌و شاراوه‌ی شوڤینیزمی ده‌سه‌ڵاتدار له‌و جۆره
دێموكراسی‌یه‌ی كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێ، نه‌ك ئازادی‌و دێموكراسی نیه،
به‌ڵكوو كه‌ڵكی نابه‌جێ وه‌رگرتن له ئازادی‌و دێموكراسی‌یه‌و له دوارۆژدا
نه‌ته‌نیا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان دیالۆگ‌و راگۆڕینه‌وه
ناكا، به‌ڵكوو به ناوی پاراستنی یه‌كیه‌تیی خاكی وڵاته‌وه، ئه‌و نه‌ته‌وانه
سه‌ركوت ده‌كا‌و هه‌مدیس هه‌وڵی سڕینه‌وه‌یان ده‌دا‌و ته‌نانه‌ت ده‌ست ده‌خاته
نێو سنووری ئازادیی تاكه‌كه‌سیی تاك تاكی هاووڵاتیانیش.
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ كوهن، كارل، "دێموكراسی"، و: فه‌ریبورزی مه‌جیدی، چاپی یه‌كه‌م،
ره‌شه‌مه‌ی 1373، چاپخانه‌ی دیبا، ل 82
2ـ دیوید بیتهام و كوین بویل، "دمكراسی چیست"، و: شه‌هرام ته‌بریزی، ئینتشارات
یونسك‌و
3ـ به‌شیریه، حوسێن، "لیبرالیسم و محافڤهكاری"، چاپی سێهه‌م، تاران، ل 58
4ـ به‌شیریه، حوسێن، "لیبرالیسم و محافڤهكاری"، چاپی سێهه‌م، تاران، ل 83
5ـ هلد، دیوید، "مدلهای دمكراسی"، و: عباس موخبێر
6ـ دیوید بیتهام و كوین بویل، "دمكراسی چیست"، و: شه‌هرام ته‌بریزی، ئینتشارات
یونسك‌و
7ـ هلد، دیوید، "مدلهای دمكراسی"، و: عباس موخبێر
8ـ هه‌مان سه‌رچاوه |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |