کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی و مافی نەتەوەکان

00:34 - 4 بەفرانبار 2723

مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا

(یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی و مافی نەتەوەکان)

 

مستەفا مەولوودی

 ڕۆژی ١٧/١٠/١٣٥٦ی هەتاوی وتاریک لەژێر ناوی ئێران و ئیستیعماری سوور و ڕەش بە ئیمزای ئەحمەد ڕەشیدی‌موتڵەق لە ڕۆژنامەی ئیتیلاعات چاپ و بڵاو کرایەوە. لە بەشێک لەو وتارەدا هەوڵی دژایەتیی ڕاستەوخۆی بۆ مەزهەب و کەسایەتیی خومەینی دەدرێت. لەو وتارەدا هاتوە: خومەینی بڕوای خەڵکی ئێرانی بە سۆغرە و گاڵتە گرتوە. بڵاوبوونەوەی ئەو وتارە خۆپێشاندانێکی گەورەی لە ڕۆژی ١٩/١٠/١٣٥٦ لە شاری قوم لێ کەوتەوە. لەو خۆپێشاندانانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئەو شارە گیران و هەندێ کەسیش کوژران و بریندار بوون. پاش ٤٠ ڕۆژ لەو خۆپێشاندانە خەڵکی تەورێز بە پشتیوانی لە خەڵکی قوم خۆپیشاندانێکی گەورەیان وەڕێ خست، بەڵام بە دەستێوەردانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بڵاوەی پێ کرا و لەوێش ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوژران و بریندار بوون. ئەمەش بوو بە سەرەتای خۆپێشاندانە زنجیرەییەکانی نێو ئێران و ناڕەزایەتییەکان بەدژی حکوومەتی پاشایەتی لە ئێران دەستی پێ کرد. دەکرێ بڵێین وتارەکەی ئەحمەد ڕەشیدیی‌موتڵەق یەکەم چەخماغەی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێراندا بوو.

لە سەرەتادا شا خۆپیشاندانی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٤٢ی زۆر بەهەند نەگرتبوو. حوسەین فەردووست دەنووسێ: شۆڕشی ساڵی ٥٧ی ئێران هەموو کەس تەنانەت دەوڵەتانی ئەوکاتی ئەمریکا و بریتانیاشی خافلگیر و تووشی سەرسوڕمان کرد، بۆیە ئەگەر پرسیار بکرێ فۆڕمی ڕوودانی ئەو شۆڕشە چۆن بوو، دڵنیام هیچ بەرپرسێکی ئەوکات نەیدەتوانی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: شۆڕشەکان هەمیشە لە ماوەی چەند ڕۆژدا بە کردەوەیەکی بەپەلە و توندوتیژانە سەردەکەون. لە حاڵێکدا شۆڕشی ئێران بە حەوسەلەیەکی زۆر و هەنگاو بە هەنگاو سەرکەوت. لەو شۆڕشەدا کردەوەی توندوتیژانە لەلایەن خەڵکەوە بە ڕادەیەکی کەم بووم، ئەمەش ئۆرگانەکانی دەوڵەت نیزامی و غەیرە نیزامیی شەکەت کردبوو. ناوبراو دەڵێ هێچ شۆڕشێک بەم چەشنە نەچووەتە پێش. عادەتەن ڕێکخەرانی شۆڕش لەسەر ئەو باوەڕەن کە درێژەکێشانی شۆڕش دەبێتە هۆی سەرنەکەوتنی، بەڵام شۆڕشی ئێران لە ماوەی ٩ مانگدا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووخێنەرتر و بەربڵاوتر دەبۆوە و ئەمەش نیشانەی یەکەمین نموونەی ئەو جۆرە شۆڕشەیە.

بەهەر جۆرێک لێکی بدەیتەوە ڕاستییەکەی ئەوە بوو کە شۆڕش دەستی پێ کردبوو و شا کەوتبووە پەلەقاژە. جەمشید ئامووزگار ناچار بوو دەست لە کار بکێشێتەوە. محەممەدڕەزا شا لە جێگای ئەو جەعفەر شەریف‌ئیمامیی وەک سەرۆک‌وەزیران دیاری کرد و ڕەزامەندیی دەوڵەتی عێراق بۆ دەرکردنی خومەینی وەرگیرا. هۆوەیدا کە بۆ ماوەی سێزدە ساڵ سەرۆک‌وەزیرانی ئێران بوو و بەر لە ئاموزگار ناچار بە وازهێنان کرابوو، دواتر دەستبەسەر کرا. شەریف‌ئیمامی کە تەواو دەستەوەستان ببوو، ناچار بە دەست‌لەکارکێشانەوە بوو. پاشان دەوڵەتی نیزامیی ئەزهاری هاتە سەرکار و ئەویش هیچی بۆ نەکرا. ناچار شاپووری بەختیار وەک سەرۆک‌وەزیران دیاری کرا، بەو مەرجەی محەممەدڕەزا شا بە شێوەی کاتییش بووبێ ئێران بەجێ بهێڵێ و لە خاکی ئەو وڵاتە بچێتە دەرەوە. شا ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ١٣٥٧ ئێرانی بەجێ هێشت و ڕۆژی دواتر ڕۆژنامەکان بە خەتی گەورە نووسیان «شاە رفت». حکوومەتی بەختیار نەیتوانی زیاتر لە ٣٧ ڕۆژ دەوام بێنێ و هەرەسی هێنا. خومەینی ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ لەنێو پێشوازیی گەرمی خەڵک گەڕایەوە ئێران و ڕۆژنامەکان بە خەتی گەورە نووسییان «امام آمد». خومەینی ڕایگەیاند کە حکوومەت پێک دێنێت. بەو جۆرە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ ئەرتەش بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاند و بەوەش نیزامی پاشایەتی لە ئێران بۆ هەمیشە کۆتایی پێ‌هات.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران و دیاریکردنی حکوومەتی کاتیی بازرگان لەلایەن خومەینییەوە ڕێبەری شۆڕشی ئێران ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی بە ڕۆژی ڕیفڕاندۆم بۆ دیاریکردنی سیستەمی حکوومەتی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی دیاری کرد. لەو هەڵبژاردنە، یان دیاریکردنە بۆ سیستەمی حکوومەتی ئەو درووشمە دیاری کرابوو: «کۆماری ئیسلامی بەڵێ و کۆماری ئیسلامی نا». لە ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ ئاکامی ڕیفڕاندۆم ڕاگەیەندرا و دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی بە زۆرینەی نزیک بە تەواوی دەنگەکان بۆ سیستەمی تازەی حکوومەتی دەسەڵاتداری لە ئێران دیاری کراوە. بەم جۆرە ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ بە ڕۆژی کۆتایی‌هاتن بە نیزامی دیکتاتۆریی پەهلەوی و کۆتایی‌هێنان بە سیستەمی ٢٥٠٠ ساڵەی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک

یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی و مافی نەتەوەکان

پاش سەرکەوتنی شۆڕش، خومەینی ڕایگەیاند کە لەجیاتی مەجلیسی دامەزرێنەران بۆ پەسندکردنی یاسای بنەڕەتی (قانون اساسی) دەبێ مەجلیسی خوبرەگان هەڵبژێردرێ. ئەوکات خەڵکی ئێران پێیان وانەبوو لە نێوەرۆکدا جیاوازییەک لە نێوان مەجلیسی دامەزرێنەران و مەجلیسی خوبرەگاندا هەبێت، بۆیە بەبێ کێشە قەبووڵیان کرد. کەچی پێکهاتەی نویێی مەجلیسی خوبرەگان دەری خست کە لە ڕاستیدا ئەو مەجلیسە لە ڕووی نێوەرۆکیشەوە شتێکی تازەیە، چونکە پتر وەک تەکیە و خانەقا و حەوزە دەهاتە بەرچاو تا مەجلیسی قانووندانان. سەرەنجام مەجلیسی خوبرەگان لە ڕۆژی مێژوویی ٢٨ی گەلاوێژ ساڵی ١٣٥٨، هەمان ساڵڕۆژی کودەتای شا و زاهیدی لە ساڵی ١٣٣٢پێک هات، ئەمەش ڕێک هاوکات بوو لەگەڵ فەتوای جیهاد بەدژی خەڵکی کوردستان لەلایەن خومەینییەوە.

یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ساڵی ١٣٥٨ پەسند کرا و لە ساڵی ١٣٦٨ی چەند خاڵێکی لێ کەم و زیاد کرا، لە (١٧٥) ئەسڵ پێک هاتوە.

لە ئەسڵی پازدەهەمی (١٥) یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا هاتوە: زمان و خەت و فۆڕمی هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە و بەڵگەنامەکان و نووسراوەکان و کتێبی وانەیی قوتابییەکان دەبێ بەو زمان و بەو خەتە بێت، بەڵام بەکارهێنانی زمانی ناوچەیی و قەومی لە ڕاگەیاندنەکان و مێدیا گشتییەکان و خوێندنی ئەدەبیاتی ئەوان لە مەدرەسە لە تەنیشت زمانی فارسییەوە ئازادە. هەروەها لە ئەسڵی نۆزدەهەمدا هاتوە «خەڵکی ئێران لە هەر قەوم و قەبیلەیەک بن لە مافی یەکسان بەهرەمەندن و ڕەنگ، نژاد، زمان و شتی لەو بابەتە نابێتە هۆی هەڵاواردن». لە ماددەی پازدەهەمدا هاتوە کە زمان و خەتی هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. تا ئێرە هەرچەند ئیمتیازێکی تایبەت دراوە بە زمان و خەتی فارسی لە چاو خەت و زمانەکانی دیکەی ئێران زۆر جێگای ڕەخنە نییە، لەبەر ئەوەی پشتبەستن و بەکارهێنانی زمان و خەتی فارسی لە ئێران مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و وای لێ هاتوە نزیک بە تەواوی خەڵکی ئێرانیش مەگەر کەسێکی بێسەواد دەنا زۆرکەس بە ئاسانی لێی تێ دەگا. بۆیە دەکرێ بڵێین لەنێو زمان و خەتەکانی دیکەی ئێران گونجاوترین زمان و خەتە بۆ لەیەکتر تێگەیشتن، بەڵام هەتا ئێستا کە دەیان ساڵ بەسەر پەسندکردنی ئەو یاسایەدا تێ‌دەپەڕێ، بەڕەسمی هیچ کارێک بۆ ئەو خەت و زمانانە نەکراوە، تەنانەت بەکردەوە زۆر جار قەدەغەشیان خراوەتە سەر. ئەگەر کەسێک یان کەسانێک بیانەوێ فێری زمانێک جیا لە زمانی فارسی بن، حکومەت نەتەنیا کەمترین پێویستی و شوێنیان بۆ دابین ناکات، بەڵکوو زۆر توند بە گژیاندا دەچێتەوە و تووشی ئەزییەت و ئازار و تەنانەت زیندان و ئەشکەنجەشیان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی  ئەو چەند ساڵەدا نەتەوە غەیرە فارسەکانی ئێران هەوڵی زۆریان داوە بۆ فێربوونی نووسین و خوێندن بە زمانی خۆیان و لەو پێناوەشدا زۆر بلاڤۆک و ڕۆژنامە و گۆڤاریان بڵاو کردۆتەوە کە هیچیان بە کەرەسە و یارمەتیدانی حکوومەت نەبووە. تەنانەت فێرگە و ناوەندە نادەوڵەتییە چالاکەکانیش بە بەردەوامی و بە توندترین شێوە گوشاریان خراوەتە سەر، کەچی بەو حاڵەش خەڵکەکە نەک بە ئازادی بەڵکوو بە ئازایەتی توانیویانە پەرە بە چالاکییەکانی خۆیان بدەن.

سەبارەت بە ماددەی نۆزدەهەمی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەبێ بڵێین تاڕادەیەکی بەرچاو ئەو ماددەیە تەنیا وەک جەوهەری سەر کاغەز وایە و هیچ گەل و نەتەوەیەک وەک لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا هاتوە، لە بچووکترین مافی نەتەوەیی خۆی بەهرەمەند نییە و بە شێوەی جۆراوجۆریش کۆسپ و تەگەرە خراوەتە بەردەم ئەو نەتەوانە و هەر چەشنە داخوازییەکیان بۆ ئەو مەبەستە بە توندترین شێوە سەرکوت کراوە. نموونەی بەرچاو گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە وڵاتی ئێران. ئەو گەلە لەو وڵاتەدا لەو ڕۆژەوە هەستی بە پێشێل‌کردنی مافی خۆی کردوە و دەستی داوەتە خەبات و تێکۆشان و زۆریش هەوڵی داوە ئەگەر دەرفەتی بووبێت لە ڕێگای دیالۆگ و وتووێژەوە بە مافەکانی بگات لەبەر ئەوەی پێی وایە مافی گەلی کورد مافێکی سیاسییە و دەبێ لە ڕێگای سیاسییەوە چارەسەر بکرێ. بەڵام وەڵامی ڕێژیم لە هەمبەر داوای ڕەوای خەڵکی کوردستان بە دایم هێرش و وێرانکاری و ئەشکەنجە و ئازار و کوشت و کوشتار و ئێعدام و سەرکوت کردن بووە.

گەلی کوردیش لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ چالاکانە بەشداریی کردبوو و هەر بۆیە لە داهاتووی ئێرانی پاش پەهلەوییەکان، گەیشتن بە مافە سەرەکییەکانی خۆی بە هەقی ئاسایی خۆی دەزانی و لە پاش حاشا لێ‌کردنی کۆماری ئێسلامی لەو مافانه هەوڵی دا لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە نوێیە بە مافی ڕەوای خۆی بگات. بۆ ئەو مەبەستەش گەلێک تێکۆشا، کەچی بەداخەوە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ لەلایەن خومەینییەوە فتوای جیهادی بەدژ دەرکرا و کوردستان بەتوندی هێرشی کرایە سەر و زیاتر لە ٥٠٠٠٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی و بێ‌تاوانی ئەو وڵاتە بوونە قوربانی و پتر لە ٥٠٠٠ تێکۆشەری ئەو گەلە لە پێناوی ڕزگاری گەل و وڵاتەکەیاندا شەهید کران.

ئەنجام

لەگەڵ ئەوەدا ئێران وەڵاتێکی زۆر کۆنە و مێژوویەکی دێرینی هەیە، واتە زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵە بە شێوەی پاشایەتی بەڕێوە دەچێ و سی ٣٠ ساڵیشە حکوومەتی کۆماریی تێدا دامەزراوە، بەڵام هیچ کات بە شێوەیەکی خەڵکی و دێموکراتیک ئیدارە نەکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتێکی فرەگەل و فرەچەشنە، یانێ زۆر جیاوازیی نەتەوەیی و میللی و دینی و مەزهەبی تێدایە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتداران هیچ کات وەک پێویست وڵاتی ئێرانیان بەو ماتەوزەوە (پتانسیل) لەبەر چاو نەگرتوە کە بۆ ئاوەدان‌کردنەوە و پێشکەوتنی ئەو وڵاتە بە کاری بێنن. تەنانەت ئەوەندەی بۆیان کراوە گەلان و خەڵکانی ئێرانیان سەرکوت کردوە و لەناویان بردوون و مافەکانیانیان پێشێل کردوە.

لە تەواوی مێژووی ئەو وڵاتەدا دوو جار دەستوور یان یاسای بنەڕەتی نووسراوە یان داڕێژراوەتەوە. یەکیان لە ساڵی ١٢٨٥ لە سەردەمی موزەفەردین شای قاجاڕ و بەهۆی گوشاری خەڵک و بزووتنەوەکانی ئەوکات، دووهەم دەستوور لە ساڵی ١٣٥٨پاش ڕووخانی ڕێژیم یان سیستەمی پاشایەتی و سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی. ئەو دوو یاسا بنەڕەتییە چەند جارێک گۆڕانکارییان تێدا کراوە، بەڵام بەو گۆڕانکارییانەشەوە ئەم یاسایانە هیچ کات لە بەرژەوەندی گەلانی بن دەستی ئێراندا نەبووە.

ئەو دوو یاسا بنەڕەتییەی لە مێژووی ئێراندا پەسەند کراون هەڵگری چەند خاڵی هاوبەشن، بۆ وێنە:

١- لە دەستووری ساڵی ١٢٨٥ لە ماددەی ٣٥ی دەستووردا هاتووە «سەڵتەنەت ئەمانەتێکە لەلایەن میللەتەوە بە پادشا ئەسپێردراوە» لە دەستووری ساڵی ١٣٥٨ لە ماددەی پێنجەمدا هاتوە «لە زەمانی غەیبەتی حەزرەتی وەلیی عەسردا (ئیمامی دوازدەهەم- ئیمام مەهدی) لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەلایەت و بڕیار (امر) و ئیمامەتی ئوممەت لەسەر شانی فەقێی دادپەروەر و بەباوەڕ و شارەزا لە پرسی ڕۆژ، بوێر و زانا و بەتەگبیرە». ئەگەر سەیری ئەو دوو ماددەیەی یاسای بنەڕەتی ئێران بکەین، دەبینین لە هەردووکیاندا سەروەری و دەسەڵاتی بێ‌سنووری بۆ تاکە کەسێک گەڕاندۆتەوە، لە دەستووری ساڵی ١٢٨٥ بۆ «پادشا» و لە دەستووری ساڵی ١٣٥٨ بۆ «وەلیی فەقیهـ».

٢- لە ماددەی یەکەمی یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٢٨٥دا هاتووە کە «دینی فەرمیی ئێران ئیسلامە و تەریقەی هەقەی جەعفەری ئەسنا عەشەرییە و پادشای ئێران دەبێ ئەو دین و مەزهەبەی هەبێت و برەوی پێ بدات»؛ لە یاسای بنەڕەتیی ١٣٥٨دا هاتوە «دینی فەرمیی ئێران ئیسلام و مەزهەبی جەعفەری ئەسنا عەشەرییە و ئیمام و ڕێبەر و تەنانەت سەرۆک کۆماریش دەبێ ئەو مەزهەبەیان هەبێت». کەوابوو ئەم دوو یاسا بنەڕەتییە لەم ماددەیە جیاوازییان نییە و لە هەردووکیاندا پلەی بەرزی پاشایەتی و ئیمامەت و تەنانەت سەرۆک‌کۆماری، تایبەتە بەو کەسەی موسڵمان بێت و مەزهەبی شیعەی ئەسنا عەشەری هەبێت. بەو جۆرە بەپێی یاسای بنەڕەتی لەو وڵاتەدا هەموو ئەو کەسانەی موسوڵمان نین و مەزهەبی شیعەی ئەسنا عەشەرییان نیە لەو پلە و پایە بێ‌بەش کراون، یانێ بە یاسای بنەڕەتی وڵات جیاوازی دانراوە لە نێوان هاونیشتمانانی ئەو وڵاتەدا.

ئەو دوو یاسا بنەڕەتییەی ئێران پێکەوە هەندێک جیاوازیشیان هەیە کە پێویستە ئاماژەیان پێ‌ بکەین.

١- لە یاسای بنەڕەتیی مەشرووتە (١٢٨٥) هاتووە «لە تەواوی مەملەکەتە پارێزراوەکاندا (مەمالیکی مەحروسە) ئەنجوومەنەکانی ئەیالەتی و ویلایەتی بەپێی نیزامنامەی تایبەت ڕیز دەکرێن».

٢- لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی (١٣٥٨) هاتوە کە «خەڵکی ئێران لە هەر قەوم و هۆزێک بن مافی وەک یەکیان هەیە و ڕەنگ و ڕەگەز و زمان شتی لەم چەشنە نابێتە هۆی هەڵاواردن.»

ئەگەر سەیری ئەو دوو ماددە بکەین، لە هەریەکیاندا بە جۆرێک باسی لە دەسەڵات و مافی ئەیالەت و مافی کەمایەتییەکان دەکات و هیچیان بە هیچ شێوەیەک تا ئێستاش کاریان پێ نەکراوە.

 ٣- ئەگەر چاوێک بخشێنینە سەر یاسای بنەڕەتیی مەشرووتە پەسندکراوی ساڵی ١٢٨٥دا دەبینین تا ڕادەیەک مافی شارۆمەندی لە بەرچاو گیراوە و لە سەردەمی پەهلەویشدا بە کردەوە کاری پێ کراوە. بەڵام لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٨دا مافی شارۆمەندی بۆ گەلانی دیکەی ئێران زۆر کەم لەبەرچاو گیراوە و ئەوەی هەشبووە بە لێکدانەوەی تایبەت زۆر کەم کراوەتەوە و کۆنتڕۆڵی لە ڕادەبەدەری خراوەتە سەر. جیاوازییەکی دیکەی ئەو دوو یاسا بنەڕەتییە مەسەلەی خەت و زمانی گەلانی غەیرە فارسی نێو ئێرانە کە لە دەستووری ١٢٨٥دا لە هیچ شوێنێک ئاماژەی پێ نەکراوە، بەڵام لە یاسای بنەڕەتیی ١٣٥٨دا لە ماددەی ١٥دا هاتوە «زمان و خەتی فەرمی و هاوبەشی ئێران فارسییە و بەڵگە و نووسراوە و تێکستە فەرمییەکان و کتێبی وانەیی قوتابییەکان دەبێ بەو زمان و خەتە بێت. بەڵام بەکارهێنانی زمانە ناوچەیی و قەومییەکان لە ڕاگەیاندن و مێدیا گشتییەکان و خوێندن و نووسین بە ئەدەبیاتی ئەو گەلانە لە قوتابخانەکان لە تەنیشت زمانی فارسیدا ئازادە». کەچی هەتا ئێستاش ئەو ئەسڵە کاری پێ نەکراوە و جێبەجێ نەکراوە.

کاکڵی باسەکە:

ئەو دوو یاسا بنەڕەتییە کە لە ئێران پەسند کراوە بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکان لە کۆمەڵگەی ئێرانی دانەڕێژراون. ئێران وڵاتێکی گەورە و بە حەشیمەتێکی زۆر و جۆراوجۆری نەتەوەیی و میللی و قەومی و ئایینی و کولتووری و تەنانەت جوغرافییە و دەبوا یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە بەجۆرێک داڕێژرابا هەموو ئەو جیاوازییانەی لەبەرچاو بگرتبا و زامنی پاراستنی مافی هاووڵاتیان بە تاک و بە کۆ بووایە. بەڵام ئەو دوو یاسا بنەڕەتییە لە نێوەرۆکدا بەتەواوی لەو جۆرە شتە پێویست و زەروورانە بەتاڵن. جیا لەوەش هەندێک بەند و ماددە و ئەسڵی ئەو قانوونە بنەڕەتییانە لەبەر ئەوەی بە یەکسانی چاویان لە هەموو هاووڵاتیان نەکردوە گەورەترین کێشەی لە مێژووی ئەو سەد ساڵەدا دروست کردوە. ئەگەر قەرارە وڵاتی ئێران بەپێی یاسایەکی بنەڕەتی بەڕێوە بچێ، خەڵکی ئێران پێویستە خەبات بۆ سەرلەنوێ نووسینەوەی یاسایەک بکەن کە هەڵقوڵاوی ڕاستییەکانی وڵاتی ئێران بێت و بە ئیرادەی هەموو خەڵکی ئێران بەڕێوە بچێت. یاسایەک کە مافی میللی و نەتەوەیی و دێموکراتیکی هەموو دانیشتوانی ئێران، بە فارس و تورک و کورد و عەرەب و بلووچ و تورکەمەن و باقی کەمایەتییە میللی و ئاینییەکانی دەستەبەر کردبێت و بە گشتی بۆ دابینکردن و سەقامگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران یاسایەکی بەبڕشت بێت.