|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |

ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: سیاسی ::. |
|
مانیای مه‌زنخوازی‌و تیۆكراسی له ئێران‌دا | |
02-12-1386
?:
سه‌لام ئیسماعیل‌پوور
له‌وه‌ته‌ی رێژیمی كۆنه‌په‌رستی كۆماری ئیسلامی هاتۆته سه‌ركار، ئه‌ده‌بیاتێكی
سیاسیی تایبه‌ت به خۆی هێناوه‌ته ئاراوه كه له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م
وڵاته‌دا ئه‌گه‌ر بێ‌وێنه نه‌بێت به دڵنیاییه‌وه كه‌م وێنه بووه. یه‌كێك له‌و
بابه‌تانه‌ی كه ده‌بێ له‌سه‌ری بدوێین مه‌زنخوازیی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و
رێژیمه‌یه كه ده‌كرێ وه‌ك ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی بۆ پێناسه‌كردنی سیمای راسته‌قینه‌ی
تیۆكراته‌كان‌و تێگه‌یشتن له چییه‌تی‌و نێوه‌رۆكی سیاسه‌ته‌كانی |
 | |
رێبه‌ران‌و كاربه‌ده‌ستانی
ئه‌و رێژیمه چاوی لـێ‌بكرێ. هاتنه‌سه‌ركاری خومه‌ینی له رێبه‌ندانی 1357ی
هه‌تاوی‌دا، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له په‌رتووكی مێژووی گه‌لانی
ئێران بووه‌و بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران كه‌سێك گه‌یشتبووه سه‌رلوتكه‌ی
ده‌سه‌ڵات كه بۆچوونێكی تایبه‌ت به خۆی له ده‌سه‌ڵات‌و سیاسه‌ت هه‌بوو. مه‌زنخوازیی
خومه‌ینی‌و ده‌سته‌وتاقمه‌كه‌ی، ئه‌گه‌رچی ئاكامی خولیای سه‌دان ساڵه‌ی
ئاخونده‌كان بۆ وه‌دیهێنانی حكوومه‌تێكی گرێ‌دراو به ئاسمان‌و پشت به‌ستوو به
سیناریۆیه‌كی ته‌م‌ومژاوی له سه‌ر ئیمامێكی شاراوه بوو، به‌ڵام پانتایی ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته‌ی كه ئه‌مانه پێی گه‌یشتن زۆر به‌رینتر له‌وه بوو كه ئاخوونده‌كان
به درێژایی مێژوو هه‌یانبووه‌و ته‌نانه‌ت خه‌ویشیان پێوه ده‌بینێ. ویلایه‌تی
فه‌قیه، له جۆری نوێ، به كرده‌وه ته‌واوی بواره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی له ژێر چه‌تری
هه‌یمه‌نه‌ی خۆی كۆ كرده‌وه‌و خۆی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا سه‌پاند.
