کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قارەمان ناترسن بمرن!

22:07 - 2 رەزبەر 2723

برایم چووکەڵی

بەهار جارێکی دیکە دەرودەشتی بە کراسی سەوز داپۆشیبوو. داوێنی چیاکان‌ و جۆگە و جوێبار بە وەنەوشە و گوڵی ڕەنگاوڕەنگی بەهاری ڕازابۆوە. شەوان شنەی بەهاری و خوڕەی چەم‌‌ و، وێککەوتنی لک‌وپۆی داربییەکانی قەراغی چەم ‌و، بۆنی عەتری گوڵانی کوێستانانی تا ئاواییەکانی دوورتر دەبرد. ڕۆژانیش پاش ئەوەی چاوی خەواڵوو داوێنی خەوی ئاڵۆزی بەر دەدا، بناری چیا، دێمەکار و پێدەشت کە پۆل‌پۆل مەڕوماڵاتی پێوەر دەبوو، دواتر هەموو لە حەشیمەت ڕەش هەڵدەگەرا، هەر کەس بۆ کارێک ‌و هەریەکەی بۆ مەبەستێک. وەرزێران هەر کەس بۆ کاری خۆی، کیژان بۆ گوڵچنین ‌و ڕنینەوەی گژوگیای بەهاری ‌و، بە جوانی و بۆن‌وبەرامەی سروشت ئەوەندی دیکە دەگەشانەوە. بلوێری شوان‌ و خرینگەی بازنەی بێری‌ وەک دەنگیکی هەست‌بزوین تێکەڵی دیمەنی سەرنجڕاکێشی سرووشت دەبوو. بەفراوی بەفری قەد پاڵی زنجیرە کێوەکانی ناوچە، بە خوڕ بە جوگە و جوێبار‌ دادەگەڕان ‌و تێکەڵ بە ئاوی چلچەمە دەبوونەوە. لەوەها دیمەنێکدا گوندێکی خنجیلانە لە ناوچەی کەلاتەرزانی نیوان سنە و مەریوان‌ هەڵکەوتووە بە ناوی "بەڕوەر". لەو گوندە‌دا بنەماڵەیەک هەیە بە ناوی کاکەخانی. بنەماڵەیەک کە شەش ڕۆڵەی پێشکێش بە بارەگای ئازادی کردووە. هەگبەی "شۆڕش و شاخ"ی ئەم ژمارەیە باس لە ڕۆڵەیەکی ئەو بنەماڵەیە، شەهید مەحموود کاکەخانی دەکا.

شەهید مەحموود کاکەخانی ساڵی١٣٤٠ی هەتاوی لەدایک بوو. ئەو توانیی تەنیا هەتا ٥ی سەرەتایی بخوێنێ، بۆیە هه‌ر‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ كاری‌ وه‌رزێڕی ‌‌و جوتیاریی‌ له‌گه‌ڵ‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ ده‌ست پێ ‌كرد‌ و هەتا سه‌رده‌می‌ ڕووخانی‌ حكوومه‌تی‌ پاشایه‌تی‌ له‌نێو شه‌پۆلی‌ ژیانی‌ سه‌خت ‌و پڕ له‌ كوێره‌وه‌ریدا گه‌وره‌ بوو.

هاتنه‌سه‌ركاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی ‌‌و جینایه‌ته‌كانی‌ ئه‌و ڕێژیمه‌ له‌ كوردستان هەستی مەحموود کاکەخانیی ڕووشاندبوو. مەحموود لەگەڵ ئەوەی تازەلاو بوو، ئه‌و ڕاستییه‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ بۆ ڕوون ببۆوه‌ كه‌ کورد نەتەوەیەکی بندەست و خاکەکەی داگیر کراوە و تاکەڕێگاش خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگارییە.‌ ئەو سەرەتا وێڕای‌ براکانی خەباتی خۆیان لە ڕیزی سوپای ڕزگاری کە ئەوکات لەناوچەی مەریوان ‌و سنە بوون دەست پی کرد؛ بەڵام پاش ماوەیەک هەر شەش برای ئەو بنەماڵەیە بە بیرکردنەوەی قووڵ ڕێبازی سیاسیی خۆیان گۆڕی و ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتیان هەڵبژارد و لە هێزی شەریف‌زادە لە لکی شەهید محەممەدئەمین سۆفی‌پوور سازمان دران.

 مەحموود له ‌ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا به‌ كرده‌وه‌ نه‌ترسی ‌‌و بوێریی‌ خۆی‌ پێشان دا‌ و جێگای‌ خۆی‌ له‌نێو دڵی‌ هاوسه‌نگه‌رانیدا كرده‌وه‌. ئەو ئیمانێكی‌ پته‌وی‌ به‌ حیزب ‌و ڕێبازه‌كه‌ی‌ هه‌بوو و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر پله‌ی‌ زانیاریی‌ خۆی‌ دەبردە سه‌رێ بۆوەی باشتر خۆی‌ پێ ‌بگه‌یه‌نێ. نووسراوه‌كانی‌ حیزبی‌ به‌وردی‌ ده‌خوێنده‌وه‌‌ و له‌گه‌ڵ‌ هاوسه‌نگه‌رانیدا باس ‌و شیكردنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كردن.

مەحموود و براکانی لە ئازایەتیدا ناوبانگی دەرکردبوو. شەڕەکانی ناوچەی سنە، چەم‌شار، کەڵاتەرزان، لەیلاخ، ناوچەی حوسێن‌ئاوە، ساڕاڵ، سەرشیوی ‌مەریوان، شەڕی بەناوبانگی کۆڵ‌ و باینچوو و زۆربەی شەڕەکانی دیکەی ناوچە سنە و مەریوان نموونەیەکی بچووکن لە فیداکاریی مەحموود ‌و برا شەهیدەکانی. مەحموود بە هۆی لێزانی، ئازایەتی، فیداکاری‌، ئاكارجوانی و، به‌هۆی‌ كرده‌وه‌ی‌ شۆڕشگێڕانه ‌‌و ڕەوشتی جوان، دڵسۆزی‌‌ و له‌خۆبوردوویی‌ جێی‌ خۆی‌ له‌نێو دڵی‌ هاوسه‌نگه‌رانی ‌‌و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ كردبۆوه. لە مەیدانی کاری نیزامی ‌‌و جموجۆڵ‌ و عەمەلیاتی پارتیزانیدا گەڵاڵەداڕێژێکی بەتوانا بوو. جێبەجێکاری سیاسەت‌ و بڕیارەکانی حیزب بوو. بەنەزم ‌و دیسیپلین بوو. لە شەڕەکاندا فەرماندەرێکی ئازا و کارامە بوو، لە جەولە و کاروبارەکانی دیکەی ژیانی ئاسایی پێشمەرگانە‌دا، ورە و‌ هیوا و هۆمێدی بە هاوسەنگەرانی دەدا و جێگای متمانەیان بوو.

 ئەو تایبەتمەندییانە شەهید مەحموودیان وەک سیمایەکی بەوەج لە ڕیزەکانی هێزی شەریف‌زادە‌دا ناساند، بۆیە دواتر لەلایەن تەشکیلاتی حیزبەوە وەک فەرماندەری لکی شەهید مەحموودی کەڕەمی دیاری کرا کە تا کاتی شەهیدبوونی ئەو ئەرکەی بە ڕووسوورییەوە بەڕێوە برد. له‌و بەرپرسایەتییەدا زۆری‌ پێ ‌نه‌چوو كارامه‌یی ‌‌و  زیره‌كیی‌ ئه‌و بۆ هاوسه‌نگه‌رانی‌ زیاتر ده‌ركه‌وت.

تڕاژیدیی مێژوویی ئەوەیە کە بەداخەوە ئەو ٦ برایە لە ماوەی کەمتر لە ٤ ساڵدا گیانیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد و یەک لەدوای یەک شەهید بوون. بنەماڵەی کاکەخانی برینێکیان ساڕێژ نەدەبۆوە ڕۆڵەیەکی دیکەیان پێشکەش بە ڕێگای ڕزگاری دەکرد و سەرلەنوێ برینەکانیان دەکولانەوە. تەنانەت مەحموودی فەرماندە هێشتا چلەی برایەکی تەواو نەببوو کە ئەویش بەداخەوە شەهید بوو.

ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوەی سالی ١٣٦٣ی هەتاوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پەلاماری زێدی مەحموودی ‌دا. مەحموودی قارەمان وەک هەمیشە لە سەنگەری پێشەوە‌دا پیشمەرگەکانی ڕێنوینی دەکرد. پاش شه‌ڕێكی‌ قاره‌مانانه‌‌ و وه‌شاندنی‌ زه‌برێكی‌ قورس ‌و كاریگه‌ر له‌ دوژمن پاشەکشەیان پێ کردن، بەڵام لە کاتی ڕاونانی ‌هێزی دوژمن لە گوندی بەڕوەر بەداخەوە بە گوللەی دوژمن پێکرا. بەمجۆرە مەحموودی جوانەمەرگ گیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد و جارێکی دیکە بنەماڵەی کاکەخانی دڵیان برینی قورسی هەڵگرتەوە.

هەزاران سلاو لەو شەش برا قارەمانە، شەهیدان: مەحموود، شەریف ، سەلاح، عەلی، ئەحمەد و سەعید کاکەخانی‌ و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی نەتەوەکەمان.