کوردستان میدیا

سێشەممه 23ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵالەی "شه‌بابـ"ـی‌ ڕێژیم له‌ قوتابخانه‌كاندا

13:18 - 10 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خەڵکدا گەڵاڵەی "شەباب" لە قوتابخانەکاندا بەڕێوە دەبات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاندووە، ماوه‌یه‌كه‌ گەڵاڵەیەک له ‌لایه‌ن سپای‌ پاسدارانی‌ رێژیمه‌وه‌ به‌ ناوی‌ گەڵاڵەی "شه‌باب" له‌ قوتابخانه‌كان جێبه‌جێ‌ دەکرێت.

 ئه‌م گەڵاڵەیە بریتییه‌ له‌وه‌ی،‌ كه‌ سیستمێكی‌ كامپیۆتێری‌ پێشكه‌وتوویان بۆ قوتابخانه‌كان دابین كردووه‌‌ و به‌رنامه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ به ‌ناوی‌ "شەبابـ"ـیان له‌سه‌ر كامپیۆتێره‌كان داناوه‌‌ و "كه‌یسـ"ـی‌ كامپیۆتێره‌كانیش پلۆمپی‌ تایبه‌ت کراون و كه‌س بۆی‌ نییه‌ ده‌ستكاری‌ ئه‌و كه‌یسانە‌ بكات.

هەروەها به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیشیان ناچار كردووه،‌ كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ ئینتێرنێتی ‌‌و كامپیۆتێری‌ به‌رنامه‌ی‌ "شەباب" به‌كار بێنن.

مامۆستایه‌كی‌ قوتابخانه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی‌ ئاشكرا بکرێت، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕاگەیاندووە:‌ "كه‌ ئه‌گه‌رچی‌ ڕێژیم له‌ ڕاگه‌یه‌ندنە‌كانی‌ خۆیدا ئه‌و كاره‌ی‌ بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی‌ كاروباری‌ خوێندن ‌و په‌روه‌رده‌‌ له‌ قوتابخانه‌كاندا گەڕاندووەتەوە، به‌ڵام ئارم ‌و پلۆمپی‌ سپای‌ پاسدارانی‌ ڕێژیم ‌و ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ سپا بۆ به‌كاربردنی‌ ئه‌و پڕۆگرامه‌، ده‌رخه‌ری‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ ته‌نیا بۆ سیخوڕییه‌‌ و پلۆمپكردنی‌ كه‌یسه‌كانە، بۆ ئه‌وه مەبەستە‌ له‌وانه‌یه‌ كۆمه‌ڵێک ده‌زگایان له‌وێ‌ دانابێ،‌ كه‌ جگه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان، ڕاسته‌وخۆ هه‌موو ده‌نگه‌كانی‌ ئه‌و ده‌ورووبه‌ره‌ش بگوازێته‌وه‌ بۆ سپای‌ پاسداران‌ و گوێی‌ لێ‌ بگرن".

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کردووە،  پێش له‌وه‌ی‌ ئه‌و كامپیۆتێرانە‌ له‌ لایه‌ن ڕێژیمه‌وه‌ لە قوتابخانەکان دابنرێ‌ قوتابخانه‌كان لە جیاتی‌ "ئینتێرنێت"، "ئینترانێتـ"ـی‌ هه‌بوو. جیاوازییه‌كه‌یان له‌وەدایه‌ كه‌ به‌ "ئینترانێت" ته‌نیا ماڵپه‌ڕه‌ نێوخۆیییه‌كانی‌ ئێران ده‌كرێته‌وه‌‌، به‌ڵام به‌ "ئینترنێت" هه‌موو ماڵپه‌ڕێك ده‌كرێته‌وه.

ئێستا كه‌ به‌م سیستمه‌ تازه‌ی‌ ڕێژیم "ئینترنێتـ"ـی‌ به‌هێزیش ڕاكێشراوه ‌‌و مامۆستاكان ده‌توانن كه‌ڵكی‌ لێ وه‌ربگرن، ئه‌گه‌ری‌ سیخوڕی ‌‌و چاوه‌دێریی بەسەر‌ مامۆستاكانیش زۆر به‌هێزه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ له‌ درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا وتی‌: "تكایه‌ مامۆستاكان له‌و پیلانه‌ی‌ ڕێژیم ئاگادار بن، با نه‌كه‌ونه‌ داوی‌ ڕێژیم ‌و له‌ به‌كاربردنی‌ ئینتێرنێتی‌ ڕێژیم زۆر ئاگادار بن ‌و به‌ مۆبایل‌ و كامپیۆتێری‌ شه‌خسییه‌وه‌ پێوە وەسڵ‌ نەبن، هەتا زانیارییه‌كانیان بۆ ڕێژیم نه‌گوازرێتەوە‌".