کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەرمە کۆخەی قووت‌دانی پارووی تفت و مێوخۆش لەسەر سفرەی پڕبەرەکەتی ئینقلاب

13:14 - 1 بەفرانبار 2723

دارسمە

وشە و دەستەواژەی "تفت" و "‌مێوخۆش" و "مێ‌‌خۆش" لە زۆر شوێنی قسە‌کردن و نووسیندا دەکار دەکرێن. تفت و مێوخۆش دوو تامی لێک جودا و هێندێک جاریش تێکەڵن.

لەنێو جۆرەکانی مەی‌دا تەنیا شەراب تامی تفتە و ئەویش ئەم تفتیەی لە توێکڵی ئەستووری ترێ ڕەشە و هەندێک جار لە هەناریش وەرگرتوە. مێوخۆشیش جۆرە تامێکە لە تفتەکەی خۆمان نزیکە، بەڵام دەکرێت بڵێین ئەویان ترش و شیرینە. هەنار ئەگەر بە توێکڵەوە نەخۆرێت، زۆر جار دەنکەکەی نێوی ترش و شیرین واتە "مێوخۆشە". بەڵام بە توێکڵەوە تفتە. مێ‌خۆشیش تامێکە تەنیا نێرینان هەستی پێ‌دەکەن.

فارسان وەک دراوسێی کۆنی ئێمەی کورد بە مەبەستی لێک نزیک‌کردنەوەی مانای تفت و مێوخۆش و مێ‌خۆش وشەی "دێبش"یان داناوە. وشەدانی فارسیی "موعین" بۆ لێکدانەوەی وشەی "دێبش" دەڵێت ئەم وشەیە بە مانای "نایاب، زۆرباش، تفت و ترش‌وشیرینیە".

ئەگەر ئەم ناو و ئاوەڵناوانەی وشەدانی موعین تێکەڵ بکەین و کەمێکیش بیرکردنەوەمان نێرانە بێت، ڕەنگە هەیکەلی مرۆڤێکی پر بەدڵی سەر بە نیوەی کۆمەڵی لێ‌دروست بێت. لێرەدا مەبەست لە نیوەی کۆمەڵ، نیوە زاڵ و دەستەڵاتدارەکەیەتی. نیوەکەی دیکەش یانی ئەو نیوەی هەیکەلەکەی لێ دروست دەبێت، نیوەیەکە بەدرێژایی زەمەن وەک فارسان دەڵێن پەرەستوو و بە گوتەی خۆمان پەڕەسێلکەیان لێ هەڵدەکەوێت.

ڕاستە قسە قسە دێنێت و ئەمەش زۆر جار وادەکات لە چەقی قسەکردنەوە بەرەو پەراوێز بپەڕیەوە. لە پەراوێزی ئەم باسەشدا، قسەی خۆمان بێت و دوور لە ڕووی ئێوە پەرژینێکی بە گوڵ بێت، بەشێکی بچووکی ژنانیش هێندێک جار لە ڕووهەڵماڵاویدا بێتامی دەکەن. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەزمێکی خۆشیان ساز کردوە و وەک لە کووچە و کۆڵانی ماڵپەڕ و تەلەفزیۆن و سۆشیال مێدیادا باس دەکرێت، چەند ژنێک بە ڕووهەڵماڵاوی دوور لە ڕووی ئێوە بە نیوەڕووتی لە پشت کامێرای سۆشیال مێدیاوە خۆیان پێشانی سەربازانی جوولەکە داوە و لە پێناو فراوانکردنی هیلالی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا خۆیان با داوە و سنگیان هەڵتەکاندوە و گفتی مێ‌خۆشانەیان پێ‌داون ویستوویانە قسە لە دەمی ئەم سەربازە جوولەکانەوە دەربکێشن. هێندێکیش دەڵێن ئەوانەش سەربازانی گومنامی ئیمامی زەمانن. وەک لە کووچە و کۆڵانی مێدیا و سۆشیاڵ مێدیادا باس دەکرێت، ئەم مێ‌خۆشانە ئەوەندەی نەماوە سەربازانی جوولەکە هەڵفریوێنن و هەرچی لە ڕاز و نهێنیی شەڕی ئەم دواییانە لایەنە، پێیان هەڵبڕێژن.

ئەم جۆرە ڕووداوانە هەموویان پێوەندییان بە ڕازاندنەوەی سفرەی ئینقلابەوە هەیە. هەتا سەربازانی گومناو زیاتر بۆ وڵاتانی دەوروبەر پەل باوێن، سفرەی ڕەنگینی پڕبەرەکەتی ئینقلابیش باشتر دەپارێزرێت.

 خواردەمەنیی تفت و مێوخۆشیش لەسەر سفرەی ئینقلاب ئەو نێعمەتە خواپێداوەیە تەنیا بە نەسیبی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە ڕیفۆمخواز و کۆنەپارێزەوە دەبێت. هەتا ئێستا سەدان جار لایەنە جۆراوجۆرەکانی دەستەڵاتی پاش ئینقلاب لە دەوری ئەم سفرە پڕبەرەکەتە بوونە و لە خوا بەزیاد بێت، چاکیشیان لێ خواردوە.

لە ململانێی شەڕەپارووی سەر سفرەی ئینقلاب، یەکەم جار غولام‌حوسێن کەرباسچی ساڵی ١٣٧٧ پاروویەکی زلی دە قوڕگی‌دا ما و پاشان خێرخوازانی ئینقلاب دووسێ نەرمەمستیان لە پشتی دا و پارووکەی قووت دا. دواتر لە ساڵی ١٣٩٠ کابرایەکی دیکە بە ناوی مەحموودڕەزا خاوەری، وەک بەڕێوەبەری پێشووی بانکی میللی لەسەر سفرەی ئینقلاب پاروویەکی زلی بایی سێ هەزار میلیارد تومەنێکی لە قورگی‌دا ما  و دواتر بە بیانووی سەرئێشە ڕۆیشتە کانادا و ئێستاشی دەگەڵ دابێت نەگەڕایەوە.

بەدرێژایی چل و چەند ساڵی ڕابردوو، شەڕە پاروو لەسەر سفرەی ئینقلاب بەردەوام بووە و جاروباریش ئەم وردە کێشانەی لێ کەوتووەتەوە. تازەترین کیشەی لەم جۆرە لەسەر سفرەی ئینقلاب پاروویەکی "دەێبش" بە کوردیەکەی خۆمان پاروویەکی "تفت" بوو، بەڵام تفتییەک وەک تفتیی توێکڵە هەنار و شەراب نەبوو. ئەمجارەیان بەشێک لەوانەی لە دەوری سفرەی ئینقلاب کۆ ببوونەوە، چەند کەسێکیان دەگژ پاروویەکی قورس ڕۆهاتن و خۆیان ناویان نا پارووی دێبش. بەسەرهاتەکە بەم جۆرە بوو:

کۆمەڵێک لە بەرپرسانی چازان و لێزانی دەوروبەری سفرەی ئینقلاب، بە مەبەستی سازکردنی پاروویەکی تفت سەودایەکیان بە ناوی کڕینی چای تفتی دەرجە یەک لە هندوستانەوە ڕێک‌خست و پاشان جۆرێکی دیکەی چای دەرجە دوویان لە وڵاتی کنیا کڕێ. جیاوازیی چای هندی و چای کنیا، بۆ هەر کیلۆیەک ١٢ دۆلار بوو. دیارە ١٢ دۆلاریش بۆ ئەمڕۆ پارەیەکی بەرچاو نیە و بە نرخی ئەم ساتەوەختە دەکاتە ٦٠٠ و ٣ هەزار تومەن. لە سەرەتای ئەم ئینقلابە و پێش ڕاخستنی ئەم سفرەیە، بە ٦٠٠ و ٣ هەزار تومەن دەکرا ١٧ ئۆتۆمبێلی پیکابی سایپای شینی سفر کیلومتر بکڕی و شتێکش لە پارەکە دەمایەوە.

 ئەم جیاوازیی ژمارەیەی کڕینی چایی دێبشیش دەگەڵ کۆی چەند سەودا و مامەڵەیەکی دیکە لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا لەسەر یەک کردیە پاروویەکی ٣ میلیارد و ٣٧٠ میلیون دۆلاریی سەر سفرەی پڕبەرەکەتی ئینقلاب و ئەگەر لەسەر نرخی سایپای شینی سەردەمی سەرەتای ڕاخستنی سفرەی ئینقلاب لێکی بدەینەوە، دەکرا بەم پارەیە خاکی وڵاتێک بکڕی. قووت‌دانی بەشێک لەم پاروویەش کابرایەک بە ناوی "ئەکبەر ڕەحیمی"، بەڕێوەبەری کۆمپانیای " دەێبش" یان "تفت" ی تووشی نەرمە کۆخە کرد.

بەڵام ئەم ڕووداوانە هەرگیز بۆ دۆستانی سەر سفرەی ئینقلاب کێشە نین و بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی زۆر دڵ‌ئاوەڵان و هەموو جار کاتێک دانێشتووانی دەوروبەری سفرەی پڕبەرەکەتی ئینقلاب بەم پارووە بچووکانەوە تووشی کێشەی قوتدان دەبن،  بە مست لە پشتیان دەدەن و لە ئاکامدا پارووەکە گرێ ناکات و بە سورێنچکدا تێ‌دپەڕێت و بەگوێرەی سووکی و قورسیی خۆی شڵپە لە قووڵایی گەدەی کەسەکە دێنێت و پاشان بەئارامی هەرس دەبێت. ئەمەیە حیکمەتی سفرەی پڕبەرکەتی ئینقلاب!