کوردستان میدیا

چوارشەممه 31ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سینەماکارێکی کورد خەڵاتەکەی خۆی پێشکەشی منداڵانی کوردی ئیزەدی کرد

22:04 - 9 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: سینەماکارێکی کورد، گەورەترین خەڵاتی فستیڤاڵی ئاماندای نۆڕوێژی بەدەستهێنا و ئەو خەڵاتەی پێشکەش بە منداڵانی کوردی ئیزەدی کرد.
به پێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مەمەد ئەكتاش سیناریۆنووس و هیشام زەمان دەرهێنەری فیلمی سینەمایی نامەیەك بۆ پاشا، گەورەترین خەڵاتی فستیڤاڵی ئاماندای (AMANDA) نۆروێژیان بەدەستهێنا و خەڵاتەكەیان پێشكەش بە منداڵانی كوردی ئیزەدی كرد، كە لە چیای شنگال گیانی خۆیان لەدەست ‌داوە.

10111.jpg
مەمەد ئەكتاش سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی نامەیەك بۆ پاشا

لە رێوڕەسمی كۆتایی ئەم فستیڤاڵە ساڵانەیەدا لە بەشە جۆراوجۆرەكانی باشترین فیلمی سینەمایی، باشترین ئەكتەری ژن و پیاو، باشترین فیلمی نۆروێژی، باشترین دەرهێنان، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین دكیۆمێنتاری، باشترین كورتە فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین وێنەگرتن، باشترین دیمەنە تایبەتەكان، باشترین موزیك، باشترین دیزاینی دەنگ، باشترین دیزاینی سەحنە و باشترین فیلمی بیانی، خەڵات بەسەر هونەرمەندانی سەركەوتوو دابەشكرا.

لە رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فستیڤاڵەدا، کەلە شاری هاوگسۆن بەڕێوەچوو، مەمەد ئەكتاش سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی نامەیەك بۆ پاشا پاش وەرگرتنی گەورەترین خەڵاتی فستیڤاڵەکە کە بە ئۆسکاری وڵاتی نۆروێژ ناسراوە، خەڵاتەکەی پێشكەش بە منداڵانی كوردی ئیزەدی کرد كە لە چیای شنگاڵ گیانی خۆیان‌ لەدەست داوە.

فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاماندا بە نمایشی كۆمەڵێك فیلم لە چەندین بەشی پێشبڕكێی لە رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژ دەستی پێکرد و تا ٣١ی ئەو مانگە درێژەی کێشا.

پێشتریش فیلمی سینەمایی نامەیەك بۆ پاشا لە دەرهێنانی هیشام زەمان لە فستیڤاڵی فیلمی یۆتۆبۆری وڵاتی سوید، خەڵاتی باشترین فیلمی باكووری ئورووپای بەدەستهێنابوو.