کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (تەها حەق‌تەڵەب)

17:35 - 16 سەرماوەز 2723

برایم چووکەڵی

"بزەی هاتێ وتی ڕووناكە ئاسۆم

وەرە جەلاد پەتت باوێژە ئەستۆم"

دەمهەوێ دیسان لە ژیلەمۆی شۆڕش بڵێسەی ئاگری خەبات هەڵگیرسێنم، دەمهەوێ بچمە شاری فەرماندەرانی شەهید، لە گەڕەکی هێزی پێشەوا، هێزی شەهیدانی هەوشار و ئاربابا، هێزی بێستوون و داڵاهۆ، زرێبار و شاهۆ، لە ڕووباری هێزی ئاگری، لە دەڤەری گیاڕەنگ و دمدم، زمزیرانێک وەڕازێنم، لە پێدەشتەکانی هێزی کێلەشین، خۆ بگەێنمە لووتکەی قەندیل و پڕ بە ئاسمانی کۆمار هـــــــاوار بکەم، شا هەڵۆکانم بێنەوە... .

تەها حەق‌تەڵەب کە لە "هەگبەی شۆڕش و شاخ"ی ئەمجارەماندا یادی دەکەینەوە، یەک لەو لاوانەی کورد بوو کە فەلسەفەی ژیانیان "ژینی کورت و بە هەڵۆیی مردن" بوو.

هەر کە جوڵانەوەی بەحەق و ڕەوای گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد و کورە ئازا و بەجەرگەکانی کوردستان بۆ وەدەست‌هێنانی مافی خوراو و دیفاع لە نیشتمان و مەوجودیەتی گەلەکەیان دەستی دایە چەک و هەستی نیشتمانپەروەری و گەلدۆستی و ئاوری شۆڕشگێرانەی لە دڵیدا هەڵگیرسا، ئەوەی ساڵهای سال لە مێشکیدا پنگی خواردبۆووە لە ئاوێنەی چەکی پێشمەرگەکاندا دیتی و هەستی بەوە کرد کە هاتنەڕیزی پێشمەرگایەتی دەتوانێ مافی خۆی لە زۆرداران بستێنێ و دیفاع لە نیشتمان و مافی گەلەکەی بکات. بۆ گەیشتن بە مافی خۆی کە ئامانجی هەموو خەڵکی کوردستان بوو دەستی دایە چەک و بە شانازیەوە هاتە نێو ڕیزی پێشمەرگەکان. تفەنگ هەر لە قەڵافەتی جوان بوو، بە چەشنێک کە ببووە ویردی زمانی خەڵکی ناوچە.

 نەترسی، پیاوەتی، لەسەرەخۆیی، هاواڵدۆستی، خزمەت بە خەڵک بێ هیچ چەشنە چاوەڕوانیەک لە تایبەتمەندیەکانی ئەو بوو، پێشمەرگە بوونیشی سەد بەرامبەر خۆشەویستری کردبوو، لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە جوامیری و غیرەتی ئەو هەبوو.

 شەهید تەها حەق‌تەڵەب دووهەمین شەهیدی بنەماڵە لە ساڵی ١٣٢٠ لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێری مەهابادی لەدایک بوو. براکەی قادر شەریف لە بەرپرسانی حیزب بوو کە لە ساڵی ١٣٤٩ شەهید کرا. بەرە بەرە کە گەورە بوو ڕەوانەی قوتابخانە کرا. زۆر زیرەکانە دەرسی خوێند و توانی لیسانسی فیزیک وەرگڕی، پاشان لە قوتابخانەکانی شاری مەهاباد وەک مامۆستا دامەزرا، بەڵام بە هۆی ئەوە لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕدا پەروەردە بوو ساواک ڕێگای نەدا لە شاری مەهاباد دەرس بڵێتەوە بەناچاری ڕووی لە تاران کرد و پاش ماوەیەک کاری ئازاد لە ئیدارەی پۆست ‌و تەلفوون دامەزرا و بە هۆی وشیاری زوو بەرپرسایەتی گرینگیان پێدا.

تەها حەق‌تەلەب بە هۆی براکەیەوە (شەهید قادر شەریف) هەمیشە لەگەڵ حیزب لە پێوەندیدا بوو. پاش شەهیدبوونی براکەی لەو بڕوایەدا بوو کە دەبێ هەتا سەر درێژەدەری ڕێگای براکەی بێ، هەر ئەو ماوەیەی لە تاران بوو بڵاوکراوەکانی حیزبی لەگەل خۆی دەبردەوە و لەوێ بڵاوی دەکردنەوە.

تەها وەک هەموو خەڵكی دیکە لە خۆپێشاندانەکاندا ڕۆڵی باشی هەبوو. ئەو لە سەرەتای شۆڕشدا دەستی بە تێکۆشانی ئاشکرا کرد و لە کۆبوونەوەی جەمعییەتی کوردەکانی تاراندا بەشداریی چالاکانەی کرد. پاش سەرکەوتنی شۆڕش تەها حەق‌تەلەب لە درووست‌کردنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە تاران ڕۆڵی سەرەکیی گێرا، لە بەهاری ساڵی ١٣٥٩ تا کاتی گیرانی لە ساڵی ١٣٦٢ بەرپرسایەتیی تەشکیلاتی حیزبی لە شاری تارانی لەسەر شان بوو. لەو ماوەیە‌دا زۆر کاری گرینگی کرد کە حاواندنەوە و چارەسەکردنی بریندارەکانی حیزبی دێموکڕاتی لە شاری تاران بەشێک لەو کارانە بوون.

تەها حەق‌تەلەب لە کۆنگرەکانی ٤و٥ی حیزبی دێموکراتدا وەک ئەندامی مشاویری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. ئەو لە ماوەی ژیانی حیزبایەتییدا ئەندامێکی چالاکی حیزب، بەدیسیپلین و خاوەنی کەسایەتیی سیاسی بەرز بوو. ئەو شۆڕشگێڕێکی ڕووناکبیر و تێگەیشتوو وپێگەیشتوو بوو لە هەمان کاتدا ئازا و بەجەرگ، لەنێو جەرگەی دوژمندا کاری بەنرخی دەکرد، لەنێو هاوڕێیانیدا زۆر خۆشەویست و بە مانای واقعی، کوڕی خەڵک و خۆشەویستی خەڵک بوو.

تەها حەق‌تەڵەب لەسۆنگەی چالاکییە سیاسییەکانی گیرا و کەوتە بەر ئەشکەنجە و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە. بەڵام دووساڵ زیندان نەیتوانی چۆک بە کوڕی تێکۆشەری دێموکرات دادا و ورەی نەهێنا خوارەوە. بەرامبەر بە ئەشکەنجەگەرانی داخ لەدڵ ئازایانە ڕاوەستا و تا سەر بە ڕێبازی حیزبەکەی و ئامانجەکانی وەفادار ماویەوە و گیانی خۆی بەخت کرد. ئەو ڕۆڵە فیداکارەی کورد دواجار ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٤ لە بەندیخانەی ئیڤینی تاران ئێعدام کرا.