کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لەسەر پێیە

23:09 - 20 بەفرانبار 2723

سمایل شەرەفی

لە ڕەوتی شۆڕشی ژیناوە تا بە ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو جۆرێک و لە هەر ڕێگایەکەوە بۆی کرابێ هەوڵی داوە، بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی بشێوێنێ. ئەم سیاسەتەی ڕێژیمیش لە تۆڵەکردنەوە لە کورد و ڕۆڵی پێشەنگایەتیی کوردستان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە دێت.

دوای سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی، زۆری نەخایەند درووشمی "کوردستان، کوردستان پشتیوانیت لێ دەکەین" شەقامی شارەکانی ئێرانی تەنییەوە و درووشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو بە هاوار و درووشمی سەدان هەزار خۆپێشاندەری غەیرە کورد. کوردستان بوو بە سەردێری هەواڵی میدیاکان و کورد لە مانشێتی ڕۆژنامەکاندا بوو بە ڕەمزی گۆڕانکارییەکی قۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران.

بەپێچەوانەی سیاسەت و پیلانی دەسەڵاتی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامی کە چوار دەیەیە جیا لە ئینکاری قەزیەی کورد، هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێران لە کورد بکاتە دوژمن و دژبەیەک هانیان بدات، لە شۆڕشی ژینادا ئەوە پێکهاتەکانی دیکەی ئێران بوون کە پشتیوانیی خۆیان لە کوردستان دەربڕی. کۆماری ئیسلامی کە ڕەنج‌بەخەسار و دۆڕاوی ئەم مەیدانە بوو، بەترس لە درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە، دیسان کەوتەوە پیلانگێڕی دژبە کوردستان و وەحشیانە و بێ‌بەزەییانە هێرشی کردە سەر شەقامەکانی کوردستان و بە دەیان کەس لە لاوانی ئەم نیشتمانەی خەڵتانی خۆین کرد و هێرشی مووشەکیی کردە سەر حیزبەکانی کوردستان.

خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و لەسەروویانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕەپێشگرتنی ڕەفتاری درووست و سیاسەتی دەروەستانە، پیلانە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمیان پوووچەڵ کردوە. کۆماری ئیسلامی کە بە ڕاوەستانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، پێی وایە توانیویەتی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران و کوردستان بۆ هەمیشە کپ بکات، لەو ماوەیەدا دەبێ بەباشی بۆی دەرکەوتبێ کە خەڵک لەم ڕێژیمە تێپەڕیون و لەهەر مەجالێک بۆ گەیاندنی بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لەم نیزامە کەڵک وەردەگرن؛ کچان و ژنانی وڵات سەرەڕای دنیایەک بەربەستی جۆراوجۆری مەیدانی کە ڕۆژانە جموجۆڵ و ڕەفتاریان کۆنترۆڵ دەکەن، ئێستاش ئازایانە بە لابردنی سەرپۆش و سەبکی ڕەفتاریی خۆیان و بە شێوازی دیکە، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ نێوەڕۆکی ئەم نیزامە کۆنەپەرەستە دەردەبڕن. خوێندکارانی وڵات بە خستنەژێر پرسیاری بیروبۆچوونی دواکەوتوانەی نوێنەرانی دەسەڵات لە زانکۆکان و گوێنەدان بە یاسا و ڕێسا پاشکەوتووەکانی داسەپاو بەسەر سیستەمی پەروەردە و زانکۆکان‌دا، وەک بەشێکی زیندوو لە بزووتنەوەی سەرانسەریی وڵات لە مەیدان دان. کۆمەڵگەی ئەدەبی، هونەری و فەرهەنگیی کوردستان هەرکام لە حەوزە و بەستێنی کاری خۆیان‌دا بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی جەماوەریی جۆراوجۆر، پاڕێزگاری لە کولتوورێک دەکەن کە تێفکرین و ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەت دەکاتەوە و نیشان دەدەن کە کولتووری پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە، نەتەنیا تەقالیدی کۆنەپەرەستانە ئەم ڕێژیمە نامۆیە ناگرێتە خۆی، بەڵکوو دژایەتیی لەگەڵدا دەکات.

لە کوردستان کە بەگوێرەی بوونی پاشخانێکی دەوڵەمەند لە کاری سیاسی، ڕێکخراوەیی و مەدەنی، کۆمەڵگەی مەدەنی تیایدا لەسەرپێترە، خاوەندارێتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی تیایدا ڕۆژلەگەڵ‌رۆژ لەگەشە دایە. خاوەندارێتی لە ژینگەی نیشتمان، پارێزگاری لە زمان و کلتووری نەتەوایەتی و ڕێزگرتن لە کەسایەتیی و پێشەنگانی بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کوردەواری و هەستکردنی زیاتر بە زەروورەتی یەكیەتیی و یەکگرتوویی، کوردستانی زیاتر لە هەمیشە کردۆتە کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و لەسەرپێ.

کچان و کوڕانی نیشتمان بە دەستی بەتاڵ و تەنیا بە هەستکردن بە بەرپرساربوونیان بەرانبەر بەو خاکەی تیایدا دەژین، بە پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان، خەریکی پاراستنی نیشتمانەکەیانن. بەشێکی دیکەیان لە شار و ناوچەکانی کوردستان بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک و لەسەر هەزینەی خۆیان، پێشمەرگەی زمان و کولتووری کوردەوارین و لە ڕێگای دانانی فێرگەکانەوە پاڕێزگاری لە زمانی کوردی دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە ئەم‌ڕۆژانە کەسانی وەک زارا محەممەدی و سەیوانی هاوسەری، بەندیخانەکانیان کردۆتە بەشێک لە سەنگەری بزووتنەوەی شوناسخوازانەی گەلەکەیان. ئەوان وەک باوکی سەیوان ئیبراهیمی لە کاتی بەڕێکردنی کوڕەکەیدا بۆ بەندیخانە گوتی؛ "هیچ کەند و کۆسپ و سەرکوت و پیلانێک نەیتوانیوە خۆشەویستیی نیشتمانیان لە دڵ دەربێنێ".

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە تا ئێستاش وەک نموونە؛ بە درووستکردنی فیلمێکی بێ‌نێوەرۆک و پڕ لە درۆ و چەواشەکاریی وەک "چشمان بیدار بمو"، هەموو هەوڵێکی ئەوەیە کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی و حیزبە خۆشەویست و خاوەن پێگەکەی، وەک بۆ خۆی دەیەوێ ناشیرین وێنا بکات، دەبێ باش زانیبێتی کە کوردستان لەسەر پێیە و ئەوەی ئەمڕۆ بەلای زۆرینەی خەڵکی ئێران و کوردستانەوە دزێو و بێ داهاتوویە؛ ڕێک دەسەڵات و ڕێژیمەکەی خۆیانە.