له‌باری نێوخۆیییهوه لوتكه‌یه‌ك له ژیانی تاكه‌كه‌سی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ما
كه ده‌ست بۆ داگیركردنی درێژنه‌كرێت. هه‌موو بواره‌كانی سیاسه‌ت‌و ئابووری‌و
فه‌رهه‌نگ له هێزی چه‌كداری‌و ئه‌منییه‌تی‌و سیخوڕی، ناوه‌نده‌كانی سه‌ركوت،
ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، فێركاری، خوێندنی باڵا، وه‌رزش، سیستمی دادوه‌ری‌و
ته‌نانه‌ت ژیانی تاكه‌كه‌سی‌و شێوازی جل‌وبه‌رگ‌و خۆراكی خه‌ڵك كه‌وته به‌ر
ده‌ستدرێژیی ده‌سه‌ڵاتداران‌و به‌ته‌واوه‌تی، یان لانیكه‌م به‌شێكی هه‌ره‌زۆری
داگیركرا. سروشتییه كه ئه‌و سیاسه‌ته له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی‌و ویستی تاكه‌كان
هه‌ر له رۆشنبیران‌و چینی نێونجی‌یه‌وه بگره هه‌تا چه‌وساوه‌ترین توێژه‌كانی
چینی خوارووی كۆمه‌ڵگا یه‌ك نه‌گرێته‌وه‌و ببێته هۆی به‌ربه‌ره‌كانێ‌و
پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دوو جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتدار‌و بێ‌ده‌سه‌ڵات كه
له ئاكامدا سه‌ركوت‌و زه‌بروزه‌نگ‌و كاولكارییه‌كی بێ‌پسانه‌وه‌ی لـێ‌كه‌وته‌وه
كه له سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه ده‌ستێ پێ‌كرد‌و هه‌نووكه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه‌و به
شێوه‌یه‌كی كاولكارانه له سیمای سه‌ركوت‌و تێرۆر‌و هه‌ڵاتنی بیرمه‌ندان‌و
سه‌رمایه‌كان بۆ هه‌نده‌ران‌و پێش‌گرتن به هاتووچووی ئازاد‌و راسته‌قینه‌ی
ئاگایی‌و زانیارییه‌كان‌و سانسۆڕی بێ‌سنووری رۆژنامه‌كان‌و پێشێلكردنی به
ته‌واوه‌تی مافی مرۆڤ‌و ئاكار‌و كه‌رامه‌تی مرۆیی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا، خۆی
نیشان دا‌و بنه‌ماكانی ئابووری‌و فه‌رهه‌نگی‌و مرۆیی وڵاتی خسته‌به‌ر مه‌ترسیی
له نێوچوون‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه.
دیاره ئایدۆلۆژیای ئیمامی شاراوه كه ئه‌م تاقمه وه‌ك راستییه‌كی
باوه‌ڕپێكراو چاوی لـێ‌ده‌كه‌ن‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه خۆیان به جێگر‌و
ئامانه‌تداری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ده‌زانن‌و پێیان وایه تا كاتی سه‌رهه‌ڵدانی
ئه‌و، ده‌بێ پێش به دزه‌كردنی نه‌یاران بۆ نێو دام‌و ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵات
بگرن‌و هه‌ر به‌و پێیه‌ش له نزمترین ئاسته‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه، واته له
بناغه‌ی هێره‌مه‌وه ده‌ست به پاڵاوتنی سیستم‌و پاكتاوی نه‌یاران ده‌كه‌ن‌و بۆ
ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌یان جۆر فیلته‌ریان له نێو ره‌گ‌و ده‌ماری كۆمه‌ڵگا
جێگیركردووه‌و بێ‌به‌زه‌ییانه له‌گه‌ڵ هه‌موو ره‌وتێكی سه‌ربه‌خۆ‌و ئازادیخواز
هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، بۆ خۆی جێگای ده‌یان پرسیار‌و ره‌خنه‌یه كه لێره‌دا جێگای
باسكردنی نیه.
له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا، مه‌زنخوازیی كۆماری ویلایهتتهوهری ئێران له
چوارچێوه‌ی هه‌وڵدان بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئوممه‌تی ئیسلامی‌و زیندووكردنه‌وه‌ی
بیرۆكه‌ی دژایه‌تی مێژوویی خیلافه‌تی ئیسلامی له‌گه‌ڵ رۆژئاوای مه‌سێحی خۆی
ده‌نوێنێ. هه‌ڵبه‌ت به بیركردنه‌وه له‌وه‌ی كه جیهانی ناسراو به ئیسلامی
له بنه‌ڕه‌تدا، به‌شی هه‌ره‌زۆری باوه‌ڕمه‌ند به مه‌زهه‌بی ئه‌هلی سوننه‌ته‌و
زیاتر خۆی به ركابه‌ری شیعه‌گه‌ریی ئێرانی ده‌زانێ تاكوو دۆست‌و هاوپه‌یمانێ
بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ جیهانی پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داری‌و، هه‌روه‌ها به
تێگه‌یشتن له‌و راستییه‌ی كه زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی سوننه‌ش به شێوه‌ی
سێكۆلار به‌ڕێوه ده‌برێن‌و وازیان له بیری خیلافه‌تی ئیسلامی هێناوه‌و
به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی جێگای دروشمه ژه‌نگاوییه‌كانی سه‌ده‌كانی پێشووی
له ئاستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و وڵاتانه‌دا گرتۆته‌وه، ئیدی
به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی برایه‌تی ئیسلامی تا هه‌ڵكردنی ئاڵای ئیسلام له‌سه‌ر
كۆشكه‌كانی رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵات (ئه‌وه‌ش له لایه‌ن رێژیمێكه‌وه كه له
ته‌مه‌نی كورتی خۆیدا به دنیای سه‌لماندووه بێ‌متمانه‌ترین‌و چه‌واشه‌كارترین
رێژیمی سه‌رده‌مه‌و بڕوای به هیچ ئه‌سڵ‌و پره‌نسیپێكی نێونه‌ته‌وه‌یی نیه)
جگه له رێژیمی پاشكه‌وتووی ئێران له ناوه‌نده‌كانی بڕیاری هیچ وڵاتێكی
ئیسلامی‌دا ئاسه‌وارێكی نه‌ماوه‌و ته‌نانه‌ت گۆشه‌یه‌كی له سیاسه‌ت یان
ئابووریی هیچ وڵاتێكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆ ته‌رخان نه‌كراوه.
هه‌ر بۆیه دروشمه‌كانی كاربه‌ده‌ستانی ویلایه‌تی فه‌قیه، نه‌ته‌نیا كڕیارێكی
ئه‌وتۆی له ئاستی وڵاتانی ئیسلامیشدا بۆ به‌دی ناكرێ، به‌ڵكوو رێژیمی هه‌ر
له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نییه‌وه به‌و باوه‌ڕه گه‌یاندووه كه بۆ وروژاندنی
هه‌ستی ئیسلامی شۆڕشگێڕانه به شێوه‌ی ئاشكرا یان نهێنی، راسته‌وخۆ یان
ناڕاسته‌وخۆ‌و له رێگای ده‌ست‌و پێوه‌ندی‌یه‌كانیه‌وه ده‌ستێوه‌ردان له
كاروباری نێوخۆیی به‌شێكی زۆر له‌و وڵاتانه بكات‌و له هه‌ر شوێنێكی ئه‌و
دنیایه له فه‌له‌ستین، لوبنان، به‌حره‌ین، عێراق‌و عه‌ره‌بستانه‌وه بگره تا
ئه‌لجه‌زایه‌ر له باكووری ئه‌فریقا‌و فیلیپین له رۆژهه‌ڵاتی دووره‌وه‌و
ته‌نانه‌ت له دنیای رۆژئاوای مه‌سیحییش كه گرووپێكی ئیسلامی توندڕه‌و سه‌رهه‌ڵ
ده‌دات یان كۆماری ئیسلامی خوڵقێنه‌ری بووه، یان له درێژه‌ی ته‌مه‌نی‌دا
ده‌بێته هاوپه‌یمانی ئه‌و رێژیمه‌و به‌شێكی زۆر له داهاتی كۆمه‌ڵانی
هه‌ژاری خه‌ڵكی ئێران ده‌چێته كیسه‌ی ئه‌وانه‌وه كه بۆ مه‌به‌ستی كاروباری
توند‌وتیژی‌و تێكدانی ئاسایش‌و سه‌قامگیریی نێوخۆیی ئه‌و وڵاتانه به‌كاری
ده‌هێنن‌و نه‌یارانی رێژیم له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دنیایه‌دا بن ده‌كه‌ونه به‌ر
هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ‌و سزای ئیسلامی. هێندێك له‌و تاقم‌و گرووپانه به شێوه‌ی
فه‌رمی ده‌بنه به‌شێك له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی رێژیمێ كه هیچ سنوور‌و
به‌ربه‌ستێ بۆ ئامانجه مه‌زنخوازانه‌كانی خۆی ناناسێ‌و دنیا به گۆڕه‌پانێ بۆ
تاقیكردنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیای پووچه‌ڵی شۆڕشی ئیسلامیی خۆی له قه‌ڵه‌م ده‌دات.
لێره‌دا به راشكاوی ده‌بینین كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌خت له نێوان
ئامانج‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ئامانجه
مه‌زنخوازانه‌كانی كۆماری ئیسلامی روو ده‌دات. سه‌رچاوه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و
رووبه‌ڕووبوونه‌وانه، نه‌ك دژایه‌تی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ جیهانی ئیسلام، به‌ڵكوو
ئه‌و راستی‌یه‌یه كه له لایه‌كه‌وه جیهانێك ده‌بینرێ كه بۆ گه‌شه‌سه‌ندن‌و
په‌ره‌پێدانی زانست‌و ئابووری‌و فه‌رهه‌نگ پێویستی به ئاسایش‌و سه‌قامگیریی
هه‌یه‌و له لایه‌كی‌تره‌وه رێژیمێك راوه‌ستاوه كه فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی خۆی له
قه‌یران‌و ئاڵۆزی‌دا ده‌بینێ‌و به‌ده‌ر له خولیای مه‌زنخوازیی ئیسلامی ـ
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه بتوانێ گرفته‌گانی نێوخۆی وڵات وه‌كو پێشێلكاریی مافی
مرۆڤ، گرانی‌و بێكاری ... له چاوی خه‌ڵك بشارێته‌وه‌و سه‌رنجی بیروڕای گشتی
له نێوخۆ‌و ده‌ره‌وه بۆ قه‌یرانێكی ده‌ره‌كی رابكێشێ، بۆ خۆی قه‌یرانێك
سازده‌كا‌و كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی‌و خه‌ڵكی نێوخۆی وڵات بۆ ماوه‌یه‌ك به‌و
قه‌یرانه سه‌رگه‌رم ده‌كات‌و سووته‌مه‌نیی ئاگری ئه‌و قه‌یرانه یه‌ك له
دوای‌یه‌كانه‌ش له داهاتی نه‌ته‌وه‌یی وڵات دابین ده‌كات كه ده‌بوایه بۆ
پێشكه‌وتنی باری ژیان‌و ئازادی‌و ته‌ندرووستی خه‌ڵكی ته‌رخان بكردبایه ـ
به‌رنامه‌یه‌كی دیكه‌ی نیه.
به‌م جۆره‌یه كه رێژیم له ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا به‌رده‌وام به بیانووی
ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی ئوممه‌تی ئیسلامی له
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیار‌و داخوازه‌كانی خه‌ڵك بۆ دابین‌كردنی ته‌ناهی‌و
خزمه‌تگوزاری‌و ماف‌و ئازادییه‌كانیان خۆی پاراستووه‌و داخوازه ره‌واكانیانی
وه‌پشتگوێ خستووه. له وه‌ها كولتوورێكی زاڵ به‌سه‌ر خه‌ڵكانی ئێران‌دا شه‌ڕی
كاولكه‌ری هه‌شت ساڵه له‌گه‌ڵ عێراق ده‌بێته خه‌ڵاتێكی ئاسمانی‌و
چاوه‌ڕوانكراو. بیانووی سه‌ركوتی ئازادیخوازانی نێوخۆ ده‌بێته پاراستنی
ته‌ناهیی نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌رگری له به‌ها ئایینی‌یه‌كان كه وه‌كوو ئه‌ڵقه‌ی
گرێده‌ری ئاسمان‌و زه‌وی به خه‌ڵك ده‌ناسێنرێن‌و ئه‌وانیش له لایه‌ن ئیمامی
زه‌مانه‌وه ئه‌و ئه‌ركه مێژوویی‌یه‌یان پێ‌ئه‌سپێردراوه؟
دیاره به‌رزه‌فڕی له سیاسه‌تدا شتێكی زۆر چاوه‌ڕوان نه‌كراو نیه، به‌ڵام كاتێك
له بازنه‌ی عه‌قڵ‌و لۆژیك ده‌چێته‌ده‌ر، ده‌كرێ به مانیا (جنوون) پێناسه
بكرێ. مانیابوونی به‌رزه‌فڕییه‌كانی تیۆكراسیی ئێران له‌وه‌دایه كه
به‌راوردی ئیمكاناتی خۆیان له‌گه‌ڵ ئاواته‌كانیان ناكه‌ن. به پێی عه‌قڵی
بیركاری، سیاسه‌تڤان ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك ئیمكاناتی خۆی له‌گه‌ل ئامانجه‌كان
هه‌ڵسه‌نگێنێ‌و ئه‌وسا به‌له‌به‌رچاوگرتنی باڵانسی نێوان ئه‌و دووه، هه‌نگاویان
بۆ بنێ‌و به‌شێك له بودجه‌و ئیمكاناتی نه‌ته‌وه‌یی وڵاتیان بۆ ته‌رخان بكات.
به‌ڵام له كۆماری ئیسلامی‌دا به روونی ده‌بینرێت كه پاره‌و ئیمكاناتی وڵات بۆ
هێندێك ئامانجی سه‌یر‌و سه‌مه‌ره ته‌رخان ده‌كرێ كه هه‌ر كه‌سێ ده‌توانێ
دووره‌ده‌ستبوون یان خه‌یاڵی بوونیان بسه‌لمێنێ (وه‌ك ئه‌و هه‌موو
سه‌رمایه‌دانانه‌ی كه له‌سه‌ر مزگه‌وتی جه‌مكه‌ران‌و سه‌رهه‌ڵدانی ئیمامی
شاراوه‌و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی شۆڕشی ئیسلامی‌و ... ئه‌نجام ده‌درێت.) پشت به‌ستن
به ئه‌فسانه‌و مێژووی ته‌م‌ومژاوی‌و خۆگرێدان به ئاسمان دیارده‌یه‌كی كۆن‌و
له مێژینه‌یه، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستادا نیشانه‌ی دواكه‌وتوویی
رێژیمه‌كان‌و مانیای ده‌سه‌ڵاتدارانیانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه كایه‌ی سیاسه‌ت
له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له جیهانی ئه‌مڕۆدا له سه‌رهێندێك واقێعی
زه‌وینی ده‌كرێ كه به پێی به‌راوردی بیركاری‌و لۆژیكی هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێن‌و
تاوتوێ ده‌كرێن. له‌م سیستمه‌دا هه‌ر جۆره دوانێك له‌مه‌ڕ به‌ستراوه‌یی به
ده‌سه‌ڵاتێكی میتافیزیكی سیاسته‌ڤان وه‌ك "ساویلكه‌یێ" له‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگای
جیهانی پیشان ده‌دات.
جێگه‌ی داخه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی وڵاتی ئێمه‌ش ده‌قاوده‌ق نموونه‌ی
به‌رچاوی شێتی‌و ساویلكه‌یین‌و بوونه‌ته مایه‌ی شه‌رمه‌زاریی خه‌ڵكی ئێران‌و
گاڵته‌جاڕی له‌به‌رده‌م بیروڕای جیهانی پێشكه‌وتووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا.
پێویسته دنیای ده‌ره‌وه ئیتر له‌وه زیاتر خۆی له به‌رانبه‌ر ئه‌و رێژیمه‌دا
گێل نه‌كا‌و تێ‌بگات كه هه‌بوونی وه‌ها رێژیمێ دژایه‌تی ته‌واوی هه‌یه له‌گه‌ڵ
پرۆسه‌ی دێموكراتیزه‌كردنی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌و ئاسایش نێونه‌ته‌وه‌یی
به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری كورتخایه‌ن ناتوانێ ئه‌و راستییه بشارێته‌وه كه
ویلایه‌تی فه‌قیه توخمێكی ناله‌بار‌و ناسازه بۆ پێشكه‌وتنی مرۆڤ له
سه‌رتاسه‌ری جیهان به گشتی‌و رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به تایبه‌تی. له ئاستی
نێوخۆییشدا، خه‌ڵكی ئێران له مێژه له‌و ده‌سه‌ڵاته هیوا بڕاوبوون‌و چاك ده‌زانن
كه یه‌كخستن‌و رێكخستنی هێزه‌كانیان بۆ رووخاندنی ئه‌و رێژیمه سه‌ره‌كیترین
پێویستی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌و ده‌بێ له شوێنی چاره‌سه‌ر‌و رێگایه‌ك بۆ
به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌و پرۆسه مێژوویی‌یه بگه‌ڕێن.
ئه‌مه‌ش ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێ كه ویلایه‌تی فه‌قیه له خودی خۆیدا، زاتێكی
پاوانخواه‌و هیچ جۆره پاشه‌كشه‌و سنوورداربوونێ به‌خۆوه ناگرێ. كه‌واته
گۆڕانكاری‌و چاكسازی له سیستمێكی وادا بێ‌مانایه. وه‌ها سیستمێ ته‌نانه‌ت رێز
بۆ به‌ڵێنی‌و بڕیاره‌كانی خۆی دانانێت‌و به‌ڵێنیی هه‌ر جۆره
پاشگه‌زبوونه‌وه‌یێ له لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه ته‌نیا ده‌بێ وه‌ك
هه‌نگاوێكی چه‌واشه‌كارانه بۆ خه‌ڵه‌تاندنی نه‌یارانی ده‌ره‌كی‌و
ئازادیخوازانی نێوخۆیی، به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی قۆناغێكی هه‌ستیار‌و
مه‌ترسیدار له كاتی هه‌ست پێكردنیان به لاوازیی به‌ره‌ی خۆیان‌و به‌هێزیی
به‌ره‌ی نه‌یارانیان چاوی لـێ بكرێ. ویلایه‌تی فه‌یقه له تیۆریدا هیچ
بنه‌مایه‌كی دێموكراتیكی نیه، كه‌وابوو هه‌ر جۆره پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌و
سیستمه به‌ره‌و دێموكراسی ده‌بێته هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی. هه‌ر بۆیه له نێو
هێندێك له باوه‌ڕمه‌ندانی ئه‌و رێبازه‌شدا ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه سیستمی
كۆماری له‌گه‌ڵ ئیسلام ناسازگاره‌و ده‌بێ ناوی كۆماری له‌سه‌ر حكوومه‌تی
ئیسلامی هه‌ڵ‌گیرێ. ئه‌وه‌ش په‌یامێكی ته‌واوكه‌ره بۆ ئه‌وانه‌ی كه له
نێوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێیان وایه چاكسازی‌و رێفۆرمی ئارام له رێژیمی
كۆماری ئیسلامی‌دا شتێكی چاوه‌ڕوان كراوه‌و له‌و راستییه تێ‌ناگه‌ن كه هیوای
به‌دی‌كردنی ماندێلا‌و گاندی له نێو سوارچاكانی ویلایه‌تی فه‌قیهدا،
وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی په‌ندێكی پێشینیانه كه ده‌ڵێ: "ئاو به بێژنگ ناهێنرێ."
ویلایه‌تی فه‌قیه له بنه‌ڕه‌تدا نیزامێك نیه كه تۆسقاڵێ ئامانجی دێموكراتیكی
له پشته‌وه بێ، به‌ڵكوو مه‌به‌ستی ئه‌وانه له ده‌سه‌ڵات، هه‌ر خودی
ده‌سه‌ڵاته‌و پیرۆزیی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وان له هه‌موو ماف‌و داخوازێكی
جه‌ماوه‌ری‌و هه‌موو پره‌نسیپێكی سه‌رده‌میانه ره‌واتر‌و گرنگتره. ئه‌مه له
جێی خۆیدا، روونترین پاساوی سیاسه‌ته مالیخولیایی‌یه‌كانی رێبه‌رانی ئه‌و
نیزامه‌یه كه بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی دزێوی خۆیان، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر
نائاوه‌زمه‌ندترین سیاسه‌ته‌كانی جیهانی ئه‌م سه‌رده‌مه كه بۆ كۆمه‌ڵگای
نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌رسووڕهێنه‌ر‌و بۆ گه‌لانی ئێران زیانباره. |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |