|
17-01-1387
?
: یووسف فه‌قیهی
ئوسترالیاییه خۆجێییه‌كان
Aboriginal of Australia
راده‌ی حه‌شیمه‌تی خۆجێییه‌كان به چوارسه‌د‌و شه‌ست هه‌زار كه‌س كه نزیك به
2/27 له سه‌دی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی ئوسترالیایه به‌راورد ده‌كرێ. ئه‌وان له
هه‌موو به‌شه‌كانی ئوسترالیادا بڵاو بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو
له‌وان له "كینسه‌له‌ند" كۆ بوونه‌ته‌وه.
خۆجێییه‌كان رێكخستنێكی ساوایان به نیسبه‌ت دانیشتوانی دیكه‌ی ئوسترالیاوه
هه‌یه. له ئاكامی ئه‌و بارودۆخه‌دا هه‌م رێژه‌ی له‌دایكبوون‌و هه‌م ژماره‌ی
مردنیان له ئاستێكی به‌رزدایه. هه‌رچه‌ند به پێی به‌راورده‌كان زۆربه‌یان
خه‌ڵكی لادێن، به‌ڵام حه‌شیمه‌تی خۆجێییه شارنشینه‌كان روو له زیادبوونه‌و به
2 له 3ی ئه‌وان داده‌نرێ.
له نێو خۆجێییه‌كاندا نزیك به
500 زاراوه هه‌یه كه به سه‌ر 31 گرووپی زمانی‌دا دابه‌ش ده‌كرێن. به‌ناوبانگترینیان
"پاما ـ نیونگانگ"ه. زمانی فه‌رمی هه‌مووان ئینگلیزییه. له ئوسترالیا نزیكه‌ی
300 كۆمه‌ڵگه‌ی جیاواز به پێناسه‌ی جیاوازه‌وه ده‌ژین. دوو گرووپی خۆجێیی گه‌ور
له‌وێ بریتین له: خۆجێییه‌كان(Aboriginal)و دوورگه‌نشینانی توورس.
ئایینی زاڵی خۆجێییه‌كان مه‌سیحییه، به‌ڵام "سه‌رده‌می خه‌ونه‌كان" پیشانده‌ری
تێڕوانینی خۆجێییه‌كان له ژیان‌و ئایینه. سه‌رده‌می خه‌ونه‌كان به سه‌رده‌مێك
ده‌وترێ كه باب‌و باپیرانی ئه‌و نه‌وه خۆجێیانه‌ی ئێستا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات
بوون، چاره‌نووسی خاك‌و خه‌ڵكیان له ده‌ستدا بوو. سه‌رده‌می خه‌ونه‌كان له
رابردوو، ئێستا‌و داهاتوو پێكدێت، ئه‌و باوه‌ڕه، خوو‌و نه‌ریتێكه كه ئایین‌و
ژیانی رۆژانه‌ی پێ شیده‌كرێته‌وه.
خۆجێییه‌كان نزیك به چل هه‌زار ساڵ له‌وه‌پێش له‌و قاڕه‌یه‌دا ژیانیان ده‌كرد. پاش
نیشته‌جێ‌بوونی ئورووپاییه‌كان له كه‌ناره‌كانی ئوسترالیادا كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ساڵی 1788، تواندنه‌وه‌ی خۆجێییه‌كان ده‌ستی پێكرد. سپی پێسته نیشته‌جێ
بووه‌كان ده‌ستیانكرد به كوشتاری خۆجێییه‌كان‌و نزیك به نیوه‌ی دانیشتوانی
نێوان ناوچه‌كانی "بوتانی بای"و "برۆكن بای" یان قه‌تڵ‌و عام كرد. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی
له‌وێ نیشته‌جێ بوون به زۆری پیاو بوون هه‌ر بۆیه ته‌جاوز كردن به ژنانی
خۆجێیی ببوه رووداوێكی باو. له درێژایی سه‌ده‌كانی نۆزده‌هه‌م‌و بیسته‌مدا
زۆربه‌ی خێڵه‌كانی كه‌ناری رۆژهه‌ڵاتی ئوسترالیا به هۆی رووبه‌ڕووبوونه‌وه
له‌گه‌ڵ توندوتیژی سپی پێسته نیشته‌جێ بووه‌كان له نێو چوون.
حه‌شیمه‌تی خۆجێییه‌كان كه له ساڵی 1788دا به یه‌ك میلیۆن كه‌س به‌راورد ده‌كرا،
له ساڵی 1930دا بۆ ده‌ور‌وبه‌ری 30 هه‌زار كه‌س دابه‌زی. له ساڵه‌كانی 1940دا
بزوتنه‌وه‌یه‌كی خۆجێییه‌كان بیچمی گرت. ساڵی 1951 حكوومه‌ت سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی
به فه‌رمی گرته‌به‌ر‌و بڕیاری سڕینه‌وه‌ی پێناسه‌ی خۆجێییه‌كان په‌سه‌ند كرد.
هه‌موو ناوچه‌كانی شوێنی ژیانی خۆجێییه‌كان داگیر كران‌و مافی چاره‌نووس‌و مافه
ئینسانییه‌كانیان پێشێل كرا. له ساڵی 1959دا فیدراسیۆنێك له خۆجێییه‌كان‌و ئه‌و
سپی‌پێستانه‌ی كه هاوده‌ردییان له‌گه‌ڵدا ده‌كردن له ژێر ناوی شوورای فیدراڵ
بۆ پێش خستنی ژیانی خۆجێییه‌كان‌و دانیشتوانی دوورگه‌ی توورس پێك هات.
له پاشان هه‌نگاو به هه‌نگاو توند‌و تیژی به دژی ئه‌وان كه‌مبوه‌وه، هه‌تا
ساڵی 1967 له رێفراندۆمێكدا نزیك به 90 له سه‌دی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته ده‌نگیان
بۆ ئه‌وه‌دا كه حكوومه‌ت چاره‌سه‌رێكی یاسایی بۆ كێشه‌كانی خه‌ڵكی خۆجێیی
بدۆزێته‌وه. له ئاكامدا ئه‌وان، مافی ده‌نگدانیان پێدرا‌و له به‌رهه‌مه‌كانی
وڵاتیش سوودمه‌ند بوون.
حكوومه‌تی ئوسترالیا پرۆسه‌یه‌كی ده‌ستپێكردووه به ناوی "ئاشتبوونه‌وه".
هێندێك له سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئه‌و وڵاته وه‌ك "بۆب هاوك"(Bob Hawke)و "مالكۆم
فراسێر"(Malcolm Freser) چه‌ندین هێمایان درووستكرد‌و هێدێك وتاریان له پشتگیری‌و
رێزدانان بۆ كولتووری خۆجێییه‌كان پێشكه‌ش كرد. زۆربه‌ی رێبه‌رانی خۆجێییه‌كان
وه‌ك "ئیزابل كۆی"(Isabel Coe) به‌و جۆره بزوتنه‌وانه رازی نین‌و خوازیاری سه‌روه‌ری
راسته‌قینه‌ن.
له ساڵی 1966دا دادگای یه‌كگرتووی ئوسترالیا به ناوی خۆیه‌وه داوای
لێبووردنی له خۆجێییه‌كان ئه‌و وڵاته كرد به هۆی ئه‌و چه‌رمه‌سه‌رییه كه له
رابردوودا له گه‌ڵی رووبه‌ڕوو بوون، به‌ڵام حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته به فه‌رمی
داوای لێبووردنی له خۆجێییه‌كان نه‌كرد.
له ئێستایشدا به هۆی بوونی 6 هه‌رێمی فیدراڵ له‌و وڵاته‌دا‌و ئه‌و جیاوازییانه‌ی
كه نێوان شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردن‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و هه‌رێمانه‌دا هه‌یه،
بۆ خۆجێییه‌كان دژواره خۆیان رێكبخه‌ن‌و تێڕوانینیان بخه‌نه سه‌ر یه‌ك‌و به‌رگری
له مافه گشتییه‌كانیان بكه‌ن. رێكخراوه‌كانی خۆجێییه‌كان له گرووپه‌كانی كاری
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه خۆجێییه‌كان‌و كۆڕ‌و
كۆبوونه‌وه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه‌دا زۆر چالاكن.
رێكخراوی "كومیته‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌رگری له مافی ره‌ش پێسته‌كان" (NCDBR)
نوێنه‌رایه‌تی خۆجێییه‌كان ئوسترالیا له UNPOدا ده‌كا.
ئه‌هواز
یه‌كێكی دیكه له‌و گه‌ل‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه له رێكخراوی UNPOدا نوێنه‌ری هه‌یه،
گه‌لی "خوزستانه". ئه‌و ناوچه‌یه له باشووری رۆژئاوای ئێران‌دا هه‌ڵكه‌وتووه‌و
له رۆژئاواوه له‌گه‌ڵ عێراق، له باشووره‌وه له‌گه‌ڵ كه‌نداوی فارس‌و ئاوه‌ڕێی
"شگ العرب"و له رۆژهه‌ڵاته‌وه له‌گه‌ڵ چیاكانی لورستان هاوسنووره. نزیك به 90
له سه‌دی نه‌وتی ئێران له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ڵكه‌وتووه. خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه
به زمانی عه‌ره‌بی قسه ده‌كه‌ن.
ژماره‌ی دانیشتوانی به پێی
به‌راوردێك له ساڵی 2006دا به 4 ملیۆن دانراوه. وا مه‌زنده ده‌كرێ كه 70 له
سه‌دی دانیشتوانی شێعه‌و 30 له سه‌دی سوننی بن. هه‌روه‌ها له‌و ناوچه‌یه‌دا
گرووپی ئایینییه‌كانی دیكه‌ش وه‌ك مه‌سیحی‌و جووله‌كه‌و به رێژه‌یه‌كی كه‌م
هه‌ن‌و هێندێك خێڵ وه‌ك به‌ختیاری، له‌ك‌و لۆڕ له‌وێ ده‌ژین.
رێكخراوی UNPO ئه‌و ناوچه‌یه
به "الاهواز" (Al Ahwaz ) ناو ده‌با‌و به درێژی له سه‌ر سایته‌كه‌ی خۆی له‌و
پێوه‌ندییه‌دا زانیاری داناوه. جێگای ئاماژه‌یه كه ئێوه خوێنه‌رانی به‌ڕێز
به هۆی هه‌ڵكه‌وتوویی ئه‌و ناوچه‌یه له وڵاته‌كه‌ی خۆماندا، زانیاری ته‌واوتان
له سه‌ر بارودۆخی ژیان‌و كێشه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه هه‌یه، بۆیه به پێویستی
نازانم هه‌موو ئه‌و شتانه لێره‌دا بێنمه به‌ر باس.
حیزبی هاوپێوه‌ندی دێموكراتیكی ئه‌هواز(حزب همبستگی دمكراتیك اهواز) كه هاوڕێ
له‌گه‌ڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئه‌ندامی رێكخراوی كونگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی
ئێرانی فیدراڵه، له‌و گۆڕه‌پانه‌شدا شان به شانی ئه‌ندامی UNPOیه‌و نوێنه‌رایه‌تی
گه‌لی خوزستان له‌و رێكخراوه‌یه‌دا ده‌كا. ئامانجی حیزبی هاوپێوه‌ندی
دێموكراتیكی ئه‌هواز پێكهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی به دینامیكی سیاسی،
كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌كانی ئه‌هوازییه‌كان وه‌ك یه‌كێك
له كه‌مینه‌كانی ئێرانه.
ئاڵبانیاییه‌كانی مه‌قدوونییه
مه‌قدوونییه له كۆماری یۆگسلاوی پێشوودا له ناوه‌ندی نیمچه دوورگه‌ی باڵكان
هه‌ڵكه‌وتووه. رووبه‌ری ناوچه‌كه 25433 كیلۆمیتری چوار گۆشه‌یه. ئه‌م ناوچه‌یه
له شوێنێكی شاخاوی به‌ڵام وشكدا هه‌ڵكه‌وتووه. ئاڵبانیاییه‌كانی مه‌قدوونییه
به زۆری له به‌شی رۆژئاوای وڵات‌دا نیشته‌جێن. گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵگای
ئاڵبانیایی له "تیتۆڤۆ" Tetovo، "سكۆپچی"Skopje "گۆستیڤار" Gostivarو چه‌ند
ناوچه‌ی دیكه‌دا ده‌ژین.
به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌ڵبانیاییه‌كان
موسڵمانن‌و هه‌روه‌ها چه‌ند گوندێكی لێیه كه خه‌ڵكه‌كه‌ی مه‌سێحی ئۆرتۆدۆكسن.
زمانی ئه‌وان ئه‌ڵبانیه‌و پێناسه‌یه‌كی به‌هێزی ئه‌ڵبانیاییان هه‌یه. هه‌رچه‌ند
خاكی ناوچه‌كه‌یان به‌پیت نییه، به‌ڵام كشتوكاڵ به باشی گه‌شه‌ی كردووه. پیشه‌سازی
له‌وێ زۆر كه‌مه. خه‌ڵكێكی زۆریش به هۆی بێ‌ده‌ره‌تانی له مه‌قدونییه بۆ
وڵاتانی دیكه كۆچیان كردووه.
پێش ساڵی 1992 واته سه‌ربه‌خۆیی
مه‌قدونییه، هه‌موو ئه‌ڵبانیاییه‌كان له‌گه‌ڵ مه‌قدونییه‌كان مافی وه‌ك یه‌كیان
هه‌بوو. له پاش ساڵی 1992 كه مه‌قدونییه سه‌ربه‌خۆ بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی
نزیك به 40 له سه‌دی حه‌شیمه‌تی مه‌قدونییه له ئه‌ڵبانیاییه‌كان پێكدێ حكومه‌تی
ئه‌و وڵاته له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئه‌ڵبانیاییه‌كان كه‌مینه‌یه‌كی بچووكن‌و كه‌واته
نابێ پێداگری به‌رانبه‌ری بن.
كێشه‌ی نێوان مه‌قدونییه‌كان‌و ئه‌ڵبانیاییه‌كان له پێش راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی
ئه‌و وڵاته‌وه ده‌ستی پێكردووه. له ساڵی 1981ه‌وه زۆربه‌ی ئه‌ڵبانیاییه‌كان
له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی مه‌قدونییه له كار ده‌ركراوبوون. سوپا، پۆلیس، ده‌سه‌ڵاتی
دادوه‌ری‌و ئابووری به ته‌واوی كه‌وتبووه ژێر كۆنترۆڵی مه‌قدونییه‌كان‌و به
گشتی ئه‌وان بڕیاریان ده‌دا كه كار به كێ بدرێ. به هۆی ئه‌و بێ‌ده‌ره‌تانییه
كه له نه‌بوونی كاردا رووبه‌ڕووی ده‌بوونه‌وه، به‌شێكی به‌رچاو له ئه‌ڵبانیاییه‌كان
ناچار بوون وڵاته‌كه‌یان به‌جێ بێڵن‌و رووبكه‌نه هه‌نده‌ران. به گه‌یشتنی مه‌قدونییه‌كان
به سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و گوشارانه په‌ره‌یان سه‌ند.
حیزبی گه‌شه‌سه‌ندنی دێموكراتیك (ppd) كه گه‌وره‌ترین حیزبی ئه‌ڵبانیاییه‌كانی
مه‌قدونییه‌یه، نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له UNPOدا ده‌كا. |