کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشی دەستکرد و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

12:10 - 19 بەفرانبار 2723

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

یەکێک لە نوێترین پێشکەوتنی مرۆڤاییەتی لە دونیای ئەمڕۆدا هۆشی دەستکردە و چەند کۆمپانییەکی گەورەی بواری تێکۆنۆلۆژی کە لەسەر هۆشی دەستکرد کار دەکەن، بەشێک لەو پێشکەوتنانەی خۆیان لەم بوارەدا ئاشکرا کردوە و بەڵگەن بۆ گرینگی لە ڕادەبەدەری ئەو بوارە لە ژیانی مرۆڤایەتی.

پەیدابوونی ئینتێرنێت یا دروستکردنی تەلەفوونی زیرەک چەندە کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان هەیە، پێشبینی دەکرێ هۆشی دەستکرد لە چەند ساڵی داهاتوو ئەو ڕۆڵە گرینگە بگێڕێ بەجۆرێک دونیای تێکۆنۆلۆژی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و کاریگەریی لەسەر بواری ژیان هەبێت. ئەو پێشکەوتنانە بە ڕادەیەک سەرنجڕاکێشن کە بە دەیان وتاری زانستی ڕۆژانە لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ئەرێنی و نەرێنی ئەو بوارە دەنوسرێت. لە ئێستادا ئەوەی دەگوترێ لەسەر هۆشی دەستکرد ئەوەیە کە دەتوانێ زانیارییەکی زۆر کۆ بکاتەوە لەپێناو وەڵامدانەوەی ویست و پرسیارەکانی مرۆڤ بەکار بێنێ. بۆ نموونە باس لەوە دەکرێ هۆشی دەستکرد دەتوانێ بۆ ناسینی نەخۆشییەکان لە پزیشکێک باشتر و زۆر خێراتر کار بکات، یا دەتوانێ هەر دۆسییەکی یاسایی بە شیکردنەوەی بەگوێرەی یاساکان هەڵسەنگێنێت و لە چەند چرکە هەموو ئاکامە یاساییەکانی ئەو دۆسیەیە باشتر لە چەند پارێزەر دەربخات و بە دەیان نموونەی دیکە لە بواری جیاواز بۆ بەکارهێنانی هۆشی دەستکرد لە داهاتوودا هەن. لە هەمان‌کاتدا هەمووی ئەوانە بەشی یەکەمی دەرکەوتنی ئەو بوارەیە کە تواناییەکی لە ڕادەبەدەری کۆکردنەوە و شیکردنەوە و هەڵسانگاندنی داتای هەیە پیشان دەدات.

کارناسانی ئەو بوارانە باس لەوە دەکەن لە قوناغی داهاتووی هۆشی دەستکرددا زیادکردنی توانای بیرکردنەوە بە گوێرەی دیاریکراوە. گەیشتن بە ئەو قوناغەی هۆشی دەستکرد زۆر دوور نییە و ئەوەش وای کردوە کارناسان لەسەر گۆڕانکاری خێرا و قووڵ لە ژیانی مرۆڤ دوای پێشکەوتنی هۆشی دەستکرد هاوڕان.

لە یەکەمین دەرکەوتنەکانی هۆشی دەستکرد، دەرکەوتنی چەت جی پی تی لە کۆمپانیان ئۆپن ئای بوو کە تەواوی زانیارییەکانی دونیای ئینتێرنێتی تا ساڵی ٢٠٢٢ لە خۆیدا کۆی کردووەتەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان کە بەکاری دەهینێ.

کاتێک دونیای پێشکەوتووی مرۆڤایەتی بە پرسی لە جۆرەوە سەرقاڵە کوردستانی ئێمە بەهۆی بندەستی داگیرکەر و دیکتاتورییەوە کە جیا لە زمانی دڕندەی و سەرکوت هیچی دیکە نازانێ دەناڵێنین. هەر دوێنێ بوو مامۆستای زمانی کوردی بە تۆمەتی فێرکردنی خۆبەخشانەی زمانی کوردی سەیوان ئیبراهیمی بەرەو زیندان چوو تا سزای خۆی تێپەڕێنێ. لە کاتی چوون بۆ زیندان ماڵئاوایی لە هاوژینی زیندانی خۆی مامۆستا "زارا" کرد کە بە هەمان تۆمەت لە زیندان دایە،  دوو سەدە بەسەر ئەو کاتەی کە ژان ژاک ڕۆسو دەیگوت مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن بەڵام لە هەموو شوێنێک لە زەنجیر دروان.  بەڵام تا ئێستاش کورد لە زەنجیری داگیرکەر ڕزگاری نەبووە و سەرەڕای شایانیەتی ناتوانێ ئاسایی وەک وڵاتانی پێشکەوتوو هەنگاوی پێشکەوتن بگرێتە بەر.  هەر تاکێکی خولیای ئەو پێشکەوتنە پرسیاری سەرنجڕاکێشی بە بواری خۆی دەپرسێ بۆ من کە خولیای ئازادیی کورد و کوردستانم لەسەر کورد پرسیارم کرد بزانم هۆشی دەستکرد چۆن لەو بوارەدا وەڵام دەداتەوە؟ هەر بۆیە لە پێشکەوتووترین داهێنانی مرۆڤایەتیم پرسی کە بۆ چی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئازاد نین، چەت جی پی تی بەو شێوەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەکەی منی داوە:

" کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە کوردستانی ئێرانیش دەناسرێ وەک کوردی پارچەکانی دیکە خەباتێکی درێژیان بۆ بە وەدەستهێنانی ئازادی و مافە سیاسی و کولتووری کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە کە لەبەر زۆر هۆکار بە ئاکام نەگەیشتوون.

دۆخی سیاسی: لە ئێراندا ڕێژیمێکی ناوەندگەرا هەیە کە دژی هەر جۆرە ویستێکی دابەشکردنی دەسەڵات و ئۆتۆنۆمی لایەنە ئیتنیکی و جیاوازەکان لەوانە کوردەکانیشە.

فاکتەری ژئۆپۆلیتیکی: شوێنی هەڵکەوتنی جوغرافیای کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە جۆرێکە، وڵاتان و هێزەکانی ناوچەی دژی ئۆتۆنۆمی کوردەکانن.

کولتوور و زمانی جیاواز. کوردەکان خاوەنی زمان و کولتووری جیاوازن کە لەلایەن ڕێژیمەوە دژایەتی دەکرێت و بۆتە هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی ڕێژیم کوردەکان سەرکوت بکات.

خەباتی چەکداری: بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییە زۆر جار شەڕ لەنێوان گرووپە کوردەکان کە داخوازی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆییان هەیە لەگەڵ دەسەڵات دروست دەبێت.

دینامیزمە نێونەتەوەییەکان: هەروەها بەگوێرەی دینامیزمەکانی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لەنێوان ئێران و وڵاتانی دیکە و بەلەبەرچاوگرتنی فاکتەری ژئۆپۆلیتیکیش بەپێچەوانی بەرژەوەندی کوردەکانەن."

لە کۆتایشدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دۆخە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ بەو شێوەیە بوون بەهۆی دینامیزم و گۆڕانکاری خێرا لەوانە لە ئێستادا گۆڕانکاری بە سەر کوردستان هاتبێ. بێگومان گۆڕانکاری زۆر لە ساڵی ڕابردوو ڕوویداوە بەڵام خەبات بۆ ئازادی هەر بەردەوامە.

هەروەک لە وەڵامی هۆشی دەستکرد سەبارەت کورد دەبینن ئەو فاکتەرانەی بەحەق باسی کردون نابێ لەوە خافڵ بین کە فاکتەری نێوخۆییش کاریگەرن، ئەوەی جیگای سەرنج بوو بۆ من سەرەڕای ئەوەی دوژمن لە ساڵانی ڕابردوو بە هەموو شێوەیەک ڕاستییەکانی دۆخی نەتەوەی کورد دەشەوێنێ بۆ ئەوەی ئەو خەباتە ڕەوایە بۆ ئازادی بە ناسنامەی کوردیەوە بسڕێتەوە. بەڵام دیسان هۆشی دەستکرد لەسەر هەموو ئەو زانیارییانەی کە لەسەر کورد هەیە وەڵامی ڕاست بدۆزێتەوە و بەپێچەوانەی گوتاری ڕێژیمە داگیرکەرەکان گوتاری کورداییەتی کەم و زۆر وەک خۆی پیشان بدات. لە کۆتاییدا دەبێ ئەوە بڵێم هۆشی دەستکردیش دانی بە مافی کورد دانا ئەو ڕێژیمە داگیرکەرانە هەر حاشای لێ دەکەن.