کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاستکردنەوەی سزای لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردی یارسان لە دیوانی باڵا

11:05 - 4 بەفرانبار 2723

سزای لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، هاوڵاتیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان، خەڵکی شاری ''سەحنە''ی سەر بە کرماشان لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' سزای لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، خۆپیشاندەری تەمەن ٣٤ ساڵە و خەڵکی شاری سەحنە سەر بە کرماشان، لەلایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.

ڕەزا ڕەسایی، پێشتر لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای شاری کرماشان بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

نادر بەیرامی، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری سەحنە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی سەید خەلیل عالی نژاد کوژرابوو.

ئەم سزایە بە دانپێدانانی زۆرە ملێی ڕەزا ڕەسایی و چەند کەسیتر کە لەگەڵی دەسبەسرکراون دوای چەند مانگ ئەشکەنجە و دۆسیە دروستکردن بەسەریدا سەپێنراوە، و هیچ بەڵگەیەک لە ڕووی یاساییەوە لەم بارەیەوە تا ئێستا نەخراوەتە ڕوو.

ڕەزا ڕەسایی لە چوار مانگی سەرەتای دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە هەبوونی مافە سەرەتاییەکانی تۆمەتبارێک، وەکوو پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش بووە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە شاری کەرەج لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوای شاری کرماشان گواسترایەوە.