|
14-04-1388
كارێل جێچ ـ پراگ پرۆفیسۆر Karel Jech
ئا: هاوكارانی كوردستان
یه‌كێكه له دۆسته دێرینه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و شه‌هیدی رێبه‌ر دوكتور
قاسملوو. ساڵی 1928 له چێكوسلواكی له‌دایك بووه. پسپۆری مێژووی ئابووریه‌و یه‌كێكه
له گه‌وره‌ترین پرۆفیسۆره‌كانی ئاكادێمیكی كۆماری چێك‌و یه‌كێك له رێبه‌رانی
به‌هاری پراگ بووه. چه‌ندین خه‌ڵاتی زانستی له بواری مێژووی ئابووریدا وه‌رگرتووه.
چه‌ند كتێبی زانستیشی له سه‌ر رێفۆرمه ئابوورییه‌كانی سۆسیالیستی‌دا نووسیوه.
پرۆفیسۆر Karel Jech ساڵی 2008، به‌رزترین خه‌ڵاتی زانستیی كۆماری چێكی وه‌رگرت‌و
یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه زانستیی‌و سیاسییه‌كانی كۆماری چێكه. باوكی 3 منداڵ‌و
باپیری 6 نه‌وه‌یه. ئێستاش وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دوكتوور قاسملوو له ماڵه‌كه‌یدا‌و
له پشت سه‌ری داده‌نێ.
عه‌بدولڕه‌حمان به پاشناوی قاسملوو كه ناوی گوند‌و گه‌لیی
باوكییه، من له ته‌مه‌نی لاوێتیدا ناسیبووم. هه‌ردووكمان له لاوانی شه‌ڕی
دووهه‌می جیهانی بووین. من له كاتی شه‌ڕ له كۆماری چێك‌و له ژێر زوڵمی
هیتلێردا ژیابووم، ئه‌و به هه‌زاران كیلۆمێتر دوور له ئێمه له ئێران ژیابوو. هه‌ردوكیشمان
له ته‌مه‌نی لاویی خۆمان دا هه‌م شایی‌و پێشكه‌وتنی دێموكراسی‌و هه‌میش زوڵمی
رێژیمه زۆرداره‌كانمان ناسیبوو. ره‌حمان بۆنی به چرۆ‌و غونچه‌كانی سه‌ركه‌وتنی
كۆماری كوردستانه‌وه كردبوو و هه‌روه‌ها شاهێدی زوڵمی هێزه زۆرداره‌كان له
ژاكاندنی چرۆكانی ئازادی‌و دێموكراسیی كۆماری كوردستان بوو... . ئه‌و تراژیدیایه‌ی
كه به‌سه‌ر كۆماری كوردستانیان هێناو ره‌حمان دیتبووی، هیچ كات له بیری نه‌ده‌كرد‌و
ببووه به‌شێك له هه‌بوونی ئه‌و. پاش ئه‌و تراژیدیایه ئیتر نه‌یویستبوو له
ئێران بمێنێته‌وه‌و بۆ ئورووپا كۆچی كردبوو. نزیك ساڵێك له فه‌ڕانسه مایه‌وه‌و
سه‌رقاڵی خوێندن بوو‌و له‌م نێوه‌دا بوورسی خوێندنی له رێكخراوی یه‌كیه‌تیی
خوێندكارانی جیهان وه‌رگرت‌و هاته كۆماری چێك‌وسلواكیا بۆ خوێندنی باڵا له
زانكۆ.
هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنییه‌وه، زانیاریی گشتیی ره‌حمان له سه‌ر پرسه سیاسی،
كۆمه‌ڵایه‌تی‌و زمانناسییه‌كان ئه‌وه‌نده به‌هێز بوو كه راسته‌وخۆ له كۆرسی
دووهه‌می زانستگای زانسته سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له پراگ وه‌رگیرا. هه‌موو
خوێندكارانی چێكی سه‌رمان سووڕمابوو كه ئه‌و وه‌ك بیانییه‌ك به بێ ئه‌وه‌ی كه
كۆرسی یه‌كه‌می زانكۆ بخوێنێ، چۆن راسته‌وخۆ بۆ كۆرسی دووهه‌م تێپه‌ڕ بوو! پاش
ماوه‌یه‌كی كورت، ئیتر هه‌موو كه‌سێك له زانكۆدا ده‌یزانی كه ره‌حمان ژیرترین‌و
زیره‌كترین خوێندكاری زانستگایه‌و ئه‌و به‌و شێوه باش‌و سه‌ركه‌وتووه خۆی نیشان
دابوو. له خوێندن دا زیاتر له هه‌ر شتێك سه‌رنجی ده‌دا به مه‌سه‌له‌كانی پێوه‌ندیدار
به ئابووریی نێونه‌ته‌وه‌یی‌و پێوه‌ندییه سیاسییه‌كانی نێوان وڵاتانی جیهان.
له ماوه‌یه‌كی زۆر كورت دا نه‌ته‌نیا خوێندكارانی زانستگای ئێمه، به‌ڵكوو
خوێندكارانی زانكۆكانی دیكه‌ی كۆماری چێك، ره‌حمانیان وه‌ك وته‌بێژ‌و به‌رپرسی
خۆیان هه‌ڵبژاردبوو. ره‌حمان بیر‌و رامانه چه‌په‌كانی خۆی هیچ كات نه‌ده‌شارده‌وه.
چه‌پی بوونی ئه‌و له رووحیه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و له خوێندنی ئه‌ده‌بیات‌و به‌سه‌رهاتی
ئه‌و له ده‌ورانی كۆماری كوردستان‌و مانه‌وه‌ی له فه‌ڕانسه‌دا سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت.
به‌ڵام له ماوه‌یه‌كی كورتدا، مه‌ترسییه‌كانی دوگماتیزم‌و ته‌ریقه‌ته نۆژه‌نه‌كانی
كۆمۆنیزمی سۆڤییه‌تی پێشووی ناسی‌و ئه‌وه‌ش بووه هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی ره‌حمان له
حیزبی تووده‌ی ئێران كه ته‌نیا ئیدئۆلۆژیی كۆمۆنیزمی سۆڤییه‌تی به فه‌رمی ده‌ناسی.
به‌خته‌وه‌ریی هه‌ردووكمان ئه‌وه بوو كه هه‌ر له سه‌ره‌تای خوێندنماندا،
ژوورێكی هاوبه‌شمان به‌ركه‌وت كه له بینای خوێندكاران له شاری پراگ به ناوی
"Rooswelt" له كۆڵانی "Opletalova" هه‌ڵكه‌وتبوو. هه‌تا كۆتایی خوێندن، واته بۆ
ماوه‌ی 5 ساڵ من‌و ره‌حمان پێكه‌وه له نێو ئه‌و ژووره‌دا بووین. به رۆژ له
خوێندنگا، به شه‌ویش له‌و ژووره‌دا، هه‌میشه پێكه‌وه بووین. وه‌ك دوو لاو، ده‌رد‌و
مه‌ینه‌ت، خۆشی‌و شادییه‌كانی ته‌مه‌نی لاوێتیمان پێكه‌وه دابه‌ش ده‌كرد‌و هیچ كه‌سێكی
دیكه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا نه‌بوو. ره‌حمان كه‌سوكاره نزیكه‌كانی خۆی له كوردستان به‌جێ‌هێشتبوو
و منیش له چیاكانی "Orl:cky"ه‌وه هاتبووم‌و ئێمه هه‌ردووكمان ته‌نیا بووین‌و له
نێو ئه‌و ته‌نیاییه‌دا ئێمه یه‌كترمان ناسی‌و بۆ یه‌كتر ببووین به دایك‌و باوك،
هه‌ڤاڵ‌و هۆگر‌و دۆستی گیانی‌و .... پاش كۆتایی خوێندنیش نه‌مانویست له یه‌كتر
دوور بكه‌وینه‌وه. دوو ماڵمان له په‌نای یه‌كتردا له گه‌ڕه‌كی "Petrin"ی شاری
پراگ به كرێ گرت‌و ئه‌مجاره بووین به جیران...
