کوردستان میدیا

سێشەممه 30ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\'\'وەرزی کەرکەدەن\'\' لە فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن نمایش کرا

14:05 - 2 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی \'\'وەرزی کەرکەدەن\'\' لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی و هەروەها فیلمی سینەمایی \'\'سەبارەت بە ١١١ کچ\'\'، لە هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن نمایش کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فیلمی سینەمایی \'\'وەرزی کەرکەدەن\'\' دوایین بەرهەمی بڵندی بەهمەن قوبادی سینەماکاری کورد و بە رۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری سینەمای جیهان مۆنیکا بەلووچی، رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی لە میانەی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە سینەماکانی \'\'هاکنی پیکچێرهاوس\'\' و \'\'ویستبۆرن ستۆدیۆز\'\' لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا نمایش کرا.
\'\'وەرزی کەرکەدەن\'\' کە لەلایەن کۆمپانیای \'\'مژ فیلم\'\' لە ئاستی دنیادا بڵاودەکرێتەوە و هەتا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی گرینگ لە ئاستی جیهاندا نمایش کراوە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە لە دوایین بەشداریی نێونەتەوەییدا بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەشی \'\'تەرکیز لەسەر فیلمە کوردییەکان\'\' لە میانەی چل و هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کارڵۆڤی ڤاری لە شوێنەکانی لازینەی ٣، تیئاتری کارڵۆڤی ڤاری و سینەما کاسی شاری کاڕڵۆڤی ڤاری لە وڵاتی چیک نمایش کرا.
هەروەها فیلمی سینەمایی \'\'سەبارەت بە ١١١ کچ\'\' لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی کورد ناهید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر لە میانەی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن لە سینەماکانی \'\'هاکنی پیکچێرهاوس و ویستبۆرن ستۆدیۆز\'\' لە شاری لەندەن لە پایتەختی وڵاتی بریتانیا نمایش کرا.