|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: شه‌هید
پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د ::. |
|
رۆژی شه‌هیدبوونی پێشه‌وای كوردستان، رۆژی شه‌هیدانی
كوردستان | |
18-01-1387
ئا: ره‌زا فه‌تحوڵڵانژاد
پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ساڵی 1901ی زایینی له شاری مه‌هاباد له بنه‌ماڵه‌یه‌كی
نیشتمانپه‌روه‌ر‌و ئایینی به ناوبانگ له دایك بوو. هه‌ر له ته‌مه‌نی لاویه‌تی‌دا
له‌گه‌ڵ هێندێ له رووناكبیره پێشكه‌وتووه‌كانی كورد ده‌ستی كرد به بڵاوكردنه‌وه‌ی
بیری رزگاریخوازانه‌و ئازادیخوزانه. له سه‌رده‌می حكوومه‌تی ره‌زاشادا وه‌كوو
سه‌رۆكی ئیداره‌ی مه‌عارف كاری كردووه‌و له‌و رێگه‌شه‌وه زۆری به په‌ره‌پێدانی
قوتابخانه‌و خوێنده‌واری‌و مه‌عاریف له مه‌هاباد كرده‌وه. پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د
ئه‌وده‌م لاوه‌كانی له قوتابخانه‌دا كۆ كرده‌وه‌و له باری رزگاریخوازانه‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه
له پێناو رزگاری گه‌لی كورد له ژێرده‌سته‌یی حكوومه‌تی |
| |
ره‌زاخاندا قسه‌ی بۆ ده‌كردن‌و
وشیاری ده‌كردنه‌وه. پاش رووخاندنی رێژیمی ملهوڕی ره‌زاشا، قازی محه‌ممه‌د به
هه‌موو توانایه‌وه بۆ رزگاركردنی گه‌لی كورد‌و رێكخستنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك
تێكۆشا. نفووزی زۆری پێشه‌وا له نێو خه‌ڵك‌و ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی كه له لای
خه‌ڵك هه‌یبوو، كارێكی كردبوو كه له ساڵانی قات‌وقڕی‌و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی
هۆز‌و عه‌شیره‌ته‌كاندا كه ده‌كاته ساڵانی 1320و 1324تا پێش به شه‌ڕی نێوان
عه‌شیره‌ته‌كان بگرێ‌و له پێناو رزگاركردنی كوردستاندا هه‌نگاوی به بڕشت هه‌ڵبگرێ.
له 13ی ژوئه‌نی 1942دا، باڵوێزخانه‌ی بریتانیا له تاران له نامه‌یه‌كدا بۆ
باڵوێزخانه‌ی بریتانیا له به‌غدا، ده‌نووسێ: "هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژه‌كانی
رزگاربوون له زۆرداری شادا، پیاوانی وه‌ك قازی محه‌ممه‌د هه‌وڵیان داوه كورده‌كان
یه‌كگرتوو بكه‌ن". هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا هاتووه كه: "له 25ی سێپتامبری 1941دا،
ئه‌فسه‌رێكی بریتانیایی‌و یه‌كێكی ئامریكایی گه‌یشتنه مه‌هاباد‌و له‌وێ
چاویان به قازی محه‌ممه‌د كه‌وت. قازی محه‌ممه‌د له كاتی قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌واندا
گه‌ڵاڵه‌یه‌كی له‌مه‌ڕ كوردستانی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره بریتانیایه‌كه
هێنایه گۆڕێ"(1).
پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له ساڵی 1923دا، چووه ریزی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی
كورده‌وه‌و هه‌ستی به‌وه كرد كه ئه‌و رێكخراوه‌یه سه‌ره‌ڕای هه‌موو خاڵه
پۆزه‌تیڤ‌و باشه‌كانی له پێناو رزگاركردنی نه‌ته‌وه‌ی كورددا، هێندێ لاوازی
تێدایه كه ده‌بێ رێگاچاره‌ی بۆ بدۆزێته‌وه. كۆمه‌ڵه‌ی ژـ كاف، رێكخراوێكی
نهێنی‌و داخراو بوو و نه‌یده‌توانی به ته‌واوی وه‌ڵامده‌ری چاوه‌ڕوانییه‌كانی
كۆمه‌ڵگا بێت، هه‌ر بۆیه له 25ی گه‌لاوێژی ساڵی 1324دا به پێی رێنوێنییه‌كانی
پێشه‌وا، كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌و حیزبی دێموكراتی
كوردستان دامه‌زرا كه سه‌رۆكی حیزب، پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د بوو.
