کوردستان میدیا

چوارشەممه 31ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیه‌ندراوی هاوبەشی حیزبی دێمۆكرات و كۆمەڵە لەپێوەندیی زیندانیانی كوردی مانگرتوو لە توركیە

13:47 - 15 خەزەڵوەر 2712

كوردستان میدیا: كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران سەبارەت بە مانگرتووانی كورد لە زیندانەكانی توركیە راگەیه‌ندراوێكیان بڵاو كردەوە.


دەقی راگەیه‌ندراوەكە بەم چەشنەیە:


زیاتر لە ٥٠ رۆژە كۆمەڵێك لە زیندانیانی سیاسیی كورد لە زیندانەكانی توركیە بۆ دەستەبەر بوونی داخوازییەكانیان دەستیان داوەتە مانگرتن و بۆ پشتیوانی لە بەندكراوانی مانگرتوو كۆمەڵگای مەدەنی كوردستانی توركیاش ماوەی چەند رۆژێكە پەیوەست بەو چالاكییە بوون و ناڕەزایەتی جەماوەرییان بۆ پشتیوانی لە مانگرتووان رێكخستووە.
ئێمە پشتیوانی خۆمان لەمافە رەواكانی گەلی كورد لە كوردستانی توركیە و ئەو چالاكییە مەدەنیانە دەردەبڕین كە لە ئارادایە، هەروەها داوا لە حكوومەتی توركیە دەكەین چیتر داخوازی مانگرتووان پشتگوێ نەخات و داواكارین رێكخراوەكانی جیهانی ماڤی مرۆڤ لەم راستایەدا هەڵویستی بە كردەوە لە خۆیان نیشان بدەن و ئەركی ئینسانی خۆیان بە جێ بگەیەنن. لەم بارودۆخەدا بە گونجاوی دەزانین هەموو ئەو لایەنانەی بواری خەباتی مەدەنی‌یان بۆ ئاواڵەیە لە رێگای ئاشتی ودیموكراسیەوە یارمەتیدەری چارەسەر كردنی كێشە سیاسیی و نەتەوەییەكان بن.
بێگومان هەبوون و كەڵك وەرگرتن لە فەزای سیاسیی كراوە باشترین رێگەیە بۆ مسۆگەر كردنی مافە رەواكانی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی
٥ی نوامبری ٢٠١٢ زایینی