کوردستان میدیا

سێشەممه 30ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەریی فەرمیی ڕێژیم بێزاریی خۆی بە نیسبەت سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی

21:34 - 19 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ئیرنا، هەواڵدەریی فەرمیی ڕێژیمی ئێران، لە وتارێکدا لەژێرناوی بارزانی لە تورکیە بەشوێن چیەوەیە؟، مەسعوود بارزانیی بە پیاوی شەڕواڵ کوردی پۆشی باکووری عێراق ناو بردووە.

ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم نووسیویە :پیاوی شەڕواڵ کوردی پۆشی باکووری عێراق، حەوتووی ڕابردوو لە سەفەری کێشە خوڵقێنی عەرەبستان و ئیمارات گەڕایەوە و دوو ڕۆژ دواتر، هێزە نیزامییەکانی تورکیە هاتنە باکووری عێراق. ئێستا، بەبێ ئەوەی ئامانجە نهێنییەکانی ئەو سەفەرە ڕوون بێتەوە، لەحاڵێکدا چووە بۆ تورکیە کە ئامانجەکانی ئەو سەردانەشی بەڕوونی دیار نیە؟

ئیرنا دەڵێ؛ بارزانی لە بواری ئیدارییەوە، بەبڕوای هەموو حیزبە کوردییەکانی باکووری عیراق، خاوەنی هیچ پۆستێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیە.

ئەو هەواڵدەرییە فەرمییەی ڕێژیم دەڵێ:بارزانی لە لایەن زۆربەی کەسایەتی و حیزبەکانی عێراقەوە بە هێنانی سوپای تورکیە بۆ ناو خاکی عێراق تاوانبارە و ئاماژەی بە لێدوانەکانی داودئۆغڵو سەرۆک وەزیرانی تورکیە کردووە کە وتوویە، گەڕاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیە لە عێراق، بە ڕەزامەندیی بارزانییەوە گرێدراوە.

خاتوو ئینتسار ئەلعریباوی ئەندامی بەرەی دەوڵەتی یاسا لە پەرلمانی عێراق ئیدعای کردووە کە ئامانجی ئەم سەفەرە بە تەواوی تاکەکەسییە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاندووە کە مەسعوود بارزانی بەدوای وەرگرتنی پشتگیریی تورکەکانەوەیە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لە داهاتوودا.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، دژکردەوەی نیشان داوە و بەردەوام نیگەرانیی خۆی بە نیسبەت سەربەخۆیی کوردستان لە عێراق دەربڕیوە.

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەفەرەکانیدا بۆ وڵاتانی ناوچە و جیهان، بەردەوام باسی لە سەربەخۆیی کوردستان کردووە و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە نێو دڵی داگیرکەرانی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا.

12808.jpg