دوكتور قاسملوو له‌مه‌ڕ رۆڵی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له دامه‌زرانی حیزبی
دێموكرات‌دا ده‌نووسێ: "قازی محه‌ممه‌د له ئاخری تێكۆشانی كۆمه‌ڵه‌ی ژـ كاف دا
بوو به ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌و زۆر زوو ده‌ركه‌وت كه شه‌خسییه‌تێكی به‌رچاو‌و هه‌ڵكه‌وتووی
ئه‌و رێكخراوه‌یه. بۆیه هه‌رچه‌ند دره‌نگتر له زۆر كه‌سی دیكه چوو بوو بۆ نێو
كۆمه‌ڵه، به كرده‌وه بوو به به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمه‌ڵه‌ی ژ ێ ـ كاف. كاتێك
حیزبی دێموكراتی كوردستان دامه‌زرا، ده‌ركه‌وت كه قازی محه‌ممه‌د زیاتر له هه‌ركه‌سێكی
دیكه له‌و زه‌رووره‌ته‌و له ئه‌و پێویستییه تێگه‌یشتبوو كه كۆمه‌ڵه‌ی ژێ ـ
كاف به ته‌ركیبی خۆی، به ئامانجه‌كانی خۆی‌و به شێوه‌ی رێكخستنی خۆی ناتوانێ
وه‌ڵامده‌ری خه‌باتی گه‌لی كورد له كوردستان بێ. هه‌ر بۆیه‌ش قازی محه‌ممه‌د
له هه‌موو كه‌س زیاتر ده‌ستی له دامه‌رزاندنی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا، هه‌بوو.
هه‌ر بۆیه به حه‌ق قازی محه‌ممه‌د به دامه‌زرێنه‌ری حیزبی دێموكرات ده‌ناسرێ‌و
ده‌توانین بڵێین كه له نێو هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و كاتی حیزبی دێموكرات‌دا
شه‌خسیه‌تێكی بێ‌هاوتا بوو، راده‌ی تێگه‌یشتن‌و ئه‌زموون‌و سه‌لاحییه‌تی له هه‌موو
ئه‌وانی دیكه به‌رچاوتر‌و به‌رزتر بوو"(2).
له 26ی سه‌رماوه‌زی ساڵی 1324ی هه‌تاوی‌دا، دوایین ئاسه‌واری رێژیمی پاشایه‌تی
له شاری مه‌هاباد كه شاره‌بانی ئه‌و شاره بوو، تێكه‌وه پێچرا‌و له 2ی رێبه‌ندانی
ئه‌و ساڵه‌دا كۆماری كوردستان راگه‌یاندرا‌و پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د وه‌كوو سه‌رۆكی
كۆماری كوردستان، سوێندی یاسایی خوارد.
پێشه‌وا له رۆژی راگه‌یاندنی كۆماری كورستاندا ئاخاوت‌و وتی: "ئه‌مڕۆ له
مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد دا باشترین رۆژه. رۆژێكه كه ئاڵای كوردستان له سه‌ر
به‌رزایی شاری مه‌هاباد هه‌ڵكراوه. نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی
جیهان، مافی ئازادی‌و هه‌ڵبژاردنی هه‌یه. سه‌دان ساڵه بۆ گه‌یشتن به سه‌ره‌تایی‌ترین
مافه‌كان خه‌بات ده‌كات‌و له‌و رێگه‌یه‌دا هه‌زاران قوربانی پێشكه‌ش به مێژوو
كردووه. ئه‌مڕۆ، ئێمه سه‌ربه‌خۆین‌و هاوڕێی به‌هێزمان هه‌یه. ده‌بێ ئاڵاكه‌ی
كوردستان هه‌ر شه‌كاوه بێ. ئه‌م كاره‌ش له سه‌ر شانی ئێوه‌یه‌و چرایه‌كه كه
نابێ بكوژێته‌وه(3).
