کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: باس لە تەمامییەتی ئەرزی دژایەتیی جەوهەریی لەگەڵ ڕوحی شۆڕشی ژینا هەیە

15:58 - 16 رەشەمه 2722

ئاماژە: بەرنامەی "کندوکاو"ی بەشی مێدیایی شوڕای مودیریییەتی گوزار بۆ باس و تاوتوێی دوورەدیمەنەکانی هاوپەیمانیی سیاسی بۆ داهاتووی ئێران وتووێژێکی لەگەڵ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حوسێن شەریعەتمەداری، دەبیری شوڕای مودیرییەتی گوزار پێک هێنا. لەو وتووێژدا وتەبێژی حیزبی دێموکرات خوێندنەوە و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی لە بارەی پرسە سیاسییەکانی ڕۆژەڤی ئێران شی کردەوە. "کوردستان" پوختەی چەند بەشێک لە قسەکانی کاک خالید عەزیزی لەو دیمانەیەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ئێران لەئارا دایە، بەرپرسایەتییەکی مێژوویی دەخاتە ئەستۆی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەموو تاکەکان. ئەمن ئارەزووم دەکرد لەنێو دڵی ئەو جووڵانەوە بەرینەی خەڵک لە نێوخۆدا و بە هاوکاریی هەمەلایەنەی هەموو لایەنەکان ڕێبەرییەک دروست ببا، بەڵام بەداخەوە نیزامی سەرەڕۆ و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی بەپێی سروشتی ئەو دەسەڵاتە هیچ ڕۆچنەیەکی بۆ ئەو ئامانج و مەبەستە ژیانەکییە نەهێشتۆتەوە. بۆیە بەپرسایەتیی دروست‌کردنی ئەو ئاڵترناتیڤە کە چۆن بێت و چی بکات وەک ئەرکێک لەسەر شانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنە.

ئەمن پێم‌وایە ساغبوونەوە لەسەر جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی کردەنییە، هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە زۆرینەی زۆری خەڵکی ئێران ئەو ڕێژیمەیان ناوێت. بەڵام لە هەمان کاتدا پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە لەبری ئەو ڕێژیمە چ جۆرە نیزامێکی سیاسی بێتە سەر کار؟ بزووتنەوەی ئێستاش هەڵگری کۆمەڵێک پەیامە بە بنەڕەتێکی گشتییەوە کە ئیستبداد و ناوەندگەرێتی دەبێ نەمێنێ و دێموکراسی جێی بگرێتەوە. بۆچی ئیستبداد نەمێنێ؟ چونکی دێموکراسیی نەهیشتووە. بۆچی ناوەندگەرێتی نەمێنێ؟ چونکی هەتا ئێستا مافی هاوبەشی و بەشداریی لە ئەوانیدی زەوت کردووە. بۆچی دێموکراسی پێویستە، چونکی خەڵکی ئێران لەسۆنگەی چەند سەدە دەسەڵاتی پاشایەتی و دەیان ساڵ نیزامی سیاسیی دینییەوە لە مافە مەدەنی و دێموکراتیکەکانی بێبەش کراوە.

پەیامێکی دیکەی شۆڕشی ژینا ئەوەیە وڵات دەبێ بەپێی بنەماکانی ڕێککەوتنێکی زۆر دێموکراتیک و هەمەلایەنەی نێوان حیزب و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی ئێرانی فرەنەتەوە دابڕێژرێتەوە. پەیامێکی دیکەی ئەوەیە کە خەڵک نایانەوێ چیدی کۆماری ئیسلامی لەلایەک بەبارمتەیان بگرێت و وەک کارتێک بۆ پڕۆژە ئەتومی و مووشەکییەکانی بەکاریان بێنێت و، لەلایەکی دی چی سەروەت و سامانی خەڵکە لە دەستێوەردانە بیانییەکانی ڕێژیم و خەرجکردن بۆ میلیشاکانی بەفیڕو بدرێت. بەمجۆرە پەیامەکە بەڕوونی پێمان دەڵێ نیزامی سیاسیی دواتر (حکوومەتی جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی) دەبێ لە کڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکەوە بڕوانێتە پێوەندییە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان.

پەیامێکی دیکەی شۆڕش ڕوو بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە کە پرسەکانی ئێران تەنیا لە پڕۆژە ئەتومییەکانی ڕێژیمدا قەتیس مەکەن، هەروەها ئەوە کە هەتا ئەو ڕێژیمە بەهێزتر بێت، لاسارتر و سەرەڕۆتر دەبێ و بۆ متمانەپێکردن نابێت. پەیامێکی دیکەش ئەوەیە خەڵک لە نێوخۆی وڵات پێچەوانەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە خۆیان سەرقاڵی چەمکەکان و بابەتە ئیدئۆلۆژیکییەکانیان کردووە، یەکگر و هاوئامانجن. ئاکامگیری لە هەموو ئەو فاکتەرانەش پێمان دەڵێن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوات.

ئێستا کە بەخۆشییەوە کوڕاییەکی ڕێژەیی لەسەر تێپەڕین لە کۆماری دروست بووە، ئەوە ئەرکی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و کەسایەتییە دەروەستەکانە بە سەرنجدان بەو بنەڕەت و پەیامانەی باس کران، قۆڵ لە دروستکردنی ئاڵترناتیڤ هەڵماڵن. لە ڕوانگەی ئێمە ئەو ئاڵترناتیڤە دەبێ لەخۆگری هەموو ئەو پەیام و دروشم و خواستانە بێت کە لە دڵی بزووتنەوەکەوە هەڵقوڵیون و بە گوێی ئێمەیان دادەدەن. وەرگرتنی ئەو پەیامانە زۆر گرینگە. لە نێوخۆی وڵات و لە خۆپێشاندانەکاندا باسێک لە تەمامییەتی ئەرزی و جیاییخوازی نەبووە و نییە و ئەو باسانە هەر لەجێدا هەڵەن و دژایەتییان لەگەڵ جەوهەری خەباتی خەڵکانی ئێران هەیە.

دروستکردنی ئەم ئاڵترناتیڤە وەک گوتم کردەنییە. چونکی بێتوو ئیرادەی ئەو کارەمان هەبێت، خاڵی هاوبەشمان زۆر زیاتر لەو خاڵانەیە کە لێکمان دادەبڕن. ئەم کارە دەستپێشخەرییەکی پێویستە. بەخۆشییەوە کەم نین ئەو ڕەوت و لایەنانەی باوەڕیان بە دێموکراسی، دابەشکردنی دەسەڵات، جیایی دین لە حکوومەت و مافە مەدەنییەکانی جیهانداگر بۆ هەمووان هەیە و ناشیانەوێ نە کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بمێنێ و نە نیزامی پاشایەتی بۆ وڵات بگەڕێتەوە. بۆیە بەپێی ئەو چاوەڕوانییەی لە نێوخۆوە لەسەرمانە، ڕاستە وەدرەنگ کەوتووین، بەڵام ئەو باس و خواسانە یارمەتیدەرمانن بۆ تێگەیشتنێکی هاوبەش و سەقامگرتوو. ئەوەندەش کە بۆ حیزبی دێموکرات و پرسی کورد دەگەڕێتەوە، ئێمە لەسەر ئەو بەها و بایەخانەی باسیان کرا هەین و دەیان ساڵیشە خەباتیان لەپێناودا دەکەین و خوێنیان بۆ دەدەین. ئامادەین بە ئیعتباری بزووتنەوەی سیاسیی کورد و ئەو متمانەیەی خەڵکی کوردستان بە ئێمەیان بەخشیوە، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکەوینە دانوستان و ڕێککەوتن.

بابەتێکی دیکەی پێوەندیدار بە داهاتووی ئێرانی فرەنەتەوە و فرەباوەڕی ئایینی و جۆراوجۆرییەکان ئەوەیە خەڵک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، سینفی و مەدەنییەکاندا ڕێک بخرێن. چالاکیی هەموو کەسایەتییە مونفەرید و سێلێبریتییەکان کە دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن جێی ڕێزە. ئێمە بە خەبات و ڕۆڵی هەموو هونەرمەند، دەرهێنەر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسان و... کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت ٥-٦ مانگی شۆڕشی ژینادا تێکۆشاون دەزانین؛ بەڵام لە پڕۆسەی ئاڵترناتیڤ‌سازیدا خەڵکی ئێران  دەبێ فێر ببن کە بەڕێکخراو بن و ڕێکخراوتەوەر بن و بۆ ئەوەش ئێمە دەبێ یارمەتیدەر بین. کۆمەڵگە ناکرێ هەتاهەتایە تاک‌تەوەر و سێلێبریتی‌تەور بێت، ئەوە حیزبە سیاسی و ڕێکخراوەکانن کە ئەرک‌وەخۆگرن و پتر شان وەبەر بەرپرسایەتی دەدەن و دێموکراسیی داهاتووی کۆمەڵگەی ئێران دەبێ ڕێکخراوتەوەر بێت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی ٨٤٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.