|
كردن به نیشته‌جێ بوون یان
نیشته‌جێ نه‌بوون له شوێنێكی دیاریكراو بۆ ماوه‌ی 2 تا 3 ساڵ‌و بێ‌به‌ش كردن له
مافه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به ماوه‌ی 5 ساڵ سزا ده‌درێت.
1 ـ چالاكی پڕوپاگه‌ندایی كاریگه‌ر دژی سیستم:
ئه‌م خاڵه بازنه‌ی تاوانی
سیاسی زۆر به‌رفراوان كردووه. چالاكی پڕوپاگه‌ندایی، ده‌سته‌واژه‌یه‌كی شرۆڤه
هه‌ڵگره‌و به گوێره‌ی ئه‌م خاڵه، ده‌كرێت هه‌موو كرده‌وه‌یه‌ك، چاڵاكی پڕوپاگه‌ندایی
له قه‌ڵه‌م بدرێت. هه‌موو نوسین، لێدوان، وتووێژ‌و ته‌نانه‌ت هه‌ڤپه‌یڤینی تاكه‌كه‌سی
یان چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێت له ژێر ئه‌م ناوه‌دا به تاوانی سیاسی
بناسرێت‌و چالاكانی ئه‌م بواره وه‌ك تاوانباری سیاسی سزا بدرێن. ده‌سته‌واژه‌ی
"كاریگه‌ر" به هۆی نه‌بوونی پێناسه‌ی ئه‌م وشه‌یه، كێشه خوڵقێنه‌ره‌و له هه‌موو
گرینگتر ئه‌وه‌یه كه وشه‌ی سیستمیش پێناسه نه‌كراوه. به واتایه‌كی دیكه له
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی شار یان گوندێك بگره تا به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتداری وڵات،
ده‌كرێت وه‌ك سیستم بناسرێت. ده‌سته‌واژه‌ی ناڕوون‌و پێناسه نه‌كراوی "پڕوپاگه‌نده‌ی
كاریگه‌ر دژی سیستم" ده‌توانێت بوار بۆ شرۆڤه‌ی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی هه‌ندێك له
دادگاكان خۆش بكات.
2 ـ پێكهێنانی كۆبوونه‌وه‌و به‌ڕێوه بردنی رێپێوانی نایاسایی:
ئه‌م خاڵه دژی هه‌موو پرنسیپه‌كانی مافی مرۆڤـ‌و ته‌نانه‌ت یاسای بنه‌ڕه‌تی
كۆماری ئیسلامییه، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه پێكهێنانی كۆبوونه‌وه‌و
به‌ڕێوه‌بردنی رێپێوان، یه‌كێ له مافه سه‌ره‌كی‌و سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵكه‌و
خاڵی 27ی یاسای بنه‌ڕه‌تی كۆماری ئیسلامیش به راشكاوی ده‌ڵێت: "پێكهێنانی
كۆبوونه‌وه‌و رێپێوان بێ هه‌ڵگرتنی چه‌ك، به‌و مه‌رجه‌ی كه دژی
رێوشوێنه‌كانی ئیسلام نه‌بێ، ئازاده". له خاڵی 4ی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا، نه
ته‌نیا هیچ سه‌رنجێك به‌م خاڵه نه‌دراوه، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه،
كۆمه‌ڵێك كرده‌وه كراوه به تاوان‌و چالاكانی ئه‌م بواره كراون به تاوانبار.
3 ـ بڵاو كردنه‌وه‌ی قسه‌و باسی بێ‌بنه‌ما یان شێواندنی بیر‌وڕای گشتی له
رێگای لێدوان له كۆبوونه‌وه گشتیه‌كان، میدیاكان، بڵاوكردنه‌وه‌ی بڵاڤۆك یان
كه‌ره‌سته‌كانی هه‌ڵگری زانیاری‌و وه‌ك ئه‌وانه:
نێوه‌ڕۆكی ئه‌م به‌نده له كۆتایی خاڵی 698ی یاسای سزای ئیسلامی‌دا هاتووه،
خاڵێك كه له زۆربه‌ی فایله چاپه‌مه‌نیه‌كاندا وه‌ك به‌ڵگه ده‌هێنرێته‌وه،
له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازییه كه دارێژه‌رانی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه، هه‌ڵگرانی
زانیاریشیان خستۆته نێو بازنه‌ی "بڵاو كردنه‌وه‌ی قسه‌و باسی بێ بنه‌ما".
