کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێوان "شەڕ و نیوەشەڕ"دا

11:33 - 24 رەزبەر 2723

سمایل شەرەفی

دوای کاردانەوەی توندی کۆمەڵگەی جیهانی بەرانبەر بە پەلاماری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وڵامدانەوەی خێرا و توندی سەربازیی ئەم وڵاتە دژ بە حەماس، ساتە هەنگوینییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەمەنیان کورت و کورتر بوویەوە. خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پێداهەڵگوتن بە بەرەی مقاومەت و شان و پیل ماچکردنی پەلاماردەرانی سەر ئیسرائیل، ڕاشکاوانە هەوڵی دا شوێن‌پێی ڕێژیمەکەی لەم ڕووداوانە بسڕێتەوە و ڕیگەیاند ئەوەی ڕووی داوە کاری خودی فەلەستیینییەکانە. چونکی هەم ئیسرائیل و هەم بیروڕای گشتیی جیهانی دوای دیتنی لایەنی دژە مرۆیی ئەم پەلامارە، هیچ گومانێکیان نەبوو لەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشت ئەو ڕووداوانەوەیە و خودی بەرپرسانی ڕێژیمیش لە لێدوان و قسەکانیان‌دا بە "شانازییەوە" باسیان لە دەخاڵەت و دەستێوەردانانە کرد و ڕەفتاریان دەرخەری درووستبوونی ئەم زێهنیەتەیە.

ئێستا کە لە دە ڕۆژەی ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانە داین و ئیسرائیل بڕیاری لەسەر داگیرکردنی غەززە و وەشاندنی گورزی سەخت لە حەماس داوە و باس لە ئەگەری پڕیشک بەرکەوتنی ئێرانیش دەکرێ، چەند ڕۆژێکە تیمی دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی ئیڕان بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵاهیان،وەزیری دەرەوەی ئەم ڕێژیمە کەوتوونە خۆ و کار لەسەر "کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئالۆزییەکان" دەکەن. عەبدوڵلاهینان هەرچەند بە زمانی هەڕەشە و تەهدید، بەڵام هەموو هەوڵێکی ئەوەیە ئیجماعێلی ناوچەیی و نێونەتەوەیی بۆ کۆتاییهێنانی شەڕەکە یان لانیکەم، پێشگرتن لە ڕووخانی غەززە پێک بێ.

ئاستی وڵامدانەوەکانی ئیسرائیل بە هێرشەکەی حەماس، بەتایبەت قوربانیبوونی خەڵکی بێ‌دیفاعی غەززە و بەرکەوتنی بەربڵاوی ژنان و منداڵان کە هەم حەماس و هەم میدیاکانی ئێران زۆری مانۆڕ لەسەر دەدەن، تا ڕادەیەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتەی کە پێش بە درێژەکێشانی شەڕەکە و هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بیگیردرێ. کە ئەمەیان بەناچاری بە دڵی کۆماری ئیسلامی دەبێ، نەک لەبەر پێشگرتن لە چوونەسەری ئاماری قوربانیانی ئەم شەڕە و لێکەوتە مرۆییەکانی کە کۆماری ئیسلامی ئێران قەتی بۆ گرینگ نەبووە. وەک لە شەڕی چەند ساڵەی سووریەی ئەمساڵانە و ئاڵۆزییە دێریینەکانی نێوان فەلەستیینییەکان و ئیسرائیل‌دا قەتی بۆ گرینگ نەبووە. بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەم شەڕە درێژە بکێشێ، هیچ دوور نیە ئێران و کۆماری ئیسلامیی تێوەبگلێ کە ئاکامەکەی ڕوونە.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێی وانەبوو شەڕەکە تا ئەم ڕادەیە قوڵ و بەرین دەبێتەوە، بەهەڕەشەوە وا نیشان دەدات کە خوازیاری کۆتاییهێنان بەم شەڕەیە و لەو چەند ڕۆژەدا چ رەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیم و چ عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوە ڕایانگەیاندووە؛ "ئەگەر ئیسرائیل دەستبەرداری غەززە نەبێت، گۆڕەپانی شەڕەکە بەرین دەبێتەوە". یانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای هێزە نیابەتییەکانی خۆی لە ناوچەکە؛ لە باکوورەوە حیزبوڵڵا، لە ڕۆژهەڵاتی باشوورەوە حووسییەکانی یەمەن و لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە دەستوپێوەندییەکانی خۆی لە سووریە دژ بە ئیسرائیل دەجوڵێنێ و بە گشتی هەڕەشەی نانەوەی شەڕێکی لانیکەم ناوچەیی دەکات. ئەم هەڕەشانەی ئێران تەنیا ڕوویان لە ئیسرائیل نابێت، بەڵکوو زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانیان دەگرێتەوە.

بە پێی پلانەکانی ئیسرائیل کە بڕیاری لەسەر "لەنێوبردن"ی حەماس داوە و مەرامیەتی غەززە داگیر بکات، "بەرەی مقاومەت" لەبەردەم چارەنووسێکی ڕوون و دڵخوازدا نیە و ئەگەر ئەم پلانەی ئیسرائیل کاری لەسەر بکرێ و سەر بگرێت، ئاڵۆزییەکان بەرین دەبنەوە و شەڕەکە ئاراستەیەکی دیکەی ناوچەیی بەخۆوە دەگرێ کە بێ‌گومان نەتەنیا بە قازانجی کۆماری ئیسلامی ئێران نابێت، بەڵکوو مەترسییەکان زیاتر دەبن. ئەم ڕێژیمە لەنێوخۆی وڵات‌دا دۆخێکی دڵخوازی نیە و لەگەڵ بزووتنەوەییەکی بەرینی جەماوەری بەڕەوڕوویە کە هیچ دوور نیە لەئەگەری تێوەگلانی ڕێژیم لەم شەڕەدا بەڕووی‌دا بتەقێتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتێش لەگەڵ ئەوەی کرانەوەیەکی بەڕوودا کراوەتەوە و لەگەڵ دەوڵەتی بایدەن سرت و خورتێکیان هەیە، بەڵام ناسەقامگیر و لەرزۆکە. بۆیە شەڕی گەورە و بەرین لە ئێستادا لە قازانجی کۆماری ئیسلامی نیە.

هەوڵ و نیەتی کۆماری ئیسلامی نابێ وا لێک بدرێتەوە کە مادام خوازیاری بەرینبوونەوەی ئەم شەڕە نیە، لایەنگری سوڵح و ئارامی و سەقامگیرییە. ئەو ئیدیعایە بەهیچ شێوەیەک لەم ڕێژیمە نایەتەوە و ناوەشێتەوە. تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، کۆماری ئیسلامی بەو پشتیوانیانەی لە حەماس و تاقم و گرووپەکانی دیکەی ناوچەکەی دەکات، جیا لە قەیرانخوڵقێنی، شەڕنانەوە و هەناردەکردنی بیر و تێفکرینە داخراو و کۆنەپەرەستانەکەی خۆی شتێکی دیکەی مەبەست نەبووە و نیە. بەڵام لە هەر کوێ زانیبێتی پڕیشکی ئەم شەڕ و ئالۆزیانە خۆی دەگرێتەوە و هاوسەنگیی هاوکێشەکانی لێ‌تێکدەچێ، یان پاشەکشەی لێ کردوە یان هەوڵی گۆڕینی ئاراستەکانی داوە. بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران نایهەوێ شەڕی حەماس یان هەر هێز و لایەنێکی دیکە دژ بە ئیسرائیل کۆتایی پێ بێت و دەستبەرداری خەوڵ و خەیاڵی "سرێنەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی"یش نابێ. بەڵام قەوارەی ئەم شەڕانەی بۆ گرینگە کە بەرینایی و پانتاییەکەیان چەندە بێت کە هەم خۆی نەگرێتەوە و هەم کۆنتڕۆڵی لە دەستی خۆێ‌دا بێت.