|
17-01-1387
?
: وریا ره‌حمانی
له 12ی خاكه‌لێوه‌ی 1358ی هه‌تاویدا، ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له چوارچێوه‌ی
رێفراندۆمێك له ژێر ناوی "كۆماری ئیسلامی، به‌ڵێ یان نا؟" توانی به كه‌ڵك وه‌رگرتنی
ئاوه‌ژۆ له هه‌ستی مه‌زهه‌بی زۆربه‌ی خه‌ڵك‌و شاره‌زا نه‌بوونیان له مه‌ڕ
چۆنیه‌تی‌و ناوه‌ڕۆكی سیستمی كۆماری ئیسلامی له سه‌ر بنه‌مای ویلایه‌تی فه‌قیه،
سیستمێك به سه‌ر ئه‌واندا بسه‌پێنێ كه نه ته‌نیا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ
خواسته سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خه‌ڵك نه‌بوو، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تایی‌ترین
ماف‌و سه‌روه‌رییه مرۆڤایه‌تییه‌كانیشی ده‌خسته ژێر پێ.
ئایا ئه‌و راپرسی‌و په‌یمانه‌ی
كه رۆژی 12ی خاكه‌لێوه له نێوان 30 میلیۆن ئێرانی‌و ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی به‌ڕێوه
چوو، دروست بوو‌و ئاكامی سیاسی‌و حوقوقی به‌دواوه بووه یان نا؟ رێفراندۆمی
12ی خاكه‌لێوه دوو گرفتی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه: یه‌كه‌م ئه‌وه كه رێفراندۆم به
گوێره‌ی حوقوقی ئێران په‌یوه‌ندی به ویكاڵه‌ته‌وه هه‌یه‌و به‌شێك له په‌یماننامه‌ی
پێویست‌و دیاریكراوه‌كانه‌و دووهه‌م ئه‌سڵی "ویلایه‌تی ره‌های فه‌قیه" كه له‌سه‌ر
بنه‌مای پێنه‌گه‌یشتوو بوونی سیاسی خه‌ڵك دامه‌زراوه كه بنه‌مای یاسای بنه‌ڕه‌تی
كۆماری ئیسلامییه. به پێی یاسا هه‌ر مه‌رج‌و وه‌سفێك كه له‌گه‌ڵ خودی قه‌رارداده‌كه
یه‌كنه‌گرێته‌وه، به‌تاڵ‌و بێ كاریگه‌رییه، به‌تایبه‌ت هه‌ر مه‌رج‌و وه‌سفێك كه
دژی راستی‌و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌یماننامه‌یه بێت. رێفراندۆمی 12ی خاكه‌لێوه
به گوێره‌ی یاسا به‌تاڵه‌و ره‌وایه‌تی نیه، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه هیچ پێوه‌نییه‌ك
له نێوان كۆماری بوون‌و ئیسلامی بوون دا (له سه‌ر بنه‌مای ئه‌سڵی ویلایه‌تی
فه‌قیه) نیه. كۆماری بوون‌و ئیسلامی بوون (به واتای ده‌سه‌ڵاتی بێ ئه‌ملا‌ولای
كه‌سایه‌تییه‌ك یان كاربه‌ده‌ستێك) دژی یه‌كن، ناتوانن یه‌ك بگرن‌و له‌گه‌ڵ یه‌كدی
كۆ ببنه‌وه. له حكومه‌تی كۆماری‌دا، خه‌ڵك بنه‌مای ده‌سه‌ڵات‌و سه‌روه‌رییه به‌ڵام
له سیستمی ئیسلامی ویلایه‌تی فه‌قیهدا، خه‌ڵك به پێنه‌گه‌یشتوو له قه‌ڵه‌م ده‌درێن‌و
له بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌ن هیچ مافێك نین تا كه‌ڵكی لێوه‌ربگرن. له راستیدا له رۆژی
12ی خاكه‌لێوه‌دا، داوا له خه‌ڵكی ئێران كرا كه ده‌نگ به سیستمێك بده‌ن كه
خۆی له خۆیدا نكۆڵی له ئیراده‌و ئیختیاری كۆماری بوون ده‌كات‌و یان ده‌نگ به
جۆره كۆمارێ بده‌ن كه له سه‌ر بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی بێ‌ئه‌م لا‌ولای تاكه كه‌سێك
پێكهاتووه. له‌م پێناسه‌یه‌دا، خه‌ڵك له رووی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه به
پێنه‌گه‌یشتوو‌و بێ‌توانا له لێكدانه‌وه‌دا ده‌زانرێ، هه‌ر بۆیه پێویستیان به
خاوه‌ن یان سه‌رپه‌رستێكی شه‌رعی هه‌یه، به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی
كه یاسا، خه‌ڵك به پێگه‌یشتوو داده‌نێت، رێفراندۆمی 12ی خاكه‌لێوه بۆ ده‌نگدان
به كۆماری ئیسلامی له سه‌ر بنه‌مای ویلایه‌تی فه‌قیه به‌تاڵه‌و دژی ناوه‌ڕۆكی
ئه‌و په‌یمان‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌یه. به واتایه‌كی دیكه سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیه
له كۆمه‌ڵگایه‌كدا وه‌ڕاست ده‌گه‌ڕێت كه خه‌ڵك له رووی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه
خاوه‌ن ئیراده‌و بڕیاردان نه‌بن‌و ئه‌گه‌ریش بیانه‌وێ ئیراده‌ی خۆیان به شێوازی
سه‌ربه‌خۆ به‌كار بهێنن، وه‌لی فه‌قیه ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان پێ‌نادات، له به‌ر ئه‌وه‌ی
كه به گوێره‌ی ئه‌م ئه‌سڵه، وه‌لی فه‌قیه له لایه‌ن خوداوه‌ند‌و پێغه‌مبه‌ره‌وه
له رووی لوتف‌و ره‌حمه‌تی خوداوه‌ند به‌سه‌ر عه‌به‌ده‌كانیدا ویلایه‌ت ده‌كات‌و
رازی بوون یان رازی نه‌بوونی خه‌ڵك هیچ كاریگه‌رییه‌كی له سه‌ر چه‌ند‌و چۆنیه‌تی
ئه‌م مژاره نیه، ئه‌گه‌ریش خه‌ڵك ده‌نگیان پێ نه‌دا، هیچ بایه‌خ‌و كاریگه‌رییه‌كی
حوقوقی‌و شه‌رعی نیه.
خه‌ڵكی ئێران به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی
سه‌باره‌ت به به‌دیهێنانی خواست‌و ئامانجه له مێژینه‌كانی خه‌ڵك واتا
سه‌ربه‌خۆیی، ئازادی، دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و حكوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
دابووی، له‌م رێفراندۆمه‌دا به‌شداریان كرد، به‌ڵام ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی نه
ته‌نیا پابه‌ند به هیچكام له به‌ڵێنه‌كانی نه‌بوو، به‌ڵكوو ئه‌سڵی ویلایه‌تی
فه‌قیهی وه‌ك ویلایه‌تی بێ‌ئه‌م لا‌ولای خوداوه‌ند شرۆڤه‌و پێناسه كرد‌و به
ئاشكرایی رایگه‌یاند وه‌لی فه‌قیه ده‌توانێ هه‌موو ئه‌و به‌ڵێن‌و په‌یمانانه‌ی
كه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك به‌ستوویه‌تی، به شێوازی یه‌كلایه‌نه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و
بیخاته ژێر پێ. ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له رێفراندۆم به شێوازێكی پوپولیستی‌و
خه‌ڵك فریوده‌رانه نه بۆ ده‌سه‌ڵاتداری خه‌ڵك، به‌ڵكوو وه‌ك ئامرازێك بۆ فه‌رمی
ناسینی سیستمێك كه‌ڵكی وه‌رگرت كه بڕیار وابوو یاسا بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی پاشان له
لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی موئه‌سیسانه‌وه په‌سه‌ند بكرێت. خه‌ڵك به شێوازی نه‌خوازراو
ده‌نگیان به سیستمێك دا كه هیچ زانیاریه‌كیان له پێناسه‌و پێكهاته‌كه‌ی
نه‌بوو. زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران دژی سیستمی پاشایه‌تی بوون، به‌ڵام هیچ
پێناسه‌یه‌كیان له ئه‌سڵه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی ئه‌م سیستمه واتا ویلایه‌تی
ره‌های فه‌قیه نه‌بوو. به‌م شێوه‌یه ده‌بێ رۆژی 12ی خاكه‌لێوه وه‌ك رۆژی به
فه‌رمی ناسین‌و نه ره‌وایه‌تی په‌یدا كردنی كۆماری ئیسلامی ناوزه‌د بكرێت‌و
له‌م به‌فه‌رمی ناسینه‌دا هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شێوازێكی نوێ له
ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كی خه‌ڵك فریوده‌رانه به‌دی ده‌كرێت، واتا له قۆناخی یه‌كه‌م
دا له ژێر ناوی دژایه‌تی كردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی پاشایه‌تی‌و دامه‌زراندنی
حكومه‌تی دادپه‌روه‌ری عه‌لی، ده‌نگی خه‌ڵك له سه‌ر حكوومه‌تێك وه‌رده‌گیردرێت
كه هیچ زانیارییه‌ك له مه‌ڕ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی راناگه‌یه‌ندرێت. پاشان په‌سه‌ند
كردنی یاسای بنه‌ڕه‌تی ده‌درێته ده‌ستی ئه‌نجومه‌نی خوبره‌گان‌و به‌شداری
خه‌ڵك له سیاسه‌ت ده‌كرێت به ئاماده بوونی خه‌ڵك له گۆڕه‌پاندا. به یارمه‌تی
ئه‌م ته‌یاركردنه پوپولیستیه، پارت‌و لایه‌نه دێموكرات‌و چه‌په
به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی رێژیم له ژێر ناوی "نیو له یه‌ك له سه‌ده‌كان" سه‌ركوت
ده‌كرێن. مه‌لا ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ته‌نانه‌ت هێزه لیبڕاڵ‌و ئایینییه‌كانی ناوخۆی
حكوومه‌ت به بارمته ده‌گرن‌و به ره‌تكردنی ئه‌و یاسا بنه‌ڕه‌تییه كه
ده‌وڵه‌تی كاتی پێشنیاری كردووه‌و بردنه ژێر پرسیاری ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌م
ده‌وڵه‌ته، یاسایه‌ك كه له سه‌ر بنه‌مای ویلایه‌تی فه‌قیه دامه‌زراوه له
ئه‌نجوومه‌نی خوبره‌گاندا په‌سه‌ند ده‌كات‌و له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری خۆیدا بۆ
پاساو هێنانه‌وه بۆ ره‌وایه‌تی خۆی، به‌رده‌وام ده‌ست به داوێنی ده‌بێت.
له ساڵی 1357ی هه‌تاوی‌و ته‌نانه‌ت هه‌تا كاتی پێكهاتنی ئه‌نجوومه‌نی
خوبره‌گان، سیستمی كۆماری ئیسلامی نه‌ته‌نیا بۆ خه‌ڵك به گشتی، به‌ڵكوو
ته‌نانه‌ت بۆ سیاسه‌تمه‌دارانیش چه‌مكێكی نه‌ناسراو بوو. به نه‌بوونی زانیاری
ورد له سه‌ر ئه‌م سیستمه بوو كه ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی هه‌وڵیدا له رێفراندۆمی
12ی خاكه‌لێوه‌دا، كۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر رێژیمی پاشایه‌تی‌دا پێناسه
بكات. كه‌وابوو قه‌بووڵكرانی ئه‌م سیستمه له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه له‌و ره‌وش‌و
دۆخه‌دا، كرده‌وه‌یه‌ك بوو كه بۆ رزگاربوون له دیكتاتۆری رێژیمی پاشایه‌تی
ئه‌نجام درا كه لانیكه‌م به واتای خواستی ئازادی بوو كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه
پتر له هه‌ر شتێكی دیكه له دروشمه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌رهه‌ست ده‌بوو‌و
جگه له جه‌ختكردنه‌وه له سه‌ر مافی سه‌روه‌ری خه‌ڵك، هیچ واتایه‌كی دیكه‌ی
نه‌بوو. به واتایه‌كی دیكه ئه‌و جۆره حكوومه‌ته كه مه‌لاكان له ژێر ناوی
كۆماری ئیسلامی به سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پاندیان، به شه‌رت‌و مه‌رجی ده‌سه‌ڵاتداری
خه‌ڵك گرێ‌درابوو، واتا پره‌نسیپی هه‌ڵبژاردنی حكوومه‌ت له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌و
به‌رپرسیار بوونی حكوومه‌ت له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكدا، نه ئه‌سڵی ویلایه‌تی فه‌قیه
كه به واتای ده‌سه‌ڵاتی بێ‌ئه‌ملا‌ولای كه‌سایه‌تیه‌ك یان كار به‌ده‌ستێك‌و
بێ به‌رپرسیاربوون له به‌رامبه‌ر خه‌ڵك بوو. مه‌لا ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌ر له
كاتی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات دا جێگای هیچ شك‌و گومانێكیان نه‌هێشته‌وه كه مافی
خه‌ڵك بۆ هه‌ڵبژاردنی ئازادی جۆری حكوومه‌ت قه‌بووڵ ناكه‌ن‌و به پێچه‌وانه‌ی
خواستی خه‌ڵك، خاڵی ویلایه‌تی فه‌قیه‌و ئیسلامی بوونی سیستمیان كرد به
خاڵێكی نه‌گۆڕ‌و شایانی پێدانه‌چوونه‌وه. مه‌لا ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كاتێك كه به
كه‌ڵك وه‌رگرتن له شاره‌زا نه‌بوونی خه‌ڵك‌و فریودانیان، سیستمی كۆماری
ئیسلامیان به سه‌ر كۆمه‌ڵگادا سه‌پاند، جه‌ختیان له سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه
ئه‌م سیستمه، سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی یاساكانی ئیسلام له رێگای هه‌ڵبژاردنی
ئازادی خه‌ڵك‌و به‌رپرسیار بوونی كاربه‌ده‌ستان له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكه، به‌ڵام
پاشان به كرده‌وه سه‌لماندیان كه خاڵی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌و سیستمه نه كۆماری
بوونیه‌تی‌و نه ته‌نانه‌ت ئیسلامی بوونیه‌تی، به‌ڵكوو هه‌مووی ئه‌مانه ته‌نها
ئامرازێكه بۆ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی بێ‌ئه‌م لا‌ولای ویلایه‌تی فه‌قیه. خه‌ڵكی
ئێران به شێوازێكی نه‌خوازراو حكوومه‌تێكیان به فه‌رمی ناسی كه ره‌وایه‌تی
نیه، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه له سه‌ر بنه‌مای ئه‌سڵی ویلایه‌تی فه‌قیه
دامه‌زراوه‌و ئه‌م ئه‌سڵه‌ش دژی سه‌روه‌ری مرۆڤـ‌و ئامانجه له‌مێژینه‌كانی
خه‌ڵكی ئێرانه.
به زانیاری‌و شاره‌زابوونی جێگای ستایشی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
به رێبه‌رایه‌تی دوكتوور عه‌بدولره‌حمان قاسملوو له مه‌ڕ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م
رێژیمه بوو كه حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران (رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی
نه‌ته‌وه‌یی ـ دێموكراتیكی كوردستانی ئێران) به له‌به‌رچاوگرتنی
به‌رژه‌وه‌ندی‌و مافی سیاسی، كولتووری، ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی
ئێران به گشتی‌و خه‌ڵكی كوردستان به تایبه‌تی ئه‌م رێفراندۆمه‌ی ته‌حریم
كرد‌و له مه‌ڕ ئاكامه قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌كانی به فه‌رمی ناسینی رێژیمی
كۆماری ئیسلامی خه‌ڵكی هۆشیار كرده‌وه. خه‌ڵكی كوردستانی ئێرانیش به
پێشوازی كردن له‌م بانگه‌وازه‌ی حیزبی دێموكرات، ئه‌م رێفراندۆمه‌یان ته‌حریم
كرد‌و به‌م شێوه‌یه هۆشیار بوونی سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی خۆیانیان به بیروڕای
گشتی سه‌لماند. |