فارسی       Kurdî

ده‌سپێک    هه‌واڵ   سیاسی   ئه‌ده‌ب‌وهونه‌ر   هزر   مافی‌مرۆڤ    کۆمه‌ڵایه‌تی   به‌ڵگه‌نامه‌کان    سکرتێری‌گشتی    په‌رتووک    پێوه‌ندی

رێبه‌رانی شه‌هید

پێشه‌وا قازی‌

دوكتور قاسملوو

دوكتور شه‌ره‌فکه‌ندی

 

ژماره‌ی نوێی كوردستان

ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

 

ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان

پاشكۆی كوردستان

 

سایته‌کانی دیکه

:: ده‌فته‌ری نوێنه‌رایه‌تیی حیزب له ده‌ره‌وه

:: كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێرانی‌ فیدرال

:: رادیۆ ده‌نگی کوردستانی ئێران

:: سایتی ته‌له‌فزیۆنی‌ تیشك (TISHK TV)

:: کاروانی نه‌مرانی دێموکرات

::  یه‌كیه‌تیی‌ خوێندكارانی‌ دێموكرات

:: سایتی یه‌کیه‌تیی لاوان (سوئێد)

:: ئاژانسی هه‌واڵنێری كوردستان مێدیا

.:: سکرتێری‌گشتی ::.

 

ده‌قی‌ قسه‌كانی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزب، كاك مسته‌فا هیجری

له‌ كونفرانسی "سه‌ربه‌خۆیی‌ كورد، دیموكراسی‌‌و ئارامی‌ ناوچه‌"

 

به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ كۆنفرانس!
به‌شدارانی‌ هێژا!
زۆربه‌ی‌ بیریارانو بیرمه‌ندانی‌ مه‌زنی‌ جیهان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ "ئازادی‌" گه‌وهه‌ری‌ "بوون"ی‌ مرۆڤه‌و له‌ هه‌مانكاتیشدا، دیارترین توخمی‌ جیاكه‌ره‌وه‌ی‌ مرۆڤه‌ له‌ هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كانی‌ سه‌ر رووی‌ زه‌وی‌. "ئازادی‌"یش ته‌نیا چه‌مكێكی‌ ئینتیزاعی‌ رووت نیه‌، به‌ڵكوو "ئازادی‌" له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ مافی‌ "هه‌ڵبژاردن"دا مانا په‌یدا ده‌كات.

به‌ پێی‌ ئه‌م بنه‌مایه‌، مافی‌ دیاریكردنی‌ چاره‌نووس، پێوه‌ندی‌یهكی‌ راسته‌وخۆی‌ له‌گه‌ڵ "ئازادی‌"و "هه‌ڵبژاردن"دا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر مرۆڤێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ مافی‌ بڕیاردانی‌ چاره‌نووس بێبه‌ش بكرێت،

بێ‌ ئه‌ملاو ئه‌ولا ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ مرۆڤ یان نه‌ته‌وه‌ی‌ ئاماژه‌پێكراو له‌ "ئازادی‌"و "مافی‌ هه‌ڵبژاردن" بێبه‌ش كراوه‌.

ئه‌م مافه‌، واته‌ مافی‌ دیاریكردنی‌ چاره‌نووس له‌ هه‌ر فۆرمو شێوازێكدا بێ‌، هه‌م له‌ بڕیارنامه‌ی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانو هه‌م له‌ جاڕنامه‌ی‌ گه‌ردوونیی‌ مافی‌ مرۆڤ دا، تیشكی‌ خراوه‌ته‌ سه‌رو جه‌ختی‌ له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌، وه‌ك مافێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌قه‌ڵه‌م دراوه‌. كه‌واته‌، مافی‌ بڕیاردانی‌ چاره‌نووس له‌ هه‌ر فۆرمێكدا بێت، له‌گه‌ڵ بڕیاری‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانو جاڕنامه‌ی‌ گه‌ردوونیی‌ مافی‌ مرۆڤدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌و هیچ كه‌سو هیچ گرووپو ده‌وڵه‌تێك بۆی‌ نیه‌ نكۆڵی‌ لێ‌بكات. چونكه‌ هه‌ر چه‌شنه‌ هه‌وڵێك به‌ مه‌به‌ستی‌ چاوپۆشی‌كردنو نكۆڵی‌ كردن له‌و مافه‌ بنه‌ڕه‌تی‌یه، راست به‌ مانای‌ نكۆڵی‌ كردن له‌ "ئازادی‌"ی‌ مرۆڤ و "ئازادیی‌ هه‌ڵبژاردن"و به‌ كورتی‌ نكۆڵی‌ كردنه‌ له‌ "مرۆڤ بوونی‌" مرۆڤ.
هه‌روه‌ك هه‌موان ئاگادارن خاكی‌ كوردستان له‌ دوو بڕگه‌دا ـ واته‌ له‌ شه‌ڕی‌ چاڵدرانو جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ جیهانی‌دا ـ به‌ پێی‌ سیاسه‌تێكی‌ كۆڵۆنیالیستی‌و به‌ بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئیراده‌ی‌ ئازادی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد به‌ سه‌ر چه‌ند ولاَتێكدا دابه‌ش كرا. به‌لاَم ئه‌م دابه‌شكردنه‌ ناڕه‌واو سته‌مكارانه‌یه‌، نه‌یتوانی‌ ئیراده‌ی‌ ئازادیخوازانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد به‌ چۆكدا بێنێ‌و زۆری‌ نه‌خایاند كه‌ خاكی‌ دابه‌شكراوی‌ كوردستان بووه‌ سه‌نگه‌ری‌ داكۆكی‌ له‌ ئازادیی‌ كوردو چه‌ندین راپه‌ڕینی‌ به‌شكۆ هاتنه‌ ئاراوه‌و چه‌ند بزووتنه‌وه‌ی‌ میللی‌ ـ دێموكراتیك دژی‌ ئه‌م سته‌مه‌، كووره‌ی‌ خه‌باتیان جۆش داو ئێستاش كه‌ ئێستایه‌ ئه‌و بزاڤه‌ ره‌واو هه‌قخوازانه‌یه‌ له‌ راسته‌ڕێی‌ ده‌سته‌به‌ر كردنی‌ مافو ئازادی‌یهكانی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورددا هه‌ر به‌ڕێوه‌یه‌و هیچ ئاسته‌نگو له‌مپه‌رێك نه‌یتوانیوه‌ هه‌نگاوه‌ به‌بڕشته‌كانی‌ شل بكاته‌وه‌.
مافی‌ دیاریكردنی‌ چاره‌نووس له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ فۆرمو شێوازه‌كانی‌ وه‌ك: سه‌ربه‌خۆیی‌، فیدرالیزمو خودموختاری‌دا بێ‌، هه‌قی‌ بێ‌ ئه‌ملاو ئه‌ولای‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده‌و حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ دامه‌زرانیه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، جه‌ختی‌ له‌و مافه‌ سروشتی‌و بنه‌ڕه‌تی‌یه كردۆته‌وه‌. حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، هیچكات سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستانی‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ شێوازه‌كانی‌ مافی‌ دیاریكردنی‌ چاره‌نووس، نه‌ته‌نیا ره‌ت نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵكوو به‌ مافێكی‌ بێ‌ ئه‌ملاو ئه‌ولای‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردی‌ زانیوه‌ له‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستاندا. له‌و باره‌وه‌ رێبه‌ری‌ هه‌میشه‌ زیندووی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران شه‌هیدی‌ نه‌مر دوكتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر رۆژێ‌ له‌ رۆژان، كوردستان ببێته‌ ولاَتێكی‌ سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وه‌ جودابوونه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكوو یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌."
كه‌واته‌، حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران هه‌موو شێوازه‌كانی‌ مافی‌ دیاریكردنی‌ چاره‌نووسو یه‌ك له‌وان یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستانو دامه‌زرانی‌ حكوومه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردی‌ له‌ رۆژهه‌لاَتی‌ نێوه‌ڕاستدا، به‌ مافی‌ بێ‌ئه‌ملاو ئه‌ولای‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد ده‌زانێ‌و جیا له‌وه‌ش پێی‌ وایه‌، هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستانیش مافیان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ركام له‌ باكوورو باشوورو رۆژهه‌لاَتو رۆژئاوای‌ كوردستاندا، حكوومه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێنن.
به‌لاَم سه‌ره‌ڕای‌ باوه‌ڕی‌ قووڵی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران به‌و مافانه‌، تا ئێستا ئه‌و حیزبه‌ تێكۆشه‌ره‌ دروشمی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستانی‌ هه‌ڵنه‌گرتووه‌. هه‌ڵنه‌گرتنی‌ ئه‌م دروشمه‌ش له‌ لایه‌ن حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێرانه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌و حیزبه‌ تێكۆشه‌ره‌، سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان به‌ مافی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد نازانێ‌. به‌ڵكوو هه‌ڵنه‌گرتنی‌ دروشمێكی‌ ئه‌وتۆ له‌لایه‌ن حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێرانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و حیزبه‌ تا ئێستاو به‌ سه‌رنجدان به‌ فاكتۆره‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ناوچه‌یی‌و نێوخۆیی‌یهكانو هه‌روه‌ها به‌ سه‌رنجدان به‌ ره‌وشی‌ ژیئۆپۆلۆتیكی‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌لاَتی‌ نێوه‌ڕاستو كوردستان، میكانیزمی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌ پێی‌ هاوكیشه‌ سیاسی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ناوچه‌یی‌و نێوخۆیی‌یهكان بۆ كوردستان به‌گشتی‌و بۆ كوردستانی‌ ئێران به‌تایبه‌تی‌ به‌ گونجاوو له‌بار نازانێ‌.
حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، به‌ سه‌رنجدان به‌ هاوكێشه‌كانی‌ هێز له‌ بواری‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ناوچه‌یی‌دا، له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌ گونجاوترینو له‌بارترین دروشمو میكانیزم بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستاندا، میكانیزمی‌ فیدرالیزمه‌ له‌ سه‌ر بناغه‌ی‌ جوغرافیایی ـ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و ولاَتانه‌دا كه‌ كوردستانیان به‌ سه‌ردا دابه‌ش كراوه‌.
دیاریكردنی‌ ئه‌م شێوه‌ چاره‌نووسه‌ بۆ كورد له‌ لایه‌ك پشت ده‌به‌ستێ‌ به‌ ئه‌زموونی‌ فیدرالیزم له‌ زۆر ولاَتی‌ پێشكه‌وتوو و فره‌گه‌لدا كه‌ تا ئێستا به‌ڕێوه‌ چووه‌و به‌رهه‌مێكی‌ باشی‌ له‌ باری‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ ولاَتێكدا نیشانی‌ دنیا داوه‌و مافی‌ یه‌كسانی‌ بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ده‌سته‌به‌ر كردووه‌. بێجگه‌ له‌وانه‌ ئه‌زموونی‌ نوێی‌ كوردستانی‌ عێراق به‌ هه‌موو خاڵه‌ لاوازو به‌هێزه‌كانیه‌وه‌ ده‌توانێ‌ له‌ داهاتوویه‌كی‌ نێزیكدا زۆر شتی‌ نوێمان پێ‌ بڵێ‌. گومانیشمان له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ فیدراڵیزم، سه‌ربه‌خۆیی‌ یان به‌گشتی‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی‌ دیاریكردنی‌ چاره‌نووس، ئه‌وكاته‌ ده‌توانێ‌ ویستو داخوازی‌ گه‌لو تاكه‌كانی‌ گه‌ل وه‌دی‌ بێنێ‌ كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای‌ دێموكراسی‌ دامه‌زرابێ‌.
هه‌ر بۆیه‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بووه‌ كه‌ به‌بێ‌ چه‌سپانی‌ دێموكراسی‌یهكی‌ راسته‌قینه‌، مافه‌كانی‌ كورد دابین نابێ‌و ئه‌گه‌ریش ئه‌و مافانه‌ دابین كران، هیچ گه‌ره‌نتی‌یهك بۆ زه‌وت نه‌كرانی‌ ئه‌و مافو ئازادییانه‌ نامێنێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌، حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران باوه‌ڕێكی‌ قووڵی‌ به‌ دێموكراسی‌ هه‌یه‌و له‌ كرده‌وه‌دا پیاده‌ی‌ كردوه‌. ئێمه‌ هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌ك له‌ كوردستاندا به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ رزگاریخوازانه‌ نازانین كه‌ ئامانجی‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌، دێموكراسی‌ نه‌بێ‌و له‌ نێوخۆی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌شدا هه‌وڵی‌ پیاده‌كردنی‌ نه‌دات.
شه‌هیدی‌ هه‌رگیز نه‌مر دوكتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو ده‌ڵێت: "ئێمه‌ له‌ كوردستانو له‌حیزبی‌ دێموكراتدا باوه‌ڕێكی‌ قووڵمان به‌ دێموكراسی‌ هه‌یه‌و هه‌روه‌ها له‌و باوه‌ڕه‌داین: به‌بێ‌ دابینبوونی‌ ئازادی‌یه دێموكراتی‌یهكان، ولاَتی‌ ئێمه‌ ناتوانێ‌ ئه‌و كێشه‌و گیروگرفته‌ ئاڵۆزانه‌ چاره‌سه‌ر بكات كه‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. هه‌رگیز خه‌بات بۆ دێموكراسی‌ نابێ‌ بچێته‌ ژێر سێبه‌ری‌ خه‌بات بۆ مافی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ یان خه‌باتی‌ چینایه‌تی‌"، كه‌وابوو ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ هه‌ر كوردێكه‌ كه‌ شانبه‌شانی‌ تێكۆشان بۆ دابینكردنی‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسین له‌ شكڵی‌ فیدراڵی‌دا، بۆ دامه‌زراندنی‌ حكوومه‌تێكی‌ دێموكراتیك له‌ سه‌رانسه‌ری‌ ولاَته‌كه‌شدا تێ‌بكۆشێ‌، چونكه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و فیدراڵیه‌ی‌ ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ له‌گه‌ڵ دێموكراسی‌ پێویستیی‌ یه‌كترنو هیچكامیان به‌بێ‌ ئه‌وی‌ دیكه‌ نایه‌نه‌ دی‌. شكڵێكی‌ ئه‌وتۆ له‌ حكوومه‌ت كه‌ بتوانێ‌ مافی‌ دیاریكردنی‌ چاره‌نووسی‌ كورده‌كان له‌ به‌رچاو بگرێ‌و مافه‌كانیان بپارێزێ‌، ده‌توانێ‌ به‌شێكی‌ به‌رین له‌ رۆژهه‌لاَتی‌ نێوه‌ڕاست كه‌ كورده‌كانی‌ تێدا نیشته‌جێن، ئارام بكاته‌وه‌و سه‌قامگیریی‌ تێدا وه‌دی‌ بێنێ‌.
به‌ڕێزان!
هه‌روه‌ك هه‌موان ئاگادارن، چه‌ندین ساڵه‌ گه‌لی‌ كورد له‌ كوردستانی‌ عێراقدا به‌ قۆناغێكی‌ هه‌ستیارو هیوابه‌خشدا تێپه‌ڕ ده‌بێ‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ كورد له‌و به‌شه‌ له‌ كوردستاندا، توانیویه‌تی‌ به‌ به‌شێكی‌ به‌رچاو له‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تی‌یهكانی‌ بگاتو ئه‌و مافانه‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌ شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ له‌ ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراقدا ره‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ئازاددا، پارلمانی‌ كوردستان هاته‌ ئاراوه‌و كورد توانی‌ له‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراقدا رۆڵێكی‌ كاریگه‌ر بگێڕێ‌و به‌ شانازی‌یهوه‌ یه‌كێ‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ بزاڤی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ كوردستان بووه‌ سه‌ركۆماری‌ عێراقو سه‌ركرده‌یه‌كی‌ به‌وه‌جی‌ دیكه‌ شانازیی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ پێ‌بڕاو له‌ لایه‌ن ولاَته‌ پێشكه‌وتوو و بڕیارده‌ره‌كانی‌ جیهانه‌وه‌ به‌ ره‌سمی‌ پێشوازیی‌ لێ‌كرا، سه‌رۆكی‌ كۆمكاری‌ عه‌ره‌ب له‌ پارلمانی‌ كوردستاندا ئاماده‌ بوو و ئه‌و پارلمانه‌ی‌ به‌ پارلمانێكی‌ ره‌واو هه‌ڵبژێردراوی‌ گه‌لی‌ كورد له‌قه‌ڵم دا. بێگومان هه‌موو ئه‌و رووداوو هه‌نگاوه‌ به‌جێ‌و گرنگانه‌، بوونه‌ته‌ جێگای‌ هیواو ئومێدی‌ كۆمه‌لاَنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانو بزووتنه‌وه‌ی‌ میللی‌ ـ دێموكراتیكی‌ كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستاندا.
ئێمه‌ له‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێراندا به‌ چاوی‌ هیواوه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ به‌نرخانه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردو هیوادارین كه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ به‌نرخانه‌، بگوێزرێنه‌وه‌ بۆ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانو، عێراقی‌ دێموكراتیكی‌ فیدراڵ، ببێته‌ سه‌رمه‌شقێك بۆ هه‌موو گه‌لانی‌ ولاَتانی‌ دیكتاتۆرلێدراوی‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌لاَتی‌ نێوه‌ڕاستو، نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستاندا، ببێته‌ لۆكۆمۆتیڤی‌ گۆڕان له‌ تۆتالیتاریزمو دیكتاتۆری‌یهوه‌ به‌ره‌و دێموكراسی‌و پاراستنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و دامه‌زراندنی‌ سیستمگه‌لێكی‌ ئازادو كراوه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌لاَتی‌ نێوه‌ڕاستدا.
به‌شداربووانی‌ هێژا!
دابینبوونو چه‌سپانی‌ مافه‌كانی‌ كورد له‌ كوردستانی‌ عێراقدا، چه‌نده‌ به‌ لای‌ ئێمه‌وه‌ گرنگه‌، پاراستنی‌ ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ش دووچه‌ندان بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ كوردستان به‌ چاره‌نووسساز ده‌زانین. بۆیه‌ ئه‌ركی‌ هه‌موو كوردێكی‌ نیشتمانپه‌روه‌رو هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ دێموكراسیخوازه‌ كه‌ پارێزگاری‌ له‌و ده‌سكه‌وته‌ به‌نرخانه‌ بكاتو هه‌وڵی‌ گه‌شه‌سه‌ندنیان بدات. هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ركه‌ مێژوویی‌یهش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانو رێبه‌رایه‌تیی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئه‌م به‌شه‌ كه‌ ببێته‌ پاڵپشتو بزوێنه‌ری‌ بزاڤی‌ میللی‌ ـ دێموكراتیكی‌ كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستانداو ئه‌ركی‌ مێژوویی‌ خۆی‌ به‌ باشترین شێوه‌ راپه‌ڕێنێت.
به‌و هیوایه‌ی‌ هه‌موو لایه‌كمان ئه‌ركه‌ نیشتمانی‌یه‌كانمان له‌و كاته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ به‌سه‌رماندا تێ‌ده‌په‌ڕێ‌ به‌ وردی‌و به‌ وشیاری‌ به‌ڕێوه‌ به‌رین.

 

.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان ئی‌مه‌یل بکه‌ن::.

 

ئی‌مه‌یلی خۆتان :  

 

ئی‌مه‌یلی هاوڕێکه‌تان  

 

 

ده‌سپێک | هه‌واڵ |  سیاسی |  ئه‌ده‌ب‌وهونه‌ر |  هزر | مافی‌مرۆڤ |  کۆمه‌ڵایه‌تی |  به‌ڵگه‌نامه‌کان |  سکرتێری‌گشتی |  په‌رتووک |  پێوه‌ندی

دابین‌كردنی‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌کانی گه‌لی‌ كورد له‌ چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێموكراتیكی‌ فیدراڵی‌ دا

  دووشه‌ممه، ۱۷‌ی پوو‌شپه‌ڕی ۱۳۸۷ی هه‌تاوی