|
ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده(1)
چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له
ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی كۆنه‌په‌رستی له ئێران دا ته‌نیا مایه‌ی كوێره‌وه‌ری و
ماڵوێرانیی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌و سیس بوونی نه‌مامی ته‌مه‌نی نه‌سلێك له
رۆڵه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌و به‌جێ مانی ده‌ڤه‌رێكی به سروشت ده‌وڵه‌مه‌ند له
پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن نه‌بووه. به‌ڵكوو هه‌ر له‌وكاته‌دا سه‌پانی كه‌شی
خه‌فه‌قان و فه‌زایه‌كی سیاسیی لێڵ و فێڵاوی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی له‌و
بابه‌ته بووه‌ته هۆی به‌فیڕۆ چوونی ساڵانێكی به‌نرخ كه له‌وان دا گه‌لانی
ئێران و سه‌رجه‌م پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌لایه‌تی و ئایینی‌یه‌كانی ئه‌م
وڵاته ده‌یان توانی له چوارچێوه‌ی قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی كراوه‌و به
زه‌رفییه‌ت دا پێكه‌وه له دیالۆگ و راوێژێكی سالم و بنیاتنه‌ر دابن و به‌م جۆره
هه‌م تێك گه‌یشتن و متمانه پێك كردنیان و هه‌م لێك نزیك بوونه‌وه‌ی روانگه‌كانیان
سه‌باره‌ت به گرنگترین مه‌سه‌له‌ی سیاسیی درێژخایه‌ن واته پێكه‌وه‌ژیانی ئه‌و
گه‌ل و پێكهاتانه له ژێر چه‌ترێكی سیاسیی هاوبه‌ش و یه‌كگرتوودا, بێنه دی.
به سه‌رنجدان به په‌رش و بڵاویی ئێستای ئۆپۆزیسیۆنی سه‌رانسه‌ری و نه‌بوونی
پلاتفۆرمێكی هه‌مه‌لاگیرو جێگای په‌سند بۆ دواڕۆژی سیاسیی وڵات, كه‌متر شتێك
كه ناچار بین به خۆمانی بسه‌لمێنین ئه‌وه‌یه كه ـ هه‌روه‌ك دوو ده‌یه‌ونیو
له‌مه‌وبه‌ر رووی دا ـ به‌داخه‌وه رووخانی حوكمڕانیی پاوانخواز به مانای
رزگاریی یه‌كجاره‌كیی گه‌لان و رۆڵه‌كانی وڵات له چنگ سه‌ركوت و زۆرداری نابێ
و هه‌رچه‌شنه ئاسووده‌یی‌یه‌ك له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا به‌ڕاده‌ی سه‌ركه‌وتن و به
به‌رهه‌م بوونی دیالۆگێكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه كه پێویسته هه‌م پێش رووخانی
كۆماری ئیسلامی و هه‌م دوای وه‌دی هاتنی ئه‌و ئاواته له‌نێو پێكهاته سیاسی
ـ میللی‌یه‌كانی وڵات دا وه‌ڕێ بخرێ. شكی تێدا نیه كه ئه‌و پێویستی‌یه
سه‌رجه‌م ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه له‌وان دا پێ‌شێل كردنی دێموكراسی و
رێز نه‌گرتن له‌مافی گه‌لان ئاوێته‌ی یه‌كتر بوون و وه‌ڕێ خستن و بردنه‌پێشی
گفتوگۆیه‌كی وا به تایبه‌تی ئه‌ركی سه‌رشانی ئه‌و هێزانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی
كورد له ته‌واوه‌تیی خۆی دایه كه بۆ وه‌دی هێنانی مافه میللی ـ
دێموكراتیكه‌كانی ئه‌و گه‌له كه له چوارچێوه‌ی سنووره نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌كانی
ئه‌مڕۆ دا خه‌بات ده‌كه‌ن. چونكه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌یشتن به مافه
سیاسی‌یه‌كان هاوكات و یه‌كدابه‌دووی رووخانی رێژیمی دیكتاتۆریی پێشووش بێ,
(وه‌ك ئه‌مڕۆ له‌كوردستانی عیراق دا ده‌ی‌بینین), ده‌سته‌به‌ر بوون و درێژه
كێشانی راسته‌قینه‌ی چاره‌سه‌ره سیاسی‌یه دڵخوازه‌كه به پله‌ی یه‌كه‌م, نه‌ك
به بوونی میكانیزمێكی ده‌ستووری و یاسایی, به‌ڵكوو له راستی دا به راده‌ی
جێگیر بوونی زێهنییه‌تی یه‌كتر ته‌حه‌موول كردن و رێز له یه‌كتر نان و ویستی
پێكه‌وه مانه‌وه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. به‌ڵام به‌شداریی گه‌لی كورد له
گفتوگۆیه‌كی وا له‌گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێی‌دا, به‌ر له هه‌موو شتێك ئه‌وه
ده‌خوازێ كه گه‌له‌كه‌مان بزانێ چی ده‌وێ و له بردنه‌پێشی خه‌بات بۆ دابین
كردنی ماف و ئازادی‌یه‌كانی خۆی دا, هاوده‌ست و یه‌كده‌نگ بجووڵێته‌وه. له‌و
پێوه‌ندی‌یه‌دا جێگای خۆشحاڵی و هیوایه كه ده‌بینین له‌م دوایی‌یانه‌دا كه‌شی
دیالۆگ و راوێژی نێوان كورده‌كان چ له راده‌ی هه‌موو كوردستان و چ له
چوارچێوه‌ی هه‌ركام له پارچه‌كانی دا هه‌روه‌ها چ له ئاستی حیزب و رێكخراوه
سیاسی‌یه‌كان چ له ئاستی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیی كورد به تایبه‌تی له‌دیاسپۆرادا
به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو و به‌رچاو په‌ره‌ی گرتوه.
بابه‌تێك كه ئێمه ده‌مانه‌وێ له چوارچێوه‌ی به‌رته‌سكی ئه‌م باسه‌دا تیشكی
بخه‌ینه‌سه‌ر چه‌مكی مافی هاووڵاتبوون (حقوق شهروندی) یان باشتر بڵێین ئه‌و
پارادیگمانه‌ن كه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بایه‌خ و به‌رهه‌می راسته‌قینه‌ی
مه‌قووله‌یه‌كی وا بۆ كه‌مه نه‌ته‌وه‌كان سه‌رنج پێدانیان گرینگه. هیچ پێویست
به پێداگرتن ناكا كه كورد له‌خۆی‌دا كه‌مایه‌تی نیه به‌ڵكوو نه‌ته‌وه‌یه‌كه
كه خراوه‌ته نێو وه‌زعییه‌تی كه‌مایه‌تی‌یه‌وه‌و به‌كارهێنانی زاراوه‌ی
كه‌مه‌نه‌ته‌وه بۆ گه‌له‌كه‌مان لێره‌دا ته‌نیا به مه‌به‌ستی وه‌به‌رچاو گرتنی
پێویستی‌یه سه‌ره‌تایی‌یه‌كانی دیالۆگێكی زانستی و بنیاتنه‌ره. با ئه‌وه‌ش
زیاد بكه‌ین كه روانگه‌ی ئه‌م وتاره ـ هه‌روه‌ك هی ئه‌و كه‌سایه‌تی و كۆڕ‌و
كۆمه‌ڵ و رێكخراوه كورد‌و غه‌یره كوردانه‌ی ناوچه‌ی خۆمان كه ته‌بلیغ بۆ
هاووڵاتبوون ده‌كه‌ن ـ ئه‌وه‌یه كه مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌بێ له‌چوارچێوه‌ی
سنووره نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌كانی ئێستا دا‌و به پشت به‌ستن به رێوشوێنه
نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێ.
هه‌ڵبه‌ت راگه‌یاندنی ئه‌وه كه بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر رێز گرتن له
ته‌واوه‌تیی خاكی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌شێك له خاكی كوردستانیان تێدا
هه‌ڵ‌كه‌وتوه سووره, به‌س نیه‌و مادام كورد به توانه‌وه‌ی هووییه‌ته‌كه‌ی
رازی نیه‌و له‌سه‌ر درێژه‌دانی خه‌بات شێلگیره, كورده‌كان له‌سه‌ریانه
به‌شێوه‌یه‌كی روون و چه‌سپاو به موخاته‌به غه‌یره كورده‌كانیان به گشتی بڵێن
كه جێگای خۆیان له‌نێو قه‌واره‌ی سیاسیی داهاتووی هه‌ركام له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا
چۆن ده‌بینن و بۆ سه‌رجه‌م وڵاته‌كه‌ش خوازیاری چ سیستمێكی سیاسیین (چونكه له
كه‌س شاراوه نیه كه چاره‌نووسی سیاسیی كورد به هه‌لومه‌رجی سیاسیی
سه‌رانسه‌ریی وڵاتانی كوردنشینه‌وه به‌نده).
هێنانه‌گۆڕو ته‌بلیغ بۆ چه‌مكی هاووڵاتبوونیش شێوه‌یه‌كه له شێوازه‌كانی
پێشنیاركردنی ئاڵترناتیوی سیاسی و حكوومه‌تی له لایه‌ن هه‌ر هێزو
كه‌سانێكه‌وه كه له‌گه‌ڵ حاكمییه‌تی سه‌ره‌ڕۆیی به‌ره‌وڕوو ده‌بن. ئه‌و
چه‌مكه له‌م دوایی‌یانه‌دا زیاتر له رابردوو هاتۆته نێو هێندێك له كۆڕ‌و
كۆمه‌ڵه رووناكبیری‌یه‌كانی كوردیش و ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زه‌ق مۆركی
خۆی له‌بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌یه‌كێك له پارچه‌كانی كوردستان (توركیه) داوه‌و
به‌م جۆره چه‌شنێك لێڵی و ناڕوونیی خستۆته نێو ویست و داخوازه‌كانی ئه‌و
به‌شه له بزووتنه‌وه‌ی كورد. ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به ئێرانه‌وه هه‌یه
پێویسته بڵێین هه‌ر له هاتنه‌سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی‌یه‌وه تا ئه‌مڕۆ
زۆربه‌ی نزیك به ته‌واوی هێزه سیاسی‌یه‌كان و كه‌سایه‌تی‌یه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن چ
له‌نێوخۆو چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێ‌وچان پێ‌شێل كردنی مافی یه‌كسانیی سه‌رجه‌م
هاووڵاتانیان له سه‌رجه‌م بواره‌كان دا له‌لایه‌ن رێژیمه‌وه ئاشكرا كردوه‌و
ناته‌بایی سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیه و ئاكامه نیهادی و حقووقی‌یه‌كانی ئه‌و
سیستمه له‌گه‌ڵ ئامانجی به‌رابه‌ری و هه‌ڵناواردن (عدم تبعیچ)یان له‌قاو داوه‌و
له به‌رنامه‌و پێشنیاره‌كانیان بۆ ئاڵترناتیو دا, له‌سه‌ر په‌سند كردن و
چه‌سپاندنی مافی به‌رابه‌ری هه‌موو هاونیشتمانان پێیان داگرتوه. هه‌ر له‌و
نێوه‌دا بزووتنه‌وه‌ی كورد له ئێران و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وه‌ك
رێبه‌ری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه هه‌میشه ئاگاداری ئه‌و راستی‌یه بوون كه كورد له
ئێران وه‌ك هاونیشتمانی پله‌دوو ره‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و له ئه‌ده‌بیاتی
سیاسیی خۆیان دا ده‌نگی خۆیان خستوه‌ته پاڵ ئه‌و هاواره ئازادیخوازانه كه
داوای دابه‌زاندنی به‌كرده‌وه‌ی پێناسه‌یه‌كی نوێ بۆ هاووڵاتبوون ده‌كه‌ن:
پێناسه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ مافه به‌ڕه‌سمی ناسراوه نێوه‌نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی
مرۆڤ یه‌ك بگرێته‌وه. پێناسه‌یه‌ك كه‌له‌ودا جیاوازی له هووییه‌تی كولتووری و
میللی دا نه‌بێته سه‌رچاوه‌ی پێشگرتنی خه‌ڵك له به‌شداری كردن له
به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سیاسیی وڵات و ناوچه‌كه‌یان دا...
كه‌وابوو لێره‌دا به هیچ چه‌شنێك پێویستی و ره‌وابوونی سه‌قامگیر كردنی
ته‌عبیرێكی شارستانی‌یانه له هاووڵاتبوون ناخه‌ینه ژێر پرسیار‌و به
پێچه‌وانه‌وه به‌له‌به‌رچاوگرتنی خزمایه‌تی‌یه‌كی زۆر قووڵ و نزیك كه له
نێوان هاووڵاتبوون ودێموكراسی دا هه‌یه, هاووڵاتبوون به ده‌سته‌به‌رێكی
بێ‌ئه‌ملاو ئه‌ولای دابین بوونی ماف و ئازادی‌یه‌كانی گه‌له‌كه‌مان داده‌نێین.
به‌ڵام ئه‌وه كه ئایا ره‌وایه ویست و داخوازه سیاسی‌یه‌كانی گه‌لی‌كورد له
یه‌كسانیی هاووڵاتیان وه‌كوو تاكه‌كه‌س دا خولاسه بكه‌ینه‌وه‌و "هاووڵاتبوون"یه‌ك
كه بناغه‌كه‌ی ته‌نیا به‌رابه‌ریی فه‌رده‌كان له كۆمه‌ڵ دا بێ به نوخته‌ی
كۆتایی خه‌بات و خوێن دانی چه‌ندین نه‌سل له رۆڵه‌كانی گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی
بێ‌ده‌وڵه‌تی دنیا بزانین, مه‌سه‌له‌یه‌كی ته‌واو جیاوازه.
له‌نێو بیروبۆچوونه‌كانی ئه‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه رووناكبیری‌یه كوردانه‌ی له
ده‌ره‌وه‌ی وڵات دا كه بیروبۆچوون له‌باره‌ی دواڕۆژی سیاسیی وڵاته‌كه‌مان
ده‌خه‌نه‌ڕوو, ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین لێره‌دا به تایبه‌تی قامك له‌سه‌ر روانگه‌یه‌ك
دابنێین كه له دوو ته‌وه‌ره پێك هاتوه.(2) ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌می بریتی‌یه له
هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ره‌خنه‌گرانه‌ی زیاتر له نیو سه‌ده خه‌باتی ئازایانه‌ی
كورده‌كانی ئێران بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافه میللی ـ دێموكراتیكه‌كانیان. كاكڵی
ئه‌و ره‌خنه‌یه بریتی‌یه له‌وه كه رێبه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی كورد له ئێران
خۆی له به‌كارهێنانی كاناڵه دێموكرات و مه‌ده‌نی‌یه‌كانی تێكۆشانی سیاسی
پاراستوه‌و به ناهه‌ق هۆگری خه‌باتی چه‌كدارانه‌و دروشمی میللیی وه‌ك
خودموختاری بووه. شتێك كه به پێی ئه‌و روانگه‌یه ده‌سكه‌وتێكی ئه‌وتۆی بۆ
كورد به دواوه نه‌بووه هیچ, به‌ڵكوو ته‌گه‌ره‌یه‌كیش بووه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی
دێموكراتیزا‌سیۆن له ئێران دا. به‌م جۆره ده‌بینین كه ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌می
روانگه‌ی ناوبراو بریتی‌یه له خستنه ژێر پرسیاری مێتۆد‌و شێوه‌كانی خه‌باتی
كورده‌كانی ئێران. له‌ته‌وه‌ری دووهه‌م دا‌و هه‌ر له دێژه‌ی به هه‌ڵه زانینی
هه‌ڵگرتنی دروشمی میللیی وه‌ك خودموختاری و هی دیكه‌دا, ئه‌م روانگه‌یه
هه‌وڵ ده‌دا سه‌رنج بداته ئه‌و ئامانجانه‌ی كه بزووتنه‌وه‌ی كورد له ئێران
ده‌بێ وه‌شوێن به‌دیهێنانیان بكه‌وێ و لێره‌دایه كه چه‌مكی "هاووڵاتبوون" وه‌ك
ده‌رمانێكی یه‌ك ساته بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد زه‌ق كراوه‌ته‌وه. به
واتایه‌كی دیكه وێڕای حاشا كردن له گرینگیی هووییه‌تی مێژوویی كورده‌كان و
خۆبواردن له‌و راستی‌یه كه كورد له ئێران هه‌میشه قوربانیی سیاسه‌تی ته‌بعیزو
سه‌ركوتی حكوومه‌تی ناوه‌ندی بووه, به بزووتنه‌وه‌ی كورد پێشنیار ده‌كا كه
له بری خه‌باتی ناسیۆنال ـ دێموكراتیكی تا ئێستای و له جیاتی تێكۆشان بۆ
به‌ڕه‌سمی ناسرانی هووییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كورد له ئاستی سیاسی و حكوومه‌تی
دا, به ته‌واوی تێكه‌ڵ به پرۆسه‌ی ئینتگراسیۆن (خۆگونجاندن) بێ و ته‌نیا بۆ
یه‌كسان كردنی مافه‌كانی تاكه‌كه‌سه كورده‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هاونیشتمانانی
ئێران تێ‌بكۆشێ و چیدیكه هووییه‌ت له مه‌یدانی سیاسی و ده‌وڵه‌تی دا زه‌ق
نه‌كاته‌وه.
ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌می ئه‌و روانگه‌یه‌وه هه‌یه
پێویسته بڵێین كه مه‌به‌ست له نووسینی ئه‌م دێڕانه به پله‌ی یه‌كه‌م
به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی ره‌خنه‌یه‌ك نیه كه له مێتۆدی تێكۆشانی رێبه‌ریی
بزووتنه‌وه‌ی كورد له ئێران گیرابێ. له‌و باره‌یه‌وه هه‌ر به‌وه‌نده قه‌ناعه‌ت
ده‌كه‌ین كه بڵێین سه‌رنجدانێكی مونسیفانه له هێندێك واقعییه‌تی ئۆبژێكتیڤ
(عینی)ی رابردووی خه‌بات و تێكۆشانی كورده‌كانی ئێران بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و
ره‌وا بوون و ره‌وا نه‌بوونی ره‌خنه‌یه‌كی وه‌ها كافی‌یه‌و زۆر به كورتی
راستی‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سێ بڕگه له ره‌خنه‌كه واته
كاناڵه دێموكراتیكه‌كان, كاناڵه مه‌ده‌نی‌یه‌كان و خه‌باتی چه‌كدارانه دا
وه‌بیر دێنینه‌وه. له‌راستی دا هه‌ڵسه‌نگاندنی مامه‌ڵه‌ی كورده‌كانی ئێران و
به‌تایبه‌تی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رسێكی ئه‌و
شێوازانه‌ی خه‌بات نوخته‌یه‌كی ده‌سپێكردن و گه‌یشتنی هه‌یه كه بریتی‌یه
له‌وه كه ئێمه چ له بیروبۆچوونمان دا‌و چ له كرده‌وه‌و تێكۆشانمان دا هه‌میشه
باوه‌ڕی قووڵمان به‌وه هه‌بووه كه چاره‌سه‌ری پایه‌دارو جێگای په‌سندی
كێشه‌ی كورد ته‌نیا له رێگای سیاسی‌یه‌وه دێته‌دی. سه‌باره‌ت به دێموكراسی
هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه بڵێین كه له نێو سێ ئه‌سڵی ئامانجه‌كانمان دا واته
دێموكراسی, مافی میللی و عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌دا, ئێمه دێموكراسیمان له
سه‌رووی هه‌موو ئامانجه‌كانمان داناوه. دێموكراسیخوازی بۆ ئێمه هه‌رگیز
تابلۆیه‌ك نه‌بووه كه وه‌ك دروشمی باوی رۆژ هه‌ڵی‌واسین و حورمه‌ت و پرستیژی
نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یی بۆخۆمان پێ بكڕین, به‌ڵكوو باوه‌ڕی قووڵمان به
دێموكراسی هه‌بووه‌و له ئه‌ده‌بیاتی سیاسیمان دا ته‌عبیرێكی زۆر موشه‌خه‌س له
دێموكراسیمان خستوه‌ته ئاراوه‌و به ده‌سته‌به‌ری دایمی و راسته‌قینه‌ی مافه
سیاسی و نیهادی‌یه‌كانی گه‌له‌كه‌مانمان زانیوه.
پاشان به‌شدار بوون له پرۆسه‌ی دێموكراتیك دا یانی چی؟ مرۆڤ هه‌رگیز ناتوانێ
به‌سه‌ر رێگایه‌ك دا بڕوا كه وجوودی نیه, به‌ڵام پێویسته بۆ لێدان و
هه‌مواركردنی رێگایه‌كی وا ره‌هه‌نده تاریك و ته‌نگه‌به‌رو مه‌ترسیداره‌كانیش
به‌تاقی بكاته‌وه. مامه‌ڵه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی دێموكراتیزاسیۆنیش هه‌ر
له‌م جۆره بووه. به بڕوای ئێمه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وه‌كه هێزێك خه‌باتی
دێموكراتیك ده‌كا یان نا ده‌بێ زۆرتر سه‌رنج بده‌ینه هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسیی ئه‌و
هێزه‌و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره له شێوازه‌كانی تێكۆشانی ئه‌و هێزه
ورد بینه‌وه‌و هه‌ڵگرتنی دروشمی رووخانی رێژیمی حاكم (ئه‌ویش چ رێژیمێك!!)
له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌وه به نیشانه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی خه‌باتی دێموكراتیك و
سیاسی نه‌زانین. ئه‌گه‌ر بێت و خه‌باتی دێموكراتیك له دوو خاڵ دا كورت
بكه‌ینه‌وه یه‌كه‌میان بریتی ده‌بێ له خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌و دووهه‌میان
به‌كارهێنانی هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌ت و كاناڵه سیاسی و نیوه دێموكراتیكانه‌ی
خزمه‌ت به كرانه‌وه‌ی زیاتری فه‌زای سیاسیی وڵات ده‌كه‌ن و ره‌نگه له هێندێك
مه‌ورید دا ده‌سكه‌وتی سیاسییشیان به‌دواوه بێ. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نیه
كه هێزێكی گه‌وره‌ی سیاسی كه هه‌ڵگری ریساله‌تی مێژوویی داكۆكی له مان و
مه‌وجوودییه‌تی گه‌لێكه تووشی خۆش باوه‌ڕیی له راده‌به‌ده‌ر بێ, ماهییه‌تی
به‌رچاوته‌نگ و ریفۆرم هه‌ڵنه‌گری رێژیم له خۆی‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی بشارێته‌وه‌و بۆ
هێندێك ئیمتیازی بێ‌بایه‌خ و كاتی حازر بێ به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له
سه‌رجه‌م خواست و داواكاری‌یه ره‌واكانی پاشگه‌ز بێته‌وه‌و غروورو ئیراده‌ی
میلله‌تێك به كادۆ له‌سه‌ر كه‌شه‌فی مۆدێرنیسم پێشكه‌ش به دوژمنانی
سوێندخواردووی گه‌لێك بكا كه متمانه‌ی خۆی دابوویه.
رۆڵه‌كانی گه‌لی ئێمه ئاشقی چه‌ك و خوێن نین و حیزبی دێموكرات هه‌میشه
خه‌باتی چه‌كدارانه‌ی به شێوه‌یه‌ك له خه‌بات زانیوه كه دوژمنانێك به‌سه‌ریان
دا ده‌سه‌پاند كه هه‌رگیز راستگۆیانه حازر به وتووێژ له‌سه‌ر ئه‌سڵی مافه
میللی‌یه‌كانی گه‌له‌كه‌مان نه‌بوون و هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه وه‌بیر بێنینه‌وه
كه یه‌كێك له هۆیه‌كانی شه‌هیدبوونی هه‌رسێ رێبه‌ری پێشووی حیزبه‌كه‌مان
ئاشتیخواز بوون و هۆگری‌یان به خه‌باتی سیاسی بووه. هه‌رچی ده‌گه‌ڕێته‌وه
سه‌ر به‌كارهێنان و كه‌لك وه‌رگرتن له ده‌لاقه نیوه دێموكراتیكه‌كانیش, حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌به‌ر ئه‌وه كه هه‌میشه جه‌وهه‌رو ماهییه‌تی
شته‌كانی زۆرتر له‌لا گرینگ بووه تا رواڵه‌ت و ناو و شكڵ, هه‌ركاتێك چووكترین
كاناڵی واقیعیی بۆ بردنه‌پێشی ئامانجه‌كانی پێ شك هاتبێ لێی خۆش نه‌بووه‌و
ته‌نانه‌ت به قیمه‌تی ئه‌وه كه ئه‌م و ئه‌و تۆمه‌تی "سازشكاری"ی سیاسی
لـێ‌بده‌ن, هه‌ر نه‌بێ به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ كه‌ڵكی لـێ‌وه‌رگرتوون. حیزبی
ئێمه له‌هه‌مان كات دا كه خوازیاری رووخانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی بووه,
هه‌رگیز عه‌وداڵی شه‌ڕو قه‌یران و ماڵوێرانی نه‌بووه‌و هه‌رله‌وكاته دا كه
خوازیار‌و تێكۆشه‌ری زۆر لێبڕاو و فیداكاری كۆتایی هێنان به ته‌مه‌نی شوومی
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بووه, ئیمان به مه‌رگی له‌سه‌ره‌خۆی ئه‌و حكوومه‌ته
هێناویه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌میشه له ده‌رفه‌ت و حه‌ره‌كه‌ته ره‌سه‌نه‌كان به
قازانجی سه‌رجه‌م كه‌شی سیاسیی وڵات كه‌لك وه‌ربگرێ.
باوه‌ڕ به نه‌خشی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و كاناڵه فه‌رهه‌نگی‌یه‌كانی كوردیش
له‌لایه‌ن حیزبه‌وه هه‌ر ده‌بێ له‌و گۆشه‌یه‌وه سه‌یر بكرێ. حیزبی ئێمه نه‌ك
هه‌ر ناهه‌ماهه‌نگی‌یه‌كی له‌نێوان ئه‌وانه‌و خه‌باتی خۆی دا نه‌دیوه, به‌ڵكوو
به ده‌سكه‌وتی راسته‌وخۆی خه‌باتێكی زانیون كه بۆخۆی پێشڕه‌ویه‌تی. تۆ بڵێی
ئه‌گه‌ر له‌دایك بوونی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگیی كورد له ئێرانمان وه‌ك
خاڵێكی موسبه‌ت له‌سه‌ر حیسابی رێژیمێك دانابا كه حیزبی دێموكرات خوازیاری
له‌سه‌ر كار نه‌مانیه‌تی, ئه‌و حیزبه له ئه‌ده‌بیات و راگه‌یاندنی خۆی دا
به‌رده‌وام پشتیوانیی له‌و كار‌و چالاكی‌یه فه‌رهه‌نگی و مه‌ده‌نی‌یانه
(به‌تایبه‌تی ئه‌وانه كه ره‌سه‌ن و دوور له رێژیمن) كردبا؟ حیزبی دێموكراتی
كوردستان هه‌ڵقوڵاوی نێو جه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵانی كوردستانه‌و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی
كوردستان به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له پێوه‌ندی‌یه‌كی قووڵ دایه كه له‌ودا
هه‌ردووكیان شوێن دانه‌رو ئیلهام به‌خش و ته‌نانه‌ت رێنوێنی یه‌كترن. هه‌ربۆیه
نه‌ك هه‌ر به چاوی رێزه‌وه له پێكهاته ره‌سه‌نه‌كانی كوردستانی سیڤیل و
خوێنده‌وار ده‌ڕوانێ, به‌ڵكوو هیوای زۆریشی پێن و له‌دواڕۆژ دا بۆ
به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان له‌سه‌ر توانای نوێكاری و خه‌للاقییه‌ت و كارزانیی وان
حیساب ده‌كا.
له كۆتایی ئه‌و به‌شه له مه‌به‌سته‌كانمان دا كه هه‌روه‌ك گوتمان ئامانجی
ئه‌سڵیی ئه‌م زنجیره وتاره نیه له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا كه گوایا خه‌باتی ئێمه
له‌به‌ر ئه‌وه كه مۆركی راكردن له ناوه‌ند "گریز از مركز"ی پێوه‌یه
سه‌رنه‌كه‌وتوه‌و ده‌سكه‌وتێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه پێویسته بڵێین كه ئه‌گه‌ر
راگرتنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی میلیۆنه‌ها كورد‌و گه‌شه‌پێدانی هۆگری‌یان به
هووییه‌ت و فه‌رهه‌نگی باب و باپیرانیان و هاندان و هاوپێوه‌ندی‌یان بۆ به‌شداری
كردن له خۆڕاگری به دژی سه‌ره‌ڕۆیی وه‌ك یه‌كه‌مین به‌رهه‌م و ده‌سكه‌وتی
ئه‌و خه‌باته نه‌بینرێ, ئیدی خستنه به‌ر باسی ده‌سكه‌وته‌كانی دیكه‌ی
خه‌باتێكی ئه‌وتۆش (به‌تایبه‌تی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا) كارێكی بێ‌كه‌لك
و بێ‌ئه‌نجام ده‌بێ. جگه له‌وه‌ش ره‌وایی ویست و ئامانجێك نابێ به‌ڕاده‌ی
وه‌دیهاتن و وه‌دی‌نه‌هاتنیه‌وه ببه‌سترێته‌وه‌و بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌ركه‌وتوو
بوون یا نه‌بوونی خه‌بات بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ویست و ئامانجه, زۆر گرینگه
فاكته‌ره ده‌ره‌كی‌یه‌كان و ده‌وروبه‌ری نێوخۆیی, ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی
ئه‌و خه‌باته به‌شێوه‌یه‌كی بڕیارده‌ر وه‌به‌رچاو بگیرێن.
سه‌ره‌نجام ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌و روانگه‌یه‌ی باسمان كرد سه‌رچاوه‌یه‌كی
به‌مه‌قسه‌د نه‌گه‌یشتنی كاروانی خه‌باتی دێموكراسیخوازیی ئێمه ئاوێته كردنی
ویستی دێموكراسی له‌گه‌ڵ داخوازه میللی و هووییه‌تی‌یه‌كانمانه, زۆر حه‌ز
ده‌كه‌ین ده‌ربڕانی به‌ڕێزی ئه‌و روانگه‌یه تاقه یه‌ك نموونه‌مان له تاقه
یه‌ك بوار دا بۆ بێننه‌وه كه له‌ودا ئه‌و خه‌باتگێڕه ئازادیخوازانه‌ی ئێران كه
داخوازیی میللی و هووییه‌تی‌یان نیه توانیویانه به شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌و
پایه‌دارو نه‌هادینه پاشه‌كشه به كاربه‌ده‌سته كۆنه‌په‌رسته‌كانی كۆماری
ئیسلامی بكه‌ن. به پێچه‌وانه‌وه, ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه هیواكانی به‌چۆك
داهاتنی یه‌كجاره‌كیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته پاوانخوازه له هه‌ر كاتێك زیاترن
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه سه‌رجه‌م پێكهاته میللی و كۆمه‌لایه‌تی و سیاسی‌یه‌كانی
وڵاته‌كه‌مان وا خه‌ریكن ته‌وژم و بارستایی‌یان وه‌سه‌ر یه‌ك ده‌خه‌ن و سه‌ره‌ڕای
جیاوازی له سروشتی داخوازه‌كانیان دا به یه‌ك ده‌نگ حاكمییه‌تی رێژیم ره‌ت
ده‌كه‌نه‌وه.
ئێستا با بێینه‌وه سه‌ر بابه‌تی ئه‌سڵیی باسه‌كه‌مان كه بریتی‌یه له
ته‌وه‌ره |