|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: کۆمه‌ڵایه‌تی ::. |
|
سه‌رما خوڵقێنه‌ری قه‌یران‌و ئاریشه‌كانه، یان بوونی
رێژیمی ئاخووندی؟ | |
18-11-1386
لوقمان عه‌بدوڵڵازاده
قاڕه‌ی ئاسیا زیاتر له 30%ی ویشكاییه‌كانی گۆی زه‌وی، وه‌ك گه‌وره‌ترین قاڕه‌ی
زه‌وی به خۆوه گرتووه. رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، وه‌ك پڕسامناكترین ناوچه‌ی جیهان له
بواره‌كانی سه‌رچاوه‌و كانزا ژێر زه‌وینییه‌كانه‌وه له‌م قاڕه‌یه‌دا هه‌ڵكه‌وتووه،
كه ئێرانیش یه‌كێك له وڵاتانی ئه‌و ناوچه‌یه. |
 | |
جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه
به‌رینای خاكی ئێران له 1648195 كیلۆمیتری چوارگۆشه پێكهاتووه‌و، له ناوچه‌یه‌كی
مام ناوه‌ندی (معتدل) نیوكوره‌ی باكووری‌و له نزیك هێڵی ئیتسیوادا هه‌ڵكه‌وتووه.
به پێی ئه‌و هه‌ڵكه‌وته جواغرافیایه‌ی ئێران ده‌كرێ بڵێین كه ئێران له بواری
ئاوهه‌واییدا وڵاتێكی خاوه‌ن ئاو‌و هه‌وای باش‌و هه‌ر وه‌رزه‌ی ئاوهه‌وای تایبه‌ت
به خۆی هه‌یه‌و، له بواری هه‌ڵكه‌وته‌ی جوغرافیاییه‌وه به یه‌كێك له
باشترین شوێنه جوغرافیاییه‌كاندا هه‌ڵكه‌وتووه. به‌ڵام به هۆی زاڵبوونی
سیستمێكی دواكه‌وتوو‌و كۆنه‌په‌رست‌و، بێ لیاقه‌تی‌و گوێ‌نه‌دانی كاربه‌ده‌ستانی
رێژیم خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته پڕ پیت‌و به‌ره‌كه‌ته، له خراپترین باری ژیاندا، ژیان
تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن. ئێران یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه كه له بواری سه‌رچاوه‌و كانزا
ژێر زه‌وینییه‌كانه‌وه له ریزی وڵاتانی هه‌ره‌سه‌ره‌وه‌ی جیهاندایه. بۆ
نموونه له بوونی "نه‌وت"دا پله‌ی چواره‌م‌و، له گازیشدا، دوای وڵاتی رووسیه،
له پله‌ی دووهه‌می جیهان دایه. پاڵاوگه گه‌وره گازییه‌كانی وه‌كوو "پارسی
جنوبی"و "ولی عصر" كه له مه‌ودای 290 كیلۆمیتری شاری بووشێهر هه‌ڵكه‌وتووه،
گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی رۆژهه‌لاتی ناڤینه‌و، دووهه‌مین پاڵاوگه‌ی گه‌وره‌ی
جیهانییه كه هه‌ڵگری 8 یه‌كه‌ی پاڵاوتن‌و توانایی پاڵاوتنی زیاتر له 79
میلیارد میتری سێ‌جا(مكعب) گازی سرووشتی له رۆژ داهه‌یه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو نه‌وت‌و گازه سروشتییه‌ی كه ئێران هه‌یه‌تی زۆر
جاران خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته تووشی گیر‌و گرفت‌و كه‌مبوونی سووته‌مه‌نی هاتوون. به
تایبه‌ت به‌ده‌ست پێكردنی وه‌رزی سه‌رماو سه‌هۆڵ زۆربه‌ی خه‌ڵكی ناوچه
كوێستانییه‌كان به‌گشتی‌و كوردستان ئێران به تایبه‌تی به هۆی بڕان‌و كه‌مبوونی
گاز‌و سووته‌مه‌نی ده‌كه‌ونه قه‌یرانه‌وه.
له چه‌ند حه‌وتووی رابردوودا كه‌مبوونی سووته‌مه‌نی‌و نه‌بوونی گاز به ته‌واوی
ته‌نگی به خه‌ڵكی كوردستانی هه‌ڵچنیوه‌و تووشی گه‌لێ گیروگرفت‌و خه‌ساری
كردوون.
ئه‌گه‌ر ئێمه به تێڕامانێكی واقعبیانه‌وه هۆكاری سه‌رما وه‌كو به‌شێك له قه‌یرانه‌كه
سه‌یر بكه‌ین ده‌كرێ هۆكاره ریشه‌ییه‌كانی ئه‌و قه‌یرانه، به كورتی به شێوه‌ی
خواره‌وه ده‌ست نیشان بكه‌ین:
ـ بێ به‌رنامه‌یی‌و بێ‌لیاقه‌تی كاربه‌ده‌ستانی رێژیم
ـ گه‌نده‌ڵی له راده‌به‌رده‌ری كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی
ـ سیاسه‌تی چه‌وتوو دژه مرۆییانه‌ی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌هه‌مبه‌ر
خه‌ڵكی كورد‌و گوێ‌نه‌دان به ناوچه كوردنشینیه‌كان‌و ...
ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی زۆر‌و زه‌وه‌ندی ژێر
زه‌وینییه‌و، له بواره‌كانی گاز‌و نه‌وت‌و ...دا له ریزی وڵاتانی پله یه‌كی
جیهاندایه، به‌ڵام به هۆی بێ‌لیاقه‌تی‌و نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی رێك‌و پێك‌و
گه‌نده‌ڵیی ئابووری له راده‌به‌ده‌ری كاربه‌ده‌ستانی رێژیم‌و دانی پاره‌و
كڕینی چه‌ك‌و چۆڵ بۆ تیرۆریسته‌كان‌و یارمه‌تیی ماڵی بنه‌ماڵه كوژراوه‌كانی فه‌له‌ستین‌و
هێندێك شوێنی دیكه، خه‌ڵكی ئێران به ده‌ست كه‌مبوونی سووته‌مه‌نییه‌وه ده‌ناڵێنن‌و
له‌وپه‌ڕی هه‌ژاری‌و نه‌داریدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن‌و رۆژانه تووشی سه‌دان ئاریشه‌ی
ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بنه‌وه.
ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌رنج‌و تێڕامانه، نه‌بوونی سووته‌مه‌نی له وه‌رزی
سه‌رمادایه كه به‌رده‌وام ساڵانه به‌رۆكی خه‌ڵكی ناوچه كوردنشینه‌كان
ده‌گرێ‌و تووشی قه‌یرانیان ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتدارانی رێژیمی ئاخووندی‌و له
سه‌ره‌وه‌ی ئه‌وانیشه‌وه سه‌ركۆماری دادپه‌روه‌ریخوازی!! ئه‌و وڵاته ئاغای
ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد به‌و په‌ڕی روو هه‌ڵماڵڕاوییه‌وه هۆكاری ئه‌و قه‌یران‌و
گرفتانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رماو مه‌سره‌فی زۆر‌و له راده‌به‌رده‌ر.
ئه‌گه‌ر وای دابنێین كه ئه‌و قسه‌ی سه‌ركۆماری رێژیم راست بێ! كه راست نیه،
له كاتێكدا كه ئێران ساڵانه زیاتر له 7 میلیارد میتری سێ‌جا (مكعب) گاز بۆ
وڵاتی توركیه ده‌نێرێت‌و، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هاووڵاتییه‌كانی خۆی به هۆی
نه‌بوونی سووته‌مه‌نی‌و گرانی له راده‌به‌رده‌ری كه‌ل‌و په‌لی بژێوی ژیانی
رۆژانه وه‌زاڵه هاتوون، ده‌بێ چۆن لێك بدرێته‌وه؟
بۆ سه‌لماندنی راستییه‌كان‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی چه‌واشه‌كارییه‌كانی
كاربه‌ده‌ستانی رێژیم، ته‌نیا ئاماژه به نموونه‌یه‌ك له سیاسه‌ته دژی كوردی
ئه‌و رێژیمه له هه‌مبه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌ین كه هۆكاری ئه‌و قه‌یرانه
(سووته‌مه‌نی‌و بڕینی گاز) ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌رماو مه‌سره‌فی زۆر! به پێی
ئه‌و هه‌واڵ‌و راپۆرتانه‌ی كه به‌ده‌ستمان گه‌یشتوون، بۆ وێنه له شاره‌كانی
ورمێ‌و نه‌غه‌ده كه دوو نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و ئازه‌ری تێدا ده‌ژین ئه‌و شوێن‌و
گه‌ڕه‌كانه‌ی كه غه‌یره كوردن گازیان هه‌ر نه‌بڕاوه، یان ئه‌گه‌ر بڕاوه بۆ
ماوه‌یه‌كی كورت بووه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و گه‌ڕه‌ك‌و شوێنانه‌ی كه
كوردنشینن بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر گازیان نه‌بووه. كه ئه‌وه خۆی له خۆیدا
ده‌رخه‌ری ئه‌وو راستییه‌ن كه رێژیمی دژ به كوردی كۆماری ئیسلامی چه‌نده
له فكر‌و بیری خه‌ڵكی كورد دایه. |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |