کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێوەکانیش یار نەبوون

02:16 - 3 بەفرانبار 2723

ڕەزا دانشجوو

... ڕازیکردنی "هەنار" کارێکی زۆر چەتوون بوو. تا دواییترین ساتەکانیش ئەو لە سەر ئەم باوەرە بوو کە "ئاکام" پەلە دەکات و دەتوانێت کارێکی باش بدۆزێتەوە. زۆری خایاند تا بگاتە ئەم قەناعەتە کە ئیتر هیچ ڕێگایەک نەماوە و ئاکام ناتوانێ چیتر بێکار دابنیشێ. لە ڕاستیدا دوای ساڵانێکی زۆر ژیانی کرێکاری لە غەریبایەتی بڕیاری دا چی تر هەنار و منداڵەکان بەتەنیا جێ نەهێڵێت، بەڵام ئەوە سەرەتای بێکاری و نەداریی بوو. بۆدیتنەوەی کارێکی تەنانەت کاتییش بۆ بژێوی ژیان، ئاکام تەواوی شارودێهاتەکانی دەورووبەری لێک دا، بەڵام هیچ شتێک ڕووی نەدا. ڕوومەتی ئیشک‌هەڵاتوو و زەردهەڵگەڕاوی "هەناسە" و دەستی سارد و جەستەی ماندووی "هەتاو" چیتر تاقەتی برسێتی و هەژارییان نەمابوو. ئەمە دواییترین چارەسەر بوو.

هەنار جارێکیتر خەریکی کۆڵینی باروبنەی سەفەری ئاکام بوو. ترسی ئەوەی شتێکی لەبیرچووبێت یان کەمی دانابێ، هەرجار زیاتر لە جاری پێشوو بوخچەشینەی دەپشکنی.

ئاکام دانیشت، دەستی هەناری گرت و بەئارامی جۆرێک کە منداڵەکان لە خەو هەڵنەستن گوتی: کەسەکەم ئەمە جاری بیستەمە ئەو بوخچەیە دەپشکنی، تەواوە کەسم درەنگە، دەبێ برۆم، نیگەران مەبە، هەموو شتێکێت داناوە.

هەنار بێ‌ئەوەی سەری هەڵێنێ، وازی لە بوخچەی هێنا. هەستا و چوو قورئانی سەرتاقەی هێنا و لە پێش ئاکامی ڕاگرت.

- خۆ تا چاوەجوانەکانت نەبینم ناڕۆم، سەرت هەڵێنە خاتوونەکەم، با دڵ‌قایم بڕۆم.

هەنار زۆر بەئاسپایی سەری هەڵ هێنا و کەمێک چووە دواوە، جۆرێک کە تاریکایی نەیدەهێشت فرمێسکەکانی دیار بن.

- نابێ نەڕۆی!

ئاکام بە پێکەنینەوە چاوێکی لە هەنار کرد و گوتی: خۆ دیسان هەر قسەی خۆتت کردەوە، ئێمە قسەکانمان کردووە، ئیمە...

هەنار ئیزنی نەدا قسەکانی ئاکام تەواو بێت و بە دەنگێکی زۆر بوغزاوی گوتی: دەزانم، بەڵام دڵم ئۆقرە ناگرێت!

ئاکام کەمێک چووە پێشتر و دەستەکانی هەناری گرت، جۆڕێک کە ئێتر چاوە کاڵەکانی کە ئیستا لەبەر فرمسێک جوانتر لە هەمیشە ببوون، بەباشی دیار بوون.

- بە دڵت بڵێ...

دەنگی مام ڕەحیم لەوبەری دەرگا کە وێرای لە دەرکەدان بە دەنگێکی بەرز قسەی دەکرد، کۆتایی بەم دیالۆگە هێنا.

- کاکە جەماعەت مەحتەلن، زووکە برا...

هەنار سەری لەسەر شانی ئاکام دادەنێت، بۆوەی هەرنەبێ بۆ ماوەیەکی کورت ئارامیی دڵی بێقەراری بێت.

ئاکام دەمی دەباتە بن‌گوێی هەنار و دەڵێت: زوو نەرۆم مام ڕەحیم دیسان دەنگی هەڵدێنێ، با "هەتاو" و "هەناسە" وەخەبەر نەیەن. ئاکام بوخچەکەی دانا و بێ‌ئەوەی هەتاو و هەناسە وەخەبەر بێنێ ماچی کردن و ماڵئاوایی لە هەنار کرد... .

