کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە یەک‌ساڵەی شۆڕشی ژینادا: ئەم ڕێژیمە دەبێ بڕوا و نیزامێکی گەلی و دێموکرات جێگەی بگرێتەوە

09:45 - 22 خەرمانان 2723

(پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا)

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

گەلانی ئازادیخوازی ئێران!

وڵاتان و کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان!

٢٥ی خەرمانان، ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، کچەکوردی خەڵکی شاری سەقزە کە شەهیدکرانەکەی بە دەستی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەخماغەی گەورەترین ناڕەزایەتیی هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێ دا.

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە فەلسەفەی خەبات و دنیابینیی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوەی گرتبوو، نەک هەر زۆر زوو هەموو ئێرانی گرتەوە و خەڵکی بازاڕ و کاسبکار، قوتابی و خوێندکار و زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی بە مانگرتن و خۆپێشاندانەکان تەڤڵی ناڕەزایەتییەکان کرد، بەڵکوو لە ئاستی نێونەتەوەییشدا سەرنج و پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانی، وڵاتان و کۆڕوکۆمەڵە سیاسی، ڕووناکبیری و مافی مڕۆڤییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەم ڕاپەڕینە نەک هەر لە ڕووی مەیدانی و بەردرێژی و بەرفراوانیی کات و جوغرافیای ناڕەزایەتییەکان؛ بەڵکوو لە ڕووی پەیام و دنیابینیی و بەها و بایەخە شۆڕشگێرییەکانی تایبەت بە خۆشیەوە دەوڵەمەند بوو. ڕاپەڕینێک بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بە نێوەرۆکی پتر لە داخوازییە سینفی، پیشەیی، ڕەگەزی و کۆمەڵایەتییەکان بوو کە دروشمی ڕادیکاڵی تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامیی هەڵگرتبوو.

ڕاپەڕینی نوێی خەڵکی ئێران هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەت بەخۆی بوو. لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا دەرکەوت سامی خەڵک لە دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینی ڕێژیم شکاوە و ڕێژیم لە ڕووی ئایدۆلۆژی و گوتاری و ڕەواییی دەسەڵاتەوە بەتەواوی هەرەسی هێناوە. ژنان کە بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی سەرکوت کراون، بە بەشداری و پێشەنگایەتییان لە ناڕەزایەتییەکاندا و بە فڕێدان و بێ‌بایەخ‌کردنی حیجابی زۆرەملێ وەک کۆڵەکەی ئیدئۆلۆژیکیی ڕێژیم وێنایەکی بەبایەخیان لە پێگە و قورسایی خۆیان لە بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان پێشان دا. لاوان وەک داینەمۆی گۆڕانکارییەکان کە هەمیشە پەراوێز خراون و تووشی قەیرانی شوناس کراون، بە گوڕوتینەوە ئامادەی هەر گیانبازییەک بوون. یەکیەتی، یەکڕیزی، هاوپێوەندیی مرۆیی، نەتەوەیی، ئایینی و ئایینزایی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، ڕێژیمی پاش چل‌وچوار ساڵ سیاسەتی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتدا مایەپووچ کرد. هەروەها هەوڵدان بۆ وەسەریەک‌خستنی وزەی خەباتگێڕیی هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئێران لەپێناو پێکهێنانی بەرەیەکی تۆکمە و گشتگیر لەدژی کۆماری ئیسلامیدا؛ ئاسۆی سەرکەوتن بە سەر ڕێژیمی دیکتاتۆڕیی کۆماری ئیسلامییدا ڕوونتر کرد.

شۆڕشی ژینا بۆ هەمووانی دەرخست کە گەلانی ئێران ئیدی هیچ هیوایەکیان بە چاکسازی و گۆڕانکاری لە ڕێژیمدا نەماوە و ئەو قەناعەتە لەلای تەواوەتیی پێکهاتەکانی ئێران دروست بووە کە پاش چل‌وچوار ساڵ دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی کە ئاکامەکەی تەنیا کوشتاری ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی وڵات، سەرکوت و کۆت‌وبەندی هەمەلایەنە، وێرانی و پاشکەوتوویی وڵات لە ڕووی ئابووری و ژینگەیی و کەڵەکەبوونی سەدان قەیرانی سیاسی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی لەسەر یەکتری بووە؛ ئەم ڕێژیمە دەبێ بڕوا و نیزامێکی سیاسیی دێموکرات و گەلی جێگەی بگرێتەوە.

 

خەڵکی خەباتکاری ئێران!

بێگومان تێچووەکانی یەک‌ساڵی ڕابردووی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە داوای ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆیی خۆیان دەکەن قورس بوو. دەزگای سەرکوتی ڕێژیم بە سەدان خۆپێشاندەری ئازادیخوازی لەسەر شەقامەکان کوشت کە بەشێکی زۆر لەوان منداڵ بوون. بە هەزاران کەسی بە فیشەکی شەڕ بریندار کرد، بە دەیان هەزار کەسی خستە چاڵەڕەشەکان و، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەیان کەس لە بەندکراوان ستاند. ڕێژیم بەوەش نەوەستا و پەتی سێدارەی بۆ زۆر کەس لە بەندکراوانی خۆپێشاندانەکان هەڵخست، بە گازی شیمیایی هێرشی کردە سەر خوێندنگەکان و، بە زیادکردنی چەند هێندەی بوودجەی دەزگاکانی سەرکوت و داپڵۆسین گوشارە ئەمنیەتییەکانی بۆ سەر خەڵکی بازاڕ، کۆمەڵگەی مەدەنی و خوێندکاری و زانکۆکان چەندقات زیادتر کرد؛ کە ئێمە پێمان وایە هەموو ئەوانە نیشانەی زەبوونی و دەستەوەستانیی ڕێژیم لە هەمبەر ئیرادەی خەباتخوازیی خەڵکی ئێران‌دان.

 

کۆمەڵانی مافخوازی خەڵکی کوردستان!

کوردستان لە یەک‌ساڵی شۆڕشی ژینادا باری قورسی ئەو خەبات و خۆڕاگرییەی لەسەر شان بووە. ڕێژیم بەو ناسینەی لە خەسڵەتی شۆڕشگێڕیی جووڵانەوەی سیاسی و میللی-دێموکراتیکی کوردی هەیە و بەو ڕوانگە ئەمنیەتییەی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بۆ کوردستان و پرسی کورد و مافە ڕەواکانی کوردی هەبووە، زۆر تاوان و جینایەتی دیکەی لە کوردستان خوڵقاند. ڕێژیم بە میلیتاریزەکردنی پتر و سەرکوتی خوێناویتری خۆپێشاندانەکانی کوردستان و بە هێرشی مووشەکیی چەندجارە بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبە کوردییەکانی نیشتەجێ لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەک و، لەلایەکی دیکەش بە دانەوەپاڵی تۆمەتی جیاییخوازی لە کوردەکان و بوونی دەستی دەرەکی لە پشتی ناڕەزایەتییەکان ویستی هەم پاساو بۆ تاوان و جینایەتەکانی لە کوردستان بێنێتەوە و هەم بە بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران ئەو هاوپێوەندییە سەرانسەرییە سیاسی و مەعنەوییە پڕبایەخە کە لەنێوان کورد و نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی وڵاتدا دروست بووە، لەبار ببات. بەڵام سووربوونی حیزبی دێموکرات له‌سه‌ر سیاسەت و هەڵوێستی دروست و بەجێی لەپێشتڕدانانی به‌رده‌وامیی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له نێوخۆی وڵات، پێداگری له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی پاراستن و په‌ره‌پێدانی یه‌كگرتوویی و هاوخه‌باتیی خه‌ڵک له ئێران، بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە فۆڕم و شێوەی جۆراوجۆری سیاسی و مەدەنی و ئەو خۆڕاگری و شێلگیرییەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەت چالاکانی مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی ژینا نواندوویانە، پێشانی دایەوە کە کوردستان هەروا سەنگەری لەگیراننەهاتووە و، بزووتنەوە سیاسی-نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەکەی و خەڵکە ئازادیخواز و خەباتکارەکەی هەروا لەسەرپێ و چەقڵی چاوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.

 

هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی!

لە یەکەم ‌ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا جێی خۆیەتی ئاوڕێکیش لەو کەمایەسییانە بدەینەوە کە هەتا ئێستاش بە خاڵی لاوازی جووڵانەوەکە دادەنرێن. سەرەڕای ئەوەی خەباتی گشتگیری خەڵک لە نێوخۆی وڵات توانی ڕێژیم بەرەوڕووی گەورەترین قەیران و ئاستەنگی هەموو تەمەنی بکا، لەکاتێکدا لە سایەی دروشمی ئەوڕۆیی و پڕبایەخی "ژن، ژیان، ئازادی"دا مێژووی جووڵانەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دیارترین هاوپەیوەندیی نێوان نەتەوە جیاوازەکان و یەکگرتووییەکی سەرانسەریی ئەزموون کرد، لە کاتێکدا لە نێوخۆی ئێران هەموو تەکزەکان لەسەر یەکخستنی وزەی خەباتگێڕی بۆ بەچۆک‌داهێنانی تەواوەتیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو، لە کاتێکدا لەسەر شەقامەکان باسێک لە ناوەندگەرایی و تەواویەتیی ئەرزی و جیاییخوازی نەبوو و لە تەورێز و تاران دروشمی هاوپشتی بۆ کوردستان و بەلووچستان دەدران؛ بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات بەباشی و بەوەخت ئەو پەیامانەی وەرنەگرت. هەربۆیەش سەرەڕای هەوڵەکان، بەڵام لە یەک‌ساڵی ڕابردوودا، پرسی گرینگی پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێک بۆ جێگرتنەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە چارەنووسی ڕێژیم و سەرخستنی جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکدا دەبینێ، بەئاکام نەگەیشتوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی یەک‌ساڵی ڕابردووشدا لەسەر سیاسەتی هەمیشەیی خۆی کە هاندانی هێز و لایەن و کەسایەتییە خەباتکار و ئازادیخوازەکانی ئێران بۆ دیالۆگ و هاوکاری لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانی و بەرەیەکی گشتگیر بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە بەردەوام بووە. بنەما و پڕەنسیپەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ئەو ئامانجە بریتی بوون لە چێ‌بوونی نیزامێکی کۆماریی دێموکراتیک کە لەودا مافە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران دانی پێدا نرابێ و دابین بووبێ. حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو باوەڕە سیاسەتی کردوە کە ئێران وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە و خەڵکی ئەم وڵاتە بە ئەزموونکردنی دوو سیستەمی پاشایەتی و ئیستبدادی دینیی کۆماری ئیسلامی لە یەک سەدەی ڕابردوودا چیدی نایانهەوێ سەرەڕۆیی و ناوەندگەرایی لەهەر شکڵ و فۆڕمێکدا ئەویش پاش ئەو هەموو خەبات و خوێنە سەرهەڵبداتەوە. بۆیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بۆ هێنانەسەرکاری نیزامێکی کۆماری لەسەر بنەمای داننان بە ئێرانی فرەنەتەوە، دیمۆکراسی، دابەشکردنی دەسەڵات، ڕەتکردنەوەی ناوەندگەرایی و جیایی دین لە دەوڵەت لە ئێرانی داهاتوودا لە خەبات و تێکۆشانی خۆی بەردەوام بووە.

 

وڵاتانی دێموکرات و لایەنەکانی شوێندانەر لە کۆمەڵگەی جیهانی!

 جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لەگەڵ ئەوەدا بەهۆی خۆڕاگری و گیانبازیی خەڵک و پێداگریی ڕێژیم لەسەر سیاسەتی سەرکوت و حاشا زۆرترین تێچووی داوە و لەگەڵ ئەوەشدا کە باوەڕی گشتی وایە بە بەردەوامیی خەباتی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و یەکڕیزی و هاوئاهەنگی نێوان نەتەوەکان و، یەکگرتنی حیزب و لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکان کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا دێ؛ بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی پێویستە زۆر جددیتر دەنگی شۆڕشی گەلانی ئێران ببیسێ. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ هەتا ئێستا بۆی دەرکەوتبێ کە هەتا ئەو ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا بێ و بیهەوێ بەهێزتر بێت، لاسارتر و سەرەڕۆتر دەبێ و بۆ متمانەپێکردن نابێت. هەروەها ڕووخانی کۆماری ئیسلامی چەندە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێرانە، ئەوەندەش لە قازانجی کۆمەڵگەی جیهانییە. چونکی نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یارمەتیدەری سەقامگیری، ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و زەبرێکی گورچووبڕیشە لە پەیکەری تێرۆریزمی دەوڵەتی.

 

خەڵکی خەباتکاری کوردستان و سەرانسەری ئێران!

لە یەک‌ساڵەی شۆڕشی ژینادا ئەگەرچی وا دێتە بەرچاو کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا بە زەبری چەک و سەرکوتی خوێناوی و گوشاری هەمەلایەنە توانیویەتی شەقامەکان هێور بکاتەوە؛ یان لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا بە سازان و ئیمتیازدان و پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە بەتەمایە شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی بۆخۆی دەستەبەر بکاتەوە؛ بەڵام ئەو دۆخە ڕواڵەتی و کاتییە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کێشە و قەیرانە لەسەریەک کەڵەکەبووەکان لە ئێران نەک هەر لەجێی خۆیانن، بگرە زیاتریش بوون. حەقیقەت ئەوەیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجی ئێستادا ڕۆژبەڕۆژ پتر ترس و لاوازیی پێوە دیارە و لە لێواری هەرەس‌هێنانە. بەو وشیاری و تێگەیشتنەش کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ڕەوتی بەردەوامی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا پێی گەیشتوون و ئەو ئەزموونانەی لەسەریەکیان هەڵچنیوە، ئەم ڕێژیمە ماوەبەسەرچووە کە هیچ شەرعییەتێکی گەلیی نییە، چیدی ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدا. بەڵام ئەوەی ڕەوتی ڕووخانی ڕێژیم خێراتر دەکا، بەردەوامی لە ڕاپەڕین و ڕێکخستن و ئامانجدارترکردنی ناڕەزایەتییەکان و یەکگری و یەکخستنی وزەی خەباتکاریی خەڵک و هەموو هێزە سیاسییەکانی ئێرانە. بێگومان حیزبی دێموکرات، بزووتنەوەی سیاسیی کورد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەک لە ڕابردووشدا نیشانیان داوە، بۆ ئەو مەبەستە یەکگر و یەکدەنگ لەگەڵ هەموو گەلانی ئێران لە مەیدانی خەباتدا لە ڕیزەکانی پێشەوەن.

سڵاو لە یەکیەتی و هاوخەباتیی گەلانی ئێران!

بڕووخێ ڕێژیمی دیکتاتۆڕی کۆماری ئیسلامی

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوندی بەڕێوەبەری

٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ (١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٣)