کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنترین گوندەکانی باشووری کوردستان

14:43 - 12 بەفرانبار 2723

بێهزاد قادری

میزۆپۆتامیا بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، یەکێک لە شوێنە کۆن و مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانن کە لە تۆمارکردنی مێژوویەکی چەندین هەزار ساڵە و هەبوونی ناوچەی شوێنەواری، زۆر دەوڵەمەند و پڕبایەخن.

لەم بابەتەدا بە کورتی باس لە سێ گوندی کشتوکاڵیی زۆر کۆنی باشووری کوردستان دەکەین. ئەم گوندانە دوای ئەشکەوتەکان دووەمین مەڵبەندی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بوون لە کوردستانی کۆندا.

دۆزینەوەی گوندەکانی "زاوێی چەمێ، بێستانسوور و چەرمۆ"، بەڵگەیەکی تری ژیانی ئاساییی پێشکەوتووی مرۆڤی کۆنە لە کوردستاندا کە زۆربەی شێوازەکانی ژیانیان پەیڕەو کردووە.

گوندی زاوێ چەمێ

ئەم گوندە دەکەوێتە باشووری ئەشکەوتی شانەدەر لە داوێنی چیای برادۆست لە پارێزگای هەولێر و مێژووەکەشی بۆ دوازدە هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. گوندەکەش گوندێکی کشتوکاڵی بووە و تێیدا دانیشتووانەکەی "گەنم و نیسک"یان چاندووە و "مەڕ و بزن"یان بەخێو کردووە. ئەم گوندە لە دە ماڵ پێک هاتووە کە پێدەچێت ٣٠ کەسی تێدا ژیابێت.

بەداخەوە سەبارەت بەم گوندە کۆنە زانیارییەکی ئەوتۆ بڵاو نەکراوەتەوە.

گوندی بێستانسوور

ئەم گوندە لە ٢٧ کیلۆمەتریی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی هەڵکەوتووە و یەکێکە لە کۆنترین گوندە کشتوکاڵییەکانی کوردستان کە تا ساڵی ١٩٤٧ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواریی عێراقی وەک گردێکی شوێنەواری ناسێنرابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢وە بەهۆی لێکۆڵینەوەی تیمێکی شوێنەوارناسیی ئەورووپی کە پێکهاتبوون لە "ڕۆجەر ماتیۆس و وێندی ماتیۆس"، دەرکەوت کە گوندی بێستانسوور گوندێکی کشتوکاڵییە و مێژووەکەی بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان کە لە چەند ساڵی ڕابردوو و تا ئێستا بۆ گوندی بێستانسوور کراوە، دەرکەوتووە کە نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەم گوندەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "هۆلۆسین". هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لەو سەردەمەدا پلەکانی گەرما ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە و سەرچاوەی زۆری ئاو دەرکەوتوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە ئەشکەوتەکان دەربکەوێت و هەوڵ بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی و کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدات.

وەک دەرکەوتووە خەڵکی ئەم گوندە کشتوکاڵیان کردووە و "گەنم، جۆ، نیسک و نۆک"یان چاندووە و "مەڕ، بزن و بەراز"یان بەخێو کردووە و خانووەکانیان لە قوڕ و بەرد دروست کردووە.

یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی دروستبوونی شارستانییەت لەم ناوچەیە بۆ هەبوونی سەرچاوەی ئاو دەگەڕێتەوە و ئەم هۆکارە هەتا ئێستاش سەرچاوەیەکی گرینگی ئاودێریی ناوچەکەیە. بۆیە لە کۆنەوە مرۆڤ لەوێ کۆ بووەتەوە و شارستانییەت و قۆناغێکی نوێی مێژوویی لەوێ دروست بووە. بەڵگەی زیاتر بۆ ئەم هۆکارە سەرەکییە، هەبوونی سێ‌ گردی شوێنەواریی تر لە نزیک گوندی بێستانسوورە کە بەڵگەن لەسەر گرینگیی ناوچەکە بۆ کشتوکاڵ و ئاوەدانی.

شایانی باسە کە "ڕۆجەر ماتیۆس"، پڕۆفیسۆری شوێنه‌وارناسی لە زانکۆی ڕیدینگ سەبارەت بە گوندە بێستانسوور ڕایگەیانبوو: "ئێره‌ له‌ گوندی چه‌رمۆ کۆنتره‌. هه‌ندێک شوێنه‌وارمان دۆزیوه‌ته‌وه‌ قۆناخی گواستنه‌وه‌مان پیشان ده‌دات له‌ ڕاوکردنه‌وه‌ بۆ کشتوکاڵکردن. سه‌ره‌تای ژیانی جووتیاریی مرۆڤایه‌تی لێره‌ بووه‌. ئێره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چاخی به‌ردین له‌ کۆتاییه‌کانی چاخی سه‌هۆڵبه‌ندان‌."

گوندی چەرمۆ

ئەم گوندە لە نزیک گوندی "کانی سارد" هەڵکەوتووە کە دەکەوێتە ١١ کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی شاری چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و ژیان تێیدا بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەم گوندە ٣٠ ماڵ و دانیشتووانی ١٥٠ کەس بوون. ڕووبەرەکەی ١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠ مەتری چوارگۆشەیە و ٨٠٠ مەتر بەرزتر لە ئاستی دەریایە.

خەڵکی ئەم گوندە دانەوێڵەیان وەک "گەنم، جۆ و نیسک" چاندووە و بایەخیان بە درەختی "بەڕوو و فستق" داوە و "مەڕ، بزن و بەرازیان" بەخێو کردووە. لە دۆزراوەکانی ئەم گوندەدا دەرکەوتووە کە دانیشتووانەکەی ڕستن و چنینیان زانیوە.

لە سەرانسەری پێگەکەدا شوێنەواری ١٢ خولی شارستانییەت دۆزراوەتەوە. زۆربەی شوێنەوارەکانی گوندی چەرمۆ ھی دوو خولی کۆنتری ئەو پێگەیەن کە ھاوکات بووە لەگەڵ شارستانییەتی شانەدەر.

هەروەها خەڵکی ئەم گوندە چەند ئامرازێکیان بەکارھێناوە کە لە جۆرە بەردێک دروست کراون کە لە لای دەریاچەی وان دەست دەکەوێت. ھەندێک شتیش دۆزراوەتەوە کە لە کەنداو ھاتوون و ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە گوندی چەرمۆ بازرگانی و مامەڵەیان لەگەڵ ناوچەکانی تردا ھەبووە.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە له ‌سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر له‌ ٦٠٠ ناوچه‌ی شوێنه‌واری هه‌یه‌ و له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌ی شاره‌زووریش زیاتر له‌ ١٠٠ ناوچەی شوێنەواری‌ هه‌یه‌ و هەموو ئەمانە سەلمێنەری مێژووییبوونی کوردستانە.