|
ده‌سه‌ڵاتی نیوه سه‌ربه‌خۆیی‌و
دڵنیایی له پشتگیریی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی
2 ـ هه‌وڵی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا بۆ چاكسازیی سیمای ئه‌م وڵاته له
بیر‌وڕای گشتیی جیهانی، له رێگای پشتیوانی له دێموكراسی‌و دژایه‌تی تیرۆر‌و
سه‌ره‌ڕۆیی‌و بناژۆخوازی‌و هه‌روه‌ها ناساندنی خۆی وه‌ك پشتیوانی بزووتنه‌وه
رزگاریخوازه‌كان له ته‌كووزمه‌ندیی نوێی جیهانیدا.
3 ـ سیاسه‌تی ئا‌مریكا بۆ
لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاتی رووسیه‌و كورتكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌م وڵاته له ناوچه‌ی
باڵكان كه ده‌توانێ ببێته پێگه‌یه‌كی ئیستراتژیك بۆ كارتێكه‌ری له سه‌ر
ژئۆپۆلیتیكی ناوچه‌كه.
پشتیوانی له جیا بوونه‌وه‌ی كۆزۆڤۆ ده‌توانێ وه‌ك درێژه‌ی سیاسه‌تی په‌ره
پێدانی ناتۆ به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئوروپا‌و پێداگریی ئا‌مریكا له به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی
رووسیه‌و دامه‌زرانی قه‌ڵغانی دژه‌موشه‌كی له رۆژهه‌ڵاتی ئوروپا چاوی لێ
بكرێ.
4 ـ سیاسه‌تی پێكهێنانی "ده‌وڵه‌ته چكۆله‌كان"و وردكردنی هێزه ناوچه‌ییه‌كان.
به‌م پێیه وێده‌چێ له سیاسه‌تی نوێی ئامریكادا بۆ دابه‌زاندنی راده‌ی
كارتێكه‌ریی هێزه ناوچه‌ییه‌كان دۆزی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی نێوخۆی ئه‌و
وڵاتانه زه‌ق بكرێته‌وه‌و بخرێته نێو رۆژه‌ڤی سیاسه‌تی جیهانی.
5 ـ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیی ئاشكرا له دژی خه‌ڵكی كۆزۆڤۆ له لایه‌كه‌وه
بزوێنه‌ری هه‌ستی جیایخوازیی ئه‌و گه‌له بووه‌و له لایه‌كی‌تره‌وه
سه‌ربه‌خۆیی‌و رزگاربوونیانی له مه‌ترسیی پاكتاوی ره‌گه‌زی له بیر‌وڕای
گشتیی خه‌ڵكانی جیهاندا ره‌وایی پێداوه.
دژكرده‌وه‌كان
دوای راگه‌یاندنی بڕیاره‌كه‌و به‌ڕێوه‌چوونی كارنه‌ڤاڵی شادی له لایه‌ن
خه‌ڵكی كۆزۆڤۆوه هێندێك دژكرده‌وه‌و هه‌ڵوێستی جۆربه‌جۆر له لایه‌ن وڵاتان‌و
رێكخراوه‌كانه‌وه نیشان دران كه به‌م شێوه‌یه ده‌كرێ ئاماژه‌یان پێ‌بكه‌ین:
1 ـ سێربه‌كان: پاش راگه‌یاندنه‌كه، خه‌ڵك‌و ده‌وڵه‌تی سێربستان بوونه یه‌ك
پارچه ئاگر‌و شه‌پۆلێكی نه‌فره‌ت‌و تووڕه‌یی له دژی ئامریكا‌و پشتیوانانی
سه‌ربه‌خۆیی كۆزۆڤۆ شار‌و شه‌قامه‌كانی گرته‌وه‌و باڵوێزخانه‌كانی ئه‌و
وڵاتانه كه‌وتنه به‌ر په‌ڵاماری خه‌ڵكی ناڕازی‌و ته‌نانه‌ت باڵوێزخانه‌ی
ئا‌مریكا ئاگری تێبه‌ردرا‌و باڵوێزی سێربستان له‌و وڵاته بانگهێشت كرایه‌وه‌و
ئه‌و وڵاتانه تاوانبار كران به جیاكردنه‌وه‌ی به‌شێك له خاكی
سێربستان.رێبه‌رانی سێرب ئه‌و بڕیاره به دژی ته‌واوی یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان
به‌تایبه‌ت بڕیارنامه‌ی 1244ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن‌و
رایانگه‌یاندووه كه هه‌رگیز دان به‌و بڕیاره‌دا نانێن‌و كۆزۆڤۆ به به‌شێك له
خاكی خۆیان ده‌زانن.
2 ـ رووسیه: ئه‌م وڵاته‌ش دژی بڕیاره‌كه‌یه‌و به پیلانێكی ئامریكایی ده‌زانێ
كه ئامانجی تێكدانی سه‌روه‌ری‌و یه‌كگرتوویی خاكی روسیه‌و سه‌رهه‌ڵدانی
جیاییخوازی له نێو كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌م وڵاته‌یه، بۆیه ته‌نانه‌ت
هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی مافی ڤێتۆی له دژی سه‌ربه‌خۆیی كۆزۆڤۆ كردووه‌و
پشتیوانی ته‌واو له سێربستان ده‌كات.
3 ـ رۆژئاوا (ئا‌مریكا، بریتانیا، فه‌رانسه، ئاڵمان، ئیتالیا، ناتۆ، UN) ئه‌و
وڵات‌و رێكخراوانه بڕیاره‌كه‌یان به كارێكی ره‌وا زانیوه‌و به فه‌رمی
ناسیویانه‌و ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاوكاری‌و هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتی
سه‌ربه‌خۆی كۆزۆڤۆ ده‌ربڕیوه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌ركی پاراستنی سنووره‌كان‌و
ئاسایشی نێوخۆیی‌و راهێنانی پۆلیس‌و هێزی چه‌كداریی ئه‌و وڵاته‌یان له ئه‌ستۆ
گرتووه.
4 ـ هێندێك له‌و وڵاتانه‌ی كه بۆ خۆیان له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كان
ده‌سته‌و یه‌خه‌ن، وه‌ك چین، ئیسپانیا، ئیرله‌ند، رۆمانی، بۆلغارستان، قێبرس‌و
یونان دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته ده‌ربڕیوه‌و نایانه‌وێ وڵاتی كۆزۆڤۆ
به فه‌رمی بناسن، له‌م پێوه‌ندییه‌دا توركیه نموونه‌یه‌كی ناوازه‌یه كه وه‌ك
وڵاتێكی چه‌وسێنه‌ری دوو نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و ئه‌رمه‌نی، پشتیوانی خۆی له
سه‌ربه‌خۆیی وڵاتی كۆزۆڤۆ ده‌ربڕیوه، كه هۆكه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆزی
قێبریس.
5 ـ هێندێكی‌تر له وڵاتانی جیهان هێشتا خۆیان یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌و
چاوه‌ڕوانی ره‌وتی رووداوه‌كان ده‌كه‌ن كه بزانن به‌ره‌وكام ئاراسته ده‌ڕوات.
ئاكامه‌كان
راگه‌یاندنی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كۆزۆڤۆ‌و به فه‌رمی ناسینی ئه‌م
وڵاته له لایه‌ن ئامریكا‌و هێندێك له وڵاتانی رۆژئاواوه ده‌بێته هۆی په‌ره
گرتنی ئاڵۆزی‌و بارگرژی له پێوه‌ندییه‌كانی نێوان رووسیه‌و وڵاتانی
رۆژئاوایی. ئه‌م قه‌یرانه‌ش له‌وانه‌یه ته‌شه‌نه بكاته نێو پرۆسه
پێوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ی نێوان ئه‌و وڵاتانه. بۆ نموونه یه‌كه‌م هه‌ڵوێستی
رووسیه له دژی به فه‌رمی ناسینی كۆزۆڤۆ له لایه‌ن توركیه‌وه بوو كه
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیه له به‌رامبه‌ر هێرشی توركیه بۆ سه‌ر باشووری
كوردستان دژكرده‌وه‌ی نیشان دا‌و میخایل مارگیلۆف سه‌رۆكی لیژنه‌ی كار‌و باری
ده‌ره‌وه‌ی رووسیه رایگه‌یاند توركیا ناتوانێ له لایه‌كه‌وه جیاییخوازیی
كۆزۆڤۆییه‌كان به فه‌رمی بناسێ‌و له لایه‌كی دیكه‌وه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ
جیاییخوازیی كورده‌كانی خۆی‌و هه‌رێمی كوردستان له عێراق بكات.
له‌و پێوه‌ندییه‌دا كۆماری ئیسلامیش وێڕای هه‌موو دروشمه ئیسلامییه‌كانی خۆی،
له به‌ر ئه‌وه‌ی كه پێویستی به پشتیوانیی رووسیه له به‌رنامه ناوكیه‌كانی
هه‌یه،له به‌رامبه‌ر رزگار بوونی گه‌لێك كه زۆربه‌یان موسڵمانن له ژێر
ده‌سه‌ڵاتی وڵاتێكی سه‌ركوتكه‌ر، بێده‌نگی نواندووه.
شێمانه‌ی ئه‌وه ده‌كرێ كۆزۆڤۆ به‌م زووانه ببێته ئه‌ندامێكی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان‌و له لایه‌ن زۆربه‌ی وڵاتانی دنیاوه به فه‌رمی بناسرێ،
به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م وڵاته ببێته ورووژێنه‌ری هێندێك قه‌یرانی
ناوچه‌یی‌و نێونه‌ته‌وه‌یی چار هه‌ڵنه‌گر.
"جاناتان ماركۆس" شرۆڤه‌كاری "بی‌بی‌سی" بۆ كاروباری دیپلۆماتیك پێی وایه ئه‌م
سه‌ربه‌خۆییه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌بێ بۆ سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپه باوه‌ڕپێكراوه‌ی له
پاش شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌مه‌وه كه سنووری وڵاتان ته‌نیا له رێگه‌ی ده‌نگی
زۆرینه‌ی هاووڵاتیانه‌وه ده‌گۆڕدرێت. ئه‌گه‌رچی رێبه‌ران‌و دیپلۆماتكارانی
رۆژئاوایی ده‌ڵێن كۆزۆڤۆ نموونه‌یه‌كی ئاوازه‌یه‌و نابێ بكرێته نموونه بۆ
گه‌لانی سته‌م لێكراوی‌تر، به‌ڵام ئه‌زموونی ئه‌و وڵاته 2 میلیۆنییه ده‌توانێ
له داهاتوودا وه‌ك ره‌واڵێكی یاسایی نوێ چاوی لێ بكرێ‌و خه‌ڵكانی‌تر كه‌ڵكی
سیاسی‌و یاسایی له‌و ئه‌زموونه وه‌رگرن. ئه‌م قه‌یرانه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و
راستیه‌یه كه وزه‌ی ناسیونالیزم هێشتا ده‌توانێ بزوێنه‌ری خوێنی شۆڕش‌و
ناسه‌قامگیری ته‌نانه‌ت له ئوروپادا بێت‌و هێشتا له سه‌رتاسه‌ری ئوروپاش ئه‌و
بیرۆكه‌یه بنبڕ نه‌كراوه‌و تا چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت هه‌ستانه‌وه‌ی
نه‌ته‌وه‌ییش هه‌ر ده‌مێنێ‌و له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و تێز‌و تیۆرییانه‌ی كه
باسیان له‌وه ده‌كرد له پرۆسه‌ی به جیهانیبوون دا، دۆزی نه‌ته‌وایه‌تی
پۆتانسیه‌لی بزووتنی نامێنێ، له‌گه‌ڵ دژه نموونه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری وه‌ك
سه‌ربه‌خۆیی كۆزۆڤۆ له سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كه‌م دا به‌ره‌وڕوو بوون‌و له
بنه‌مادا كه‌وتنه ژێر پرسیاره‌وه. |