ئێستا به له‌به‌رچاو گرتنی پێشكه‌وتنی كه‌ره‌سته مۆدێڕنه‌كانی ده‌نگ‌و ره‌نگ،
له‌گه‌ڵ شێوازێكی نوێی تاوان رووبه‌ڕِوو ده‌بینه‌وه‌و هه‌تا كاتی سه‌لماندنی
تاوانبار نه‌بوونی هه‌ڵگرانی زانیاری، هه‌ندێك كه‌س ده‌كه‌ونه به‌ر
لێپرسینه‌وه. مه‌سه‌له‌ی گرینگتر ئه‌وه‌یه كه بازنه‌ی ئه‌م به‌نده‌ش هه‌روه‌ك
خاڵی 698 به‌رفراوانه. له‌مه زیاتر له سیستمی حوقوقیی ئێران‌دا، هیچ
پێناسه‌یه‌ك له "قسه‌و باسی بێ‌بنه‌ما" نه‌كراوه. به گوێره‌ی خاڵی 698ی
یاسای سزای ئیسلامی، "بڵاوكردنه‌وه‌ی قسه‌و باسی بێ بنه‌ما"تاوان نیه، له
حاڵێكدا له به‌ندی 3ی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا "بڵاو كردنه‌وه‌ی قسه‌ی بێ بنه‌ما"
به مه‌به‌ستی شێواندنی بیر‌وڕای گشتی سوچی ساسیه. هه‌نووكه له سه‌ر ئه‌م
مژاره دوو پرۆسه‌ی جیاواز له دادگاكان‌دا ده‌گیردرێته‌به‌ر. هه‌ندێك له
دادوه‌رانی تاوانه چاپه‌مه‌نییه‌كان، "بڵاو كردنه‌وه‌ی قسه‌و باسی بێ بنه‌ما"
به تاوانی گشتی ده‌زانن‌و ئه‌م تاوانه له لایه‌ن دۆزگه‌ری گشتیه‌وه، شایانی
لێپرسینه‌وه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێك دادوه‌ری دیكه‌و لقه‌كانی دیوانی به‌رزی وڵات
به گوێره‌ی خاڵی 698ی یاسای سزای ئیسلامی كه ئه‌م تاوانه‌ی به شایانی
لێبووردن داناوه، ته‌نیا له كاتێكدا لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م تاوانه ده‌كه‌ن
كه سكاڵای كه‌سێكی له سه‌ر بێ. هه‌نووكه یه‌كێ له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی
پارێزه‌ران له فایله چاپه‌مه‌نییه‌كان‌و دادگای چالاكانی سیاسی، تاوان بوونی
"شێواندنی بیر‌وڕای گشتیه" كه شتێكی ناڕوون‌و پێناسه نه‌كراوه‌و دراوه‌ته
ده‌ست سه‌لیقه‌ی دادوه‌ر. له‌م گه‌ڵاڵه‌ی تاوانی سیاسیه‌ش‌دا، هیچ هه‌وڵێك بۆ
پێناسه‌كردنی ئه‌م بابه‌ته نه‌دراوه.
4 ـ پێكهێنان یان به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵه نایاساییه‌كان یان هاوكاری كاریگه‌ر
له‌گه‌ڵ ئه‌وان:
ئه‌م به‌نده مافی بنه‌ڕه‌تیی خه‌ڵك ده‌خاته ژێر پێ‌و ته‌نانه‌ت دژی یاسای
بنه‌ڕه‌تیی رێژیمی كۆماری ئیسلامیشه، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه به گوێره‌ی خاڵی
26ی یاسای بنه‌ڕه‌تی "پارتی‌و كۆمه‌ڵه سیاسی‌و سێنفیه‌كان ئازادن"و
ته‌نانه‌ت به راشكاوی ئاماژه به‌وه كراوه كه "ناكرێت هیچ كه‌س له
به‌شداریكردن له‌م كۆمه‌ڵانه بێ به‌ش بكرێت یان ناچار بكرێت به‌شدارییان تێدا
بكات". له‌مه زیاتر له‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا، كۆمه‌ڵه‌ی نایاسایی، پێناسه نه‌كراوه،
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له كۆمه‌ڵه نایاساییه‌كان، ته‌نیا ئه‌و كۆمه‌ڵانه بن كه
مۆڵه‌تیان نیه یان ئه‌وه‌ی كه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌موو دامه‌زراو‌و كۆمه‌ڵێك
پێویستی به مۆڵه‌ت هه‌یه، له راستیدا ئازادی خه‌ڵك سنووردار ده‌بێ‌و له‌وه
گرینگتر ئه‌وه‌یه كه ده‌سته‌واژه‌ی "هاوكاری كاریگه‌ر" شرۆڤه هه‌ڵگره، بۆ
نموونه ئه‌گه‌ر سایتێكی ئینتێرنێتی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاڵاك بێ‌و كه‌سێك
شتێك له‌م سایته‌دا بنووسێ، یان وتاری كه‌سێك له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی
سایته‌وه بڵاو بكرێته‌وه، ئایا ده‌كرێت نووسه‌ری ئه‌و وتارانه به تاوانی
هاوكاری كاریگه‌ر بكه‌ونه به‌ر لێپرسینه‌وه؟
5 ـ هه‌وڵدان بۆ پێكهێنان یان توندتر كردنی ناكۆكی نێوان خه‌ڵك له رووی
ئایینی، كولتووری‌و ره‌گه‌زییه‌وه:
له‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا، وشه‌ی ناكۆكی پێناسه نه‌كراوه. گه‌لێك له ئایینه‌كان له
نێو خۆیاندا ناكۆكن. به سه‌رنجدان به ده‌سته‌واژه‌ی "توندتر كردنی ناكۆكی"
بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه "ناكۆكی" هه‌یه‌و تاوانبار ئه‌م ناكۆكیه زیاد ده‌كات.
ئه‌م بابه‌ته له وڵاتی ئێران كه خاوه‌ن ئایین، كولتوور، نه‌ته‌وه‌و كه‌مینه‌ی
جۆراوجۆره، زۆر جێگای شرۆڤه‌یه‌و له‌وانه‌یه گه‌لێك كه‌س له ژێر ناوی
پێكهێنانی ناكۆكی، تاوانی ساسیان بخرێته پاڵ.
یه‌كێ له بابه‌ته جێگای پرسیاره‌كانی ئه‌م یاسایه، تێبینی خاڵی 4ی ئه‌م
یاسایه‌یه كه به گوێره‌ی ئه‌وه ئه‌گه‌ر تاوانی سیاسی له‌گه‌ڵ تاوانێكی
دیكه ئه‌نجام بدرێت، كه‌سی تاوانبار به زۆرترین رێژه‌ی سزا، سزا ده‌درێت.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه مه‌به‌ست له زۆرترین سزا چیه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست، سزای
تاوانی سیاسی بێ كه دوو ساڵ زیندانه، سزای ئه‌و تاوانه‌كه‌ی دیكه چ
ده‌بێت؟. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست، كۆی هه‌ردوو تاوان‌و سزاكه‌ی بێ، نێوه‌ڕۆكی ئه‌م
تێبینی‌یه، ده‌ربڕی ئه‌م شته نیه. ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر تاوانی سیاسی له‌گه‌ڵ
تاوانێكی دیكه‌دا بێ، تاوانبار به زۆرترین رێژه سزا ده‌درێت، چاوپۆشی كردن له
راستیه‌كی روونه، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه له پرۆسه‌ی ئاسایی‌و تاوانه
گشتیه‌كاندا، ئه‌گه‌ر كه‌سێك دوو تاوان ئه‌نجام بدات، دادگا ئازاده پێكه‌وه
لێپرسینه‌وه بكات‌و بڕیار بدات، به‌ڵام به گوێره‌ی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه،
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ر سنووردار كراوه‌و ناچار كراوه كه بڕیاری زۆرترین رێژه‌ی
سزا به سه‌ر تاوانباردا بسه‌پێنێت كه ئه‌مه‌ش به شێوازێك له شێوازه‌كان به
واتای به‌رنگاری كردنه‌وه له‌گه‌ڵ تاوانی‌سیاسییه‌و مه‌به‌ستیش بێ ده‌نگ
كردنی ره‌خنه‌گران‌و سنوورداركردنی قه‌ڵه‌می به‌رهه‌ڵستكارانه. روون نه‌بوونی
ئه‌م تێبینی‌یه‌و مه‌به‌ستی یاسا دانه‌ران بۆ كه‌س شاراوه نیه، هه‌رچه‌ند كه
ئه‌و به‌شه له خاڵی 4 (ده‌سته‌واژه‌ی "توند‌وتیژی له خۆ نه‌گرێت") مژارێكی
شرۆڤه هه‌ڵگره، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌كرێت هه‌موو كۆمه‌ڵێك به ساده‌یی
بخرێته نێو بازنه‌ی تاوانی سیاسی. ئایا ده‌كرێت په‌ی به‌و "توند‌وتیژییه"ی
كه مه‌به‌ستی یاسایه، ببردرێت‌و به تاوانی سیاسی بزانرێت؟ مه‌سه‌له‌ی
توند‌وتیژی به ئاسانی شایانی پێناسه‌كردن‌و ناساندن نیه‌و ده‌ستی دادوه‌ر بۆ
شرۆڤه كردنی ئاوه‌ڵایه. له‌وه زیاتر ئه‌وه‌ی‌كه له‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا، له ژێر
ناوی "دژایه‌تی كردن له‌گه‌ڵ سیستم" ناوی لیبراوه، شایانی سه‌لماندن نیه.
بێ‌گومان ئه‌و شتانه‌ی كه په‌یوه‌ندی به ناخ‌و مه‌به‌ستی مرۆڤه‌وه هه‌یه،
نه شایانی نكۆڵی لێكردنه، نه شایانی سه‌لماندن.
هه‌روه‌ها تێبینی 2ی خاڵی 4ی ئه‌م یاسایه، مژارێكی به ته‌واوی نوێی
هێناوه‌ته نێو ئه‌ده‌بیاتی حوقوقی، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه به گوێره‌ی یاسا،
ئه‌سڵ "ئیباحه‌یه"و ته‌نیا ده‌بێ ئه‌و شتانه كه ده‌بێ ئه‌نجام نه‌درێت،
ده‌رببڕدرێت. هیچكات یاسا ناڵێت چ كرده‌وه‌یه‌ك تاوان نیه، به‌ڵكوو ده‌ڵێت چ
كرده‌وه‌یه‌ك یان نه‌كرده‌وه‌یه‌ك تاوانه. ئه‌م بابه‌ته كه "ته‌نیا ره‌خنه گرتن
له سیستمی سیاسی یان یاسای بنه‌ڕه‌تی یان ده‌ربڕینی بیر‌وڕا له په‌یوه‌ندی
له‌گه‌ڵ كار‌و باری سیاسی یان كاری ده‌سه‌ڵاتداران، تاوان نیه" (تێبینی 2)،
پره‌نسیپێكی روونه‌و پێویست به وتن ناكات.
خاڵێكی زۆر بنه‌ڕه‌تی كه له گه‌ڵاڵه‌ی تاوانی سیاسی‌دا، سه‌رنجی پێنه‌دراوه،
ئه‌وه‌یه كه تاوانی سیاسی به گشتی به ئامانجی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌و له
چوارچێوه‌ی نیازپاكی مرۆڤـ له پێناو ئامانجگه‌لی مرۆڤـ خوازانه ئه‌نجام
ده‌درێت. ئه‌م یاسایه به پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی په‌یمانی ده‌سه‌ڵات‌و
خه‌ڵكه، له به‌ر ئه‌وه كه ده‌بێ یاسا، سنووری ئازادییه‌كان دیاری بكات نه
ئه‌وه‌ی كه ئازادییه‌كان سنووردار بكات. كه‌وابوو له عورفی حوقوقیدا، ده‌بێ
تاوانبارانی سیاسی هه‌م له رووی پێناسه‌ی تاوانی سیاسی، نموونه‌كانی ئه‌م
تاوانه‌و سزاكه‌ی له تاوانه‌كانی دیكه جیا بكرێته‌وه. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت
كۆمه‌ڵێك كرده‌وه‌ی نادادپه‌روه‌رانه وه‌ك زۆرتر كردنی سزا، دووپاتكردنه‌وه‌ی
تاوان، پێشینه‌ی تاوان‌و بێ به‌شكردن له مافی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بارودۆخی
تایبه‌ت له زینداندا له به‌رچاو بگیردرێت، هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان
تاوانبارانی سیاسی‌و تاوانبارانی ئاسایی‌دا نامێنێت.
كێشه‌یه‌ك به ناوی تاوانی سیاسی، زۆرتر له كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتوو‌و
نادێموكراتیكه‌كاندا سه‌ر هه‌ڵده‌دات. له‌م جۆره كۆمه‌ڵگانه‌دا، كرده‌وه‌گه‌لێك
به تاوانی سیاسی ده‌زانرێت كه له كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتوو‌و دێموكراتیكه‌كاندا
شتێكی ئاسایی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتووه‌كاندا كه ده‌سه‌ڵات
زۆر پشت به خه‌ڵك نابه‌ستێت، حكوومه‌ت ته‌حه‌مولی نه‌یاران‌و ره‌خنه‌گران ناكات‌و
له كرده‌وه‌دا، یاساكان به شێوازێكی ناڕوون‌و شرۆڤه هه‌ڵگر داده‌ڕێژرێت.
ده‌سه‌ڵاتداران هیچ ره‌خنه‌یه‌ك قه‌بووڵ ناكه‌ن، هه‌موو ره‌خنه‌یه‌ك به
سووكایه‌تی كردن به ده‌سه‌ڵات له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن‌و به‌رهه‌ڵستكارانی خۆیان به
نه‌یارانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، رووخێنه‌ر، خراپكار، خائین‌و پیاوی دوژمن ناو
ده‌به‌ن. له‌م كۆمه‌ڵگانه‌دا، چالاكیی سیاسی ته‌نیا به واتای پشتیوانی كردن‌و
پشتڕاست كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته، وه‌گه‌رنا هه‌موو چه‌شنه ره‌خنه‌و دژایه‌تیه‌ك
به ئه‌شكه‌نجه، زیندان، ئێعدام‌و بێ به‌شبوون له مافه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
كۆتایی پێ دێت.
له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیشدا، ژماره‌یه‌كی زۆر له چالاكانی
سیاسی‌و رۆشنبیران له ژێر ئه‌و ناوانه‌ی كه هێمایان بۆ كرا، له دادگا
ئاساییه‌كاندا‌و بێ ره‌چاو كردنی رێوشوێنه تایبه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به
تاوانه سیاسیه‌كان، دادگایی كراون‌و سزای ئێعدام‌و زیندانیان به سه‌ردا
سه‌پاوه.
راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه یاسای تاوانی سیاسی كه پاش 19ساڵ له كاتی به
ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌خرێته روو، نه‌ئه‌و یاسایه‌یه
كه خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی ده‌كات‌و نه به گوێره‌ی سیستمی حوقوقی جیهانی،
جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤـ‌و ته‌نانه‌ت یاسای بنه‌ڕه‌تی رێژیمی كۆماری
ئیسلامیه. به پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی كۆماری ئیسلامی، دادگای تاوانه سیاسی‌و
چاپه‌مه‌نیه‌كان ده‌بێ به به‌شداریكردنی لیژنه‌ی دادوه‌ری پێك بێت، به‌ڵام
له‌م ساڵانه‌ی رابردوودا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه گه‌لێك له پارێزه‌ران،
بیر‌وڕایان ئه‌وه بوو كه هه‌ندێك له تاوانه‌كان سیاسین، به‌ڵام دادوه‌ران به
هۆی نه‌بوونی پێناسه‌ی تاوانی سیاسی‌و نموونه‌كانی، ئه‌م تاوانانه‌یان
ده‌خسته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی تاوانی سیاسی‌و دادگاكان به شێوازی ئاسایی
به‌ڕێوه ده‌چوون. ئێستاش كه پاش بێ ده‌نگییه‌كی 28 ساڵه، یاسای تاوانی
سیاسی په‌سه‌ند كرا‌و، پێناسه‌ی تاوانی سیاسی ئه‌وه‌نده ناڕوون‌و ناشه‌فافه
كه له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ی توندی كۆمه‌ڵه‌ی یاسازانان‌و چالاكانی سیاسی به‌ره‌وڕوو
بۆته‌وه‌و مافی تاوانبارانی سیاسی هه‌روه‌ك رابردوو به توندترین شێوه
ده‌خرێته ژێر پێ.
نێوه‌ڕۆكی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌و ئه‌و ئامانجه‌ی كه له پشت داڕێژانی ئه‌م
یاسایه‌دا هه‌یه، له كرده‌وه‌دا به واتای یاسایی كردنی داخستنی رێگای
چالاكیی سیاسی به هه‌موو شێوازێكه. |