|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: سکرتێری‌گشتی ::. |
|
په‌یامی به‌ڕێز كاك مسته‌فا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران
له رێوڕه‌سمی 2ی رێبه‌ندان له بنكه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی
حیزب‌دا
|
|
خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی كوردستان!
كادر، پێشمه‌رگه، ئهندامانو لایه‌نگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران!
میوانانی به‌ڕێزی به‌شدار له رێوڕه‌سمی یادی شه‌سته‌مین ساڵی دامه‌زرانی "ده‌وڵه‌تی
جومهووریی كوردستان"!
سلاَوی رزگاری‌و ئازادی!
هه‌روه‌ك هه‌موو لایه‌ك ئاگادارن، شه‌ست ساڵ له‌وه‌پێش له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا،
2ی رێبه‌ندانی 1324ی هه‌تاوی، ده‌وڵه‌تی جومهووریی كوردستان له شاری مه‌هاباد
دامه‌زرا. به‌و بۆنه‌وه گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆم‌و رێبه‌رایه‌تیی حیزب، پێشكه‌ش
به هه‌موو گه‌لی كورد له هه‌ر جێیه‌ك كه هه‌ن، ده‌كه‌م. سلاَوو پیرۆزبایی
تایبه‌تیش بۆ شاری مه‌هاباد، شاری كۆمار‌و شاری قازی!
به‌دوای ده‌ستپێكردنی شهڕِی دووهه‌می جیهانی، له ساڵی 1320ڕا، له‌شكری
سوور له باكوور‌و له‌شكری بریتانیا‌و ئه‌مریكاش له باشووره‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر
ولاَتی ئێران‌دا گرت‌و رێژیمی ره‌زاشا، به‌بێ كه‌مترین به‌ربه‌ره‌كانی، تێك
ڕووخا. به له ناوچوونی دهسهلاَتی زۆرداری ره‌زا شا، هێندێك ئازادی له
ئێران په‌یدا بوو‌و رێكخراوه سیاسییه‌كان په‌ره‌یان گرت. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه
باشووری كوردستانی ئێران له لایه‌ن ئه‌مریكایی‌و بریتانیایییهكانو، به‌شی
باكووریش تا شاری ورمێ له ژێر دهسهلاَتی له‌شكری سووردا بوو، ناوچه‌ی مه‌هاباد
ناوچه‌یه‌كی ئازاد بوو كه هیچكام له‌و دهسهلاَتانه تێیدا نیشته‌جێ نه‌بوون.
درێژه‌ی ئه‌م وهزعهو جێگیربوونی ئازادییه دێموكراتییهكان له ئێران، هه‌روه‌ها
تێكشكانی ئاڵمانی نازی‌و فاشیزم زه‌مینه‌ی بۆ دامه‌زراندنی حیزبی دێموكراتی
كوردستانی ئێران، وه‌ك حیزبێكی پێشڕهوو وهلاَمدهری ئه‌و هه‌لومه‌رجه نوێیه،
رێك خست. حیزبی دێموكرات له 25ی گه‌لاوێژی 1324دا دامه‌زراو، له 2ی رێبه‌ندانی
هه‌مان ساڵدا "ده‌وڵه‌تی جومهووریی كوردستان"ی له شاری مه‌هاباد، پێك هـێنا.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆماری كوردستان ئه‌وه بوو كه به‌ڕێوه‌به‌رییه‌كی
رێكخراو‌و یه‌كگرتووی وه‌ك حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی هه‌بوو. له
مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورددا یه‌كه‌مجار بوو كه حیزبێكی پێشڕهوو دێموكرات، دهسهلاَتی
سیاسیی ناوچه‌یه‌كی له شێوه‌ی جومهووری به مانای دهسهلاَتی خه‌ڵك به‌ده‌سته‌وه
ده‌گرت. كۆماری كوردستان وه‌ك حكوومه‌تێكی مۆدێڕن له ناوچه‌یه‌كی دواكه‌وتوودا
له‌سه‌ر بناغه‌ی دێموكراسی، مافی نهتهوهییو دادپه‌روه‌ری دامه‌زرا.
حكوومه‌تێكی مۆدێڕن به‌و مانایه‌ی كه ئه‌گه‌ر له جوولاَنهوهكانی پێشووتردا،
دهسهلاَتهكان به‌ده‌ست سه‌رۆك عه‌شیره‌تێك، پیاوێكی ئایینی‌و یان مڵكدارێكهوه
بووه، له‌و حكوومه‌ته‌دا حیزبێكی پێشهكهوتوو، كه له سه‌روویه‌وه سه‌رۆك
كۆماری بیرمه‌ندو هه‌ڵكه‌وتووی گه‌ل، پێشه‌وای نه‌مر قازی محه‌ممه‌د راوه‌ستابوو،
به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. یه‌كێك له جیاوازییه‌كانی ئه‌و دوو شێوه دهسهلاَتدارییه
ئه‌وه‌یه كه جوولاَنهوهكانی رابردوو زۆر جاری وا بووه به شێوه‌یه‌كی خێرا
په‌ره‌یان سه‌ندوه‌و ناوچه‌یه‌كی به‌رینیان خستۆته ژێر دهسهلاَتی خۆیان، بهلاَم
به‌له‌ناوچوونی سه‌رۆكه‌كانیان، هه‌موو شتێك ته‌واو بووه‌و دهسهلاَتهكانیان له‌به‌ریه‌ك
ترازاون، بهلاَم به رووخانی جومهووریی كوردستان‌و له‌سێداره‌دانی سه‌رۆك
كۆمارهكهیو باقیی قاره‌مانه‌كانی ئه‌و كۆماره، نه‌ك هه‌ر جوولاَنهوهكه
رانه‌وه‌ستاو تێك نه‌چوو، به‌ڵكوو جومهووریو بایه‌خه به‌رزو ئینسانییهكانی،
بوون به ره‌مزی بهرخۆدانو ده‌لیلی رێگا پڕهه‌ورازو نشێوه‌كانی خه‌بات بۆ به‌ده‌ستهێنانی
دووباره‌ی ئه‌و ده‌سكه‌وته به‌هادارانه‌ی كه كۆمار به خه‌ڵكی كوردستانی
دابوون.
یه‌كێكی دیكه له نیشانه‌كانی مۆدێڕن بوونی كۆمار، ئهنتێرناسیۆنالیست بوونی
كۆمار بوو. به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی دهسهلاَتهكانی رابردووی جوولاَنهوهكانی
كورد، ئه‌و حكوومه‌ته نه‌ك هه‌ر كه‌مینه نهتهوهییو ئایینییه‌كانی نهدهچهوساندهوهو
ئه‌زییه‌ت‌و ئازاری نه‌ده‌دان، به‌ڵكوو ئه‌وان له ماوه‌ی ته‌مه‌نی كۆماردا له
هه‌موو ئه‌و مافانه به‌هره‌مه‌ند بوون كه كورده‌كان بوویانن. كۆمار پشتیوانیی
زۆر به‌هێزی جووله‌كه‌كان، ئهرمهنییهكانو ئه‌و توركانه بوو كه له ژێر دهسهلاَتی
كۆماردا ده‌ژیان. بێجگه له‌وه، پێوه‌ندییه‌كی باشیشی له‌گه‌ڵ توركه‌كانی
دراوسێ به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان دامه‌زراند.
بوونی ئازادی به هه‌موو شێوه‌كانی له ماوه‌ی ته‌مه‌نی كورتی كۆماردا، له
خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی مۆدێرنبوونی جمهوورییه. ئارچی رۆزڤێڵتی ئه‌مریكایی كه
له سه‌رده‌می كۆماردا بۆ سه‌ردان چووبوو بۆ مه‌هاباد ده‌ڵی: "ئینسان له شتێك سه‌ری
سووڕ ده‌مێنێ، ئه‌ویش ئه‌و فه‌زا ئازاده‌یه كه له مه‌هاباد هه‌یه".
پێكهێنانی یه‌كیه‌تیی ژنان‌و یه‌كیه‌تیی لاوان له پێكهاته‌یه‌كی عه‌شیره‌تیی
حه‌شیمه‌تی كوردستان له سه‌رده‌می كۆماردا كه پتر له 95%ی دانیشتوانی
نه‌خوێنده‌وار بوون‌و، زۆر به‌رنامه‌ی دیكه نیشانه‌ی بیری نوێ‌و هه‌وڵدان بۆ
پێگه‌یاندنی خه‌ڵك بۆ گه‌یشتن به دواڕۆژێكی گه‌شترو پڕ له به‌خته‌وه‌ری بوو.
هه‌ر بۆیه‌شه كه ده‌بینین كورده‌كانی به‌شه‌كانی دیكه‌ش به هه‌زار ئاواته‌وه
ڕوو ده‌كه‌نه مههابادو به دڵه‌وه خزمه‌ت به كۆمار ده‌كه‌ن. نموونه‌ی باشی
ئه‌و هاوكارییه بارزانییهكانن، ئه‌وان رێكوپێكترین هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
بوون كه تا دواڕۆژهكان له جه‌بهه‌ی سه‌قز، كه یه‌كێك له جه‌بهه گرنگه‌كانی
هێزی پێشمه‌رگه له دژی له‌شكری رێژیمی شا بوو، مانه‌وه‌و قاره‌مانه‌تیی
زۆریان نواند. دیاره كۆماریش نه‌ك ئه‌وانی به میوان دانه‌ده‌نا، به‌ڵكوو به
خاوه‌ن ماڵی ده‌زانین.
خۆشك‌و برایانی خۆشه‌ویست!
ئه‌گه‌ر دوای شێست ساڵ، یادی كۆمار له لایه‌ن خه‌ڵكی كورد له كوردستانی
ئێران‌و باقیی به‌شه‌كانه‌وه، به‌رز راده‌گیرێ، ئه‌و پرنسیپه پێشكهوتووو
سه‌رده‌میانه بوون كه كۆماریان له سه‌ر دامه‌زرا كه گرنگترینیان مافی
نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی كورد بوو له شكڵی خودموختاری‌دا. له‌و شێوه
دهسهلاَتدارییهدا، گه‌لی كورد‌و باقیی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی، دهسهلاَتی
به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی خۆیان دهبێو له به‌ڕێوه‌بردنی ئێرانیش
به‌گشتی به گوێره‌ی حه‌شیمه‌تی خۆیان‌و به‌پێی یاسا به‌شدار ده‌بن، ئه‌و
داخوازییه ده‌یان ساڵ دوای دامه‌زرانی كۆماریش، ویستی هه‌ره سه‌ره‌كیی
جوولاَنهوهكانی كوردی له به‌شه جیاجیاكان پێك دێنا‌و ته‌نانه‌ت حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش تا كۆنگره‌ی سێزده‌هه‌می خۆی كه له مانگی 6ی
ساڵی 2004دا به‌ڕێوه‌چوو، دروشمه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی "دێموكراسی بۆ ئێران‌و
خودموختاری بۆ كوردستان" بوو‌و، له‌و كۆنگره‌یه‌دا به‌دوای لێكدانه‌وه‌ی
ئاڵوگۆڕه‌كانی جیهانو ناوچه، فیدراڵیزمی كرده دروشمی خۆی.
به‌كورتی هه‌موو ئه‌و به‌هایانه‌ی وه‌ك دێموكراتیزا‌سیۆن، ئازادی، مافی مرۆڤـ‌و
دادپه‌روه‌ری كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا سیمای جیهانیان گۆڕیوه‌و وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك به
خێرایی به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێ كه دنیایه‌كی نوێ بخوڵقێنێ، شێست ساڵ له‌وه‌پێش
له جومهووریی كوردستاندا به‌دی ده‌كرێن.
ره‌نگه لێره‌دا ئه‌و پرسیاره بێته پێشێ كه كۆمار سه‌ره‌ڕای ئه‌وه كه
خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو بایه‌خه ئینسانی‌و پێشكه‌وتوانه بوو، بۆچی رووخا؟ وهلاَم
بۆ ئه‌م پرسیاره زۆرن، بهلاَم ره‌نگه گرنگترینیان لێكدانه‌وه‌ی ئاستی
نێوده‌وڵه‌تی، ناوچهییو نێوخۆیی له سه‌رده‌می كۆماردا بێ كه لێره‌دا به
كورتی ئیشاره‌یان پێده‌كه‌ین:
به‌دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، ئێمه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا
رووبه‌ڕووی سیستمێك بووینه‌وه كه ده‌یهه‌ویست له چوارچێوه‌ی دوو گوتاری زاڵ،
واته سۆسیالیزم‌و سه‌رمایه‌داریدا، قه‌واره‌یه‌ك پێك بێنێ كه گه‌مه‌ی سیاسی‌و
هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی جیهان له چوارچێوه‌ی ئه‌و دوو گوتاره‌دا پێناسه
بكرێ. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م دوو گوتاره ئه‌وه بوو كه هه‌موو
هه‌وڵێك كه بۆ یارمه‌تیدان به بزووتنه‌وه رزگاریخوازه‌كان ده‌درا بۆ ئه‌وه بوو
كه جۆره هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان ئه‌و دوو گوتاره‌دا پێك بێ. ئه‌كته‌ره‌كانی
كاریگه‌ر له سه‌ر ئه‌م هاوسه‌نگییه، ئاماده نه‌بوون كه به هیچ شێوه‌یه‌ك خه‌رج
بۆ به‌هاگه‌لێك وه‌كو ئازادی‌و دێموكراسی بده‌ن، واته كه‌ڵك وه‌رگرتن له
ئازادی‌و دێموكراسی به‌هۆی هه‌ركام له‌م لایه‌نانه‌وه ته‌نیا بۆ
به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی پانتایی چالاكی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی لایه‌نی دیكه بوو.
لێره‌دا ئازادی‌و دێموكراسی ته‌نیا له ئاستی دروشم‌دا هانده‌ری بزووتنه‌وه‌كان
بوون‌و له ئاستی پراكتیكدا هیچ هێزێك ئاماده نه‌بوو خه‌رجێك بۆ جێبه‌جێكردنی
ئه‌م به‌هایانه بكا. له هه‌مانكاتدا سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی لایه‌نگریی له
قه‌واره‌یه‌ك ده‌كرد كه به شێوه‌ی ره‌واڵه‌تی به‌ناوی ده‌وڵه‌ت
نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو كاره‌كانی ده‌كرد. ئه‌م ئه‌كته‌ره له جیهانی سێیه‌مدا
به هیچ شێوه‌یه‌ك پیشانده‌ری هه‌لومه‌رجی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه نه‌بوو و ئازادی‌و
دێموكراسی هه‌ر به پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه رێزی لێده‌گیرا.
به‌م چه‌شنه ده‌بینین كه كه‌شوهه‌وا بۆ روانگه‌ی كۆمار، سه‌باره‌ت به سیسته‌می
جیهانی، ته‌با نهبووو به‌هاكانی كۆمار له‌گه‌ڵ سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی
كێشه‌یه‌كی ناوهرۆكییان هه‌بوو. ئازادی‌و دێموكراسی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نیا
له چوارچێوه‌ی هاوپهیمانیو هه‌روه‌ها بۆ دژایه‌تیكردن له به‌رامبه‌ر لایه‌نه
بهرژهوهندیخوازهكاندا مانای په‌یدا ده‌كرد. واته هاوپه‌یمانانی
سه‌رمایه‌داری خۆیان به ئازادیخواز داده‌نا تا كاتێك كه ده‌یانتوانی ئیمتیازێك
له جه‌مسه‌ری سۆسیالیستی وهربگرنو له به‌رامبه‌ردا لایه‌نی سۆسیالیستی تا
كاتێك پشتیوانی له گه‌له چه‌وساوه‌كان ده‌كرد كه پانتایی چالاكی‌و
به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داری ده‌كه‌وته مه‌ترسییه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی
یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت به‌دی ده‌هات.
له ئاستی ناوچه‌ییدا، كۆمار له جوگرافیایه‌كدا سه‌ری هه‌ڵدا كه به
رۆژههلاَتی نێوه‌ڕاست پێناسه ده‌كرا. ئه‌م ناوچه‌یه كه پاش شه‌ڕی یه‌كه‌می
جیهانی قه‌واره‌و پێكهاته‌كه‌ی له سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه ساز
كرابوو، له پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی درێژه‌ی به‌م ره‌وته دا‌و له
چوارچێوه‌ی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی پاش شه‌ڕ، هه‌موو گه‌مه سیاسییه‌كان به
له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بهڕێوهدهچوونو، ده‌وڵه‌ته‌كانی
رۆژههلاَتی نێوه‌ڕاست توانییان بوونی خۆیان به‌ته‌واوی بسهلمێننو رۆژبه‌ڕۆژ
درێژه به دهسهلاَتی پاوانخوازانه‌ی خۆیان بده‌ن. هه‌ركام له‌و ده‌وڵه‌تانه
خۆیان به لایه‌نی رۆژئاوا یان یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ته‌وه گرێ ده‌داو به
سازكردنی ئه‌م چه‌شنه هاوپه‌یمانییه، هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئازادی‌و دێموكراسی
سه‌ركوت ده‌كرد. ئێران، توركیه، سوریه‌و عێراق نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م
ده‌وڵه‌تانه‌ن.
له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌شدا گوتارێك نه‌بوو كه پێداچوونه‌وه به‌م
هه‌لومه‌رجه‌دا بكا یان هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه. به‌كورتی ده‌توانین بڵێین كه
ئازادی‌و دێموكراسی له رۆژههلاَتی نێوه‌ڕاست به‌ته‌واوی نامۆ بوون.
كه دێینه سه‌ر باسی ئاستی نێوخۆیی، لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه
كه كوردستانیان به سه‌ردا دابه‌ش كراوه. قه‌واره‌ی سیاسیی ئه‌و ولاَتانه
ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی له به‌شێك له پێكهاته‌ی حه‌شیمه‌تی ئه‌و ولاَتانه له‌خۆ
ده‌گرت، بۆ نموونه توركیه سه‌مبۆلی تورك، ئێران سه‌مبۆلی فارس‌و عێراق
سه‌مبۆلی عه‌ره‌ب بوون. پێكهاته‌ی ئه‌و ولاَتانه له چوارچێوه‌یه‌كی
یهكدهنگیدا ده‌سووڕایه‌وه‌و ته‌نیا وهلاَمدهری بهرژهوهندیو
پێداویستییه‌كانی به‌شێك له كۆمه‌ڵگا بوو‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌واره‌ی سیاسیی
ئه‌و ولاَتانه نوێنه‌رایه‌تیی ته‌واوی لایه‌نه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا نه‌بوو له‌و
ولاَتانهدا، دیالۆگ‌و پلۆرالیزم به‌هاو نرخێكیان نه‌بوو. له قه‌واره‌یه‌كدا كه
عه‌ره‌ب، فارس‌و تورك هه‌موو شتێكیان به‌ناوی یه‌كگرتوویی خاكی
ده‌وڵه‌ته‌كانیانه‌وه سه‌ركوت ده‌كرد، ئازادی‌و دێموكراسی ته‌نیا له شوێنێكی
بچووك وه‌كو كوردستان چۆن ده‌یتوانی ده‌نگ هه‌ڵبڕێ؟
سه‌رجه‌می ئه‌و هۆكارانه‌و دواكه‌وتوویی گه‌لی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا ـ كه
بۆخۆی پێویستی به باس‌و لێكدانه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل هه‌یه ـ ده‌ستیان دایه
ده‌ست یهكو كۆماری كوردستانیان ڕووخاند. له ڕاستیدا هێرشی له‌شكری شا له
سه‌رماوه‌زی ساڵی 1325 دا بۆ سه‌ر مههابادو ڕووخاندنی كۆمار، بۆخۆی ئاكامی
ئه‌و هه‌لومه‌رجه سیاسییه نێوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه بوو كه به دوور له ئیراده‌ی
گه‌لی كورد‌و خه‌ڵكی مه‌هاباد، پێك هاتبووو له ڕاستای دژ به به‌رده‌وامیی
كۆماردا دهچۆه پێشێ.
به‌و حاڵه‌ش ئه‌گه‌ر دامه‌زرانی كۆمار، هیوایه‌كی گه‌وره‌ی به گه‌لی كورد له
كوردستانی ئێران‌و هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌دا بهخشیو ناسنامه‌ی كوردی زیندوو
كرده‌وه، ڕووخانی ئه‌و كۆماره هه‌رچه‌ند بۆ ماوه‌یه‌ك خه‌ڵكی تاساندو ئه‌وانی
له ماته‌می له‌ده‌ستچوونی كۆماره ساواكهیانو زۆربه‌ی كه‌سایه‌تییه
ناوداره‌كانی كۆمار ـ له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه پێشه‌وا ـ تاساند، بهلاَم
حیزبی بنیاتنه‌ری كۆمار، حیزبی دێموكراتی كوردستان، به چۆكدا نههاتو له
ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ده‌یه‌دا له نێوان ده‌یان كۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌ی دوژمنان‌و
ناحه‌زانی خۆیدا به دانی هه‌زاران قوربانیی دیكه له باشترین ڕۆڵه‌كانی
خۆی، هه‌روا سه‌ربڵیند له به‌رانبه‌ر مێژوو‌و گه‌له‌كه‌ی خۆیدا ڕاوه‌ستاو
تێكۆشا جارێكی دیكه كۆمارێكی فیدراڵ بۆ گه‌لی كورد كه تامه‌زرۆی ڕزگارییه
به هاوكاری‌و هاوده‌نگیی هه‌موو هێزو لایه‌نه ره‌سه‌نه‌كانی كورد له
كوردستانی ئێران له‌سه‌ر به‌هاو پڕنسیپه‌كانی "جومهووریی كوردستان" پێك بێنێ.
هاونیشتمانانی به‌ڕێز!
ره‌وتی رووداوه‌كان‌و ئاڵوگۆڕه‌كان له دامه‌زرانی كۆماره‌وه تا ئێستا، له
ئێران‌و ناوچه‌دا، به‌ره‌و ئاقاری جیاواز رۆیشتون، ئه‌گه‌ر له عێراقی دراوسێی
ئێران، دهسهلاَتی به‌عس رووخاوه‌و له‌وێدا خۆشك‌و برا كورده‌كانمان به به‌شێك
له مافی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆیان له شێوه‌ی فیدراڵی شاد بوون‌و، له باقیی
حكوومه‌ته‌كانی ناوچه‌شدا وه‌ك توركیه ده‌لاقه‌یه‌ك به‌ره‌و رووی
ئازادییهكانو به‌تایبه‌ت مافی كورد كراوه‌ته‌وه، له ولاَتی ئێمه ئێران‌دا
دهسهلاَتی تاقمێكی دواكه‌وتوو، كه ئاینییان له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی
خۆیان ناوه‌و ناویان ناوه كۆماری ئیسلامیی ئێران، جێگای رێژیمی ملهوڕی
پاشایه‌تیی گرتۆته‌وه‌و ولاَتی به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاندۆته‌وه، له‌و حكوومه‌ته‌دا
كه به‌پێچه‌وانه‌ی ناوه‌كه‌ی نه كۆمارییه‌و نه ئیسلامییه‌و نه پێوه‌ندیی به
خه‌ڵكی ئێرانه‌وه هه‌یه، باسێك به ناوی ئازادی، دێموكراسی‌و مافی
نه‌ته‌وایه‌تی له ئارادا نیه. ئه‌وان نه‌ك هه‌ر مافێك به خه‌ڵكی ئێران ره‌وا
نابینن، به‌ڵكوو باس له سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك وه‌ك ئیسرائیلییه‌كان له سه‌ر
گۆی زه‌وی ده‌كه‌ن، پشتیوانی له تیرۆریزم دهكهنو دژی ئاشتی‌و ئارامی له
ناوچه‌دان.
ئێمه له‌و رۆژه مێژوویییهدا، جارێكی دیكه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه گه‌لی
كورد له كوردستانی ئێران‌و حیزبی بنیاتنه‌ری كۆماری كوردستان له به‌ره‌ی
دژی تێرۆردان، لایه‌نگری ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیانی هاوچه‌رخانه له‌گه‌ڵ
دراوسێیهكانیانو پابه‌ند به هه‌موو ئه‌و بایه‌خه ئینسانییانهن كه رێكخراوی
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دانی پێدا ناون.
ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین كه یه‌كگرتوویی هێزه دێموكراته‌كانی هه‌موو
نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی‌و كوردستانی له دژی ڕێژیمی ئێران له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا
ئه‌ركێكی به په‌له‌ی هه‌موو ئێرانییهكی نیشتمانپه‌روه‌ری بێزار له
دهسهلاَتی حاكم به سه‌ر ئه‌و ولاَته دایه، ئێمه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له
پێشه‌وه‌ی هاوكارییهكانین و پێكهاتنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدڕاڵ
كه چه‌ندین هێزی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی وه‌كوو عه‌ره‌ب، به‌لووچ، توركمه‌ن‌و
كورد له ده‌وری خۆی كۆ ده‌كاته‌وه، هه‌موو نیشانه‌ی ئه‌و هاوكارییانهن.
له یادی شێسته‌مین ساڵی دامه‌زرانی جومهووریی كوردستان، سلاَو ده‌نێرین بۆ
گیانی پاكی پێشه‌وای نه‌مر، قازی محه‌ممه‌د، سه‌رۆك كۆمار‌و هه‌موو ئه‌و ڕۆڵه
به‌وه‌فایانه‌ی له ته‌نیشت ئه‌وو له ڕێگای كۆماردا گیانی خۆیان به
سه‌خاوه‌ته‌وه به‌خشی.
به‌رزو پیرۆز بێ یادی "جومهووریی كوردستان"
سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌لی كورد و هه‌موو گه‌لانی بنده‌ستی ئێران |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئیمهیل بکه‌ن::. | |
| | | | |