|
كردنی بڕیارنامه‌ی
دووهه‌می ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به دژی پڕۆگرامه
ناوكییه‌كه‌ی ئێران.
ئه‌وه‌ش له خۆیدا هه‌ڵگری
راستیگه‌لێكه، كه هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگای جیهانی له به‌رامبه‌ر ئێران‌دا زیاتر
له جاران روون ده‌كاته‌وه، به چه‌شنێك كه وڵاتانی رۆژئاوایی، ئامریكا‌و
ته‌نانه‌ت به‌ناو هاوپه‌یمانی باكووریی وڵاتی ئێرانیش یانێ رووسیه،
نایانهه‌وێت رێژیمی ئیدئۆلۆژیك‌و بناژۆخوازی ئاخووندی، ده‌ستی به چه‌كی
ناوكی رابگات. هه‌رچه‌ند پاش ده‌رچوونی راپۆرتی محه‌ممه‌د ئه‌لبه‌رادعی
كاربه‌ده‌ستانی رێژیمی ئێران هه‌روه‌ك پێشتریش ده‌ستیان دایه به‌ڕێوه‌بردنی
سێناریۆی چه‌واشه‌كاریی راستییه‌كان‌و ئه‌م راپۆرته‌یان وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی
مێژوویی‌و سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن وه‌سف كرد‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له هه‌موو
مزگه‌وته‌كاندا رێوڕه‌سمی شوكرگوزارییان به‌جێ‌هێنا‌و بڕیاریان دا رۆژی 20ی
خاكه‌لێوه‌ی ساڵی 1387 وه‌ك رۆژی نه‌ته‌وه‌یی تێكنۆلۆژیای ناوكی ده‌سنیشان
بكه‌ن‌و له سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا جێژنێكی گه‌وره بگێڕن. به‌ڵام واقێعی ئه‌م
فریوكارییه ئه‌و زه‌بره قورسه‌یه كه له كۆمه‌ڵگای جیهانیان خواردووه‌و به
بێ هیچ گومانێك ده‌رخه‌ری مه‌ترسی ده‌روونی رێژیمه‌كه له هه‌ڵدێری نه‌ماندا
خه‌ریكه جێژن‌و سه‌ما ده‌گێڕێ. چونكوو ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی وردبینانه
راپۆرته‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌لبه‌رادعی تاوتوێ‌و هه‌ڵسه‌نگێنرێت، به جوانی
ده‌رده‌كه‌وێت كه كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر چ
ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی گه‌وره‌دان‌و چلۆن به چه‌واشه كردنی گرفته ده‌ره‌كییه‌كان،
بیر‌وڕای گشتیی كۆمه‌ڵگای ئێران به لاڕێدا ده‌به‌ن.
له راپۆرته‌كه‌ی ئه‌لبه‌رادعیدا هه‌رچه‌ند هێما كراوه بۆ ئه‌وه‌یكه ئێران
وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی رێكخراوی وزه‌ی ناوكیی داوه‌ته‌وه‌و ئاژانسی وزه‌ی
ناوكیی ده‌توانێ وه‌ڵامه‌كانی ئێران پشت راست بكاته‌وه. به‌ڵام هێما بۆ چه‌ند
خاڵی گرینگی دیكه كراوه كه ئه‌و خاڵه ئه‌رێنییانه‌ی كه له سه‌ر ئێران
تۆمار كراوه، بێ‌بایه‌خ‌و بێ‌نرخی ده‌كات. چونكوو ئێران وه‌ڵامی پرسیارگه‌لێكی
داوه‌ته‌وه كه ئاژانسی وزه‌ی ناوكیی ماوه‌ی 5 ساڵه بۆ وه‌ڵام
وه‌رگرتنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا له پێوه‌ندییدایه‌و به‌م پێیه، ئێستا ئێران
له به‌رامبه‌ر پرسیارگه‌لێكی دیكه‌دایه كه له ماوه‌ی ئه‌م 5 ساڵه‌ی كه ئه‌و
وڵاته خه‌ریكی وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیاره پێشووانه بووه، هاتوونه‌ته گۆڕێ.
یانی ره‌نگه گه‌وره به‌رپرسانی ئێرانی پاش كاتكوژی‌و تێپه‌ڕاندنی 5 ساڵ له
ژێر باری گوشاری نێونه‌ته‌وه‌یی‌و گه‌مارۆكانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌دا، ناچار
بووبێتن بۆ ده‌ربازبوونیان له‌و هه‌ل‌و مه‌رجه‌ی كه چه‌ند ساڵه تێیدان‌و
بووه‌ته هۆی وه‌په‌راوێز كه‌وتنیان له نێو كۆمه‌ڵگای جیهانیدا، وه‌ڵامی ئه‌و
پرسیارانه بده‌نه‌وه، به‌ڵام ئێستا له به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیاره نوێیانه‌ی، كه
له لایه‌ن هه‌مان ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئامریكا‌و رۆژئاواوه هاتوونه‌ته
ئاراوه كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش رایانگه‌یاندبوو، كۆماری ئیسلامی له ساڵی
2003 ده‌ستی له به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ناوكی هه‌ڵگرتووه، تووش سه‌رسوڕمان
بوون. بۆیه هیچ وه‌ڵامێكیان بۆ ئه‌و پرسیارانه نیه‌و به گوته‌ی عه‌لی
ئه‌سغه‌ر سوڵتانیه، نوێنه‌ری ئێران له رێكخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناوكیی
"ئه‌و زانیارییانه به‌شێكی زۆریان هه‌ڵه، ناڕاست‌و ساخته‌یین". شایانی باسه
ئه‌م وه‌ڵامه له لای زانایان‌و بیرمه‌ندانی سیاسی، ناسیاو له‌گه‌ڵ دیپلۆماسی
كۆماری ئیسلامی‌دا، شتێكی نامۆ‌و سه‌یر نییه، چونكوو ئه‌م جۆره وه‌ڵامدانه‌وه
چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێشیش، كاتێك هه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی كه ئێستا كۆماری ئیسلامی
به زۆره‌ملێ وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه، لێیان ده‌كرا، له زاری به‌رپرسانی ئێرانی
ده‌بیسترا، كه ئه‌م پرسیارانه نادرووسته‌و ئه‌مانه پیلانی ئامریكایه بۆ گوشار
خستنه سه‌ر كۆماری ئیسلامی.
هه‌ر بۆیه محه‌ممه‌د ئه‌لبه‌رادعی به ئاشنا بوون له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی
كاربه‌ده‌ستانی رێژیم‌دا، به راشكاوانه له راپۆرته‌كه‌یدا رایده‌گه‌ێنێ كه،
كاربه‌ده‌ستانی ئێران وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه كه پێوه‌ندی
هه‌یه به پڕۆگرامه ناوكییه‌كانی چه‌ند ساڵی پێشوویان، بۆیه ئێمه ناتوانین
بیسه‌لمێنین، چالاكییه ناوكیه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئاشتیخوازانه‌یه. ئه‌مه‌ش
هه‌ر هه‌مان لایه‌نه كه له نێو میدیاكانی كۆماری ئیسلامی‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك
له سه‌ری باس نه‌كراوه، چونكوو چاك ده‌زانن كه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره
نوێكانی رێكخراوی وزه‌ی ناوكی هه‌مدیس ناچارن رێگه‌یه‌كی نوێ‌و درێژ ببڕن،
ئه‌ڵبه‌ت به مه‌رجێ كه كۆمه‌ڵگای جیهانی هه‌مدیس بیه‌وێت له‌گه‌ڵ
كاتكوژییه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا سات‌و سه‌ودا بكات.
له به‌شێكی هه‌ره گرینگی راپۆرته‌كه‌ی ئه‌لبه‌رادعیدا هێما كراوه به
به‌ڵگه‌یه‌ك كه له لایه‌ن ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانه‌وه دراوه به رێكخرای
وزه‌ی ناوكیی له مه‌رَ ئه‌ویكه، ئێران له قۆناخی تاقیكاری‌و لێكۆڵینه‌وه
له سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی كڵاوه‌كی ناوكی بۆ به‌كارهێنان‌و چێكردنی مووشه‌كی
دوورهاوێژی بالستیكه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م زانیارییانه له لایه‌ن ئێرانه‌وه به
درۆخراونه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌روه‌ك پێشتریش هێمامان پێكرد، ئه‌م زانیارییانه له
لایه‌ن هه‌مان ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌وه دراوه به ئاژانسی وزه‌ی ناوكیی كه
پێشتریش باسی له راگرتنی پڕۆگرامه ناوكیه سه‌ربازییه‌كانی كۆماری ئیسلامی
كردبوو. ئێستا پرسیار ئه‌مه‌یه، كه چۆنه راپۆرتی پێشووی ئه‌م ده‌زگا
هه‌واڵگرییانه له لایه‌ن ئێرانه‌وه پێشوازیی لێده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌م
زانیارییانه‌ی به درۆ ده‌خرێته‌وه؟! به هه‌ر شێوه هه‌روه‌ك دیاره راپۆرتی 16
ریكخراوی هه‌واڵگریی ئا‌مریكا، تاكتیكێك‌و داوێكی ئێستراتژیك بوو كه
كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی بۆ خۆیشیان نه‌یانزانی چۆن تێیكه‌وتن. بۆیه
ده‌ستیان داویه هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه، كه ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش
بڕیارنامه‌ی سێهه‌می گه‌مارۆكان له سه‌ر ئێران په‌سه‌ند بكا، ئه‌مانیش
دژكرده‌وه‌ی پێویست له خۆ پیشان ده‌ده‌ن‌و ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌رپرچده‌ده‌نه‌وه. بڕیارنامه‌یه‌ك كه پاش بڵاو
بوونه‌وه‌ی راپۆرتی مانگی مارسی محه‌ممه‌د ئه‌لبه‌رادعی، به زۆرینه‌ی ده‌نگ
په‌سه‌ند كرا. ئه‌وه‌ش وه‌ڵامێكی روونه بۆ چه‌واشه‌كارییه‌كانی رێژیمی كۆماری
ئیسلامی كه ده‌هۆڵی سه‌ركه‌وتن لێده‌دا‌و به خه‌یاڵی، خه‌ڵكی ئێران‌و
كۆمه‌ڵانی وشیار به سیاسه‌ت‌و بار‌ودۆخی ناوچه‌كه، له گوێی فیلدا خه‌وتوون
كه به سه‌ربه‌رزییه‌وه له مزگه‌وتی زانكۆی تاران‌دا پلاكارد هه‌ڵداوسن كه،
"سه‌ركه‌وتنی ناوكی، ئاكامی دیپلۆماسی به‌سیجه" یان "ئا‌مریكا، ئا‌مریكا نه‌مان
بۆ پیلانی تۆ، چونكوو وزه‌ی ناوكی واده‌رهات له چنگی تۆ". ئه‌م چه‌شنه كار‌و
كرده‌وانه‌ش پیشانده‌ری ئه‌وه‌ن كه رێژیمی كۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر
راستیه‌كاندا جگه له دروشم گوتن‌و چه‌واشه‌كاری، له جیهانی پێشكه‌وتوو‌و
مۆدێڕنی ئه‌مڕۆدا كارێكی دیكه‌ی له ده‌ست نایه‌ت.
بۆیه شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت پاش كۆتایی هاتنی ده‌ورانی هێمنیی له رۆژانی
داهاتوودا، زریانی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان كۆمه‌ڵگای جیهانی‌و رێژیمی كۆماری
ئیسلامی هه‌ڵكاته‌وه، چون پاش راپۆرتی ئه‌لبه‌رادعی‌و هێنانه گۆڕی ئه‌گه‌ری
پێوه‌ندیی له نێوان چالاكیه ناوكیه‌كان‌و پڕۆگرامه سه‌ربازییه‌كانی ئێران،
ره‌نگه ده‌ستپێكێك بێ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی قۆناخێكی نوێ له ململانێ ناوكیه‌كانی
ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ وڵاتانی 1+5دا. ئه‌مانه هه‌مووی له كاتێكدایه كه
سێرگه‌ی لاورۆڤـ وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی رووسیه به راشكاوانه
رایگه‌یاندووه كه ئێران پاش تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی دوورهاوێژی بالستیك له
مانگی رابردوودا به بیانووی كاروباری فه‌زایی، ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی به‌هێزتر
كردووه كه ره‌نگه ئێران بیهه‌وێ خۆی به چه‌كی ناوكی ته‌یار بكات. بۆیه
ڤیتالی چۆركین، نوێنه‌ری رووسیه له رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به
زمانێكی پاراو به ئێران راده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاته به زووترین كات
ده‌ست له پیتاندنی یۆرانیۆم هه‌ڵنه‌گرێ ئه‌وه رووسیه به شێوه‌یه‌كی جیدی
پاڵپشتی له بڕیارنامه‌ی سێهه‌می ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دژ به پڕۆگرامه
ناوكیه‌كانی ئێران ده‌كات‌و ئه‌و كاره‌شی كرد. چونكوو ئێران سه‌ره‌ڕای
ده‌رچوونی دوو بڕیارنامه‌ی 1737و 1747ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش هه‌نووكه‌ش
خه‌ریكی درێژه پێدانی پیتاندنی ئۆرانیۆم‌و ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی ئاوی قورسی
ئه‌راكه، كه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه به ئێران فه‌رمان درابوو
ده‌ستیان لێ هه‌ڵبگرێ. به‌ڵام ئێران نه ته‌نیا ده‌ستی هه‌ڵنه‌گرت، به‌ڵكوو
ئێستا خه‌ریكی به‌كارهێنانی چه‌شنێكی نوێ له سانتریفیوژه‌كانه كه له چاو
سانتریفیوژه‌كانی P1و P2 زۆر پێشكه‌وتووتره‌و خێرایی پیتاندنی ئۆران‌یۆم چه‌ند
به‌رامبه‌ر ده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌ش بۆته هۆی مه‌ترسی‌و نیگه‌رانی جیدی وڵاتانی
رۆژئاوایی، ئامریكا‌و ته‌نانه‌ت رووسیه‌ش كه شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت له
زریانی دژ به كۆماری ئیسلامی رۆڵێكی كاراتر له پێشوو بگێڕێ. هه‌ر به‌م پێیه
دوور نیه به له به‌رچاوگرتنی لێدوانه‌كانی باڵوێزی بریتانیا له رێكخراوی
وزه‌ی ناوكی له‌مه‌ڕ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆگرامه ناوكیه سه‌ربازییه‌كانی
رێژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ به‌رهه‌مهێنانی كڵاوه‌كی ناوكی‌و دامه‌زراندنی له
سه‌ر مووشه‌كی بالستیك‌و هاوكێشه سیاسیه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌و
به‌رفراوانكردنه‌وه‌ی ده‌زگای دیپلۆماسی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ په‌سه‌ندكردنی
بڕیارنامه‌ی سێهه‌می ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و دانیشتنی لیژنه‌ی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی حوكامی ئاژانسی وزه‌ی ناوكی له‌مه‌ڕ راپۆرته‌كه‌ی
ئه‌لبه‌راده‌عی له‌سه‌ر پرۆگرامه ناوكییه‌كانی ئێران‌و په‌سندكرانی
بڕیارنامه‌ی سێهه‌م، زریانی ناوكی، رۆژی نه‌ته‌وه‌یی‌و جێژنی تێكنۆلۆژیای
ناوكی تێك بدات‌و بیكا به خه‌ونێكی په‌مه‌یی.
جێژنێك كه ئێستا پاش په‌سندبوونی بڕیارنامه‌ی سێهه‌می 1803ی ئه‌نجومه‌نی
ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئێجگار منداڵانه دێته پێش چاو. چونكوو خه‌ڵكی
ئێران پاش په‌سند بوونی ئه‌م بڕیارنامه‌یه مافی خۆیانه پرسیار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر
دۆسیه‌ی ناوكی كۆماری ئیسلامی به ته‌واوی داخراوه‌و چالاكیه ناوكیه‌كانی
ئه‌م وڵاته ئاشتیخوازانه‌یه، چلۆنه ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به تێكڕای ده‌نگ بڕیارنامه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر ئێران
په‌سند ده‌كه‌ن؟ بڕیارنامه‌یه‌ك كه به‌بێ هیچ گومانێك له به‌ره‌به‌ری
هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی هه‌شته‌می رێژیم‌و هاتنی جێژنی نه‌ورۆزدا
كاریگه‌رییه‌كی شوێندانه‌ر له‌سه‌ر ئێران‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران به‌جێ
ده‌هێڵێت. ئه‌مانه‌ش هه‌روه‌ك پێشتریش هێمامان بۆ كردووه له درێژه‌ی
سیاسه‌تگه‌لی نادروست و نه‌گونجاوی رێژیمێكی سه‌ره‌ڕۆو فاشیسته كه له‌جێگه‌ی
بیركردنه‌وه‌ی له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له بیرۆكه‌ی به‌هێزتر كردنی
پێگه‌ی نیزامه‌كه‌ی بۆ مانه‌وه‌یه‌كی چه‌ند ده‌یه‌یی له داهاتووی ناوچه‌كه‌و
جیهاندایه.
