کوردستان میدیا

چوارشەممه 31ی گەلاوێژ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە لە وڵاتی نۆروێژ بەرز ڕاگیرا

23:50 - 22 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستانەوە ڕێوڕەسمێک لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ئۆسلۆ لە وڵاتی نۆرویژ، بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان و بەتایبەت یەکەم سەرکۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد، لە ناوەندی قازی کۆڕیادێکی بەڕێوە برد.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و پاشان خۆلەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەیی کورد دەستی پێکرد.

دواتر پەخشانێک لە لایەن سمکۆ بێکەسەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ٧ مۆم بە نیشانەی ٧٠ ساڵەی لەسێدارەدانی پێشەوا و هاورێیانی، لە لایەن ئامینە شاتری وەک دایکی شەهید و ئیبراهیم لاجانی وەک کوڕی شەهید داگیرسێندرا.

پاشان ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدان لە لایەن شەمسەدین فەرامەرزی، ئەندامی کۆمیتە ناوچەی ئۆسلۆ پێشکەش کرا.

دواتر بابەتێکی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدان و بەرپرسیارەتی درێژەدەرانی ڕێگای شەهیدان لە لایەن بەڕێز عەبدوڵڵا حیجابەوە پێشکەش کرا.

شایانی باسە بەشداران بە سەرنج و تێبینی خۆیان سمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا پێشانگای وێنەی شەهیدان لە لایەن بەشدارانەوە کرایەوە.

دواتر باسێک لە سەر لیستی شەهیدان لە لایەن ساڵح وەلیزادە وەک بەرپرسی تەشکیلاتی گشتی لە کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نۆرویژ پێشکەش کرا.

هەروەها لەوحی ڕێزلێنان لە بنەماڵەی شەهیدان، لەلایەن عەباس نامی، بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ئۆسلۆ پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرا.