|
23-11-1386
ره‌حیم ره‌شیدی
رۆژی 22ی رێبه‌ندانی ساڵی 1357ی هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به 11 فێوریه‌ی 1979ی
زایینی، شۆرشی گه‌لانی زۆرلێكراوی ئێران گه‌یشته ترۆپكی سه‌ركه‌وتن، به‌م
پێیه ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی كۆتایی پێهات.
جیا له هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كان،
كه له هه‌موو شۆڕشێك‌دا به له به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كان ده‌وری
خۆیان هه‌ییه، ئه‌و راستییه له كه‌س شاراوه نیه رووخانی رێژیمی پاشایه‌تی،
به‌رهه‌می خه‌باتی دوور‌و درێژی رۆڵه‌كانی خه‌ڵكی ئێران بوو له پێناوی هێنانه
سه‌ركاری رێژیمێكی دێموكراتیك‌و گه‌لی، ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆ كه بتوانێ به
جێگیركردنی دێموكراسی، دادپه‌روه‌ری، دابین‌كردنی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لانی
زۆرلێكراوی ئیران، كۆتایی به‌و باره قورس‌و تاقه‌ت پروكێنه پڕ له نه‌هامه‌تییه
بێنێت، به درێژایی مێژوو هۆكاری راسته‌قنیه‌ی بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی له وڵات‌دا
بووه، هه‌موو راستییه‌كانیش ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن به بێ له به‌رچاوگرتنی ویست‌و
داوای ره‌وای نه‌ته‌وه‌كانی ئێران، هیچ رێژێمیك ناتوانێ ئیدده‌ێعای ده‌سه‌ڵاتێكی
ره‌واو كراوه له ئێرانی فره نه‌ته‌وه‌دا بكات.
ئه‌گه‌ر ئه‌و راستییه له‌به‌رچاو بگرین، كۆماری ئیسلامی ئامانجی خه‌باتی پڕ
له قوربانیی گه‌لانی ئێران نه‌بووه‌و نیه. بی دوو دڵی‌و گومان به‌و ئاكامه
ده‌گه‌ین، هاتنه سه‌ر كاری ئایه‌تووڵڵاكان، به‌رهه‌می بێ به‌رنامه‌یی‌و
هاوهه‌نگاوی نه‌كردنی رێكخراوه‌كان‌و هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی ئازادیخوازی
ئه‌وكاتی رێژیمی پاشایه‌تی بوو كه به‌ر له‌وه‌ی شۆرشی 57ی هه‌تاوی بگاته
ترۆپكی سه‌ركه‌وتن‌و خۆری هیوا به‌خشی ئازادی له كه‌ل سه‌ر ده‌ربێنێت،
فیداكاریی زۆر‌و زه‌وه‌ندیان كردبوو، به ده‌یان، سه‌دان‌و بگره هه‌زاران كه‌سیان
له گرتووخانه‌كانی رێژیمی پاشایه‌تی‌دا یان له ژێر بێره‌حمانه‌ترین
ئه‌شكه‌نجه‌دا شه‌هید ببوون، یان ئێعدام كرابوون.
ئه‌وه له حاڵێك‌دا بوو به‌رخۆدان به شێوه‌ی جۆراوجۆر‌و له قوناخ‌و بڕگه‌ی
جیاجیادا، له ده‌ڤه‌رو مه‌ڵبه‌ندی جۆراوجۆری جوغرافیایی ئێران‌دا به له
به‌رچاوگرتنی بارودۆخی پێوه‌ندیدارو به گوێره‌ی مومكین له ئارادا بوو، ناكرێ
خه‌باتی میرزا "كوچك خانی جه‌نگه‌لی" له لێڕه‌واره‌كانی باكووری ئێران،
سه‌ردارانی كه‌ڵهوڕ له كرماشان، جووڵانه‌وه‌ی سیاكه‌ل‌و فیرقه‌ی دێموكراتیكی
ئازربایجان‌و...هتد، وه‌كوو به‌شێك له‌و فیداكاری‌و به‌ستێنه مێژووییه‌ی
سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1357ی هه‌تاویدا، له‌به‌ر چاو
نه‌گیردرێ.