رێژیمێ كه به زۆره‌ملێ، به‌ده‌ستهێنانی وزه‌ی ناوكی كردووه به خواست و
ویستی نه‌ته‌وه‌یی‌و به شێوه‌یه‌كی چه‌واشه‌كارانه ئه‌م رووداوه له‌گه‌ڵ به
نه‌ته‌وه‌یی كردنی پیشه‌سازیی نه‌وت به هاوتای یه‌ك داده‌نێ‌و ژیانی ئاسایی
خه‌ڵكی بێ ده‌ره‌تان و بێ‌ده‌سه‌ڵاتی ئێران تووشی مه‌ترسی جیددی كردووه.
ئه‌گه‌ركاربه‌ده‌ستانی رێژیمی فێنده‌مێنتاڵی ئاخووندی له‌جێگه‌ی كارناواڵ
سازكردن و به‌لارێدا بردنی هاوكێشه سیاسیه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێران له پێوه‌ندی
له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، له‌بیری داڕشتنی سیاسه‌تێكی دروست بۆ كردنه‌وه‌ی
ده‌روازه‌ی دیالۆگ و دانوستان بن، بێگومان ده‌توانن به‌دوور له ده‌مارگرژی‌و
دروشم ته‌وه‌ری هه‌م به وزه‌ی ناوكی ده‌ست په‌یدا بكه‌ن، هه‌م له‌م رێگه‌یه‌وه
بۆ نوێژه‌ن كردنه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتر وڵاتی ئێران هه‌نگاو
هه‌ڵبێنن. به‌ڵام له‌راستیدا چییه‌تی ئه‌م رێژیمه هه‌ڵگری ئه‌م واتایانه نییه‌و
ئه‌وانه‌ی به دروستبوونی رێفۆرم له‌م رێژیمه‌دا دڵیان خۆش كردووه، دیاره
هه‌نووكه‌ش پێكهاته‌ی ئه‌م رێژیمه به‌جوانی ناناسن‌و ده‌بێت بۆ ئاشنا بوون
له‌گه‌ڵ نێوه‌ڕۆكی سه‌ره‌كیی ئه‌م رێژیمه‌دا به چه‌شنێكی وردبینانه‌تر، زیاتر
تان‌و پۆی ئه‌م نیزامه تاوتوێ بكه‌ن. سیستمێك كه مانه‌وه‌ی خۆی ته‌نیا له
گره‌وی یاخی‌بوون و خۆته‌یار كردن به كه‌ره‌سته‌ی پێشكه‌وتووی سه‌ربازیی‌و
ناوكی‌دا ده‌بینێته‌وه. بۆیه به رۆژی رۆشن واقێعه‌كان چه‌واشه ده‌كات‌و به پشت
به‌ستن به داهاتی نه‌وت، خۆی له كۆمه‌ڵگای جیهانی ته‌ریك خستووه‌ته‌وه،
بێ‌خه‌به‌ر له‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگای جیهانی هه‌رگیز ئاماده نین له‌كاتی پێویستدا
پشت له یه‌كدی هه‌ڵكه‌ن و جیهانی ئاڵۆزی ئه‌مڕۆ، هه‌رچی زیاتر تووشی پشێوی
بكه‌ن. بۆ نموونه ته‌نیا هێما ده‌كه‌ین به پاڵپشتی كردنی دوو وڵاتی به‌ناو
هاوپه‌یمانی ئێران، واته رووسیه‌و چین له په‌سندكردنی بڕیارنامه‌ی سێهه‌می
1803ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داوه، ئه‌مه‌ش نیشان ده‌دات كه ئێران له‌مڕۆی
جیهاندا دۆستێكی راسته‌قینه‌ی نییه، چونكوو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه كۆماری
ئیسلامی دڵیانی پێ خۆش كردبوو، قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی
زلهێزی جیهاندا گرێی خواردووه‌و ناتوانن به‌هۆی رێژیمێكی وه‌ك ئێران،
پێوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئورووپایی‌و ئا‌مریكا تووشی گرژیی
بكه‌ن.
هه‌رچه‌ند به بڕوای هێندێك له زانایان و بیرمه‌ندانی سیاسی بڕیارنامه‌ی
سێهه‌می ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌چاو دوو بڕیارنامه‌ی پێشوو كاریگه‌ره‌كی
ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ئێران نییه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بیرۆكه‌یه، جگه له
په‌یامێكی موحكه‌م كه هه‌مدیس كۆمه‌ڵگای جیهانی له به‌رامبه‌ر ئێران‌دا رێك
ده‌خاته‌وه، كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی ده‌بێت له‌سه‌ر بواری ئابووری‌و
تێكنۆلۆژیای سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته. بۆ وێنه جگه له قه‌ده‌غه‌بوونی
هاتووچووی چه‌ندین به‌رپرسی باڵای ناوكی ئه‌م وڵاته وه‌ك "بێهنام
عه‌سكه‌رپوور"، سه‌ید جه‌بار سه‌فدری". سه‌رداری به‌ناوبانگی سپای پاسدارانی
رێژیم "نقدی"ش هاتووچووی بۆ وڵاتانی ئه‌ندامی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
قه‌ده‌غه كراوه، ناوبراو یه‌كێك له‌و كه‌سانه بووه كه له‌رێگه‌ی ده‌ست‌و
پێوه‌ندییه‌كانیه‌وه به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه، گه‌مارۆكان به‌دژی ئێران
بشكێنێ‌و له سه‌ركوتی خوێندكارانی زانكۆی تاران له ساڵی 1378 رۆڵی
سه‌ره‌كی‌و به‌رچاوی هه‌بوو، جگه له‌مانه‌ش له ئه‌شكه‌نجه‌دانی چه‌ندین
شاره‌داری ناوچه‌كانی تاران ده‌ستی باڵای هه‌بووه. ئه‌م كه‌سانه‌ی كه
هێمایان بۆ كرا راسته‌وخۆ له كاری بازرگانی كه‌ل‌وپه‌لی سه‌ربازیدا بوون و
له‌رێگه‌ی ئه‌م كه‌سانه‌وه ئێران به زۆربه‌ی كه‌ره‌سته سه‌ربازییه
پێویسته‌كانی گه‌یشتووه. جگه له‌مانه 13 كومپانیا و 13 به‌رپرسی باڵای ئه‌م
كۆمپانیایانه ئابلۆقه خراوه‌ته سه‌ریان. به‌پێی بڕیارنامه‌ی سێهه‌م ده‌ست
به‌سه‌ر هه‌موو داراییه‌كانی ئه‌م كۆمپانیانه له هه‌ر وڵاتێكی دونیادا كه
هه‌یانبێت ده‌گیردرێت‌و هیچ كۆمپانیه‌ك بۆی نیه له‌گه‌ڵیان خه‌ریكی ئاڵوگۆڕی
بازرگانی بێت. ئه‌م كۆمپانیانه ناراسته‌وخۆ خه‌ریكی بازرگانی كه‌ل‌وپه‌لی
پێویست بۆ داموده‌زگا ناوكییه‌كان بوون. هه‌روه‌ها هۆشداریی دراوه به وڵاته‌كان
كه چاوده‌ێری چالاكییه‌كانی دوو بانكی گه‌وره‌ی ئێران واته بانكی میللی‌و
سادرات بكه‌ن. مادده‌یه‌كی دیكه كه بازرگانی ئێران تووشی زه‌ره‌رێكی قورس
ده‌كا، پشكنینی باره‌كانی هه‌نارده‌و هاورده‌ی ئه‌و وڵاته‌یه كه ده‌بێته هۆی
پشێوی له بواری ئاڵوگۆڕی كاڵا‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان.
هه‌رچه‌ند له‌م بابه‌ته‌دا به‌هۆی كورتبوونی نووسراوه‌كه ناتوانین لایه‌نه‌كانی
ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌و كاردانه‌وه‌و هه‌روه‌ها دژكرده‌وه‌كانی رێژیمی كۆماری
ئیسلامی بخه‌ینه به‌رباس، به‌ڵام پێش بینی ئه‌وه ده‌كرێ كه ئه‌م
بڕیارنامه‌یه به شێوه‌یه‌كی زه‌ق هه‌م له سیاسه‌تی نێوخۆیی‌و ده‌ره‌كی‌و هه‌م
له‌نێوخۆی كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا به فۆرمێكی نه‌رێنی ره‌نگ بداته‌وه. |