|
17-02-1387
كوردستان میدیا: حهوتهمین كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی
ئێكۆساك (پلاتفۆرمی هه‌میشه‌یی) نه‌ته‌وه‌و گه‌لانی خۆجێیی رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان له رۆژانی 21ی ئاوریل تا 2ی مه‌ی 2008، له نیویۆركدا به‌ڕێوه
چوو.
ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مین جار حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی هاوپێوه‌ندیی
ئههوازو حیزبی خه‌ڵكی به‌لووچستان وه‌ك نوێنه‌ری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی
ئێرانی فیدراڵ‌و هه‌روه‌ها به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه له
مقه‌ڕی ناوه‌ندیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆركدا به‌ڕێوه چوو،
چالاكانه به‌شدارییان كرد.
دانیشتنی یه‌كه‌م به په‌یامی
ویدیۆیی به‌ڕێز بانكی مۆن، سه‌رۆكی نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانو دواتر به وته‌كانی
ئیوامۆرالێس، سه‌ركۆماری بوولیڤی ده‌ستی پێكرد.
ته‌وه‌رو به‌شی سه‌ره‌كیی دانیشتنی ئه‌مساڵ، نیشتمان‌و مافی كه‌ڵكوه‌رگرتن له
سه‌رچاوه سروشتییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه قه‌ومی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان،
تێكدانی ئێكۆسیستم، خوێندن‌و ئاخاوتن به زمانی زگماكی، گۆڕانكارییه‌كانی
ئێكۆلۆژیكو كهشو هه‌وا له سروشتدا، داڕشتنی یاسا نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان بۆ
داكۆكی له مافه‌كانی نه‌ته‌وه خۆجێیییهكانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له سه‌ده‌ی
ئێستاداو پێوه‌ندیی كاریی نزیكتر له ته‌ك كاری شوورای مافه‌كانی مرۆڤی
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بوو.
به له‌به‌رچاوگرتنی گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، هه‌م له بواری چه‌ندی‌و
هه‌م له بواری چۆنیه‌تییه‌وه، له‌وانه گۆڕینی پێكهاته‌ی كۆمیسیۆنی
مافه‌كانی مرۆڤی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، گۆڕین‌و دانانی كۆڕی
نوێی مافه‌كانی مرۆڤ له باتیی، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مساڵ گرینگییه‌كی زۆری
هه‌بوو. له سێپتامبری 2007دا، راگه‌یاندراوی پاراستن‌و رێزگرتن له مافه‌كانی
نه‌ته‌وه‌و گه‌له خۆجێیییهكانو كه‌مینه نهتهوهیییهكان پاش 20 ساڵ، له
لایه‌ن رێبه‌رانی سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌ندامی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه
په‌سند كرا.
ئه‌ندامانی پلاتفۆرمی هه‌میشه‌یی، 16 كه‌سن كه نیوه‌یان له لایه‌ن وڵاتانی
ئه‌ندامی رێكخراوی نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانو نیوه‌ی دیكه‌ی له نێوان
چالاكان‌و پسپۆڕان‌و نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌كان‌و گه‌لانی خۆجێیی‌و رێكخراوه
ناحكومهتییهكان (NGO) هه‌ڵده‌بژێردرێن.
ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مین جار كۆماری ئیسلامی، دیپلۆماتێكی خۆی به ناوی "په‌یمانه
هسته" به‌م پلاتفۆرمه ناساند‌و ناوبراوی بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ له‌م پله‌یه دانا.
زیاتر له 1300 نوێنه‌ری گه‌لانی خۆجێیی له سه‌رتاسه‌ری جیهانو جیا له‌مه
نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌كان، رێكخراوه ناده‌وڵه‌تییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان،
نوێنه‌رانی رێكخراوه تایبهتیو به‌ڕێوه‌به‌رییه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان، بانكی جیهانی، نوێنه‌رانی پارلمانی ئورووپا ـ كه گه‌وره‌ترین
كۆڕی جیهانیی له‌مه‌ڕ مافه‌كانی گهلو نه‌ته‌وه خۆجێیی‌و ژێر ده‌سته‌كانه ـ
له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه له مقه‌ڕی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا به‌شدار بوون.
نوێنه‌رانی گهلانو نه‌ته‌وه‌كانی خۆجێیی‌و كه‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان
(Indigenous Peaples)، له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی پلاتفۆرمی هه‌میشه‌ییدا
ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێ كه ره‌وش‌و بارودۆخی مافه مرۆڤییه‌كانی
خۆیان له ئاستی جیهانیدا باس بكهنو له باس‌و داڕشتنی رێگه چاره‌ی روهشی
ههنووكهییو هه‌روه‌ها دیاریكردنی ئیستاندارده‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ له
ئاستی نێونهتهوهییداو چۆنیه‌تیی دابینكردنی مافه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وانه
به‌شداری بكه‌ن.
پلاتفۆرمی هه‌میشه‌یی گهلانو نه‌ته‌وه خۆجێیییهكان، وه‌ك ئۆرگانی پسپۆڕ‌و
جێگای راوێژی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر هۆو ریشه‌كانی
كێشه‌كانی گه‌لانی خۆجێیی ژێرده‌سته له لایه‌ك‌و دهوڵهتو گه‌له
سه‌رده‌سته‌كانی له لایه‌كی دیكه‌وه، یارمه‌تییه‌كی به‌رچاو به رێكخراو‌و
ئۆرگانه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان له روونكردنه‌وه، پێناسه كردن‌و دیاریكردنی
ئه‌م چه‌مكانه‌دا ده‌دات.
هه‌رچه‌ند پلاتفۆرمی هه‌میشه‌یی، له ساڵی 2000ه‌وه به شێوه‌ی فه‌رمی
ده‌ستی به كار كردووه، به‌ڵام له ساڵی 1995ه‌وه له لایه‌ن كۆمسیۆنی
مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، ئه‌م ئه‌سڵه وه‌ك یه‌كێك له
گرینگ‌ترین ئامانجه‌كانی ده‌یه "ده‌یه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی گه‌لانی خۆجێیی"
هێنرایه بهرباسو راگه‌یاندراوی جیهانیی پشتیوانی له مافه‌كانی گه‌لانی
خۆجێیی‌و ژێرده‌سته كه له لایه‌ن كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه په‌سند
كراوه، ئێستا بۆ كۆڕی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كردنی به
یاسایه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی پێشكه‌ش كراوه.
حیزبه‌كانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، هاوپێوه‌ندیی دێموكراتیكی ئههوازو
خه‌ڵكی به‌لووچستان له حهوتهمین كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئێكۆساكدا، هه‌ركام
ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له ناوچه‌كانی خۆیاندا، بۆ ئه‌ندامانی پلاتفۆرمی
هه‌میشه‌یی شی كرده‌وه‌و هه‌روه‌ها به به‌شداریكردن له پانێلهكانداو
بڵاوكردنه‌وه‌ی راگه‌یاندراو له نێوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی كۆبوونهوهكهداو
هه‌ڵواسینی وێنه‌كانی شههیدانو ئێعدام كراوه‌كانی رێگای ئازادی له
ئێرانداو له لایه‌ن رێژیمی سه‌ركوتكه‌ری ئاخووندییه‌وه له ساڵی رابردوودا،
چالاكییه‌كانی خۆیان له ماوه‌ی چه‌ند رۆژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێوه برد.
هه‌روه‌ها هه‌ركام له‌م حیزبانه به پێشكه‌شكردنی وتارێك ـ وتارێكی هاوبه‌ش له
لایه‌ن رێكخراوه‌كانی ئه‌ندامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ‌و
ئه‌وه‌ی دیكه‌یان به شێوه‌ی هاوبه‌ش له لایه‌ن رێكخراوه‌كانی ئه‌ندامانی UNPO
(رێكخراوی نه‌ته‌وه‌و گه‌له بێ نوێنه‌ره‌كان) ـ بۆ یه‌كه‌مین جار راستییه
فره‌نه‌ته‌وه‌یی‌و ئیتنیكییهكانی ئێرانیان كه تا ئێستا رێكخراوه ئێرانییه‌كان
باسیان نه‌كردوون، بۆ نوێنه‌رانی نزیكه‌ی 50 ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامی ئه‌م
پلاتفۆرمه هه‌میشه‌یییه، روون كرده‌وه. ئه‌م كاره‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌كه
نوێنه‌رانی رێژیمی ئاخووندیی به‌شدار له دانیشتنه‌كه‌دا، له ته‌ك ره‌وشێكی
نه‌خوازراودا به‌ره‌وڕوو بن‌و بكه‌ونه تهنگهبهرییهوهو به هه‌ڵسوكه‌وتی
نادیپلۆماتیكو نادێموكراتیك، ته‌واوی هه‌وڵی خۆیان بۆ پێش‌گرتن له
روونبوونه‌وه‌ی راستییه‌كان بگرنه به‌ر.
له ماوه‌ی حه‌وتووی رابردوودا، هه‌ركام له 3 حیزبی ناوبراو كه وه‌ك نوێنه‌ری
كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی پلاتفۆرمی
هه‌میشه‌ییدا به‌شدارییان كردبوو، له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب،
بهلووچو كوردی به‌شدار دا، وتارگه‌لێكی هاوبه‌شیان خوێنده‌وه‌و نوسخه‌ی
ئه‌سڵیی وتاره‌كانیان پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تیی كۆبوونه‌وه‌كه كرد.
شایانی باسه شاندی نوێنه‌رایه‌تیی رێژیم به سه‌رۆكایه‌تیی به‌رپرسی شاندی
هه‌میشه‌یی كۆماری ئیسلامی له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا، له نێوان
باسه‌كانی نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كانی ئێران‌دا، بهردهوامو به
تووڕه‌یییه‌وه ته‌قه‌یان له مێزه‌كانی به‌رده‌میان ههڵدهستاندو هه‌وڵیان
ده‌دا پێش له درێژه‌ی وته‌كانی نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی
فیدراڵ بگرن.
ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی شاندی رێژیم، له وته‌گه‌لێكی نادیپلۆماتیكدا، تۆمه‌تی
ناڕه‌واو بێبنه‌مای "تیرۆریزمی" ـ له كاتێكدا خه‌ریكی وتار خوێندنه‌وه‌بوون ـ
دایه پاڵ یه‌كێك له به‌رپرسانی رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤی ئههوازو شاندی
نوێنه‌رایه‌تیی عه‌ربی ئه‌هواز.
شاندی رێژیم هه‌روه‌ها له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی وته‌كانی شاندی كۆنگره‌ی
نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ‌و نوێنه‌رانی دیكه‌ی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كانی
ئێران‌دا، وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌و داننه‌نان به فره‌نه‌ته‌وه‌بوونی ئێرانداو
تۆمه‌تی دانه‌پاڵ رێكخراوه‌كان، هه‌وڵی شێواندنی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان دا. ئه‌مه‌ش
له كاتێكدا بوو كه نوێنه‌رانی رێژیم له وته‌كانیاندا رایان ده‌گه‌یاند كه
رێژیمی ئاخووندی ده‌نگی ئهرێینیی به راگه‌یاندراوی مافه‌كانی كه‌مینه‌كان
داوه‌و داكۆكیكاری مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌و گه‌له خۆجێیییهكان له ته‌واوی
جیهان (هه‌ڵبه‌ت جیا له ئێران)ه.
له ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م دانیشتنانه، ئابڕووچوونی كۆماری ئیسلامی له
به‌رچاوی جیهاندا بوو، چوونكه پاش وته‌كانی شانده‌كانی نوێنه‌رایه‌تیی كورد‌و
عهرهبو به‌لووچ، سه‌رجه‌م به‌شداربووان به چه‌پڵه‌لێدانی به‌رده‌وام پشتگیریی
خۆیان رادهگهیاندو نوێنه‌رانی رێژیم بێ پشتیوان مابوونه‌وه.
راپۆرت: كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ ـ یه‌كه‌ی ئه‌مریكا
|