|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: کۆمه‌ڵایه‌تی ::. |
|
ژن له كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا |
|
19-12-1385
ن: گ. ب
برتۆلێت برێشت، شاعیر‌و نووسه‌ری
ئاڵمانی ئه‌ڵێ: (ئه‌وه‌ی له راستی تێ‌ناگا گێژه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێ‌ئه‌گاو
چاوپۆشیی لـێ‌ئه‌كا تاوانباره!)
هیچ شتێك به راده‌ی هه‌ستكردن به‌و راستییه تاڵ نیه كه مرۆڤ له كاتێكدا كه
جیهان له قۆناخی مۆدێڕنیته‌و پێشكه‌وتن دایه، خۆی بسپێرێته ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی
دواكه‌وتوو و به‌ره‌و پاش هه‌نگاو بنێ. ژیان له كۆمه‌ڵگایه‌كی ناهاوسه‌نگ‌و نابه‌رانبه‌ر
كه ته‌نانه‌ت بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ هیچ جێگه‌و پێگه‌یه‌كیان
تێیدا نیه، به وێنه‌ی نوقم بوون له گێژاوێك دایه كه ده‌ربازبوون لێی زۆر
دژوار‌و ئاسته‌مه. له كۆمه‌ڵگا‌و حكوومه‌ته رادیكاڵه‌كاندا كه هیچ كات مافی ره‌وای
مرۆڤه‌كان دابین نه‌كراوه، ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان ته‌نیا به دروشم دان‌و پڕوپاگه‌نده‌ی
پووچه‌ڵ‌و بێ‌ناوه‌ڕۆك كردن بۆ داڕشتنی بناغه‌ی فیكری فاشیستیی خۆیان‌و سه‌پاندنی
به سه‌ر كۆمه‌ڵگای بنده‌ستی خۆیاندا، هه‌وڵیان داوه ده‌سه‌ڵاتی ناڕه‌وای خۆیان
درێژه‌ی پێ بده‌ن‌و به‌م شێوازه بێ له‌به‌رچاوگرتنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ‌و
یاسا نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان‌و خواست‌و داخوازیی گه‌لانی ژێر ركێفی خۆیان، په‌ره به
هێزی داگیركه‌رانه‌یان بده‌ن‌و پێش به پێشكه‌وتنی بنده‌سته‌كانیان بگرن، لێره‌دا
ده‌سه‌ڵات به زۆرینه ئه‌درێت‌و ژن وه‌كوو كه‌مینه‌یه‌كی بێ ماف‌و بێ ده‌سه‌ڵات
ئه‌خرێته په‌راوێزه‌وه‌و ته‌نانه‌ت مافی ئینسانێكی ته‌واوی نیه.
ئه‌گه‌ر چاوخشاندنێك به مێژووی ژن له كۆمه‌ڵگا جۆراوجۆره‌كانی ئێستا‌و سه‌دان ساڵ
پێش ئێستاش بكه‌ین، ئه‌بینین كه هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی زۆر دووره‌وه ژن تووشی ئه‌م
كێشه‌و گرفتانه بووه، دیاره كه له مێژووی ره‌شی ئه‌عرابی سه‌دری ئیسلامدا گه‌وره‌ترین
فاكته‌ری سه‌ره‌كی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بایه‌خ‌و پله‌ی مرۆڤایه‌تی، زلهێزی‌و ده‌سه‌ڵاتداریی
پیاوان بووه‌و لێره‌دا به سیاسه‌تێكی شاراوه‌و ته‌كنیكی‌یه‌وه له پیاو وه‌كوو
ئامرازێك بۆ سه‌ركوتی ژن‌و پێشبردنی ئامانجه‌كانیان كه‌ڵكیان وه‌رگرتوه. به‌م جۆره
نه ته‌نیا ژن به‌ڵكوو مرۆڤیان به‌گشتی كردۆته قوربانییه‌ك بۆ وه‌دیهێنان‌و
راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ره‌شیان كه ئه‌توانین وه‌كوو نموونه باس له زیندوو به
چاڵكردنی ژنان له پێش ئیسلامدا بكه‌ین كه تاڵترین‌و دڕندانه‌ترین سزایه به‌رانبه‌ر
به هه‌ر مرۆڤێك.
به‌ڵام ئه‌وكات‌و له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه مرۆڤه‌كان خاوه‌ن هیچ بیروباوه‌ڕێكی تایبه‌ت
نه‌بوون، ئیستقلالی فیكرییان نه‌بوو، ره‌نگه ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر سه‌یر نه‌بووبێ!
به‌ڵام ئه‌مه جێگای سه‌یرو سه‌رسووڕمانه كه له كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی ئێمه‌دا كه
ئینسانه‌كان هه‌موو ده‌بێ خاوه‌ن بیرێكی نوێ‌و روانگه‌یه‌كی كراوه بن، هه‌ر به‌و
راده‌یه كێشه‌و گرفت بۆ ژن دروست كراوه‌و هیچ كات وه‌كوو مرۆڤێك رێز له توانا‌و
هێزی پێشكه‌وتنی ژن نه‌گیراوه!! ئه‌وكات ئیسلام هات‌و ژنی له ژێر چنگی كۆمه‌ڵێك
خه‌ڵكی تێنه‌گه‌یشتوو‌و بیرته‌سك‌و باوه‌ڕ كورت ده‌رهێنا، به‌ڵام هه‌ر له‌و كاته‌وه
چاڵێكی هه‌ره قووڵتری چێ كرد‌و ژنی خسته ئه‌و چاڵه‌وه‌و تا ئێستاش كه ده‌سه‌ڵاتی
ئیسلام له هه‌ر كوێی جیهاندا زاڵ بووبێ ده‌نگی ژن له بن چاڵی چێكراوی ئیسلامدا
یه‌خسیر ماوه‌و به كه‌س ناگا، كه هه‌مووی له بیری كورت‌و مه‌نشی پیاوسالارانه‌ی
ئیسلامدا سه‌رچاوه ئه‌گرێ. جا لێره‌دا حكوومه‌تی داگێركه‌ر‌و فاشیست‌و دژ به
مرۆڤایه‌تیی ئێران به هه‌موو تواناكانیه‌وه له فه‌رمایشه‌كانی ئیسلام كه‌ڵك وه‌رئه‌گرێت‌و
به روانگه‌و بیروباوه‌ڕی به‌ناو ئیسلامییانه به سه‌ری ژن‌دا ئه‌كوتێت‌و ئیزنی
هیچ چه‌شنه جموجۆڵ‌و پێ‌داگرتنێك بۆ وه‌دیهێنانی مافه ره‌واكانی پێ نادا‌و ته‌نانه‌ت
وه‌كوو مرۆڤێكی ئاساییش سه‌یری ناكا! ئه‌ڵبه‌ت شایانی باسه كه له‌م نێوانه‌دا
بوونه‌و هه‌ن ژنانی ئازا‌و مافخواز كه به‌و هه‌موو چه‌وسانه‌وه‌و كورت ده‌ستییه‌وه
هه‌ستانه سه‌ر پێ‌و داوای ماف‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆیانیان كردوه‌و تاڕاده‌یه‌ك
توانیویانه سه‌ر كه‌ون، به‌ڵام له هه‌ر كوێ ده‌نگێك‌و ره‌نگێك له شۆڕش‌و
جووڵانه‌وه‌ی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌و گه‌لانی بنده‌ستی حكوومه‌تی داگیركه‌ر كرابێ، به‌توندی
به‌رپه‌رچ دراوه‌ته‌وه‌و به ترساندن‌و تۆقاندن‌و گیر‌و به‌ندكردن، پێشیان به حه‌ره‌كه‌ت‌و
ده‌نگی ئازادیخوازیی ژنان گرتوه. لێره‌دا روون ئه‌بێته‌وه كه ئاخونده ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی
ئێران بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌و باش ده‌زانن كه وه‌دیهاتنی ئامانجی ئازادی‌و دێموكراسی‌و
مافی ژنان رێگایه‌كی كراوه‌یه بۆ په‌ره‌سه‌ندنی ده‌نگی رزگاریخوازی‌و هاتنه مه‌یدانی
داخوازی‌و ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك. بۆیه به هه‌ر چه‌شنێك تێ‌ئه‌كۆشن‌و پێش
به زیندووبوونه‌وه‌ی رۆحی مافخوازی‌و به‌رانبه‌رخوازیی ژنان ئه‌گرن‌و به سه‌ركوتكردنی
جمووجۆڵ‌و خنكاندنی ده‌نگی گه‌لانی بنده‌ستی خۆیان پێیان وایه جێگه‌و "موقعیت"و
به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان پته‌وتر ده‌كه‌ن. كه‌چی رۆژبه‌ڕۆژ سیمای دڕنده‌و ره‌واڵه‌تی
تۆقێنه‌ری حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێران، بۆ هه‌مووان ده‌رئه‌كه‌وێت‌و ئه‌بێته هۆی نه‌فره‌ت‌و
رق‌و بێزاریی خه‌ڵكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه. دیاره كه له كۆمه‌ڵگایه‌كی دواكه‌وتوو كه
ده‌سه‌ڵاتی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌و فیكرێكی رادیكاڵ به سه‌ری‌دا سه‌پاوه، باس له
مافی به‌رانبه‌ر‌و هه‌وڵدان بۆ له‌ناوچوونی ئه‌م كێشه‌و گرفتانه كارێكی دژواره كه
ئه‌م كه‌ندوكۆسپانه‌ش له لایه‌ن به‌رپرسانی ئه م مه‌كته‌به ناڕه‌وایه‌وه له سه‌ر
رێگا دانراون. هه‌ر بۆیه له پراكتیكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌دا ژنان ناتوانن به مافه‌كانی
خۆیان بگه‌ن‌و جێگه‌یان پێ نادرێ‌و دان به مافیاندا نانرێ.
له حكوومه‌تێك كه له ئامرازه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی‌و دێموكراسی له چوارچێوه‌ی
سنوورێكی میللی‌دا بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات‌و هێزی دیكتاتۆرانه‌ی خۆی كه‌ڵك
وه‌رده‌گرێ، له كۆمه‌ڵگایه‌كی نابه‌رانبه‌ر‌و پیاوسالارانه‌ی وه‌كوو ئێرانی
ئیسلامی كه دیكتاتۆرییه‌ت به ته‌واو مانا باڵی به سه‌ری‌دا كێشاوه، پرۆسه‌ی
دێموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگا مه‌سه‌له‌یه‌كی ناڕه‌وایه‌و هیچ كات له لایه‌ن
ئاخونده ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه ئیزنی ئه‌وه به كه‌س نادرێ كه هه‌وڵ بۆ
پرۆسه‌یه‌ك بده‌ن كه دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بێ، چوونكوو هه‌مووان ئه‌زانن
كه وه‌دیهاتنی دێموكراسی، ده‌ربازبوون له قه‌فه‌سی نابه‌رانبه‌ری‌و بێ
عه‌داڵه‌تی‌یه‌و رێگایه‌كی ئاوه‌ڵایه بۆ هه‌وڵدان‌و داكۆكی‌كردن له ویست‌و
داخوازیی ژنان كه لێره‌دا ده‌رئه‌كه‌وێت كه دانانی مافی به‌رانبه‌ر‌و رێَزگرتن
له هێزی پێشكه‌وتنی ژنان هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی مۆدێڕن‌و
ژیارمه‌نده كه له‌وێدا هه‌ركه‌س به پێی توانا‌و ده‌وڵه‌مه‌ندیی فیكریی خۆی
بناغه‌داڕێژی یاسایه‌كی گشتی بێ كه ئه‌و كۆمه‌ڵگا له قه‌تیسمان له چوارچێوه‌ی
فیكری دواكه‌وتوو‌و ده‌سه‌ڵاتی نادێموكراتیك‌و نابه‌رانبه‌ر ده‌رباز بكا‌و هه‌نگاو
به هه‌نگاوی جیهانی مۆدڕنیته‌و پێشكه‌وتوو پێش بكه‌وێ.
لێره‌دا ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو ژنێكی ئازا‌و بوێر‌و خه‌باتكاره كه به
روانگه‌یه‌كی كراوه‌وه به ناسینی مافه ره‌واكانیان هه‌وڵ بدا بۆ له ناوبردنی
نابه‌رانبه‌ری‌و داڕشتنی بناغه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی ژیارمه‌ند‌و پێشكه‌وتوو. |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |