|
ژماره‌ی نوێی كوردستان |
 ئۆرگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران |
| |
|
ژماره‌ی نوێی دنیای منداڵان |
پاشكۆی كوردستان |
 | | | |
|
.:: سکرتێری‌گشتی ::. |
|
سكرتێری گشتیی حیزب له وتووێژ له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی
www.kurdistanmedia.org دا | |
کورد و
تورک به‌درێژایی سه‌دان ساڵ له به‌شێک له شوێنه نیشته‌جێکانی خۆیان دا پێکه‌وه
ژیاون. له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر بیره‌وه‌ریی تاڵ و شیرینیان پێکه‌وه هه‌یه. پێویسته
به ده‌رس وه‌رگرتن له هه‌موو ئه‌و بیره‌وه‌رییانه هه‌ردووک لا بیر له پێکه‌وه
ژیانی ئاشتییانه و شارستانییانه بکه‌نه‌وه
دیمانه: برایم لاجانی |
 | |
پ: به‌ڕێز کاک مسته‌فا هیجری،
زۆر سوپاستان ده‌که‌ین که ئه‌و هه‌له‌تان بۆ ڕه‌خساندین و داوای ئێمه‌تان بۆ
وتووێژ قبووڵ کرد. ڕێگام بده‌ن وتووێژه‌که به‌و پرسیاره ده‌ست پێ بکه‌ین که مه‌به‌ستی
ئێوه له‌م سه‌فه‌ره‌تان دا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چیه؟
کاک مسته‌فا هیجری: ئیزن بده‌ن پێشه‌کی سوپاسی ئێوه و خوێنه‌ره به‌ڕێزه‌کانتان
بکه‌م. سه‌فه‌ری ئه‌م جاره‌م بۆ ده‌ره‌وه، وه‌ک هه‌میشه و به‌پێی ئه‌رکێک که له
ئه‌ستۆمه، پێڕاگه‌یشتن به کۆمه‌ڵێک کاروباری حیزبییه. به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی،
تازه‌کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌یه که حیزب پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵیان
بووه و په‌ره‌پێدانی ئه‌و پێوه‌ندی‌یانه. به‌تایبه‌ت که له‌و یه‌کساڵه‌ی دواییدا
کۆماری ئیسلامیی ئێران له بواری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ده‌ستتێوه‌ردانی له
کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه که‌دا، پشتیوانی له تیرۆریزم و زیاتر له‌وانیش
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی وزه‌ی ناووکی بۆته جێگای باس و پرسیار و وتووێژی کۆمه‌ڵگای
نێونه‌ته‌وه‌یی. به پێویستمان زانی بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون له‌گه‌ڵ هێندێک له
ناوه‌ند و که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانی ده‌ره‌وه چاوپێکه‌وتنمان هه‌بێ. دیاره له‌و
نێوانه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ندین که‌سایه‌تی و ڕێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراتی ئێرانییش
هه‌ر به‌و مه‌به‌سته دانیشتنمان ده‌بێ.
پ: سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانی وزه‌ی ئه‌تۆمی دا،
به یاری کردن به قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه میللییه‌کانی گه‌لانی ئێران به‌حیساب
دێ. ڕێژیم ئاماده نیه قانون و په‌سندکراوه نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌کانی پێوه‌ندیدار
به په‌ره‌پێدانی وزه‌ی ئه‌تۆمی وه‌به‌رچاو بگرێ. هه‌ر ئێستا مه‌سه‌له‌ی په‌سندکرانی
بڕیارنامه‌یه‌ک دژی ئێران له‌و باره‌وه له ده‌ستووری کاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی
ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان دایه. ئه‌گه‌ر بڕیارنامه‌که په‌سند بکرێ، ده‌ستی
کۆمه‌ڵگای جیهانی بۆ سزادانی ئێران ئاواڵا ده‌بێ. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
ئاکامه‌کانی سیاسه‌تێکی له‌م چه‌شنه چۆن هه‌ڵ ده‌سه‌نگێنێ؟
و: ئه‌وه یه‌که‌م جار نیه که کۆماری ئیسلامی یاسا و په‌سندکراوه نێونه‌ته‌وه‌یی
یه‌کان پێشێل ده‌کا و له‌به‌رچاویان ناگرێ، به‌ڵکوو هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر
ده‌سه‌ڵاتییه‌وه، نزیک 27 ساڵه هه‌ر به‌و چه‌شنه ڕه‌فتار ده‌کا، به‌ڵام ئێستا که
ئه‌و ڕێژیمه به‌ره‌به‌ره له دروست کردنی چه‌کی ناو‌کی نێزیک ده‌بێته‌وه و دنیا
به‌تایبه‌ت ڕۆژئاوا خۆیان له مه‌ترسیی ئه‌و چه‌کانه‌دا ده‌بینن، ده‌نگیان لێ به‌رز
بۆته‌وه و باسی سزادانی ڕێژیمیان هێناوه‌ته ئاراوه. هه‌رچه‌ند تا ئێستا به‌هۆی
دژایه‌تی کردنی دوو ئه‌ندامی دایمیی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش (ڕووسیه و چین) له‌گه‌ڵ
سزادانی ئه‌و ڕێژیمه، چاوه‌ڕوان ناکرێ له دانیشتنی ئه‌و جاره‌ی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا،
سزایه‌کی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ڕێژیم دابنرێ، به‌ڵام پێمان وایه که له داهاتوو دا ئه‌و
سزایه دیاری بکرێ. چوونکه کۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌که سووره‌و
ته‌نانه‌ت به قسه‌ی دۆسته‌کانیشی ده‌ست له‌و پڕۆژه‌یه ناکێشێته‌وه.
ئێمه پێمان وایه که کرده‌وه‌کانی کۆماری ئیسلامی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات،
به‌تایبه‌ت شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان سه‌باره‌ت به پڕۆژه ناوکییه‌کانی له ئاژانسی
وزه‌ی ئه‌تۆمی بۆ ماوه‌ی نزیک به 18 ساڵ بۆته هۆی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای جیهانی
متمانه به ڕێژیم نه‌کا و نیگه‌ران بێ له وه‌ده‌ست خستنی چه‌کی ئه‌تۆمیی ئێران.
بۆیه ئێمه ئاکامه‌کانی هه‌ر چه‌شنه زه‌ره‌رو زیانێکی که سزای ئابووری و یان
سزادانی دیکه‌ی ئێران که به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئێران‌دا بشکێته‌وه ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی
ڕێژیم.
پ: چه‌ند ڕۆژێکه هه‌واڵده‌رییه‌کان ئه‌وه بڵاو ده‌که‌نه‌وه که ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد
سه‌رۆک کۆماری ئێران، نامه‌یه‌کی بۆ پرێزیدێنت بووش سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا نووسیوه.
ئێوه ئه‌م نامه‌یه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا چۆن هه‌ڵ ده‌سه‌نگێنن؟
و: له ماوه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی هه‌ر کاتێک له لایه‌ن ناوه‌نده
بڕیارده‌ره‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌وه ئه‌و ڕێژیمه که‌وتۆته ژێر زه‌خته‌وه، بۆ
به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و زه‌خته و بۆ به‌ده‌ستهێنانی کاتی زیاتر بۆ دریژه‌دان به
سیاسه‌ت و کرده‌وه‌کانیان، یه‌کێک له به‌رپرسانی ڕێژم نامه‌یه‌کی نووسیوه یان قسه‌یه‌کی
کردوه و به‌داخه‌وه له‌و مه‌یدانه‌دا سه‌رکه‌وتوو بوون و توانیویانه به‌م شێوه‌یه
دنیا فریو بده‌ن. ئه‌و نامه‌یه‌ش هه‌ر له‌و خانه‌یه دا قه‌رار ده‌گرێ و ناتوانێ
شتێکی دیکه بێ، به‌ڵام وا دیاره له لایه‌ن ئه‌مریکایی یه‌کانه‌وه به ته‌واوی
ده‌ستیان خوێندراوه‌ته‌وه و چی دیکه باوه‌ڕیان پێ ناکه‌ن.
پ: پێتان وایه ئه‌مریکایی یه‌کان هه‌مان سیاسه‌ت و مێتۆد بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی
خۆیان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌گرنه به‌ر که له عێراق به‌کاریان هێنا؟
و: ئه‌گه‌ر ڕۆژێک ئه‌مریکا یان کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌گشتی بگه‌نه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی
که ڕێژیم له ئێران بگۆڕن، شه‌رت نیه هه‌ر ئه‌و شێوه‌یه به‌کار بێنن که له
عێراق یان له ئه‌فغانستان به‌کاریان هێنا، به‌ڵکوو زۆر ڕێوشوێنی دیکه هه‌یه که
ده‌کرێ که‌ڵکی لێ وه‌ربگرن. به‌تایبه‌ت که ئێستا خاوه‌نی هێندێک ئه‌زموونن که له
کاتی هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و دوو وڵاته به‌تایبه‌ت عێراق به‌ده‌ستیان هێناوه.
پ: تاقیکردنه‌وه‌کانی عێراق به‌گشتی و به‌تایبه‌ت پڕۆسه‌ی سه‌قامگیر کردن و به‌ره‌وپێش
بردنی دێمۆکراسی و فیدرالیزم، شوێنه‌وار له‌سه‌ر وه‌زعی گشتیی ناوچه و وڵاته‌که‌شمان
داده‌نێن. به‌له به‌رچاوگرتنی ئه‌وه که ئێرانیش وڵاتێکی فره‌گه‌ل و فره فه‌رهه‌نگ
و فره مه‌زهه‌به، ئایا مۆدێلی ئێستای عێراق بۆ دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و چاره‌سه‌ری
کێشه‌ی میللی و سه‌قامگیرکردنی دێمۆکراسی بۆ ئێرانیش به مۆدێلێکی باش ده‌زانی؟
و: ئێمه باشترین شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات له ئێران دا به شێوه‌یه‌ک
فیدرالیزم ده‌زانین که له‌سه‌ر بنه‌مای جوغرافیایی _ نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زرابێ. به‌تایبه‌ت
که چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جیاواز پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌تیی ئێران پێک دێنن. مه‌به‌ستمان
ئه‌وه‌یه که نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ستی ئێران و یه‌ک له‌وان کورده‌کان له‌وه زیاتر
نه‌چه‌وسێنه‌وه و له ژێر سته‌م دا ڕانه‌گیرێن، به‌ڵکوو هه‌موو وه‌ک یه‌ک بن له
ئیداره‌ی ناوچه‌ی نیشته‌جێی خۆیان و سه‌رانسه‌ری ئێران. ئه‌وه چاره‌سه‌ری کێشه‌ی
نه‌ته‌وه‌یی له ئێران دایه و دێمۆکراسیی ڕاسته‌قینه به‌م شێوه‌یه دابین ده‌کرێ.
له‌و شێوه دابه‌شکرانی ده‌سه‌ڵاته‌دا بێگومان پێویست ده‌کا هه‌لومه‌رجی سه‌رانسه‌ریی
ئێران و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌به‌رچاو بگیرێ، به‌و پێیه شه‌رت نیه ده‌قاوده‌ق
مۆدێلی عێراق یان هه‌ر وڵاتێکی دیکه‌ی فیدرالی پێڕه‌و بکرێ. چوونکه هه‌لومه‌رجی
عێراق و ئێران جیاوازییان هه‌یه.
پ: بزووتنه‌وه‌یه‌کی پان و به‌رینی جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نی له نێو کوردستانی ئێران
دا له گۆڕێ دایه. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وه‌ک هێزی سه‌ره‌کی و پێشڕه‌وی
خه‌باتی گه‌ل، چ شتێک له‌و بزووتنه‌وه‌یه فێر ده‌بێ؟ چیی فێر ده‌کا؟ چۆن شوێنه‌واری
له‌سه‌ر داده‌نێ؟ ئایا ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ته‌ئسیری له‌سه‌ر سیاسه‌ت و تاکتیکه‌کانی
حیزب هه‌یه؟ ئایا حیزب به‌رنامه‌یه‌کی بۆ وه‌گه‌ڕخستنی هه‌موو هێز و توانا
جۆراوجۆره‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کورده‌واری، بۆ به‌رینتر کردنه‌وه‌و جۆشدانی زیاتری
خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان هه‌یه؟
و: ڕاسته ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له ئارا دایه و حیزبی دێمۆکراتیش زانیاریی له‌سه‌ری
هه‌یه و باوه‌ڕیشی پێیه‌تی هه‌ر بۆیه‌ش تێیدا به‌شداره، ته‌ئسیری له‌سه‌ر داده‌نێ
و ته‌ئسیری لێوه‌رده‌گرێ و به‌م چه‌شنه له‌گه‌ڵی ده‌چێته پێشێ. پێ به پێی به‌ره‌وپێش
چوونیش تاکتیکه‌کانی خۆی ده‌گۆڕێ و به چه‌شنێک که بتوانێ خۆی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌که
هه‌ماهه‌نگ بکا و پێشه‌نگییه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه بێ. ئه‌گه‌ر سه‌رنجێک له هه‌وڵ و
تێکۆشانی حیزب بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕه تاکتیکییانه به‌تایبه‌ت دوای کۆنگره‌ی سێزده‌هه‌م
بده‌ین ده‌بینین که چه‌ند ئاڵوگۆڕ له شێوه‌ی دیپلۆماسی، ڕاگه‌یاندن و ته‌شکیلات
دراوه. با ئه‌وه‌ش بڵێم که حیزب نه‌یتوانیوه هه‌موو ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که مه‌به‌ستێتی
له تاکتیکه‌کانی دا پێک بێنێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه له نێو خۆی کوردستان و ناوچه
كه‌دا به‌ربه‌ستی زۆرمان له پێشه و ئه‌و به‌ربه‌ستانه مه‌یدانی تێکۆشانی ئێمه
له زۆر بواردا به‌رته‌سک ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام به‌پێی توانا ئه‌و کاره‌مان کردوه
و درێژه‌ی ده‌ده‌ین.
پ: له هه‌ندێک شوێنی کوردستانی ئێران، کورد و ئازه‌ری پێکه‌وه‌ن و له دراوسێتیی
یه‌کتردا ده‌ژین. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران چ پڕۆژه‌یه‌کی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی
له‌و شوێنانه کورد و ئازه‌ری به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتییانه پێکه‌وه بژین؟
و: کورد و تورک به‌درێژایی سه‌دان ساڵ له به‌شێک له شوێنه نیشته‌جێکانی خۆیان دا
پێکه‌وه ژیاون. له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر بیره‌وه‌ریی تاڵ و شیرینیان پێکه‌وه هه‌یه.
پێویسته به ده‌رس وه‌رگرتن له هه‌موو ئه‌و بیره‌وه‌رییانه هه‌ردووک لا بیر له
پێکه‌وه ژیانی ئاشتییانه و شارستانییانه بکه‌نه‌وه.
حیزبی دێمۆکرات له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌میشه بیری له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م شێوه ژیانه
بۆ ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ی کردۆته‌وه و ڕێگاچاره‌ی ناکۆکییه‌کانی ده‌ست نیشان
کردون. نموونه‌ی باش و سه‌رکه‌وتوو له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئه‌و یاسایانه بوون که له
کاتی کۆماری کوردستان و حکوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان ڕه‌فتاریان پێده‌کرا. ده‌بێ
له داهاتووش دا به هاوکاریی تورکه‌کانی ئازه‌ربایجان له‌و باره‌وه به‌رنامه‌یه‌کی
پێشکه‌وتوومان هه‌بێ.
پ: نامه‌یه‌ک که دوکتۆر عه‌لیڕه‌زا نه‌زمیی ئه‌فشار بۆ به‌ڕێزتانی نووسیوه و ئێوه‌ش
وه‌ڵامتان داوه‌ته‌وه، هه‌ندێک پرسیار و باسی هێناوه‌ته پێش. قسه ئه‌وه‌یه
ناوبراو له نامه‌که‌ی دا بێحورمه‌تیی به سمکۆی شکاک کردوه و له‌وه‌ش زیاتر
ئاماده نیه ڕاستییه‌کان قبووڵ بکا. جا که وایه چۆن ده‌بوایه به‌ڕێزتان وه‌ڵامی
بده‌نه‌وه؟ بۆ ده‌بێ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ناسیۆنالیزمی ئازه‌ری دیالۆگ بکه‌ین؟
و: به‌دوای وتوێژێک که ئه‌و کات له ڕۆژنامه‌ی "کوردستان" پێک هاتبوو، ته‌حریکاتێکی
زۆر له نێوان تورکه‌کانی ئازه‌ری و توندره‌و دژی کورده‌کانی ئه‌و ئوستانه پێک هات.
دوکتور نه‌زمیی ئه‌فشار که پێوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی له‌گه‌ڵ حیزبی دێمۆکرات و خۆم هه‌یه،
ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ من نووسی و منیش وڵامم بۆ نووسێوه و ده‌بوایه هه‌ر واش بایه.
له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌و وه ڵامه‌که‌ی پێویسته بڵێم:
یه‌که‌م ئه‌و نامانه تایبه‌تی بوون و نه‌ده‌بوایه بڵاو بکرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش که
دوکتور نه‌زمیی ئه‌فشار بڵاوی کردوونه‌ته‌وه، کارێکی به‌جێ نیه.
دووهه‌م: ئه‌وه که نامه‌که‌ی من به مه‌به‌ستی ئارام کردنه‌وه‌ی وه‌زعه كه بووه
و نه‌مویستوه بچمه سه‌ر یه‌ک یه‌کی ئه‌و خاڵانه‌ی که له نامه‌ی لایه‌نی دیکه‌دا
هاتون، ئه‌وه‌ش قه‌ت به‌و مانایه نیه که من خاڵ به خاڵی نامه‌که‌م قبووڵ کردبێ،
هه‌روه‌کوو ئه‌و و تورکه‌کانی دیکه‌ش بۆچوونیان له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له وه‌ک ئێمه
نیه. بۆیه ئێمه ناتوانین و ناکرێ به‌وان بسه‌لمێنین که سمکۆ پیاوێکی نیشتمانپه‌روه‌ر
بووه و ئه‌وانیش ناتوانن به ئێمه‌ی بسه‌لمێنن که سمکۆ چه‌ته بووه. به‌ڵکوو
ئێمه ده‌توانین له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێکی هاوبه‌ش که به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لای تێدا
بێ له ئێستا و داهاتوو دا پێکه‌وه بژین و کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین. هونه‌ری
ئێمه وه‌ک حیزبی دێمۆکرات و هه‌موو کوردێکی واقیعبین که هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی
ده‌کا له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه هاوبه‌شانه دایه، ئه‌وه‌ش کارێکه زۆر گرنگ که
پێویستیی به کاتێکی زۆر و باس و وتوێژی درێژخایه‌ن هه‌یه و له کاتی خۆی دا ده‌بێ
بکرێ که ئێستا کاتی نیه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان له ئێران دا ده‌بێ وریا
بین که دوژمنی سه‌ره‌کیی خۆمان له‌بیر نه‌چێ که کۆماری ئیسلامییه و دوژمنی دیکه
بۆخۆمان دروست نه‌که‌ین، چونکه کاتێک که‌لێنێک بێته پێش، کۆماری ئیسلامی زۆر باش
به قازانجی خۆی که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرێ.
له‌و پێوه‌ندییه‌دا قسه‌ی من ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی نه‌که‌ین
زۆر هاسانه له ئورووپا دانیشین و چمان پێخۆش بێ، بیڵێین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ست به
به‌رپرسایه‌تی بکه‌ین، کاتێک قسه له مه‌سه‌له‌ی تورکه‌کان ده‌که‌ین بیر له وه‌زعی
خوشک و براکانمان که نیشته‌جێی ئازه‌ربایجانن ده‌که‌ینه‌وه. کورد و تورکه
توندئاژۆکان زۆریان ماڵوێرانی بۆ هه‌ردووک نه‌ته‌وه پێک هێناوه. به‌ڵام قسه‌ی من
وه‌ک سکرتێری گشتیی حیزب له‌گه‌ڵ قسه‌ی ئه‌و که‌سانه، فه‌رقی هه‌یه. چونکه من ده‌بێ
بۆ قازانجی گه‌له‌که‌م بیر بکه‌مه‌وه و قسه بکه‌م نه‌ک به ئاره‌زووی دڵم.
پ: ئه‌وه که جه‌نابتان وتووتانه ئێمه ده‌بێ پێکه‌وه به‌ئاشتی بژین و تێ کۆشین
له پرۆسه‌ی سه‌قامگیرکردن و په‌ره‌پێدانی دێمۆکراسیدا، مافه ره‌واکانی یه‌کتر
قبووڵ بکه‌ین و فۆرمی گونجاو و هاوچه‌رخ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بدۆزینه‌وه و که‌ڵک
له ئه‌زموونی وڵاته جۆراوجۆره‌کانی دیکه وه‌ربگرین، له‌لایه‌ن هه‌ندێک که‌سه‌وه
به به‌خشینی خاکی کوردستان به ئازه‌رییه‌کان لێک ده‌درێته‌وه. ده‌کرێ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه
زۆرتر ڕوون بکه‌نه‌وه که داخوا ئه‌و ته‌فسیره چۆن بۆ قسه‌کانی جه‌نابتان کراوه؟
مه‌به‌ستی ئێوه چییه؟ کاکڵی قسه‌کانی جه‌نابتان له‌و باره‌وه چییه؟
و: قسه‌کانی من به‌هیچ جۆر ته‌فسیرێکی وای لێ ناکرێ. ئه‌و که‌س یان که‌سانه‌ش ئه‌و
ته‌فسیره‌یان له قسه‌کانی من کردوه، نایانناسم و نازانم چه‌ند ساڵ بۆخۆیان له
ڕێگای کوردستان و کورد دا خه‌باتیان کردوه که ئێستا وا به هاسانی ئیتیهامی
کوردستانفرۆشی له که‌سێک ده‌ده‌ن که زیاتر له چاره‌گه سه‌ده‌یه‌که له‌و ڕێگایه‌دا
فیداکاریی ده‌کا؟
پ: له‌و شوێنانه‌ی که په‌یڕه‌وانی چه‌ند نه‌ته‌وه و دین و مه‌زهه‌ب به کو‌لتوور و
زمانی جیاواز پێکه‌وه ده‌ژین، باس له‌وه ده‌کرێ که پێویسته خه‌ڵکه‌که به
گیانی لێک حاڵی‌بوون، وه‌به‌رچاوگرتنی قازانج و به‌رژه‌ه‌ندییه ڕه‌واکانی یه‌کتر،
تۆلێرانسه، لێکحاڵیبوونی فه‌رهه‌نگی، پلۆرالیزمی فه‌رهه‌نگی، سیاسی و زمانی، پێکه‌وه
ژیانی به‌ئاشتی، ڕێزگرتن له بایه‌خه دێمۆکراتییه‌کان و مافه‌کانی مرۆڤ و پێداگۆگی
ئاشتیخوازانه په‌روه‌رده بکرێن. ئه‌زموونه‌کان ده‌ریان خستوه نه‌فی کردنه‌وه‌ی
که‌سێک، گه‌لێک، که‌مایه‌تییه‌ک... نه مومکینه و نه خێر‌و خۆشیشی به‌دواوه‌یه.
ئایا له‌و شوێنانه‌ی که کورد و ئازه‌ری پێکه‌وه ده‌ژین باشتر نیه مناڵه‌کان به‌وه
په‌روه‌رده بکه‌ین که داهاتووی هاوبه‌شیان هه‌یه، له جیاتی ئه‌وه که فێریان
که‌ین یه‌کتر نادیده بگرن؟
و: بێگومان ئێستا سه‌رده‌می دیتنه‌وه‌ی ڕێگای چاره‌سه‌ری گیروگرفته‌کان، دیالۆگ و
لێک حاڵی بوونه. ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌توانین دیالۆگ وه‌کوو کو‌لتوور بکه‌ینه کلیلی
کۆسپه‌کانمان و په‌نا به‌رینه به‌ر توندوتیژی، نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ تورک و باقیی نه‌ته‌وه‌کانی
دیکه که پێکه‌وه ده‌ژین ناتوانین له ئاسایش دا بژین، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ خۆشمان
ناتوانین پێکه‌وه بژین و ڕۆژبه‌ڕۆژ گرفته‌کانمان زیاتر ده‌بن. دیاره ئه‌وه بۆ
لایه‌نی دیکه‌ش ئه‌گه‌ر تورکی ئازه‌ربایجانی یان نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه بێ، ڕاسته. |
|
.:: ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بۆ هاوڕێکه‌تان
ئی‌مه‌یل بکه‌ن::. | |
| | | | |