مام ڕەحیم ئاکام بە هاوڕێیەکانی دەناسێنی و دوای کەمێک قسەوباسی کورت داوایان لێ دەکات هەموو سوار بن. قەرارە تا نزیکی سەرحەد بەم تویوتایە بڕۆن. مام ڕەحیم و دوو کەس لە پێشەوەن و ئاکام و چوار کەسی تر لەدواوە دانیشتوون. دەنگی پێکەنین و قاقای سیروان مام ڕەحیم زۆر تووڕە دەکات. سیروان چەند ساڵە ئەوە کار و پیشەیەتی. براکەی پار لە ڕووداوی هاتووچۆدا کاتێک کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تەقەیان لێ کرد، ماشێنەکەی هەڵدێرایە نێو دۆڵ و گیانی لەدەست دا. مام ڕەحیم بێ‌ئەوەی لە ماشێن بێتە خوار، سەری سوڕاند و بەبێ قسەکردن بە دەست داوای لە سیروان کرد بێدەنگ بێت. سیروان هەر بە پێکەنینەوە بە مام ڕەحیم دەڵێت: خەمت نەبێت، جاش و پاسدارەکان هشتتا هەڵنەستاون!

مام غەفوور لە گۆشەیەک خەرێکی زیکر و دوعاکردنە. مام غەفوور باوکی شەهیدە و کوڕێکی لە پێشمەرگایەتیدا شەهید بووه و ئێستا جگە لە دو کچەکەی خۆی دەبێ ئاگای لە بووکەکەی و دوو نەوەکەشی بێت.

سیروان وەک هەمیشە خەریکی قسەکردنە: مام غەفوور دوعام بۆ دەکەی ژنێکی جوانم بەنەسیب بێ؟

مام غەفوور بە بزەی سەرلێو وەڵام دەداتەوە: ئەتۆ عاقڵ بە، خۆم ژنیت بۆ دێنم!

لە پەنا مام غەفوور فەرهاد دانیشتووە. فەرهاد تەمەنی ناگاتە پانزدە ساڵ. دوای ئەوەی باوکی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو، هەموو شتێکیان فرۆشت تا خەرجی دەوا و دەرمانی ئەوی بکەن. تەنانەت فەرهاد ناچار بوو دەرس و قوتابخانەش وەڵا نێ و مل بداتە کۆڵبەری.

لە ڕووبەڕووی ئەو ئاکام دانیشتووە و خەریکی ناسینی هاوڕێیانی تازەیەتی. سیروان دەڵێت: ئەری کاکە بۆ قسان ناکەی، دەتۆش شتێک بڵێ...

سامان چاوێک لە ئاکام دادەگرێ و پێی دەڵێ: گوێی مەدەیە، تەواو نییە.

سامان خاڵی سیروانە، بەڵام سیروان زۆر لە خاڵی ناچێت. سامان زۆر ئارام و لە سەرەخۆیە. هەڵبەت لە کاردا سیروان زۆر توندوتۆڵترە. سامان کارناسیی باڵای لە فیزیکدا وەرگرتووە، بەڵام لە هیچ کوێ دانەمەزراوە.

دوای گەیشتن بە نیزیک سنوور، هەموو دێنە خوارێ. لێرە بەولاوە سەفەر دەست پێ دەکات. مام ڕەحیم جارێکیتر هەموویان کۆ دەکاتەوە و باسی چۆنیەتیی ڕێگایان بۆ دەکات و وەک هەمیشە ئامۆژگارییەکانی دووپات دەکاتەوە. مام ڕەحیم خۆی لە پێشەوە دەڕوا و سیروان لە دواوە. ئاکام لە نێوەڕاست جەماعەتێیە. هەتا ئێرە باش هاتوون، هەڵبەت هەمیشە کاتی گەڕانەوە کێشەکان زیاترن. جگە لە چەند شوێن کە بە هۆی بەفری زۆرەوە سەرکەوتن پێیاندا زۆر سەختە، کوڕگەل خۆیان دەگەیەننە ئەو دیوی سنوور. دوای پشودانێکی کورت، ئێستا کاتی بارکردن و گەڕانەوەیە.

مام ڕەحیم دەڵێت: کوڕینە زوو نەگەڕێینەوە تووشی بەفروباڕن دەبین. تکایە دەست ببزێون. سیروان یارمەتیی ئاکام دەدات تا بتوانێت یەخچالەکەی بەباشی بار بکات و بۆی دەبەستێتەوە. هەموو سازن و گوێبیسی فەرمانی مام ڕەحیم: دەی کاکە فەرموون پشتیوان بە خوا تاریک‌وڕوونی بەیانی دەگەینەوە. تکایە لە یەکتری دوور مەکەونەوە. بە بێدەنگی دەرۆین، چاوتان لە پێش خۆتان بێت... .

وەک کاتی هاتن دیسان مام ڕەحیم خۆی لەپێشەوە دەڕوا و سیروانی لەدوایە. نیوەی ڕێگایان بڕیوە. هەوا زۆر ساردە و بەفربارین بەتوندی دەستی پێ کردووە. جگە لە دەنگی چەکمەی کە بەفر دەبڕی سریوە لە هیچ لایەک نایە. بەفروباڕن ئەوەندە توندی کردووە زۆر بە سەختی دەتوانی پێش چاوی خۆت ببینی. مام ڕەحیم ڕاوەستاوە تا هەموو بگەنێ، شاڵی پێش دەمی لا دەبا و دەڵێ: ئاگاتان لە خۆتان بێت، دەبێ زۆر لە یەک نزیکتر برۆین، ئەگەری وەی هەی ڕێگامان لێ ون بێ...

 ماوەیەکی زۆرە ڕێگا دەپێون بەڵام هیچ ڕوون نییە. ڕەشاییەک خەریکە وه دیار دەکەوێت. سیروان بانگی مام ڕەحیم دەکات: ئەو ڕەشاییە کوێیە؟

مام ڕەحیم زۆر زوو بێ‌ئەوەی ببێتە هۆی ترسانی هاوڕێیانی دەڵێ: کاکە بێدەنگ. پاشان ڕێگەی بۆ لایەکیتر دەگۆڕێت. جەماعەت بەپەلە دەکەنەوە شوێنی مام ڕەحیم، هەرچەندە ئەم بەفرە و ئەم بارە قورسە بڕستی لێ بڕیون. دەنگیی ئیست و فیشەک‌بارانی بێ‌ئامانجی پاسدارەکان بێدەنگیی کوێستان دەشکێنێت... .

چەند خوڵەکێک دواتر کە خۆیان گرتەوە مام ڕەحیم خەریکی دڵدانەوەی هاوڕێیانە: کاکە ئەو شتانە ئاساییە، ژیانی کۆڵبەری هەر ئەوەیە. مام غەفوور زۆر ماندوویە، فەرهاد یارمەتیی دەدا. ئاکام نایهەوێت خۆی بدۆڕێنێت. قسەکانی مام ڕەحیم بۆتە هۆی دڵگەرمیی جەماعەت. سیروان دەڵێت: ئەوە ئەو جاریش ڕزگارمان بوو. تا جاری دیکەش خودا کەریمە. ئاکام بیری لای هەنار و منداڵەکانیەتی. بەیانی دەتوانێ دوای ماوەیەکی زۆر بە کڕینی خواردنی خۆش دڵی هەناسە و هەتاو خۆش بکات. دوای پشوودانێکی کورت وەڕێ دەکەونەوە. سیروان خەریکی گۆڕانی گوتنە، بەڵام لە ترسی مام ڕەحیم زۆر بە بێدەنگی: بۆ کوردستان، بۆ کوردستان، بۆ وڵاتی ...

هەوا بەرەو رووناک‌بوونە، بەفر لێی کردۆتەوە و ئێستا دەتوانی پێش خۆت بەباشی ببینی. ئاکام بیری هەر لای هەنار و منداڵەکانیەتی. ئەوکاتەی هەتاو و هەناسەی لە باوەش‌دایە و لەگەڵ هەنار خەریکی خواردنی نانی بەیانین، چابوو هاتم، ترس بەڕاستی برای مردنە، مرۆڤ دەبێت خۆی ژیانی بگۆڕێت... .

دەنگی مام ڕەحیم بەرز بۆوە: یا ڕەسوولوڵڵا...  یا حەزرەتی غەوس... کاکە پەنا بگرن، کاکە خۆتان بدەنە پاڵ ئەو بەردانە....

جەماعەت بەپەلە بارەکەیان لە خۆیان کردۆتەوە و خەریکی هەڵاتنن، گەڕان بەدوای شوێنێک بۆ خۆشاردنەوە... بۆ زیندوومانەوە. ئاکام بێ‌ئەوەی بزانێ جەماعەت خەریکی چین، سەری سووڕاند و بارەکەی لە پشتی ڕەها کرد. چاوی لە بەرزایی شاخەکان دەکرد، لە یاری هەمیشەیی کە ئەو جار یار نەبوو. کۆڵمەسوورەکانی هەنار بوون کە لە لوتکەی شاخەوه، لەنێوان سپیایی بێ‌وینەی ڕنووی بەفردا بەرەو خوار ئەهات، بێ راوەستان بە دەنگێکی زۆر سەرسووڕهێنەر. ئاکام لە هەتاو دەگەڕا، بیستبووی هۆی ڕوودانی ڕنوو دوای بارینی بەفر، هەڵهاتنی هەتاوە. بەڵام هەتاو دیار نەبوو. جەستەی لەخوێنداشەڵاڵی ئاکام لەسەر بەفر خەریک بوو ون دەبوو. زۆر بەسەختی سەری هەڵێنا، ئیستا دەیتوانی هەتاو ببینێت کە لەو سەری چیاکان خەریکی هەڵهاتن بوو. دوای دیتنی هەنار و هەتاو، دوایین هەناسەی هەڵکێشا و وسەری لەسەر بەفرەکە دانا و ڕوو بە لوتکەی شاخ بەئارامی خەوی لێ‌کەوت...