له 26ی سه‌رماوه‌زی 1325دا كۆماری كوردستان جوانه‌مه‌رگ بوو. هۆكاره‌كانی
رووخانی كۆمار له هه‌ر سێ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ناوچه‌یی‌و نێوخۆیی‌دا
خۆیان ده‌بیننه‌وه. پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه باش ده‌یزانی
ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆر كه له لایه‌ن رێژیمی حه‌مه‌ڕه‌زاشاوه ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێ،
به‌ڵام هه‌ر له نێو خه‌ڵكی خۆیدا له مه‌هاباد مایه‌وه.
پاش داگیركردنه‌وه‌ی شاری مه‌هاباد‌و شاره‌كانی ده‌ورووبه‌ری له لایه‌ن سوپای
ئێرانه‌وه، پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د‌و سه‌یفی قازی له لایه‌ن رێژیمی حه‌مه‌ڕه‌زاشاوه
ده‌ستگیر كران‌و سه‌دری قازیش له تاران‌دا ده‌ستگیر‌و له كورستاندا خرایه به‌ندیخانه‌وه.
له رۆژی 6 رێبه‌ندانی 1325دا، هه‌یئه‌تێك له تارانه‌وه هاته مه‌هاباد‌و له
دادگایه‌كی نمایشیدا كۆمه‌ڵێك به‌ناو تۆمه‌تیان دایه پاڵ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د‌و
هاوڕێیانی كه ژماره‌یه‌ك له‌و تۆمه‌تانه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ناڕاست بوون‌و
ژماره‌یه‌كیشیان به رواڵه‌ت تۆمه‌ت بوون، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر عه‌قڵێكی سه‌لیم
به پیرۆزیان له قه‌ڵه‌م ده‌دا. له‌و به‌ناو دادگایه‌دا حوكمی له سێداره‌دان به
سه‌ر قازیی‌یه‌كاندا سه‌پا‌و سێ مانگ دواتر، له رێكه‌وتی 4ی خاكه‌لێوه‌ی
1326ی هه‌تاوی‌دا، به ناو دادگای پێداچوونه‌وه به حوكمه‌كانی دادگای پێشوو،
پێك هات.
پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ئه‌و دادگایه‌ی كرده شوێنێك بۆ به‌رگری له مافی نه‌ته‌وه‌یی
گه‌لی كورد‌و ئازایانه‌و بوێرانه دوژمنانی كوردی ناساند كه نیشانی دا به حه‌ق
رێبه‌ر‌و سه‌رۆكی كۆماری كوردستان بووه. سه‌روان شه‌ریفی كه له‌و دادگایه‌دا
به‌شدار بوو، رۆژێك پاشتر، واته 5ی خاكه‌لێوه ده‌چێته ماڵی قازییه‌كان‌و پێیان
ده‌ڵێ: "ئه‌وه پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د بوو كه دادگای محاكمه ده‌كرد(4)". هه‌روه‌ها
نه‌جه‌فقولی پسیان ده‌گێڕێته‌وه كه پێشه‌وا له داكۆكی‌كردن له‌گه‌له‌كه‌ی زۆر
ئازایانه جووڵایه‌وه‌و گوتوویه‌تی: "من له گۆشه‌ی زیندانه‌وه هاوار ده‌كه‌م‌و
به ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌ڵێم كه ئێوه‌ن تاوانبار، نه ئێمه. ئێمه‌تان له وڵاتی
خۆماندا یه‌خسیر كردووه. ئه‌گه‌ڕ ده‌وڵه‌ت هه‌موو كورده‌كان به خیانه‌تكار ده‌زانێ،
با ده‌ست له كوردستان هه‌ڵبگرێ‌و ئه‌گه‌ریش ئه‌وان به نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌زانێ،
با كاروباری خۆیان، خۆیان به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن. پێتان وانه‌بێ به هۆی داماوییه‌وه
لێره نه‌ڕۆیشتووم، به ئاسانی ده‌متوانی له سنوور بپه‌ڕێمه‌وه، به‌ڵام ویستم
له رۆژانی دژوار‌دا خه‌ڵكه‌كه‌م به‌جێ نه‌هێڵم‌و له خاك‌و نیشتمانه‌كه‌م ده‌ست
هه‌ڵنه‌گرم"(5).