ئاشكرایه له كوردستانی سه‌ربه‌رزدا، دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان به
سه‌رۆكایه‌تی‌و پێشه‌وایه‌تیی، شه‌هید قازی موحه‌ممه‌د، یه‌كه‌مین ده‌ستپێكی
خه‌باتێكی به‌به‌رنامه‌و درێژخایه‌ن بوو. دوایه جووڵانه‌وه‌ی شانازیی خولقێنی
ساڵه‌كانی 1347-1346ی هه‌تاوی به‌دوادا هات كه بۆ هه‌تا هه‌تایه رۆڵه‌كانی
كورد شانازیی پێوه ده‌كه‌ن‌و رێبه‌رانی بوێر‌و ئازای ئه‌م سه‌رهه‌ڵدان‌و
رابوونه به رچه‌شكێنه‌كانی خه‌باتی قۆناخه تاریك‌و تنووكه‌كان ده‌زانرێن.
ئه‌م پاشخانه شۆڕشگێڕانه‌یه‌ی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی خه‌ڵكی كورد له
كوردستانی ئێران، به‌ستێن‌و هه‌وێنی به‌شدارییه‌كی چڕوپڕی خه‌ڵكی كوردستان
دژی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆی پاشایه‌تی بوو. چوونكه رووخانی رێژیمی پاشایه‌تی
بۆ خه‌ڵكی كوردستان له جه‌وهه‌ری خۆیدا زه‌بری پڕ له سه‌بری خه‌ڵكی
كوردستان بوو. نه‌ته‌وه‌ی به‌شخوراوی كورد بۆ رووخانی ده‌سه‌ڵاتێك هاتبووه
مه‌یدان جیا له كوشتار‌و قه‌ڵاچۆی به‌به‌رنامه دژی خه‌ڵكی كورد، جیا له
به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی‌و رۆشنبیری، به‌ده‌ر له
خاپووركردنی گوند‌و مه‌زراو كێڵگه‌كان، له‌وانه به‌ژانتر رووخانی كۆماری
كوردستان‌و له داردانی رێبه‌رانی كورد‌و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه سه‌رۆك
كۆماری یه‌كه‌مین ده‌سه‌ڵاتی مۆدێڕنی كورد، پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د بوو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، خه‌ڵكی كورد به درێژای مێژوو دژی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی
دیكتاتۆر‌و سه‌ره‌رۆ خه‌باتیان كردووه‌و بۆ هێنانه دی ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆیی
قوربانییان داوه‌و ده‌یده‌ن.
حاشا له‌وه ناكرێ، ئاكامه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئایه‌توڵڵان له ماوه‌ی رابردوودا
به باشی ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و راستییه، شۆڕشی گه‌لانی ئێران بۆ هێنانه
سه‌ركاری ده‌سه‌ڵاتێكی له‌م چه‌شنه نه‌بووه.
به‌ڵام مخابن، هه‌ر وه‌كوو باس كرا نه‌بوونی به‌رنامه‌و پلانی روون، نه‌بوونی
یه‌كگرتوویی هێزه دێموكرات‌و پێشكه‌وتنخوازه‌كان بۆ ئیداره‌ی وڵات، پاش
ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی، هه‌روه‌ها نه‌ناسینی پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و
باوه‌ڕه‌كانی خه‌ڵك وه‌كوو پێویست له لایه‌ن به‌شێك له‌و شۆڕشگێڕانه‌وه،
ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ی بۆ ئاخونده‌كان خولقاند تاكوو به كه‌ڵكی خراپ وه‌رگرتن له
هه‌ست‌و ئێحساساتی مه‌زهه‌بیی خه‌ڵك، به دانی واده‌و به‌ڵێنیی درۆیین، ده‌ست
به‌سه‌ر شۆڕش‌دابگرن‌و به‌ڵایه‌كی قه‌ره‌بوونه‌كراو به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی
ئێران‌دا بێنن، پاشان جیا له سه‌ركوتی نێوخۆیی، شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌و
ماڵوێرانكه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراق‌و ئێرانی هێنایه كایه‌وه له هه‌مووان له
زیانه ماڵی‌و مه‌عنه‌وییه قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌كانی ئاگاداریین.
گرتن‌و راونانی ئازادیخوازان، كوشتاری به‌كۆمه‌لی گیراوه سیاسییه‌كان،
په‌ره‌پێدانی تیرۆر‌و ره‌شه‌كوژی، سه‌ركوتی هه‌رچه‌شنه ده‌نگێكی ئازادیخوازانه،
زاڵكردنی كه‌شی سه‌ركوت‌و زه‌برو زه‌نگ، لێدان‌و داركاریكردنی ژنان، داخستنی
زانكۆكان، سه‌كوتكردنی خوێندكاران، قه‌ده‌غه‌كردنی جوانی‌و خۆشه‌ویستی‌و مووسیقی،
هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ركاری ئه‌م رێژیمه‌وه ده‌كرا ئاوێنه‌ی باڵانوێنی
ده‌سه‌ڵاته دۆزه‌خ ئاساكه‌ی بن، دۆزه‌خێك به‌داخه‌وه دیسان به‌شێكی به‌رچاو
له هێزه‌كانی ئێرانی بۆ هاوكاری‌و یه‌كگرتن هان نه‌دا، ته‌نانه‌ت هه‌بوون‌و
هه‌ن، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ره‌شه‌یان به‌م كارنامه حه‌یا تكاوه‌وه به دژه
ئیمپریالیستی ده‌زانی‌و زانیووه‌و به بڕو بیانووی درۆیین خوازیاری مانه‌وه‌یین.
ئاشكرایه رێبه‌رایه‌تیی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران، به
تایبه‌ت رێبه‌ری زانا‌و ناوداری كورد، دوكتۆر قاسملووی نه‌مر، به مه‌به‌ستی
دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی ئاشتییانه بۆ پرسی سیاسیی خه‌ڵكی كورد‌و به‌رگرتن به
خوێن رشتن‌و كوشتار‌و ماڵوێرانی، هه‌موو هه‌وڵێكی شیاو‌و شایانی وه‌گه‌ڕ خست‌و به
پێكهێنانی شاندی نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كورد بۆ ئه‌و ئامانجانه هه‌نگاوی نا.
به‌ڵام به‌داخه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناسه‌رده‌مییانه، به بێ
ره‌نج‌و كوێره‌وه‌ری، سواری شه‌پۆلی شۆڕشی گه‌لانی ئێران ببوو، نه‌ك هه‌ر
هه‌نگاوی به‌كردوه‌ی له‌م باره‌یه‌وه هه‌ڵ نه‌هێناوه، به‌ڵكوو به خولقانی
به‌هاری خوێناویی سنه، سه‌پاندنی شه‌ڕی سێ مانگه به‌رسه‌ر خه‌ڵكی
كوردستاندا، پاشان فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی دژی هه‌موو خه‌ڵكی ئازادیخوازی
كوردستان، بواری قه‌ڵاچۆی ئاشكرای بۆ سه‌ربازانی بێ ناوی ئیمامی زه‌مان، له
كوردستاندا ره‌خساند، ره‌خساندنێك كه دوایه كوشتاره‌كانی قاڕنێ، قه‌ڵاتان،
سه‌وزی، سه‌رچنارو حه‌سه‌ن میران، چقڵ مه‌سته‌فاو ئیند‌رقاش‌و نیه‌رو ته‌پانی،
قه‌ڵاواری، خوایار مه‌ڵك‌و قۆچی واشی‌و زۆر مه‌لبه‌ندو شوێنی دیكه‌ی كوردستانی
گرته‌وه. ئه‌و كوشتارانه‌ی "خه‌لخاڵی" به نوێنه‌رایه‌تی خومه‌ینی له
كوردستان به‌رێوه‌ی برد هه‌رگیز له چاوی مێژوو ون نابێ.
سیاسه‌تی رێژیمی ئێران دژی خه‌ڵكی كوردستان، ناته‌با له‌گه‌ل هه‌موو چه‌مك‌و
پێوانه مرۆڤانی‌و په‌سه‌ندكراوه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌ی بووه‌و هه‌یه. سیاسه‌تێك
جیا له‌وه‌ی به میلیارد زیانی ماڵی‌و ئابووری، به ئابووری ئێران گه‌یاندوه،
جیا له‌وه‌ی به هه‌زاران رۆڵه‌ی له باوه‌شی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌ستاندووه،
دوو گه‌وره رێبه‌ری كوردیشی له چه‌قی دونیای پێشكه‌وتوودا له باوشی پڕ له
خۆشه‌ویستیی دایكی نیشتمان ئه‌ستاند. به‌و حاڵه‌ش ئه‌و رێژێمه تاكوو ئێستا
چوكترین پێگه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له كوردستاندا نیه.
ڕوون‌و ئاشكرایه، له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا به هۆی لاساری‌و گوێنه‌دان به یاسا‌و
رێسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، پشتیوانی له تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی، كۆسپ خستنه سه‌ر
رێگای ره‌وتی ئاشتی فه‌له‌ستین ـ ئیسرائیل، ناردنی یارمه‌تیی ماڵی‌و چه‌ك‌و
چۆل بۆ حیزبوڵڵای لوبنا‌ن‌و گرووپه تێرۆریستییه‌كان له عێراق، هه‌وڵدان بۆ ده‌ست
وێڕاگه‌یشتن به چه‌كی ناوكی، باس له ته‌فر‌و توناكردنی ئیسرائیل، حاشاكردن
له كوشتاری شه‌رمهێنه‌رانه‌ی جووله‌له‌كان، ناسراو به هۆلۆكاست، ئه‌و
رێژیمه‌یان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا خستۆته په‌راوێزه‌وه. دوور نیه درێژه‌ی
ئه‌م سیاسه‌ته چه‌وت‌و مه‌ترسیداره بواری شه‌رێكی نه‌خوازراوو ماڵوێرانكه‌ر
بێنیته گۆڕێ، بێ ئه‌م‌لاو ئه‌ولا هۆكاری هه‌ر شه‌ڕو ماڵوێرانیه‌ك
كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌و پێكهاته‌ی ئه‌و رێژیمه له
ته‌واویه‌تی خۆی دایه.
ئه‌مڕۆ كه‌سانێك ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی ئێرانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، به لۆژیك‌و هزری
سه‌دان ساڵ پێش ئێستا ده‌یان هه‌وێت پێش به‌ڕه‌وتی به‌ره‌وپێش چوونی مێژوو بگرن،
ئه‌وان بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاته جه‌هه‌نده‌مییه‌كه‌ی خۆیان رۆژانه تامی تاڵی
مه‌رگ به ده‌یان‌و بگره سه‌دان لاو له ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ده‌چێژن. سیاسه‌تی
قیزه‌وه‌نی به‌ردباران كردن، ده‌ست‌و لاق په‌ڕاندن، بێ سه‌رو شوێن كردن رچاو
ده‌كه‌ن.
ده‌ره‌نجامه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان، به میلیۆنان كه‌سی تووش بوو به
مادده سڕكه‌ره‌كان، بێكاری، گرانی، هه‌ژاری، گه‌نده‌ڵیی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و
گه‌نده‌ڵیی ئیداری، د‌زی، به‌رتیل خواردن‌و سه‌دان دیارده‌ی ناله‌باری دیكه‌ی
كۆمه‌لایه‌تی، له‌گه‌ڵ ئابوورییه‌كی دارووخاوو به‌رۆكی گه‌لانی ئێرانی
گرتۆته‌وه. سێبه‌ری ئه‌م رێژیمه ئه‌هریمه‌نییه بۆته مۆته‌كه‌ی نه‌هامه‌تی‌و
به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی ئێرانه‌وه قورسایی ده‌كات.
به پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی سیاسه‌تی هه‌نووكه‌یی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی
ئیسلامی ئێران، وانه‌و ئه‌زموونه به‌نرخه‌كانی مێژوو پێمان ده‌ڵێت، مه‌گه‌ر
هیتلێرو مووسولینی، میلۆسۆویچ‌و سه‌ددام، ستالین‌و پینووشه‌و سوهارتۆو زۆری
دیكه‌ی له چه‌شنی وان، تاكوو سه‌ر بۆیان لوا به زه‌برو زه‌نگ‌و سه‌ركوتی
خه‌باتگێڕانی ناوخۆیی‌و لاساری له به‌رانبه‌ر باخه‌یه نێونه‌ته‌وه‌یه‌كاندا،
درێژه به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بده‌ن؟
بێ گومان وڵامی ئه‌م پرسیاره نایه، كه‌واته مێژوو بێ راوه‌ستان، ره‌وتی
به‌ره‌وپێشچوونی خۆی ده‌پێوێ، كه‌وایه هه‌مووان ده‌توانین به درێژه دان به
خه‌باتی دێموكراتیك، به پشت به‌ستن به هێزو توانای بی بڕانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر،
به چوونه‌سه‌رلاه‌وه‌ی ئاستی مافخوازیی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی، به چڕ
بوونه‌وه‌ی خه‌باتی لاوان‌و ژنان له پێناوی دێموكراسیدا‌و بۆ جێگیركردنی
ده‌سه‌ڵاتێكی لائیك‌و فێدڕاڵ‌و فره‌یی له ئێرانی داهاتوودا، به ئاسۆی
رووناكیی سبه‌ی، هیواداربین.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یه‌كگرتوویی، یه‌كده‌نگی‌و هاوهه‌نگاوی، ده‌توانێ
یارمه‌تی‌ده‌رێكی شوێندانه‌ر بێ، یه‌كگرتن نه ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی كه چ مان ناوێ،
به‌ڵكوو بۆ ئه‌وش كه چ مان ده‌وێ‌و سیمای ئێڕانی داهاتوو چۆن ده‌ست نیشان
ده‌كه‌ین؟
|