کوردستان میدیا

سێشەممه 30ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی مستەفا هیجری بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە

18:08 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی لە موسڵمانانی جیهان، بەتایبەت خەڵکی کوردستانی ئێران کرد.

دەقی پەیامەکە:

جەژنی ڕەمەزانتان پیرۆز

بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان، جەژنی موسڵمانانی جیهان، پیرۆزبایی گەرمی خۆم پێشکەش بە هەموو موسڵمانان، بەتایبەت خۆشک و برا موسڵمانەکانم لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەم. ئاواتمە ڕۆژانی جەژن و هەموو ڕۆژانی دیکەی تەمەنی هاونیشتمانییانم پڕ بێ لە خۆشی، ئاشتی، تەبایی و بەختەوەری.

بێگومان ئەو ئاواتەش بە نەمانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بێتە دی، چوونکە ئەم ڕێژیمە بۆ ماوەی نزیک بە چوار دەیەیە کە دەستی بە سەر نان و  ئازادیی هەموو نەتەوەکانی ئێراندا گرتووە و سووکایەتی بە کەرامەت و کولتووری نەتەوەکەمانی کردووە و هەموو خەڵکی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کوردی لەو بەشە، لە هەموو مافەکانی بێبەش کردووە.

ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە ئیرادەیەکی یەکگرتووانە هەیە، بۆ ئەوەی ئەم دەستە کورت بکەینەوە و بەدیهێنەری جەژنی ڕزگاریی بین.

جەژنی ڕەمەزانتان پیرۆز و هاندەر بێ بۆ خەبات لە ڕێگای جەژنی ڕزگاری

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٧