سه‌ره‌نجام به‌ره‌به‌یانی رۆژی 10ی خاكه‌لێوه، حوكمی له سێداره‌دانی پێشه‌وا
قازی محه‌ممه‌د، سه‌یفی قازی‌و سه‌دری قازی، به‌ڕێوه ده‌برێ. له راگه‌یاندراوێكدا
كه كاتژمێر 8ی رۆژی 10ی خاكه‌لێوه به ئیمزای هومایونی، فه‌رمانده‌ی له‌شكری
چواره‌م‌و هێزی ده‌وڵه‌تی ئێران له كوردستان بڵاوكرایه‌وه.، هاتبوو: " قازی
محه‌ممه‌د، سه‌یفی قازی‌و سه‌دری قازی، له دادگای نیزامی سه‌رده‌می شه‌ڕدا
به ئێعدام مه‌حكوومه كران. دادگای پێداچوونه‌وه‌و هه‌روه‌ها ئه‌علاحه‌زره‌ت
هومایونی شاهه‌نشا، حوكمه‌كه‌یانی په‌سند كرد‌و له سه‌عات 6ی رۆژی 10ی خاكه‌لێوه‌دا
حوكمه‌كه به‌ڕێوه چوو"(6).
دوكتور قاسملوو له‌مه‌ڕ كه‌سایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، ده‌نووسێ: "قازی
محه‌ممه‌د گوڵێك بوو له سه‌حرا روا بوو، به‌ڵا م دیسانه‌كه له‌گه‌ڵی خۆی نزیك
بوو، ده‌رد‌و ئازار‌و هیوا‌و ئاواته‌كانی زۆر باش تێگه‌یشتبوو. له هێنانه گۆڕ‌و
ده‌رخستنی ئه‌و ده‌رد‌و ئازار‌و هیوا‌و ئاواتانه‌دا له هه‌موو كه‌س سه‌ركه‌وتووتر
بوو. به خۆڕایی نه‌بوو كه لای خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویست بوو كه
بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی خۆیدا، خه‌ڵك خۆی نازناوی "پێشه‌وا"ی پێ‌دا بوو"(7).
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، رۆژی 10ی
خاكه‌لێوه‌ی وه‌كوو رۆژی شه‌هیدانی كوردستان ناودێر كردووه‌و له‌و رۆژه‌دا رێز
له فیداكاری‌و گیانبه‌ختكردوویی شه‌هیدانی سوورخه‌ڵاتی كوردستان ده‌گرێ.
دیاره كه رۆژی 10ی خاكه‌لێوه، رۆژی شه‌هیدبوونی سه‌ركۆماری كوردستان، پیشه‌وا
قازی محه‌ممه‌د، رۆژی شه‌هیدانی كوردستان به هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌یه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی
10ی خاكه‌لێوه بۆ بوون به رۆژی شه‌هیدان له هه‌موو كوردستان به شێوه‌یه‌كی
فه‌رمی زۆرن. هێندێ له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، سه‌رۆك كۆماری تاقه كۆماری كوردستان بوو له
مێژوودا.
دووهه‌م: پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌مین حیزبی مۆدێڕن‌و پێشكه‌وتوو
و دێموكرات له كوردستاندا بوو.
سێهه‌م: كۆماری كوردستان، كۆماری هه‌موو كوردستان بوو، به‌شداری دوو هه‌زار كه‌س
له هێزی كۆڵنه‌ده‌ر‌و له‌شكان نه‌هاتووی بارزانییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تیی نه‌مر
مه‌لامسته‌فا بارزانی له‌و شۆڕشه‌دا‌و هه‌روه‌ها به‌شداریی كورده‌كانی توركیه‌و
سووریه شاهیدی ئه‌و راستییه‌ن.
چواره‌م: له كۆماری كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی پێشه‌وا، ئاڵای كوردستان هه‌ڵكرا‌و
سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی كرا به سروودی كۆمار.
پێنجه‌م: پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د وه‌كوو سه‌رۆك كۆماری كوردستان، به‌رده‌وام له
ئاخاوتنه‌كانی‌دا هه‌موو كوردستانی به یه‌ك نیشتمان زانیوه‌و ئه‌م راستییه‌ش له
داكۆكیكردنی له دادگادا ده‌بینرێ. كاتێك روو له به‌ناو قازی ئه‌و بێ‌دادگایه
ده‌كا‌و ده‌ڵێ: "مه‌لا مسته‌فا، بێگانه نیه، به‌ڵكوو خه‌ڵكی كوردستانه‌و
كوردستان وڵاتی خۆیه‌تی".
شه‌شه‌م: كاریگه‌ری دامه‌زرانی كۆماری كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی پێشه‌وا له
سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا، هه‌م له باری ئیستراتیژیك‌و هه‌م له یاری
رۆحی‌و ده‌روونییه‌وه ئه‌وه‌نده زۆر بووه كه هیچ مێژوو نووسێكی مه‌سه‌له‌ی
كورد نه‌یتوانیوه خۆی لـێ‌ببوێرێ.
حه‌وته‌م: كۆماری كورستان په‌ره‌ی به زمان‌و فه‌رهه‌نگی كوردی دا كه كاریگه‌ری‌ییه‌كانی
ئه‌و سه‌رده‌مه له سه‌ر مێژووی رۆژنامه‌نووسی كوردی‌و په‌رتووكی كوردی‌دا له
هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا دیار‌و به‌رچاوه.
هه‌شته‌م: پێكهێنانی هێزی به‌رگری میللی له ژێر ناوی پیرۆزی "پێشمه‌رگه"دا
بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی كورددا له ژێر رێنوێنییه‌كانی پێشه‌وادا.
نۆیه‌م: یه‌كگرتوویی دوژمنانی كورد‌و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه سێ‌ده‌وڵه‌تی
ئێران‌و عێراق‌و توركیه له دژی كۆماری كوردستان، له هه‌موو كاتێك زیاتر بووه.
ده‌یه‌م: وه‌ك دوكتور قاسملوو ده‌نووسێ: "بێگومان ده‌ستكه‌وتی هه‌ره‌گه‌وره‌ی گه‌لی
كورد له كۆماری كوردستاندا ئه‌وه بوو كه بۆ یه‌كه‌مجار چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌سته‌وه
گرت‌و تامی ئازادی چێشت".
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ سوڵتانی، ئه‌نوه‌ر/ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له به‌ڵگه‌نامه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی
بریتانیادا، سلێمانی، بنكه‌ی ژین، 2005، ل 25.
2ـ قاسملوو، د.عه‌بدوالڕه‌حمان، چل ساڵ خه‌بات له پێناوی ئازادی‌دا، ل 41.
3ـ خۆشحاڵی، قاچی محمد‌و جمهوری كردستان در ێ‌ینه‌ی اسناد، چاپخانه‌ی فردوسی،
1380، ل 45.
4ـ سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 263.
5ـ سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
6ـ 1ـ سوڵتانی، ئه‌نوه‌ر/ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له به‌ڵگه‌نامه‌كانی وه‌زاره‌تی
ده‌ره‌وه‌ی بریتانیادا، سلێمانی، بنكه‌ی ژین، 2005، ل 318.
7 ـ 2ـ قاسملوو، د.عه‌بدوالڕه‌حمان، چل ساڵ خه‌بات له پێناوی ئازادی‌دا، ل 102.
8ـ سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل67. |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |