کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوارچاکەکەی کۆسە و کەرێزە

15:36 - 1 سەرماوەز 2723

سوارچاکەکەی کۆسە و کەرێزە

(پێشکێش بە یاد و بیرەوەریی میلاد مەعرووفی)

 

عەلی بداغی

هەڕەتی پێگەیشتن و بەهاری دڵدارییەتی، بەڵام لە پاییزی نیشتماندا وڵات غەرقی ئاگر و خوێنە. نازدارحەیران و شۆڕەڵاوەکانی خاک و وڵات ڕاساون، دەست لەنێو دەستی یەکتری سروودی ئازادی دەڵێنەوە و بەگژ جەلادەکاندا دەچنەوە. ئامانج ڕوونە، داگرتنی خۆری ئازادی. ڕێگە و ڕێبازیش ڕوونە، خەبات لەپێناو نەتەوە و یەکسانی. ڕێبواڕەکان هەموو دیارن، کچ و کوڕانی ئەوینداری خاک و وڵات.

لە پاییزی ئاگر و خوێندا هەموو شتێک حەماسەیە. کوڕانی ئەویندار لە ژوانەکانی سەرشەقامدا بە شێعری ئاورینەوە مستەکانیان دەبنە پۆڵا و کچانی خاکی‌پۆش، جامانەلەسەر و هەوری لەبەر لەولاوە بەستەی شۆڕشگێڕییان بۆ دەستێننەوە... .

لە پاییزی ئاگر و خوێندا سوارچاکێک لە ڕیزەکانی پێشەوەیە. حەجمین و هەدادانی نییە و شەکەتی ناناسێت. ئەو "میلاد"ی لەدایکبووی خۆشەویستییە و لەنێو شەنگەسوارەکانی دیکەدا دێت و دەچێ. میلاد لە هەگبەکەی، توێشووی ئازایەتی و مەزنایەتی دەردێنێ و بە سەر هەڤاڵان و کوڕوکاڵانی دیکەدا دەیبەشتێەوە.

پشووی لەیلا و جەعفەر سوارە، دڵ سەری خۆی هەڵگرتووە و بە بانی شەقامەوە چاو لە میلاد هەڵناگرێ. "مارتیا" چاوی لە دەرگایە و دەزانێ ئەگەر کاکی بێتەوە، لە دەستێکیدا خۆری ئازادیی پێیە و، لە دەستەکەی تردا مانگ و ئەستێرەکانی کۆ کردوونەوە. دەزانێت کاکەسواری، باوەشێک گوڵی سەربەستیی پێیە و حەیرانێکی پڕ خۆشەویستی لە گەروودا، بۆ شار و شەقام.

میلاد مەعرووفی، نۆبەرەی لەیلا و جەعفەر لە ڕەشەممەی ١٣٧٨ی هەتاویدا کاتێک لەدایک بوو، دنیا بەرەو نەورۆز و بەهار بوو. لەگەڵ لەدایکبوونی، باوکی بانگی کوردایەتیی بەگوێ دادا و دایکی ژەکی نیشتمانپەروەریی لە دەم نا. لەگەڵ پێگرتنیشی ڕێگە هەڵەمووتەکانی ئازادژیانی فێر کرا و لە فێرگەی سەربەستیدا خرایە بەر خوێندنی سوارچاکی لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەیدا. میلاد حەزی لە ئەسپ‌سواری بوو، پێی خۆش بوو بە سواری باڵ بگرێ. کاکۆڵی لەگەڵ یاڵ‌وبژی ئەسپەکەی بە دەم بای شەماڵەوە بشنێنەوە و بفڕێ بۆ لای حەزەکانی و بە دەستی خۆی ئەستێرەی خوزگەکانی لە ئاسمانی خەیاڵ دابگرێ.

"ئەز کوردم"، ئەم دوو وشەیە ڕووگەی ڕووەو ئاسۆی میلاد بوو. ئەو کوڕی خەبات و خوێنی خاک و نەتەوەکەی بوو. لە هاتی و سەرکەوتنەکانی گەلدا سەرچۆپی‌کێشی گەڕی شایی و، لە نەهاتی و تاڵیادەکاندا، سترانبێژی نەکەوتن، کۆڵنەدان و هەستانەوە. هەگبەی دڵی پڕ بوو لە خۆشەویستیی تەیرەکانی گەرمێن، تەژی لە خەمی ژین و ژینگەی نیشتمان، پڕاوپڕ لە ئازاری داربەڕووە سووتاوەکانی زاگڕۆس، هاوڕێی هانکەهانکی کۆڵبەرانی دۆشداماو، یاخی لە برینی فیشەک و پۆستاڵ و تێلدڕووی داگیرکەر، هەڵچوو لە گەرمەژانی ڕۆڵەکانی بەناحەق‌کوژراو.

میلاد کاتێک گوڵی تەمەنی بە دەستی غەدر و تاوان هەڵوەری، لە زانکۆی ئازادی بۆکان خوێندکار بوو، بەڵام ئەو لە مەکتەبی خەباتگێڕی و شۆڕشدا مامۆستا، پێشەنگ و ڕچەشکێن بوو.

لە کۆڕی یاراندا ڕووی دەکردنێ:

"ئەمن ڕۆڵەی کوردستانم

بەڵێنم داوە بجەنگم

بە دڵ، بە ڕوح

بۆ ئازادیی نیشتمانم"

 

کاتێکیش سەری دەنایە سەر سینگی دایکی، بە تاسەوە دەیدواند و دەیگوت:

"کاتێک هەواڵیان بۆ هێنای

گوتیان کوڕت شەهید بووە

هەرگیز مەگری

مەڵێ هاوار، کوڕی جوانم

لە دوا منیش دڵشاد دەبی

بە دیداری هاوڕێکانم"

 

لەخۆڕا نەبوو "لەیلا"ی کوردان لە کاتێکدا گڵکۆی تازەلاوی جوانەمەرگی لەئامێز گرتبوو، و، "کۆستە" نا، "بۆکان" بەتەنێ نا، "مەهاباد و جوانڕۆ و سەقز و سنە"ی دەستەخوشکیش هەر نا؛ لە کاتێکدا هەموو کوردستانی گەرمەبرین هەستابوونە سەر پێ و، زایەڵەی "شەهید نامرێ" و "دایە مەگرە بۆ ڕۆڵە، شەرت بستێنین تۆڵە" ئاسمانی وڵاتی داگرتبوو؛ لەیلا پڕ بە گەرووی هاواری کرد: "میلاد گیان! کچی نیشتمان نەبم، ئەگەر تۆڵەت نەستێنم". ئەمە ڕقی پیرۆزی دایکی نیشتمانە، ئەوە هەوێنی خۆڕاگری و بەرخۆدانە، ئەمە ڕێگای هەرمانی ئازادژیانە... .

شۆڕشی ژینا لە کوردستان لاپەڕە زێرینەکانی خەباتی نەوەی نوێی نیشتمان دەنووسێتەوە. ڕاسان لەدژی زوڵم و بێدادییە. ڕاپەڕین بۆ هێنانەدەیی خەونی ئازادییە. شەقامەکانی بۆکان و کوردستان پڕاوپڕ لە قوتابییانی پێشەوان. وانەکانی قاسملوو بە کۆرس و تێکرا دەگوترێنەوە. شەهیدانی یەک سەدە خەبات و قوربانی کفنیان دڕیوە و بە ئاسمانی شاردا دەخولێنەوە. دوژمنی هار زەندەقی چووە و بە هەموو چەکێکی سووک و قورس بەربووەتە گیانی خەڵک. ئاخر پیرە کەمتیاری جەماران خوێنی دەوێ و حەزی لە منارەی کاسەسەرە.

خەزەڵوەری بۆکانە. لە ماوەی دوو ڕۆژدا چوار شۆرەسوار بە تیری چلکنانی دژی ئازادی گلاون. خەمی لەدەستدانی محەممەد حەسەن‌زادە، سامان قادربەیگی، ئەسعەد ڕەحیمی و سالار موجاویر، وەک تازەترین شەهیدانی سەربەستیی گەل ئۆقرەیان لە میلاد و شۆرەڵاوانی دیکەی بۆکان بڕیوە.

کازیوەی بەیانیی ٢٦ی خەزەڵوەر ئەنگووتووە، بەڵام هێشتا خەو نەچووەتە چاوی "میلاد"ەوە. کۆڕی یاران بڕیاریان ئەوەیە: سەرەتا لە گوندی "ئەختەتەر" تەرمی شەهید سالار ئەسپەردەی خاکی نیشتمان دەکەین، دوایە دەبینەوە بە برووسکە و بڵێسە و گڕ بۆ گیانی ناحەزان و دوژمنانی گەل.

 "سالار"ی دڵ، "سالار"ی گەل و سالارەکەی قافڵەی شەهیدانی خەزەڵوەر بە سروودی دوژمن بەزێنی "ئەی ڕەقیب" بەخاک سپێردرا و پاش بەڕێوەچوونی پرسە و سەرەخۆشییەکەی لە مزگەوتی ئاوایی ئەختەتەر؛ شەپۆلی تووڕەی لاوانی تۆڵەئەستێنی نیشتمان و شەهیدان لە میراوای بۆکانەوە وەڕێ کەوت. دیسانەکە نوێکردنەوەی پەیمان و بەڵێن، دیسان چڕینەوەی ئاوازی سەربەستی، هەروەک جاران دەربڕینی ڕق و نەفرەت و بێزاری لە داگیرکەران و کوردکوژان.

لەولاش "لەیلا" حەجمینی نییە. خورپەیەکە و کەوتۆتە دڵی و ئارا و ئۆقرەی لێ هەڵگرتووە. بە جیکەی موبایلەکەی وەخۆ دێتەوە. "میلاد"ە و پەیامێکی کورتی بە دەنگ بۆ داناوە: "دایەگیان لە بەری میراواین. نیگەران مەبە، سڵامەتم. بەڵام جاش و پاسدار ڕێگایان لێ گرتووین و تەقەمان لێ دەکەن".

کات دەڕوا و لەگەڵ خۆی ڕوحی لەیلاشی بردووە. نازانێ سەعاتێک دواترە یان دوو یا چەند. دیسان دەنگی تەلەفوون دێت. ئەمجارەیان "جەعفەر"ی مێردێتی کە بە هەنیسک و دڵپڕییەوە پێی دەڵێ: کۆستمان کەوت... میلاد لە نەخۆشخانەیە، فیشەکی بەرکەوتووە...

لە گۆڕستانەکەی کۆستە هەرایە. ئەسپە شێیەکەی میلاد لە دوورەوە دەحیلینێ و هەتا نێوقەد هەستاوەتە سەر پێ و شۆەسوارەکەی گاز دەکا. ڕێبوارانی شۆڕش قەتار قەتار دەگەنێ. تەرمی "میلاد" لەئامیز دەگیرێ و درووشم و سروود دەبنە کۆتر، دەبنە پەڕەسیلکە و ئاسمانی وڵات دادەگرن.

لەیلا، لەیلای دڵسووتاو و هەڵقرچاو، سەر لە وێنەی لێوبەبزەی میلادی هەڵناگرێ، کە هێدی و ئارام پێی دەڵێ:

"دایەگیان مەگری لە سەر خاکم شەقام پڕ ئاگرە

چاوەکانت ڕوون دایـەگیـــــــان نیشتمان خۆڕاگرە

وا بڵێسەی ئاگــرم گەیشتۆتە کۆشکی ناحەزان

دایەگیان چەن شیرینە شۆڕشی وەرزی خەزان"

ئیدی ئەوساتە بوو کە مێژوو ڕاوەستا و هەستی ڕاگرت.

بەڵێ. دایکی شەهید سەری لە هەش نەگرتووە و قوڕ ناپێوێ. ئەو کە تەرمی شۆڕەسوارەکەی بە دەستی خۆی شۆردووە، وەک چیا قورس و قایم ڕاوەستاوە و بە سەری بەرزەوە لە ئاپۆرای خەڵک دەروانێ. ئەو دەبێتە سروود، دەبێتە حەماسە و وەک سیمبولی شۆڕش و، خەبات و خوێنی خەڵکەکەی پڕ بە گەرووی هاوار دەکا: "کچی نیشتمان نەبم، ئەگەر تۆڵەت نەستێنم".

میلاد هەموو گیانی بۆتە کوڵمەی گوڵووک و پێ دەکەنێ... تەزووی خۆشی هەموو لەشی داگرتووە... ئەو دەزانێ شەهید بووە و شەهید نامرێ... دەزانێ ئەویش بۆتە بەشێک لە خەون و ئەفسانەی گەلەگەی... بۆتە بەشێک لە پیرۆزیی نیشتمانەکەی....

لە خەزەڵوەری شۆڕشی ژیناوە "میلاد" تەقڵەکوت لە یاد و بیرەوەریی خەڵکی کوردستاندا دێت و دەچێ و زرمکوت خەوی لە چاوی نەیاری بەدکار زڕاندووە، لەو ڕۆژەوە کە لە "کۆستە" ئۆقرە و ئارامی گرتووە، لە بانیژەی بەردەزەرەوە چاوی موقبیلی لەسەرە و لە داوێنەکەی ناڵەشکێنەوە "مامەقالە" ئێواران لەسەر میلی ڕادیۆکەی دەنگی کوردستان، شەپۆلی کورتی ٧٥ میتر هەوای "ئەی ڕقیب"ی بە گوێدا دەچرپینێ و عەلی کەردار بە دەنگە بەسۆزەکەی "سوارۆ"ی بۆ دەڵێ.

سوارێک گلا، بەڵام کاروانێک بەڕێوەیە.... داری چاکێک کەوتە عەرزی، بەڵام دارستانێک بەپێوەیە...

ئەم کاروانە نە وەستان دەناسێ و نە ڕێگەی لێ هەتڵە دەبێ. ئەم کاروانە ڕووەو خۆر هەنگاو دەنێ و بە سەربەستی دەگات، چونکی "میلاد"ەکانی نابڕێنەوە، پێ دەگەن و جێگەی یەکتر دەگرنەوە. چونکی ئەوان بەڵێنیان داوە هەتا گەیشتن بە لوتکەی ئاوات کۆڵ نەدەن. ئازادی و سەربەخۆیی و، ڕزگاری و بەختەوەری شایانی گەلێکە "میلاد"ەکانی بۆ فیدا کردووە. ئەو ڕۆژە نیزیکە هەموومان لە زیارەتی زامدا، بچینە سەر گڵکۆی شەهیدانمان و مزگێنیی سەربەستیی نیشتمانیان پێ بدەین... ئەو ڕۆژە گەلیک نیزیکە... .