له سه‌ره‌تادا كه یه‌كترمان ناسی، له‌سه‌ر داوای ره‌حمان، من ئه‌وم فێری زمانی
چێكی كرد، كێشه رێزمانییه‌كانی چێكیم بۆ ره‌حمان شی ده‌كرده‌وه، به‌ڵام پاش
ماوه‌یه‌كی زۆر كورت، ئیتر پێویست به‌وه‌ش نه‌بوو ... ئه‌وه‌نده ژیر بوو كه نه‌ته‌نیا
به زمانی ئه‌ده‌بیی چێكی وه‌ك ئێمه قسه‌ی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت به ته‌واویی شاره‌زای
زاراوه‌كانی زمانی چێكیش ببوو. ئیتر كێشه‌مان نه‌مابوو و به زمانی زگماكیم
رۆژانه نه‌ته‌نیا له سه‌ر پرسه‌كانی سیاسه‌تی جیهانی، به‌ڵكوو له سه‌ر ئێش‌و
ده‌رده‌كانی ژیان قسه‌مان ده‌كرد‌و ئه‌مه بووه هۆی دۆستایه‌تیی قووڵی ئێمه هه‌تا
مردن ... ئه‌م دۆستایه‌تییه بێ‌وێنه‌یه نه‌ته‌نیا له نێو ئێمه‌دا مابووه‌وه، به‌ڵكوو
پاش ئه‌وه‌ش كه ره‌حمان سه‌ردانی ماڵی ئێمه‌ی كرد له چیای "Orl:cky"، بوو به
دۆست‌و ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌كه‌مان. له شه‌وه درێژه‌كاندا، له‌سه‌ر شاخی ئۆرلیكی
له ماڵی ئێمه‌دا بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌مان به چه‌ندین كاتژمێر وه‌ك چیرۆكبێژێكی بێ‌وێنه‌و
به زمانێكی زوڵاڵ‌و ساده باسی كوردستانه شیرینه‌كه‌ی خۆی ده‌كرد. شه‌وانه
ئێمه وه‌ك بنه‌ماڵه سه‌رسووڕماو هه‌تا به‌ره‌به‌یانیان گوێمان له چیرۆك‌و بیره‌وه‌رییه
رازاوه‌كانی ره‌حمان ده‌گرت له‌سه‌ر كوردستانه‌كه‌ی. ئێمه‌ی فێری چا لێنان‌و
برنجی كوردی كرد. به‌ده‌م خواردنه‌وه‌ی چای كوردییه‌وه چێژی چیرۆكه‌كانی
كوردستانی كۆتایی پێ نه‌ده‌هات، ئێمه به هیوای شه‌وانی نوێ ده‌ماینه‌وه كه
ره‌حمان ده‌رگاكانی دنیایه‌كی نه‌ناسراو بۆ ئێمه بكاته‌وه. له رۆژیشدا، ره‌حمان
به ناو گوندییه‌كاندا ده‌گه‌ڕاو ده‌یهه‌ویست تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان بناسێت. ژیان‌و
كاریان، خۆشحاڵی‌و غه‌مگینییان‌و رامان‌و ئامانجه‌كانیان‌و ...هتد. باوكی من
مامۆستا‌و فه‌رمانداری ناوچه‌كه‌مان بوو و له سه‌رده‌می شه‌ڕی جیهانیدا به دژی
هیتلێر له‌سه‌ر ئه‌و شاخانه شه‌ڕ‌و به‌رخودانی كردبوو. ره‌حمان رۆژانه چه‌ند
كاتژمێر له‌گه‌ڵ باوكم داده‌نیشت‌و سه‌دان پرسیاری له‌سه‌ر شه‌ڕ بۆ ئازادی، له‌سه‌ر
پیشه‌ی مامۆستایی‌و سیسته‌می ده‌وڵه‌تی ده‌كرد‌و باوكی من به خۆشحاڵی‌و سینگ
فراوانییه‌وه وه‌ك مامۆستایه‌كی تایبه‌تی‌و وه‌ك باوكێك به بێ ئه‌وه كه هه‌ست
به ماندووبوون بكات، پرسیاره‌كانی وه‌ڵام ده‌دایه‌وه‌و زیاتر بۆی شی ده‌كرده‌وه‌و
شه‌ڕگه‌كانی پێ نیشان ده‌دا. باوكم تووشی سه‌رسووڕمان ببوو كه بۆ ده‌بێ كه‌سێك
هه‌زاران كیلۆمێتر دوور له كوردستان ـ ئه‌فسانه‌یه‌ك كه مرۆڤ له سه‌ر نه‌خشه‌كانیش
نه‌یده‌دیت ـ بۆچی ده‌یهه‌وێ ئه‌و زانیارییانه بزانێت‌و بیریان لـێ‌بكاته‌وه!
دایك‌و خوشكم له رێگای ره‌حمانه‌وه فێری چێشتی كوردی ده‌بوون‌و ئه‌ویان وه‌ك
كه‌سێكی بنه‌ماڵه‌كه‌مان به حیساب دێنا.
ماوه‌یه‌كی كورت پاش ته‌واو كردنی زانكۆ، ره‌حمان به‌ره‌به‌ره خۆی بۆ شه‌ڕی دژ
به رێژیمی زۆرداری پاشایه‌تی ئاماده كرد‌و بۆ تێكۆشان گه‌ڕایه‌وه ئێران. بۆ
ئه‌و شه‌ڕه ته‌نیا كتێبی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌برد. بۆ ئه‌وه‌ی كه له كاتی چوون
بۆ ئێران كتێبه‌كان نه‌گیرێن، ئێمه به هه‌موو بنه‌ماڵه‌وه، به‌رگی په‌رتووكه‌كانمان
گۆڕی، له‌سه‌ر كتێبه سیاسی‌و زانستییه‌كان، به‌رگی كتێبی ئه‌ڤینداری‌و شێعرمان
ده‌چه‌سپاند تاكوو نه‌گیرێن. ره‌حمان‌و كتێب هیچكات له یه‌كتر جیا نه‌ده‌بوونه‌وه.
له‌و كاته‌دا، ره‌حمان ده‌یهه‌ویست له‌گه‌ڵ كچه خوێندكارێكدا به ناوی "Helena"
ژیانی هاوبه‌شی پێك بێنێ. پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌ش كاتی ده‌ویست، چوونكه ره‌حمان
ده‌یهه‌ویست رۆژێك زووتر بگاته به‌ره‌ی خه‌بات به دژی رێژیمی شاهه‌نشاهی، ده‌زگیرانه‌كه‌ی
له‌وێ مایه‌وه، پاش ئه‌وه كه گه‌ییشته ئێران، له رێگای باڵوێزخانه‌ی
چێكۆسلواكیا له تاران، وه‌كاڵه‌تنامه‌یه‌كی ئاماده كرد‌و ناردی بۆ من، تاكوو من
له جێگای ئه‌و له‌گه‌ڵ هێلێنا بچم بۆ شاره‌داریی پراگ‌و باڵوێزخانه‌ی ئێران له
پراگ‌و له‌گه‌ڵ هێلێنا لاپه‌ڕه‌كانی هاوسه‌رایه‌تی له جیاتی ره‌حمان واژۆ بكه‌م.
له مێژووی كۆماری چێكۆسلواكیادا هه‌تا ئه‌و كات، یه‌كه‌مین جار بوو كه شتێكی
وه‌ها رووی ده‌دا‌و من له جیاتی ره‌حمان بۆ واژۆكردنی به‌ڵگه‌كانی فه‌رمیی
ژیانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێلێنا چوومه ئیداره‌و لاپه‌ڕه‌كانمان واژۆ كرد، تاكوو
هێلێنا بتوانێ به فه‌رمی وه‌ك هاوسه‌ری ره‌حمان بچێته ئێران. به‌م هه‌وڵ‌و
ماندووبوون‌و تێكۆشانه بنه‌ماڵه‌یه‌كی كورد‌و چێكی پێك هات. له ئاكامی ئه‌و
ژیانه هاوبه‌شه‌ی بنه‌ماڵه كورد‌و چێكی‌یه‌دا، دوو منداڵ به ناوه‌كانی هینا‌و
هیوا له‌دایك بوون. ئه‌م بنه‌ماڵه كورد‌و چێكی‌یه به ساڵان به شێوه‌یه‌كی
نهێنی له ئێران‌دا مانه‌وه‌و به دژی رێژیمی پاشایه‌تی تێكۆشان‌و زۆر دوورتر
له ماڵه‌كه‌ی پراگیان، ره‌حمان‌و هێلێنا پێكه‌وه ژیانی هاوبه‌شیان پێك هێنا...
پاش چه‌ندین ساڵ وای لێهات كه ئه‌وان له ئێران گه‌ڕانه‌وه بۆ پراگ، ساڵه‌كانی
دووریی كۆتاییان پێ هات‌و دووباره گه‌یشتینه‌وه به یه‌كتر‌و یه‌كترمان گرته‌وه.
به رۆژ ره‌حمان له زانكۆی ئابووریی نێونه‌ته‌وه‌یی، من له زانكۆی مێژوویی
ئابووری‌و هاوسه‌ری ره‌حمان (هێلینا)ش له زانستگای زمانه‌وانی وانه‌ی زمانی
ئینگلیزیی ده‌وته‌وه.
دوو منداڵه‌كه‌ی ئه‌وان‌و 3 منداڵه‌كه‌ی من له ماڵی ئه‌وان‌و له ماڵی ئێمه‌دا
پێكه‌وه گه‌وره ده‌بوون.
راسته كه ره‌حمان پسپۆڕێكی بێ‌وێنه‌و شاره‌زا له بواری ئابووریی نێونه‌ته‌وه‌یی
بوو، به‌ڵام هه‌میشه له دڵ‌و ده‌روونیدا ناساندنی خه‌بات‌و تێكۆشانی گه‌لی
كورد له به‌رامبه‌ر ناحه‌قی، زوڵم‌و بێ مافی هه‌بوو. له لایه‌كه‌وه به پرسه
ئابوورییه‌كانی جیهانه‌وه خه‌ریك ده‌بوو‌و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌تا كات ده‌رفه‌ت‌و
مه‌جالی ده‌دا ئه‌ركی خۆی به نیسبه‌ت مه‌سه‌له پێوه‌ندیداره‌كان به نه‌ته‌وه‌كه‌ی،
به نووسین‌و بڵاو كردنه‌وه‌ی وتار‌و لێكۆڵینه‌وه، به‌ڕێوه بردنی سمینار‌و بڵاو
كردنه‌وه‌ی كتێب به‌جێ ده‌هێنا. له‌م نێوه‌دا له ساڵی 1964، له پێته‌ختی
كۆماری سلواكیا، كتێبی به‌ناوبانگی خۆی "كورد‌و كوردستان"ی به زمانی سلواكی
بڵاو كرده‌وه. ئه‌و كتێبه، یه‌كه‌مین كتێبی لێكۆڵینه‌وه‌یی له سه‌ر دۆزی كورد‌و
كوردستان بوو كه له ئورووپا چاپ كرابوو. پێوه‌ندییه زانستی، زانیاری‌و سیاسیه‌كانی
خۆی له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هه‌میشه ده‌پاراست. هێندێك جار له‌گه‌ڵ
مه‌لا مسته‌فا بارزانی‌و جه‌لال تاڵه‌بانی كۆ ده‌بووه‌وه. هه‌موویان بایه‌خێكی
زۆریان به بیر‌و رامانه‌كانی ره‌حمان ده‌دا. له ئورووپا ده‌رگای زۆربه‌ی رێبه‌ران
بۆ ره‌حمان وه‌ك یه‌كه‌مین كوردی به‌ناوبانگ كراوه بوو. دۆستایه‌تی ره‌حمان له‌گه‌ڵ
"olaf palme"، "Bernard kochner"، "bruno kreisky"و... زۆر قووڵ‌و بێ‌وێنه بوو.
هه‌ر بۆیه ساڵی 1990و پاش شه‌هیدكرانی، له لایه‌ن دۆستانی ره‌حمان‌و كه‌سایه‌تییه
ناوداره‌كانی كۆماری چێكۆسلواكیا‌و ئۆتریشه‌وه وه‌ك پاڵێوراوی خه‌ڵاتی ئاشتیی
نوبێل ناسێندرا.
له ساڵی 1968دا، ره‌حمان به ئاشكرا‌و به ده‌نگێكی به‌رز پشتیوانی له ره‌وتی
ریفۆرم كرد له وڵاته‌كه‌مان كه وه‌ك "به‌هاری پراگ" ناسێندرا. له رۆژه دژواره
مێژووییه‌كاندا، ره‌حمان له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌مان (گه‌لی چێك) له به‌رامبه‌ر
ئامانجه‌كانی كۆلۆنیالیستی سۆڤییه‌تی پێشوو ده‌ستی به خه‌بات كرد. ئه‌و
له‌گه‌ڵ ئێمه وه‌ك گه‌لی چێك كه‌وته نێو تێكۆشان بۆ دێموكراسی‌و سوسیالیزم به
سیمایه‌كی مه‌ده‌نی‌و مرۆڤی، نه‌ك به شێوه‌ی زۆرداری.
پاش ئه‌وه‌ی كه به‌هاری پراگ به تانكه‌كانی رێژیمی زۆرداری سۆڤیه‌تی‌و
ئه‌وانه‌ی دیكه، به سه‌دان هه‌زار سه‌ربازی بیانیه‌وه سه‌ركووت كرا،
هه‌موومانیان له سه‌ر كار لابرد‌و شه‌ورۆژێك كه‌وتینه ژێر چاوه‌دێری توندی
پۆلیسه‌كانی رێژیمی زاڵم‌و زاڵ به سه‌ر وڵاته‌كه‌مانه‌وه. به‌هۆی ئه‌وه‌وه
كه ئێمه چێكی بووین، نه‌یانده‌توانی ئێمه له‌و وڵاته وه‌ده‌ر بنێن، به‌لام
چوونكه ره‌حمان بیانی به‌حیساب ده‌هات، ئه‌و‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یان به زۆره‌ملێ له
چێكۆسلۆواكی وه‌ده‌رنا. ساڵی 1973 بوو به رێبه‌ری PDKIو هه‌تا كاتی شه‌هید
بوونی به‌رده‌وام له كۆنگه‌ره‌كانی حیزبی دێموكرات‌دا وه‌ك سكرتێری گشتی حیزب
هه‌ڵده‌بژێردرا. پاش ئه‌وه كه ره‌حمان له چێكۆسلواكیا وه‌ده‌رنرا، ناوه‌ندی
تێكۆشانی خۆی بۆ نه‌ته‌وه‌كی برده پاریس‌و له‌و شاره‌وه ده‌نگی
مه‌زڵوومیه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌گه‌یانده هه‌ر چوار گۆشه‌ی جیهان. خه‌بات‌و
تێكۆشانی ره‌حمان له پێناو مافه دێموكراتیكه‌كانی گه‌لی كورد‌و لابردنی
سنووره ده‌سكرده‌كان كه نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و كوردستانیان كردبوو به چوار
پارچه‌وه هه‌ر درێژه‌ی هه‌بوو. ئه‌و ره‌وشه‌ی كه به سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد
هێنرابوو، یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ناهه‌قی‌و تاوانه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له
هه‌مبه‌ر مرۆڤایه‌تییه.
ئه‌و راستییه‌كانی سه‌ده‌ی 20ی به باشی ده‌ناسی‌و ده‌یزانی كه بۆ
هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه، پێویسته كوردستانی ئێران خودموختاری خۆی
وه‌ربگرێ‌و ئێران دێموكراتیك بكرێت، هه‌ر بۆیه دروشمی حیزبه‌كه‌ی "دێموكراسی
بۆ ئێران‌و خودموختاری بۆ كردستان" بوو. بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه هاوكات له‌گه‌ڵ
شه‌ڕی چه‌كداری به‌رده‌وام له رێگاكانی دیپلۆماسیی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌ڕاو
تاقیی ده‌كرده‌وه. له هه‌موو شوێنێك‌و لایه‌ك رێزیان لێ ده‌گرت‌و گوێیان بۆ
ره‌حمان راده‌گرت. له بواری دێپلۆماسیدا وه‌ك مامۆستایه‌كی شاره‌زا‌و بێ
هاوتای كۆمپرۆمیسنه‌كان ده‌ناسرا. كه‌م كه‌س وه‌ك ره‌حمان ده‌یتوانی چه‌ند
لایه‌نی دوژمن‌و پێك ناكۆك پێكه‌وه كۆ بكاته‌وه‌و بڕیارێكی دادپه‌روه‌رانه بۆ
هه‌ردووكیان وه‌ربگرێت. حه‌قانییه‌ته‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌كانی قبووڵ ده‌كرد،
پیشانی ئه‌وانی ده‌دا كه چۆن مرۆڤـ‌و لایه‌نه‌كان به راستییه‌كانیان له
ده‌وری یه‌كتر كۆ ببنه‌وه‌و راستی‌و رێگاچاره‌یه‌كی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه‌و دان
به‌و راستییه هاوبه‌شه‌دا بنێن‌و بیان پارێزن. له‌م بواره‌دا ره‌حمان به راستی
كارامه‌و پسپۆڕ بوو. له كۆتایی ساڵه‌كانی 80ی سه‌ده‌ی رابردوودا، له‌گه‌ڵ
رێژیمی كۆماری ئیسلامی وه‌ك مامۆستایه‌كی شاره‌زا‌و بێ‌وێنه دیپلۆماسیی
كۆمپرۆمیسنكی، بۆ ئاشتی كه‌وته وتووێژ. ئه‌و هیوادار بوو به‌ڵكوو بتوانێ
له‌گه‌ڵ ئه‌وان له رێگای وتووێژی مه‌ده‌نی‌یه‌وه پرسه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
به‌ڵام ره‌حمان له‌بیری كردبوو كه كه‌سانی به‌رامبه‌ر ئه‌و، نامرۆڤن. نرخی ئه‌و
خۆش نییه‌تییه‌ی خۆی به ژیانی خۆی‌و دوو هۆگری خۆی دا...و رۆژی 13/7/1989
له شاری ڤییه‌ن له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی به ده‌ستی زاڵمان‌و تیرۆریستانی خوێنڕێژی
رێژیمی كۆماری ئسیلامی شه‌هید كرا. بكوژانی ئه‌و پیاوه گه‌وره‌یه‌ی مێژوو
هه‌تا ئه‌مڕۆش سزا نه‌دراون. ئه‌م رووداوه له دڵی ئورووپای ناوه‌ڕاست دا، له
دڵی دۆست‌و هه‌ڤاڵانی ره‌حمان دا برینێكی قووڵه. دیتمان كه له كۆڵان‌و
شه‌قامه‌كانی پاریس دا، به هه‌زاران كه‌س له چوار گۆشه‌ی ئورووپاوه له‌گه‌ڵ
ته‌رمه‌كه‌ی چوون بۆ گۆڕستانی پیرلاشێز، ئه‌وه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌یه.
به‌داخه‌وه ئه‌و تراژیدیایه جارێكی دیكه له بێرلین دا‌و به شه‌هید كرانی
دوكتور سادق شه‌ره‌فكه‌ندی‌و هاوڕێیانی خۆی دووباره كرده‌وه.
دوایین جار من‌و ره‌حمان له سه‌ره‌تای ساڵی 1989 چاومان به یه‌كتر كه‌وته‌وه،
چه‌ند رۆژ پاش 59یه‌مین ساڵڕۆژی له‌دایكبوونی ره‌حمان(22/12/1930) كه له‌و
رۆژانه‌دا منیش بووم به 60 ساڵان، ئێمه پێكه‌وه ساڵڕۆژی له‌دایكبوونی
هه‌ردووكمان جه‌ژن گرت. بڕیارمان دا كه له‌و ساڵه‌دا جارێكی دیكه له پراگ
یه‌كتر ببینین، چوونكه ئێمه هه‌موومان ئیتر ده‌مانزانی كه له‌و ساڵه‌دا (1989)،
شۆڕشه‌كه‌مان له چێكۆسلواكیا سه‌ر ده‌كه‌وێ‌و ئێمه ره‌حمان به ره‌سمی بانگهێشت
ده‌كه‌ین‌و هه‌رچی له ئیمكاناتی كۆماری چێك له ده‌ستمان بێت پێشكه‌شی دۆسته
تێكۆشه‌ره‌كه‌ی گه‌لی چێك ده‌كه‌ین.
سه‌ره‌تای مانگی 7ی ساڵی 1989 له ڤییه‌ن ته‌له‌فۆنی بۆ من كرد‌و وتی كه
له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی رێژیمی ئێران كۆ ده‌بێته‌وه‌و پاش ئه‌و دیدارانه، به‌ر
له‌وه كه بچێته پاریس، دێته پراگ‌و مزگێنییه‌كی خۆش له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت. له
جیاتی ئه‌و مزگێنیه، ئه‌و هه‌واڵه كاره‌ساتبار‌و دڵته‌زێنه گه‌یشه من‌و
ده‌روونی من، بنه‌ماڵه‌كه‌م‌و هه‌موو دۆستان‌و هۆگرانی ره‌حمانیان هه‌ژاند‌و
ئه‌وه گه‌وره‌ترین داخی ژیانمان بوو.
بۆ من‌و بنه‌ماڵه‌كه‌م‌و دۆسته‌كانمان شه‌ره‌ف‌و سه‌ربه‌رزییه‌كی گه‌وره‌یه كه
بووینه دۆستی ره‌حمان، تێكۆشه‌ری بێ‌هاوتا‌و گه‌وره‌ی دێموكراسی‌و ئازادی‌و
شۆڕشگێڕی دژی تیرۆریزم. ئێمه سه‌ربه‌رزین كه وڵاته‌كه‌مان بۆ ره‌حمان ببوه
وڵاتی دووهه‌می‌و له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئورووپا ده‌هات بۆ دیتنی.
ره‌حمان له وڵاتی ئێمه‌دا، له دڵه‌كانماندا سه‌مبولی دڵسۆزی، خه‌باتگێڕی‌و
راستی بوو‌و هه‌ر ئاواش ده‌مێنێته‌وه. ئێمه نه‌وه‌كانمان به چیرۆكه‌كانی ئه‌و
پیاوه ناوداره په‌ره‌وه‌رده ده‌كه‌ین‌و هه‌تا هه‌تایه له نێو دڵماندا زیندوو
ده‌مێنێته‌وه. |